رۆڵی زیـرەکی دەستکـرد لە وێـژەی منـداڵان..
رەزا شـوان / نووسەر/ نەرويج
لە جیهـانی ئەمـڕۆدا، لە سایەی شۆڕشی تەکـنەلـۆژیا و داهـێنانی سەیـر و سەمەرەدا، بە خـێرایی بـروسکە، گۆڕانکاری و تازەگەری و داهـێنان لە هەمـوو بوارەکانی ژیاندا روودەدەن. دەستەواژەی زیـرەکی دەستکرد یان (ژیـریی دەستکرد، هـۆشی دەستکرد) کە ناوەکەی لە ئینگـیزیدا، بۆ ئەم دوو پیتە کورتکـراوەتەوە (ئەی ئای). بە عەرەبیش (الذکاء الاصطـناعي). بووەتە بنیشـتە خۆشەی سەر زاری هەرە زۆری خەڵکی جیهان. هەمـووان باس لە زیـرەکیی دەستکرد و لە کاریگەرییەکانی لەسەر لایەنە جیاوازەکانی ژیانی مرۆڤ دەکەن، لە ئەمڕۆ و لە داهاتوودا. زیرەکی دەستکرد، بووە بە پێویستی و بە بەشـێکی دانەبـڕاو لە ژیـانی رۆژانەمـان. وەرچەرخـانێکی گـەورەیە و کاریـگەریی لەسەر هەمـوو لایەنەکانی ژیانمان هـەیە. هەمـوو بـوارەکانیـش، دەسـتیان کردووە بە بیرکـردنەوە لـەوەی کە چـۆن ئەم تەکنەلـۆژیایە بقـۆزنەوە و لە خـزمەتی بوارەکانیاندا بەکاریبهێنن. زیرەکیی دەستکرد، تا بێت زیاتر و خیراتر گەشەدەکات و پەردەستێنێت و زیرەکتر دەبێت. تا رادەیەک دڵە راوکێ و ترسی لەلای کەسانێکی زۆر دروستکردووە. دوای راگـرتنی دەکـەن، تـرسی ئەوەیـان هـەیە، کە ئامـێرە زیـرەکەکان، لە داهاتـوودا کۆنترۆڵی مرۆڤایەتی بکەن و زاڵبن و سوارسەری مرۆڤ ببن. ئەگەرچی ئەمە دووره رووبـدات. چونکە کـلـیـل و جـڵەوی زیـرەکی دەستکـرد لە دەستی مـرۆڤە. بە باشی یا بە خـراپی بەکارهـێنانی دەگەڕێتـەوە بـۆ خـودی مرۆڤ. بۆ نموونە فـڕۆکە گواستنەوە بووە بە خێروبێر و خۆشی بۆ مـرۆڤ کە بە خـێرایی لە ئەمپەڕی دنیـاوە بۆ ئەوپەڕی لە کورتـریـن مـاوەدا، بـە ئاسانی گەشـتی پێـدەکـەن. یان پـاسی بێ شـوفـێـر، رۆبـۆتی پـزیـشکی و ئـینتەرنـێـت و ئایـفـۆنی زیـرەک و بە دەیـان داهـێنراوی مـۆدێـرن، کە بە زیـرەکیی دەستکـرد کاردەکەن. هەمـوو ئەمانە بـوونە بە مایەی ئـۆخەی و خـۆشی بۆ مـرۆڤ. بەڵام فـرۆکەی جەنگی و فـرۆکەی بێ فـرۆکەوان (درۆن) و رۆکێت و…هـتد. بوونەتە بەڵا و لەناوبەری مرۆڤ. بە ملیۆنان کەسیان پێ کوژران، بە ملیـۆنان شار و گونـدیان وێـرانکرد و ژیـنگەی سـروشتیان پیسکرد و شـێواندوویانە. ئایا هەر خودی مرۆڤ نییە، کە ئەم چەکە کوشندە و کاولکەرانە بەکاردەهـێنێت و ئاراستەیان دەکات؟
