ئەمڕۆ 21ی نیسانی 2024 فیدراسیۆنی نووسەرانی كوردستان لە دیاسپۆرا لە پەیامێكیاندا ئاماژەیان داوە، بەر لە 126 ساڵ و لە وڵاتی غوربەت، لە قاھیرەی پایتەختی میسر یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی “کوردستان” لە سەر دەستی ڕەوانشاد میقداد بەدرخان بە چاپ گەیشت و بڵاوکرایەوە.
فیدراسیۆنەكە روونی كردووەتەوە، نەتەوەی کوردیش وەک گەلانی دنیا بوو بە خاوەن ڕۆژنامەی چاپکراوی تایبەت بەخۆی، وەلێ جیا لە نەتەوە و گەلانی تر، ئێمەی کورد دوور لە زێد و نیشتیمانی خۆمان ئەو دەرفەتەمان بۆ ڕسکا، ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ زەبر و زەنگی داگیرکەرانی خاکی کوردستان کە ستەم و زوڵمیان دەرھەق ئەنجامداوین، لە ھەموو جۆرە ئازادییەک تەحریمکراین، نکوڵی لە بوونی نەتەوەییمان دەکرا، بەڵام کوردبوون مانەوەی خۆی سەلماند و دەسەلمێنێ، سەپاندنی ھزری تاکڕەوی داگیرکەرانی کوردستان و دیکتاتۆرییەت و زەبر و زەنگیان، نەیتوانیوە چۆک بە بواری گەشەی ڕۆشنبیری کوردی بدەن.
لە پەیامەكەدا زیاتر هاتووە، ھەرکاتێکیش کورد ئازاد بووبێ بواری ڕۆژنامەگەری کوردی گەشەی کردووە و پێشکەوتوو بووە، بەڵگەیش کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەھاباد و بەیاننامەی 11ی ئاداری 1970 و پاش ڕاپەڕینی 1991، ھاوکات وشە و فەرھەنگی کوردیش ھەنگاوی مەزنی پێشکەوتنی لە ڕێی ڕۆژنامەگەرییەوە ناوە.
لە كۆتایی پەیامەكەی فیدراسیۆنی نووسەرانی كوردستان لە دیاسپۆرادا هاتووە، لەم بۆنە پیرۆزەدا، دروود بۆ گیانی پاکی میقداد بەدرخان و ھەموو ئەو ڕۆشنفکرانە دەنێرین كە ڕۆژێک لە ڕۆژان بەدیار ڕۆژنامەگەری کوردییەوە ماندوو بوون، سڵاو و ماندوونەبوون لە ھەموو ئاوانەیش دەکەین بەردەوامن و خزمەت بە دنیای ڕۆژنامەگەریی کوردی دەکەن، بەرز و پیرۆز بێ یادی ڕۆژنامەگەریی کوردی و گەشاوەتر بێت وشەی کوردی.