شێریش بەگوێ بگرێ، هەر ئافرەتە
ھبە فەیسەڵ نووسەر
پەند و وتەی کورت لە هەموو کۆمەڵگا و چینەکانی بوونی هەیە. لە کات و شوێنی جیاوازدا بەکار دەهێنرێت بۆ خستنە پاڵ , یان پێناسە کردن یان بۆ کورت کردنەوەی بابەتێکی درێژ. کۆمەلگای کوردیش دەوڵەمەندە لەم پەند و وتانە. هەندێکیان بۆ بەرز سەنگاندنی بابەتێکە و هەندێکی تریش بۆ سەرزەنشت و گاڵتە پێکردن. بۆ نمونە کاتێک دەوترێت شێریش بە گوێ بگرێ، هەر ئافرەتە. لەگەڵم بن با کەمێک بچینە قوڵایی لێکدانەوەی ئەم وتەیە: بەڕای من ئەم وتەیە هیچ قازانجێک یان جوانییەک نا بەخشێ بە بوونی ئافرەت وەک مرۆڤ ، وەک تاکێکی یەکسان ماف لە کۆمەڵگە. بگرە پڕە لە شکاندن و گیرکردنی توانای ئافرەت لە چوارچێوەیەکی دیاری کراو. واتە پێناسە کردن و بەستنەوەی (ئازایەتی)بە بەرەنگار بوونەوەی ئاژەڵ و توانای جەسەدی. باشە کێشە لە بوونی ئافرەت چییە؟
نیو ئەقڵە؟ ئەی بۆ ئەرکی پەروەردە لە ماڵدا دەخرێتە سەر دایک؟ کاتێک کێشە ڕوو دەکاتە یەکێک لە مناڵەکان، یەکەم ڕستە کە پیاو بە هاوژینی دەڵێ ئەمەیە « ئەمەیش نتیجەی تەربیەتی تۆ».
ترسنۆکە؟ جا کەس هەیە لە ڕۆحی خۆی نەترسێ؟ ئەی کێن ئەوانەی کە زۆر بە باوەڕێکی قووڵەوە بۆ ئایدۆلۆجیای جیاواز و (ئازادی بە هەموو جۆرەکانییەوە) دەدوێن و دەجەنگێن؟
دەم درێژە؟ کێ لە هەقی خۆی و ناهەقی بێ دەنگ دەبێ؟
گرینۆکە؟ هەر کەسەو چۆنییەتی دەربڕینی هەست و بیری جیاوازە لە یەکێکی تر. هەیە بە فرمێسک، هەیە بە چەپۆک، هەیە بە بێدەنگی. گەر کوڕیش هەر لە مناڵییەوە پێی نەوترایە « وس بە کوڕ نابێ بگری» ئەوا دڵنیام کە ئەوانیش ئێستا لە ریزی خۆمان بوون
هەر ئەو فرمێسکانەیشە کە پیاو لە بەردەمیا ئەژنۆی ئەشکێ. کە هەزاران شاعیر لەسەری دەنوسێ و وەسفی گەورەیی دەکات. جا کاتێکیش بمانەوێ کە ئەم بابەتە بە( سەرڕوانگە)بیبینین.. واتە بابەتەکە دەرهێنین لە قاڵبی دژە بەرایەتی پیاو و، جەنگی ڕەگەز و، کێ باشترە لە کێ و، کێ مافی کێی خواردوە، دەبێ لە بیر نەچێ کە هیچ لەم خاسیەتانە زگماك نین. بەڵکوو لە لایەن تاکی کۆمەڵگە و نەریتەکانی خراونەتە پاڵ ئافرەت. جا ئەو «تاکە» نێر بێ یان خودی مێ خۆی. سڕینەوەی ئەم جۆرە پەند و وتانە لە فەرهەنگی زمانی کوردیدا مەحاڵە. بەڵام کار کردن لەسەر تێڕوانینمان بۆ ئافرەت، پێویستە لە سەر هەموو تاکێک، لە پێشا ئافرەت خۆی. بە بۆچونی من مەرج نییە ئافرەت بۆ داواکردن و گەیاندنی پەیامی، هەمیشە ڕووی قەڵەمی بکاتە پیاوان. ئەوەندەی ئافرەت پێویستی بە یەکگرتوویی هەیە لە ناو خۆیدا، پێویستی بە چەپڵەی پیاو نییە. هەموو گۆڕانکاری و تازەگەریەکیش لە ڕێگە پێدان و دان پێدانانی تاک بۆ کێشەکان دەست پێدەکات. جا ژنان، پشتگیری یەک بن. بە کەمی و هەڵەی ئافرەتێکی تر خۆتان هەڵمەسێننەوە. زمانتان بە باسی ژنێکی تر تیژ مەکەنەوە. با سەرکەوتوویی ، جوانی و بگرە فرمێسکی ئافرەتێکی تر هی تۆیش بێت. ڕێزت بە مرۆڤ بوونتەوەیە. چۆن داوای ماف دەکەی ، بە هەمان شێوە ئەرکیشت لەسەرە. خۆت بە بەرامبەر بناسێنە بە کەم و کوڕی یەکانتەوە پێش تواناکانت.. فرمێسکەکانت بکەرە حبر( خیماڤ) و پێناسەیی پڕاوپڕی جوانی ناخ و هێزی خۆتی پێ بکە. هێزت بخەرە پاڵ وشەکانت، بیخەرە پاڵ کردارت ، نەک سێبەری باوک، برا یان هاوژین. خۆ بەراورد کردنت بە پیاو جەنگێکی بێ مانا و بێ ئەنجامە. تەنها خۆ لەدەست دان و خنکاندنی نەوەی نوێی لەدوایە. پیاوان، ئێوەیش ئافرەت مەشکێنن و پێیان مەڵێن ئازای وەک پیاو. ئازایی ، زیرەکی و جوانی جۆری جیاوازی هەیە. هەریەکەیان لە کات و شوێنی خۆیان جوان و پێویستن، جا چ لە پیاو بێت یان ئافرەت.