زیرەکیی دەستکرد، لـقـێکی فـراوانە لە زانستی کۆمپـیوتەر، کە مامەڵە لەگەڵ واکردنی ئامـێرە زیـرەکەکان دەکات. کە “بيـربکەنەوە” و تـوانای ئەوەیـان هـەبێـت چارەسەری کێشەکان بکەن. تـوانای ئەوەیان پێبـدرێت، کە بە ئامانجەوە بە دوای شتێکدا بگەڕێن. لەسـەر بنەمـای چـەمکی مێـشکی مـرۆڤ دامـەزراون و هـەنـدێک کاری هـاوشـێوەی زیـرەکیی مـرۆڤ ئەنجام بدەن. زیـرەکیی دەستکـرد، لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزراوە، کۆمپیـوتەرەکان دەتـوانن لە رووی تیۆرییەوە، هـۆشیارییەکی هـاوشێوەی هـۆشیاریی مرۆڤ پەرەپێبدەن. بە کورتی زیرەکیی دەستکرد، ئەو کار و چالاکییانە زیرەکانەیە کە ئامێـرە کـۆمپیـۆتەرییەکان لە هـاوشـێوەی مـرۆڤ بە شـێوەیەکی لـۆژیکی ئەنجـامیان دەدەن. توانـای لاساییکـردنەوەی کـار و هـەڵـسوکەوتەکـانی مـرۆڤـیان هـەیە.
(جـۆن مەکارتی) لە ساڵی (١٩٥٥) دا، دەستەواژەی زیـرەکیی دەستکردی داناوە. بەم شێوەیەش پێناسەی کردووە:”زیرەکیی دەستکرد، بریتییە لە زانست و لە ئەندازیاریی دروستکـردنی ئامـێری زیـرەک”.
ئەگەرچی زیرەکیی دەستکرد بوارێکی خێرا پەرەسەندووە، بەڵام هەڵتۆقاوێکی کوتوپڕ نیـیە، بەڵکـو بە چەنـد قـۆناغـێـدا تـێپەڕیـوە تا گەیـشـتۆتە ئـەوەی کە ئێستا هـەیـەتی.
میـژووی بـۆ سـاڵانی جـەنگی جیهـانی دووەم دەگـەڕێـتەوە. کاتـێک سوپـای ئەڵـمانـیا ئامێری (ئیـنـیگـما) یان بەکـارهـێـنا بـۆ کـۆکـردنەوەی، نامـە بە شـێوەیەکی پارێـزراو.
ئێمەی کوردیـش، پێویـستـیمان بە سـتراتیـژییـەتێکە کە بتـوانـین لەگـەڵ کـاروانی ئەم پێشکەوتنە خێرا و ئاڵۆزەدا دەربەرین. بتوانین سوود لە زیرەکی دەستکرد وەربگرین، وەک یەکـێک لـە بەهـێـزتـریـن ئامـرازەکـانی گـواسـتنەوەی کولـتوور و بەهـاکان، لەم سەردەمەدا رۆڵێکی بێهـاوتای هـەیە، لە داڕشتنی بیروڕای گـشتی. بۆیە پێویـستیی بە گرنگـیدانێکی تایبـەت هـەیە لە داڕشـتـنی سـیاسەتی کولـتووریـدا. زیـرەکی دەستکرد، توخـمێکی نوێیە لە گۆڕینی زانـست و زانـستە مـرۆییـەکان، بە شـێوازێکی نانەریتی. پێویـستە لە کوردستان، زیـرەکیی دەستکـرد، بخـرێتە پـروگـرامی خوێنـدنی پۆلەکانی قـوتابخـانەی بنەڕەتییەوە. مامۆستایانی کوردیشمان ئاشنای چـۆنیەتی بەکارهـێنان و فـێـرکـردن و سـوودوەرگـرتـن، لـە ئامـێرە زیـرەکـەکـان بـن. بـۆ ئـەوەی بتـوانـن لە پەروەردەکردن و فـێرکرنی دروستی خوێنـداکاران سوودیان لێـوەربگرن و بە باشی بەکـاریان بهـێـنن. چـونکە داهـاتـوو بۆ زیـرەکـیی دەستکـردە.
