فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

جينە گۆراوەكان

جينە گۆراوەكان

نازەنين عووسمان/ نووسەر /  فەڕەنسا

گۆڕينى جين مێژوويەكى درێژى هەيە ، لەوەتەى مرۆڤ دەستى بەكشتوكاڵ و خۆماڵى كردنى ئاژەڵ كردووە هەوڵى داوە باشترين جۆرى تۆو كە بەرهەمەكەى تام خۆش و زياتر بێت  و بەرگەى نەخۆشى بگرێ هەڵبژاردووە وچاندوويەتى هەروەها زاوزێ لەنێوان ئەو ئاژەڵانە كردووە كە بەرهەميان زۆرە و سالار و جوانن لە ڕێگاى پيتاندنياندا بەيەكەوە. لەپيتاندا، مێينە و نێرينە بەشداريان تێداكردووە و هەريەكەيان نيوەى كروموسوماتەكانى داوە بەنەوەكانيان.  بەڵام لە كاتى بەرهەمهێنانى جينە گۆڕاوەكان بەشێكى كەمى لە جيناتەكان دەگۆڕدرێت و تەنيا كار لەسەر ئەو جينە دەكرێ كە مەبەستيانە. گۆرينى جينێكى تايبەت بەدەستكردى مرۆڤ ڕاستەو خۆ (هەندێجار وەكو ئەندازەى بۆماوەيى gene engineering  ناودەنرێت) لەساڵى ١٩٧٤ يەكەم مشكى جين گۆراويان بەرهەم هێنا و لە ١٩٨٤ يەكەم جۆرى توتن كە جينێكيان گۆڕى تا بەرگەى نەخۆشى بگرێ لە ڕێگاى جينى بەكترياوە. لەوكاتەوە دەستكارى و گۆڕينى جين لە زيادبوندايە و لەهەندێ وڵات زياتر پەيرەودەكرێ بەتايبەتى لە بوارى كشتوكاڵدا. ئەمريكا زۆر زوو وە بەخێرايى لە كشتوكاڵدا دەستى پێكرد بۆنمونە ئيستا ٨٨% لەگەنمەشامى و ٩٤% لەلۆكەى ئەمريكى لە جينەگۆڕاوەكانن كە بەرگەى ئافات و دەرمانى دژەگژوگيا دەگرێ.

هەندێ وڵات هەوڵدەدا بەكارهێنانى جينەگۆڕاوەكان لە كشتوكاڵدا كەم بكاتەوەو ڕێگرى لێبكا بە تايبەتى لەو وڵاتانەى بزوتنەوەى ژينگە پارێزى لە برەودايە و بەهێزن. بەڕاى ژينگە پارێزان بەكارهێنانى بەرهەمى جينەگۆڕاوەكان كاريگەرى نێگەتيفانەى لەسەر مرۆڤ و ژينگە هەيە و ئيكۆسيستم تێكدەدا و ە بەهۆى ئەوەى لەم جۆرە بەرهەمە جينەگۆڕاوانە مێژويەكى زۆر درێژيان نييە و نازانين پاش چەند نەوەيەك چيى بەسەر مرۆڤ دێنێ و ئايا ئەمە واناكا كە كاريگەرى لەسەر گۆڕينى جينەكانى مرۆڤدا هەبێت، هەندێ جاريش سيناريۆى زۆر ترسناك باس دەكەن، ئەمانە كاريگەريان هەبووە لەسەر ڕاي گشتى و زەبروزۆريان لەسەر حكومەتەكانيان كردووە  بۆڕێگرى لەبەرهەمهێنانى ئەم جۆرە بەرهەمانە يان هاوردەكردنى و ياساى تايبەتيان پێدەركردون و لۆگۆى تايبەتى و دياريكراويان داناوە لەسەر ئەو بەرهەمانە لەبازاڕەكاندا بۆئەوەى خەڵك بينناسێتەوە و ئازاد بن لە بەكارهێنانى، لەم جۆرە رەوتە لە ئەوروپا زۆر بەديدەكرێت.

