فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

کارل پۆپەر 

کارل پۆپەر 

د. نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکهۆلم

ساڵی ١٩٠٢ لە شاری ڤییەننا کارل پۆپەر لە دایکدەبێت . پۆپەر فەیلەسوفێکی ناوداری نەمساوی – ئینگلیزییە و دامەزرێنەری ڕێبازێکی دیاری ناو فەلسەفەی هاوچەرخە ، کە بە ڕێبازی ڕاسیۆنالیزمی ڕەخنەگرانە دەناسرێت .
کارل پۆپەر لەدایکبوو و پەروەردەکراوی خێزانێکی ئەکادیمی هەڵگری دیدە لیبرالییەکانە ، پاش جەنگی دووەمی جیهانی ناوبراو چاڵاکانە بەشداری لە بزاڤی سۆسیال دیمۆکرات دا دەکات ، لێ دوای ماوەیەکی کەم بێهیوا دەبێت و دژ بە هزر و هەڵوێستی مارکسیزم دەوەستێتەوە . لە نێوان ساڵانی ١٩١٨- ١٩٢٤ دا ماتماتیک و فیزیا لە زانکۆی ڤییەننا دەخوێنێت ، لەهەمانکاتیشدا، خەریکی فەلسەفە دەبێت و لە نزیکیشەوە لە پێوەندی دا دەبێت لەگەڵ لایەنگرانی کۆڕی ڤییەننا . ساڵی ١٩٢٨ بڕوانامەی دکتۆرا وەردەگرێت و وەک مامۆستای ماتماتیک و فیزیا دەستبەکاردەبێت . ساڵی ١٩٣٤ شاکارێک بەناوی ” لۆژیکی لێکۆڵینەوە زانستییەکان ” بڵاودەکاتەوە . لە نێوان ساڵانی ١٩٣٧ – ١٩٤٥ دا وەک مامۆستای زانکۆ لە نیوزلەندا کاردەکات ، لە ساڵی ١٩٤٦ هەتا خانەنشینبوونی وەک پرۆفیسۆر لە قوتابخانەی لەندەنی دا وانەی فەلسەفەی ، لۆژیک ، مێتۆدۆلۆژی دەڵێتەوە ، شاکارەکەی خۆیشی بە زمانی ئینگلیزی بڵاودەکاتەوە . پۆپەر لەوێ بەدواوە ، دەبێتە دامەزرێنەری ڕێبازە فەلسەفییەکەی خۆی / ڕاسیۆنالیزمی ڕەخنەگرانە . ناوە ، ناوەش لە ئەوڕوپا و ئەمریکا وانە دەڵێتەوە ، ساڵی ١٩٦٥ یش تیتلی سیر ی ئەرستۆکراتی ئینگلیزی پێدەبەخشرێت .
هەندێک لە شاکارە دیارەکانی پۆپەر ، ” کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانی ” (١٩٤٥) ، “ڕیالیزم و ئامانجی زانست ” ( ١٩٨٣) ن .
یەکێک لە هۆکارەکانی ناوداری پۆپەر ، نەک تەنیا بۆ هزرە داهێنانییەکانی ئەو دەگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ چاڵاکی بەردەوامی ناوبراو لە دیسکورسە فەلسەفی و زانستییەکانی سەردەمی خۆی دا دەگەڕێتەوە ، ڕەخنەی زۆریش لە نیۆ پۆزەتیڤیزم ، فرۆیدیزم ، مارکسیزم ، فەلسەفەی مێژوو و فەلسەفەی زانست دەگرێت .
فەلسەفە بەلای کارل پۆپەرەوە ، نابێت یەک لایەنی بێت ، چونکە لە جەوهەردا فرەییە ، وە نابێت ڕۆڵ و گرنگی فەلسەفە لە جیهانی هاوچەرخ دا بە کەم وەربگیرێت ، چونکە فەلسەفە دیدی گشتی ئێمەیە بۆ گەردوون ، بۆ ناسینی خۆمان ، لێ پێویستە هاوشانی زانست بچێتە پێشەوە ، چونکە فەلسەفە بەتەنیا نابێتە پسپۆڕی هەموو شتێک ، بۆیە فەلسەفە پۆزەتیڤ دەبێت ، کاتێک لەگەڵ زانست دا بێت . لە دەرەنجامی وەها دیدێکی پۆپەر دا ، فەلسەفە بەر لەهەموو شتێک ، دەبێتە ئەپیستیمۆلۆژی و تیۆری واقیعێکی زانستی ، یا دەبێتە ستروکتووری لۆژیکی پەرەسەندن و مەعریفەتی زانستی ، بۆیە تاقە مێتۆدێک بە تەنیا بۆ فەلسەفە نییە ، بەڵکو دیسکورسی ڕاسیۆنال دەتوانێت ببێتە بنەما بۆ تێگەیشتن لە شت و دیاردەکان ، ئەوەش بەلای پۆپەرەوە – ڕاسیۆنالیزمێکی ڕەخنەگرانە یە . ڕاسیۆنالیزمی ڕەخنەگرانەش بەلای پۆپەر ەوە ، دیارکردنی سنووری نێوان زانست و مێتافیزیکایە ، پێوەری وەها کارێکیش دەبێت ” سەلماندنی هەڵەکان و ڕاستییەکان بێت ” ، دەبێت ئەزموونگەریش لە پسیکۆلۆگیزم دووربخرێتەوە . مێتۆدی سەلماندنیش لە فەلسەفەی زانست دا ئامراز و کلیلە بۆ گەیشتن بە ڕاستییەکان ، نەک ئامانج ، بۆیە ئەلتەرناتیڤ بۆ تیۆری لێکۆڵینەوە دەبێت یەکگرتنی لۆژیک و ئەزموون بێت . تیۆرێکیش بۆ ئێمە کاتێک ڕاست دەبێت و دەبێت بە زانست ، کە لە دیدی ڕەخنەگرانە وە هەڵبسەنگێندرێت ، ئامانجیش لەوەها هەڵسەنگاندندێک دا ، بێ شک ، دۆزینەوەی ڕاستی و نا ڕاستییە ، لەو ناوەندەشدا ، دۆزینەوە و بەرەو پێشەوەبردنی ڕاستییەکانە . هزری فەلسەفی فەیلەسوف لە بواری ئیپستیمۆلۆژییەوە سەرچاوەدەگرێت ، هەر لەوێشەوە ، پۆپەر دەیەوێت ” جیهانی سێیەم ” دروستبکات ، وەها جیهانێکیش ، لە ڕاستی دا ، نزیکە لە جیهانەکەی ئەفلاتۆن و ڕۆحی موتڵەقی هێگل . لە بواری دیالەکتیکیشدا ، هەر لەوانەوە نزیکە ، هەرچەندە فەیلەسوف باس لە دیسکورسی ڕەخنەگرانە، هونەر ، ئەدەب و کتێبەکان دا دەکات ، لێ ئەو شتانە بە بەرهەمی ڕۆحی مرۆیی دەزانێت ، لێ لەسەر بنەمایەکی بابەتییەوە ، بۆیە ناوبراو باس لە جیهانی یەکەم و دووەمیشدا دەکات ، لێ هەر هەموویان لە پێوەندی دان ، لە ڕێگای جیهانی سێیەمیشەوە ، پەرەسەندنی مۆرالی و مەعریفەتی بابەتی پەرەدەسێنێت .
فەلسەفەی کۆمەڵایەتی پۆپەر ، بە شێوەیەکی گشتی لەسەر بنەمای ئەنتی مارکسیزم دەردەکەوێت ، ئەوەش هێشتا هەر لە قۆناغی گەنجایەتییەوە فۆرموولە دەبێت ، چونکە لەو کاتەوە لە سۆسیالیزم و کۆمۆنیستی هەڵدەگەڕێتەوە . لە کتێبی ” کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانی دا ” ، پۆپەر دەڵێت :” مارکسیزم لەگەڵ دیمۆکراسی دا ناگونجێت ” ، چونکە خراوەتە بەر دیدی ڕەخنەگرانە وە ، بە هەمان شێوەش دیدی دیالەکتیکی مەتریالیزمی ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت :” مارکسیزم هەروەک فاشیزم ، تۆتالیتاری بەرهەمدەهێنێت ” ، تۆتالیتاریش کۆمەڵگای داخراو دروستدەکات و ئازادییەکان دەخنکێنێت . پۆپەر لەگەڵ کرانەوەی بازاڕ ، دیمۆکراسی فرەیی سیاسی و جۆرە سیستەمێکی دیمۆکراسی جڤاکی و ڕاسیۆنالیزمێکی ڕەخنەگرانە دایە ، کێشەکانیش پێویستە بە ڕێگا و مێتۆدی چاکسازی چارەسەر بکرێن ، نەک ڕاپەڕین و شۆڕشی کۆمەڵایەتی .
هزرە فەلسەفی و کۆمەڵایەتییەکانی پۆپەر کاریگەرییەکی زۆری بەسەر فەلسەفەی زانستی هاوچەرخ و هزری سۆسیال دیمۆکراتە هاوچەرخەکان دا نواند ، هەتا ئەمڕۆکەش جێگای بایەخن ، چونکە وەها میانڕەوییەکی فەلسەفی و سیاسی بایەخی خۆی هەیە ، بە تایبەتی لە ململانێی نێوان هزری تۆتالیتاری و دیمۆکراسی فرەیی دا .