چـیتر تەکـنەلـۆژا لە بـوارەکانی زانـست و ئەندازیاریـدا، قـورخکـرا و سنووردار نییە.
بەڵکو بە هـێزەوە چووەتە بواری وێـژە و رۆشنبری و لایەنەکانی ترەوە. بە تایەتیش بـواری وێـژەی منداڵانـدا. شێوازەکانی بەرهەمهـێـنانی وێـژەی منـداڵان بە شـێوەیەکی ریـشەیی دەگـۆڕێــت. ئیتر پێنـووس تاکـە ئامـرازی نووسـین و داهـێـنان نیـیە. بەڵکـو چەندین ئامرازی مۆدێرن و بەرنامەڕێـژیش چوونەتە پاڵی. فـێرخوازانیش چیتر تەنیا (دوو داری دوور) نابیـنن، بەڵکـو زۆر شـتی سـەیـر و سـەمـەری مـۆدێـرن دەبـیـنن. زیرەکی دەستکرد دەتوانێت بەشداری لە داڕشتنی ئەزموونە وێـژەییەکانن بکات، کە سنوورە نەریتییەکانیان تێپدەپەڕێنن، بوونەنە بە پـلاتفـۆرمی کارلێککار و ناسنامەی کولتووری بەرز دەکەنـەوە و کـنجکاوییەکانی منـداڵان بەرەو داهـێنان دەورووژێـنن.
زیـرەکیی دەستکرد، زاراوەیەکی نـۆێی لە جیهـانی منـداڵان دروستکـردووە. ئاسۆیەکی نـوێ و بێ سنووری بۆ منداڵان کردووەتەوە. هـاتووەتە ناو بـواری وێـژەی منـداڵان و بـە سەرچاوەیەکی گرنگی داهـێنانی و پێشکەوتنی وێـژەی منـداڵان دادەنرێـت. زیرەکی دەستکـرد، لەرێی کارەکتەرە رۆبـۆتـییەکانەوە، بە روونی جـێپەنجـەی لەسـەر وێـژەی منـداڵان نەخـشانـدووە.
لەگەڵ سەرهـەڵـدانی زیـرەکـیی دەستکـرد دا، پـرسیارگەلـێکیش سەریان هەڵـدا. وەک: چۆن زیرەکی دەستکرد، بۆ خزمەتی داڕشتنی ناوەڕۆکەکانی ژانرەکانی وێـژەی منداڵان بەکاربهـێـنین؟ چـۆن وابکەیـن کە منـداڵەکانمان لە زیـرەکیی دەستکـرد سـوودمەندبـن؟ چـۆن وابکـرێت کە زیـرەکـیی دەستکـرد، کـاریـگەرییـەکی ئەرێـنـیی لەسـەر پـرۆسـەی پەروەردە و فـێرکردنی منـداڵان هـەبێـت؟ چـۆن تەکنەلـۆژیا، خـزمەت بە فـراوانکردنی ئەنـدێشەی منـداڵان بکات و پەرە بە ویـژدانیان بـدات؟ ئەمە ئەو لایـەنە گـرنگانەن کە پێویـستە بە وردی لێکـۆڵـینەوەیـان لەسەر بکـرێـن.