جين لە ڕێگاى  DNA  (گەردى ناوكەترشى ڕايبى كەم ئوكسجين) كەلەسەر جينەكان ڕێز دەبن بەكارە بنەرەتييە فيسيۆلۆجييەكان هەڵدەستێت كە لەشێكى زيندوو پێويستييەتى، هەموو ئەوبۆماوانە كە لە نەوەيەكەوە بۆ نەوەيەكى تر دەگوازرێتەوە، جين دەيگوازتەوە. هەرجينێك لە سەدان DNA پێك هاتووە و ئەويش لە چوار مۆليكول پێكهاتووە هەريەك لەو جينانە شوێنى تايبەتى خۆى هەيە، وەكو كۆدى تايبەتى لەسەر كرۆمۆسۆم  بەپێى ڕێزبونى ئەو كۆدانە سيفات و كارى تايبەتى دەدا و جۆرى جياواز لە پرۆتين دروست دەكا كە بۆ ژيان و گەشەكردنى زيندەوەر پێويستە، ڕێز بوونى مۆليكولەكان و جينەكان بەشێوەيەكى تايبەت لە هەر شوێنێ بن هەمان ئەركيان هەيە.

بە زيندەوەرێك دەگوترێ زيندەوەرى جينەگۆڕاوەكان كاتێ جينێك يان چەند جينێكى لە زيندەوەرێكى تر وەرگرتبێ و تواناى ئەوەى هەبێت بيگوازێتەوە بۆ نەوەكانى.

زۆر جار جين بەشێوەيەكى سروشتى ئەو گۆڕانكاريەى تێدا روو دەدا وەكو بازپێ (تەفرە) ( genetic mutation)  و ئەو بازپێيە هەندێ جار تواناى گواستنەوەيشى هەيە بۆ نەوەكانى دواى خۆى.

هەندێ جاريش لە بەرهەمى گۆڕينى جينەكان  نەوەى نەزۆك يان بێهێز بەرهەمدێ وەك لە حاڵەتى دووڕەگ (هجين) (hybrid) نمونە هێستر كە لە ئەسپ و كەر بەرهەمهێنراوە و نەزۆكە ياخود ئاژەڵى “كاما” كە لە نێوان نێرەى حوشتر و مێيەى لاما پەيدا بووە هێزى حوشتر و خورى باشى لامەى وەرگرتووە، بەڵام  نەوەيەى دواى خۆي نەوەيەكى بێهزە.

گۆرانكارى لە جين بەشێوەيەكى سروشتى لە زيندەوەرە سەرەتاييەكان يان تاكە خانەيەكان زۆر روو دەدا بەتايبەتى لە ڤايرۆس و بەكتريا. بە هۆى ئەو گۆڕانكاريەى لە جيناتى  ڤايرۆسى ئەنفلونزا بەشێوەيەكى سروشتى روو دەدا واى كردووە ئەو هەموو جۆرە پەتاى ئەنفلوەنزە پەيدا بيت, ناتوانرێ نە كوتانى سەركەوتوو دروست بكرێ و نە بەرگرى تەواو پەيدابكەين دژ بەو ڤايرۆسە. ساڵانە ئەو گۆڕانكارييە دەبينين و هەندێ لەو ڤايرۆسانە وەك ئەنفلونزاى ئاژەڵ خۆى دەگۆڕى  بۆ ئەوەى لەبار بێت بۆ ژيانى لەناو لەشى مرۆڤدا، مرۆڤ تووشى پەتا دەكا وەكو ئەنفلونزەى بەراز يان پەلەوەر يان حوشتر. بەكتريا بە هەمان شێوە گۆڕانكارى سروشتى لە جيناتەكانى دروست دەبێ بۆ بەرگرى و مانەوەى زياتر، بەكتريا نەخۆشكەرەكان گۆڕانكارى گەورەى بەسەر خۆى دا هێناوە بەتايبەتى بەرگرى بەرامبەر بە دژە ژيان (ئەنتيبايۆتيك) پەيداكردووە و ئەمەيش بەتايبەتى بەهۆى بەكار هێنانى ئەودەرمانانە بەشێوەىيەكى نادروست، وەك بەكارهێنانى لە كاتى تۆش بوون بە نەخۆشييەكى ڤايرۆسى، و يان وەرگرتنى كۆرسى ئەنتيباتيكەكە بە نا تەواوى ئەمانە دەبنە هۆكار كە بەكتريا بەرگرى پەيدا بكا بەرامبەر بە ئەنتيبايۆتيك و چيتر كاريان لەسەر نەكا و لە دوا ڕۆژ نەتوانرێ چارەسەرى نەخۆشييەكانى  پێبكرێت و زيانى زۆر گەورە لە تەندروستى كۆمەڵ دەدا.