زیـرەکی دەستکـرد، توانای بەرهـەمهـێنانی دەقی وێـژەیی هـەیە. دەتـوانـێت ناوەڕۆکی کـوالـیتی بـەرز پێـشکەش بـکات. بەڵام ئایا ئەم دەقـانە دەتـوانـن بە راسـتی هـەسـت و ئەزموونی مرۆڤ بگەیەنن؟ توێـژێنەران دەریدەخەن کە دەقەکانی زیرەکیی دوستکـراو هـەستی قـووڵ و درکـپێـردنی مـرۆڤـیان نیـیە. بۆ نمـوونە چـیرۆکە دروسـتکـراوەکانی زیرەکیی دەستکرد، رەنگە لە رووی پێکهاتەییەوە راستـبـن، بەڵام ناتـوانن ئەزمـوونە سۆزدارییەکان بە باشی بگەیەنن. بە کورتی زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت یارمەتیدەری مرۆڤ بێت، نەک جیگـرەوەی بێت. چونکە ئامـێرە بێ رۆح و کەڕەکان، ناتوانـن ببـنە جێکـرەوەی مـرۆڤ و هەمـوو رۆڵێکی مرۆڤ ئەنجام بدەن، هەرچەنـدەش زیـرەک بن، لە ئەنجامی زیـرەکی مرۆڤـدا داهـێنراون و بەرنامەڕێـژ کراون. مەبەستیش لە داهـێنان و دروستکردنیان، ئاسانکـردن و خـێرایی ئەنجامـدانی کارەکان و ئامانجەکانی مـرۆڤـن.
زیـرەکیی دەستکـرد و تەکـنەلـۆژیـای زیـرەک، دەرفـەتـێکی نایـابیـان بـۆ گەشەکـردن و پێ<شکەوتنی وێـژەی منـداڵان و نەوجـوانان رەخساندوون. بۆ ئەوەی بە ئاسانترین و بە باشـترین شـێوە ئەنجـامەکان بەدەسـت بهـێـنن.
راهـێنانی نووسـەرانی منداڵان بۆ سوودوەرگرتن لە زیرەکیی دەستکردن و بە دروستی بەکـارهـێنانی ئـەم تەکـنەلـۆژیـا مـۆدێـرنـانە، دەتـوانـن یارمەتیـدەربـن لە باشـترکـردنی کـوالـیتی وێـژەی منـداڵان و بە پەرەپێـدانی داهـێـنان و بیـرکـردنەوەی رەخـنەگـرانە لە منـداڵانـدا.
سـوودە وێـژەیـیەکانی زیـرەکـیی دەستکـرد زۆرن. بە کـورتی و بە چـڕوپـڕی باس لە هـەنـدێک لە سـووەکانی زیـرەکیی دەستکرد لە وێـژەی منـداڵان، بۆ منـداڵان دەکەیـن:
١ـ زیرەکیی دەستکـرد، ئاسۆیەکی نـوێ و بێ سنوور بۆ منداڵان دەکاتەوە. بەو پێیەی کە دەتـوانـن ئەنـدێـشەکانیان بگـۆڕن بـۆ راسـتی، بە شـێوەیەک کە پـێـشـتر نەدەکـرا.
٢ـ زیـرەکیی دەستکـرد، یارمەتـیی منـداڵان دەدات، لـە دۆزینـەوەی بەهـرە و حـەز و ئارەزووەکـانیان و گەشەکـردنیـان لە بـواری زانـسـت و بەرنـامەسـازیـدا. لەوانـەش بەهـرەی نـووسـینیان لە چـیرۆک و هـۆنـراوە و پەخـشـان.
٣ـ زیرەکی دەستکرد، کنجکاوی منـداڵان دەوورووژێنێـت و بیـرۆکەی داهـێنەرانەیان بەرزدەکـاتەوە.
٤ـ زیـرەکیی دەسـتکـرد، بەشـدارە لە هـانـدان و لـە بـەرزکـردنـەوەی ناسـنامـەی کـولـتووریی منـداڵان.
٥ـ ئەو چـیرۆکانەی کە لەسـەر بنەمـای زیـرەکیی دەسـتکـرد داڕێـژراون، یارمـەتیی منـداڵان دەدەن بـۆ بەرزکـردنـەوەی بیـرۆکەی رەخـنەگـرانە و داهـێـنان.
٦ـ زیـرەکیی دەسـتکـرد، بـۆ دروسـتکـردنی یـارییـە پـەروەردەیـیـەکـان بـۆ منـداڵان بەکاردەهـێنرێـت. ئـەم یارییـانەش دەتـوانن یارمەتـیی منـداڵان بـدەن بـۆ فـێربـوونی چەمکی نـوێ و پەرەپـێـدانی تـوانـاکانی چـارەسەرکـردنی کـێـشەکانیـان.
٧ـ ئەو چـیرۆکانـەی کە باس لە زیـرەکیـی دەستکـرد دەکەن، وەک بابەتێک یارمـەتیی منـداڵان دەدەن بۆ مامەڵەکـردن لەگەڵ ئەو بەرۆکگـیرییانەی”تەحەدیـیانەی” لەوانەیە لە داهـاتـوودا رووبەڕوویان ببـنەوە. ئەو دەرفـەتەشـیان پـێدەدەن بیر لە بەکارهـێنانی تەکـنەلـۆژیـا بـکەنەوە. ئەمـەش تـوانـای بـڕیـاردانی دروسـتیان بـەرز دەکـاتەوە.
٨ ـ زیـرەکیی دەستکـرد، دەتوانێت یارمەتیی ئەو خوێنەرانە بـدات کە لە خوێندنەوەدا لاوازن، تا باشـتر بخـوێـننەوە.
٩ـ زیـرەکیی دەستکرد، دەتـوانێـت یارمەتـیی منـداڵانی نووسەر بدات. بۆ دەربـڕینی ئـەوەی لە ناخـیان دایە و بـۆ دروسـتکـردنی بیـرۆکەی نـوێ.
١٠ـ زیرەکیی دەستکرد، بەشدارە لە بەرزکردنەوەی رەخنەی داهێنەرانە لە منداڵاندا. بە ورووژانـدنی پرسیارگەلێکی وەک: ئەگەر کۆنترۆڵی زیـرەکیی دەستکـرد لەدەست بـدەین چی روودەدات؟ ئایا رۆبۆت دەتوانێت بـیربکاتەوە و هەڵـبژێـرێت؟ ئایا… هـتد. بەشدارن لە بنیاتنانی کـنجکاویی منداڵان و لە ئاراسـتەکـردنیان بەرەو بـیرکردنەوەی داهـێنەرانە.
زیـرەکیی دەستکـرد، توانای گۆڕینی دەقی نووسراوی بۆ وێنـە و بۆ دەنـگ هـەیە، ئەم وێنـانەش، وادەکـەن کە ئەو خەیـاڵە بەرجەستەبێـت، کە هـونـەرمەنـدان و نووسەرانی وێـژەی منـداڵان، هـەنـدێک جـار لە بەرجـەستەکـردنیـان شـکـست دەهـێـنن.
لە ئێستادا چەنـدین پلاتـفـۆرمی ئەلیکـترۆنی هـەن، وێنە و مـادەی دەنگی بۆ منـداڵان دابیـن دەکەن، لەوانـەش گـۆرانی و حـیکایـەت و چـیرۆکی جـۆراجـۆر لەگـەڵ وێنـەدا.
چەندین سایت هـەن کە زیرەکیی دەستکرد بۆ خـزمەتی وێـژەی منـداڵان بەکاردەهـێنن. لەوانە (سـتۆری بـۆتـس)، (گـوگـلە ئەل کـیـدس) کە چەنـدیـن ئەنیـمەیـشن و ڤـیدیـۆی دەنگیی ناوەڕۆک نوێ و سەرنجڕاکێشیان درووستکردون بۆ منداڵان نمایشیان دەکەن.
لە سایەی زیـرەکیی دەستکرد و ئامێرە زیرەکەکانـدا، داهـێنانی نـوێی زیاتر و زیارتر و گۆڕانکاری گەورەتر بەڕێـوەن، چونکە شۆڕشی تەکنەلـۆژاو و داهـێنان وەستانی نییە. لەو باوەڕەدام، کە زیـرەکیی دەستکـرد، لە داهـاتـوودا دەتـوانێـت لە هەمـوو بوارەکانـدا، کارئاسانییەکی زیاتر و خـێراتر و خـزمەتێکی ناوازەتر پێـشکەش بە مـروڤـایەتی بکات.
(*) بـۆ نووسینی ئـەم بابـەتە، سـوودم لە چەنـدیـن سـایـتی ئـینگـلـیزی و عەرەبی وەرگرتوون.
دوبـەی: ٢٠٢٥