هەرچەندە زۆر جار گۆڕينى جينەكان بە لايەنە نێگەتفەكەى سەيردەكرێ و دەوترێ دەست لەكارى خوا دەدەن. كاتى “دۆلى” ئەو مەڕەى لە ٥/٧/١٩٩٦ لەدايك بوو، لە خانەيەكى دايكييەوە وەرگيرابو و كۆپى تەواوى ١٠٠% ى جيناتەكانى وەك دايكى وا بوو(كلۆن كرا بوو)، دونيا هەڵساو داندرايەوە و ترسى زۆر پەيدا بوو لەوەى بە هەمان مامەڵە لەگەڵ مرۆڤدا بكرێت و كۆپى لێدروست بكرێت، گفتوگۆى زۆرى لەسەركراو تا ئيستايش هەربەردەوامە لە سەر ئيتك و ئەخلاقى كۆپى كردنى زيندەوەرى باڵا و كاريگەرى لەسەر دواڕۆژى مرۆڤايەتى. لەگەڵ ئەمەيش دەست كارى هێندێ جينى خراپ يان نەخۆش بەديدكى تر سەير دەكرێ و ڕێگەى پێدراوە  پشكنين و گۆڕانكارييەكان لە تاقيگەكان بەردەوامە بێ لەسەرى و هەندێ نەخۆشى بۆ ماوە هەيە لە مرۆڤدا كە هەوڵ دەدرێت بيگۆڕن كاتێ منداڵ لە سگى دايكيەتى يان لەدواى لەدايك بووندا. هەندێ كەسيش هەيە يەكێ لەئۆرگانەكانى پەكي كەوەتووە و پێويستى بەگۆڕين هەيە وەك گورچيلە، دڵ و جگەر، لە چاوەڕوانيدايە  تا بۆى پەيدا دەكرێت و زۆريان بەهۆى نەبوونى  ژيان لەدەست دەدەن ئەگەر لەڕێگەى گۆرينى جينەوە بتوانرێ خزمەتى ئەو نەخۆشانە بكرێت  و ئەو ئۆرگانانە لە ئاژەڵەوە بە جينى مرۆڤ بگۆڕدرێت و واى لێبكرێت بۆ مرۆڤ دەست بدا بە هاسان تر پەيدا ببێت وا دەكا ژيانى ئەو نەخۆشانە لە مەترسى ڕزگاريان بێت. نمونەيەكى تر نەخۆشى شەكرە يە كە رۆژ بە ڕۆژ لە زياد بووندايە و زۆر بەيان پێويستيان بە ئينسولينە بۆ چارەسەركردن،  پێشوو ئينسولين لە بەراز وەردەگيرا كە پەيداكردنى ئاسان نەبوو و بۆ هەندێ نەخۆش دەستى نەدەدا، ئێستا لەڕێگاى گۆڕينى جينى بەكترياوە تا ئينسولين دەركا، دروستكردنى ئاسانتر و هەرزانتر بووە و بۆ نەخۆشى شەكرە گونجاو ترە. جگە لە ئينسولين و هۆرمونى گەشەكردن زۆر هۆرمۆنيتر خەريكە پەيدا بكرێن لەو ڕێگايە،  بۆ دروست كردنى لوقاحى كوتان و دەرمانى دژە ڤايرۆسيش كارى زۆرى لەسەر دەكرێت .

لايەنێكى ترى پۆزەتيفى جينە گۆڕاوەكان بەكارهێنانييەتى بۆ پارستنى ژينگە و پاككردنەوەى لە پيس بوون بۆ نمونە لابردنى نەوتى ڕەش  كاتێ كە دەڕژێتە ناو دەرياكان. لەدواى تسونامى لە ژاپۆن زەوييەكانيان پر بوون لە خوێى دەريا و زيانى زۆرى هەبوو بۆ كشتوكاڵ و خانوەكانيان، لە ڕێگاى بەكترياوە كە جينەكانيان دەست كارى كرا بوون بۆ ئەوەى لەسەر خوێ بژين و زەوييەكانيان لە خۆێ پاككردەوە. نمونەى تر زۆرن لەسەر لايەنە پۆزەتيفەكان و ڕێگايەكى دوور و درێژيش لەبەردەم زانستدايە بۆ خزمەتكردنى مرۆڤايەتى و ژينگە.