پێکهێنانەوە و پاراستنی سێبەری خۆزگە وخواستە خەفەبووەکان لە ڕەوە هەوری خەمباریی ویستگەکاندا”
ڕێڤان جاف/ نووسەر / هۆڵەندا
ئەمەوێت هەموو ئەو بیرەوەریی و بیرکردنەوانەی کە وەک سێبەرێکی ڕەش لە کۆڵ مێشکم نابنەوە بۆ جارێکی تر ڕووت و قووتیان بکەمەوە، بە چەقۆیەکی تەنک و تیژ بچمە وێزەیانەو، بە بچووکترین یادکردنەوەش ئاهو و ناڵەی زیندووبوونەوەیان وەک مۆتەکەی ئازار لە گەروومدا پەنگ نەخواتەوە.
ئەمەوێت ژەنگەسوورەی خەونە تاڵ و بە سوێیەکان، ڕەشایی ئاهی ساردوسڕی خەیاڵە پچڕپچڕ و پەنگخواردووەکان کە وەک زەلالەت چوونەتە نێو ڕۆحمەوە دوور دوور لە خۆم بخەمەوە، ئەمەوێت خەونەکانم لە کورتبوونەوەی تەمەنی هەموو ئەو چڵوچێوە خاپورانە، هەموو ئەوقەدە چەوت و چەوێڵ و کەل و کۆمانەی نێو باخی خەیاڵدا کۆبکەمەوە.
ئەمەوێت هەموو ئەو ڕۆژگارانەی بە ئافاتەکانی ڕۆح و فیتنەکانی عەقڵ، بە یاخیبوونەکانی خەیاڵەوە تاڵانییان کردم، گەمژە و گەوجانە خۆم نەدەم بە دەست نیەت و نیازی ناپاکیانەوە، ڕێگا بەو ساتانە نەدەم کە زامەکانیان لە ڕۆحمدا کەڵەکەبکەنەوە و قوم قوم ساڵەکانی تەمەنم بخۆنەوە.
ئەمەوێت بە دەم پەلەقاژێی کۆڵنەدان و ڕزگاربوونەوە، بە دەم نوێکردنەوە و بووژانەوەی خۆرگە لەباربراو و هەڵپڕوزکاوەکانەوە هەرچی بەربەست و ئاستەنگە سەپاو و دانراوەکانە، هەرچی ڕوانینە تەڵخ و سەرکز و لارەملەکانە ڕەتبکەمەوە، تاڵیی و سوێری دونیای بێچارەیی و بێدەرفەتی بەرەو گلۆربوونەوەی هەڵدێر و وێڵیی و چەواشەبوونم نەباتەوە.
ئەمەوێت بوێرانە هاوار لە دوا نەعرەتەی نائومێدی بکەمەوە، جاڕ بۆ هەرەسی جەور و جەبەروتی دیوارەکانی نائومێدی بدەمەوە. ئەمەوێت شەوەزەنگی تەمەنە بەباچووەکان، تاعونی ڕۆژە دۆزەخیەکان، کابوسی ساڵە ژەنگگرتووەکان نەتوانن شوعلەی خواست و خۆزگەکانم لێ زەوتبکەنەوە، ئەمەوێت ڕۆژەکان لە دڵەخورپە و توڕەیی و جەنجاڵی نائومێدیەوە بهێنمە سەر بزە و گەشبینیی ئومێدەوە، تاڵە باریکەکانی خۆر،گەڵا سەورەکانی ڕۆح بە ئاونگەکانی ئومێد، ئۆقرە و ئارامییان بگرنەوە، چیتر ژیان لە ژێر کاریگەری بەکوڵ و قووڵی نائومێدیی و بە دیار گومانەوە نەخەوێنم.
ئەمەوێت هەموو مێژووی کەندەڵانی تەمەن و خەزانی ناوەختم لە ئاو هەڵکێشمەوە، هەموو ڕەنگەکانی تەمەن بە سەر عەرشی خۆیانەوە ڕەنگ بکەمەوە، کرچەکرچی غەمگینیەکانی دڵ وەک دارێکی ڕزیو دوور لە خۆم پەرت پەرت و تووڕبدەمەوە، مسقاڵ بە مسقاڵی شکست و کوێرەوەریەکان، پریشک پریشکی تەلیسمە شکاوەکان، قیرات قیراتی خەندە شێواوەکان، تنۆک تنۆکی تراژیدییای نائومێدیم لە بازاڕی بێمروەتیدا هەڕاج بکەمەوە، هەموو گاڵتەجاڕیەکان، هەموو ئاخ و کڵۆڵیەکانی دەستی قەدەر پووچەڵ و ڕسوا بکەمەوە، ئەمەوێت سەرپۆشی ڕەش کە تان و پۆکەی بە تەشی زوڵم ڕێسرابێت بە سەر شانمدا شۆڕنەبێتەوە.
ئەمەوێت چیتر بەرقی ئاوازی نالەبار و ڕیتمە ناجۆر و ناکۆکەکانم لێنەداتەوە، شریخەی ڕک و کینە دەم بۆ دامێنی بەرەبەیانم نەباتەتەوە و لە بازنەیەکی داخراودا شەو بە ڕۆژ نەسپێرمەوە. ئەمەوێت بە تەشوێی بەرەەنگاری، خەیاڵ و خۆزگە ئاڵ و واڵاکانی ژیان داتاشمەوە لە ژێر سایەی ئاگایی و عەتری فێربوون دوورترین دوورگەی گریان کوێربکەمەوە جارێکی تر لە ڕووناکیدا دەست بە پەرژینی ژیان بگرمەوە.
ئەمەوێت سەدا و دەنگی جرینگەجرینگی خەیاڵە شووم و لە خشتەبەرەکان، زەلزەلە و ناڵەناڵی دوا ئاهی درەنگ وەختی حاڵی دڵ وەک وەیشوومەی پەشیمانی باوەش بە کازیوەی بیرەوەریەکانمدا نەکاتەوە، ئەمەوێت بۆ ئەبەد عارەقەی سەر جەستەی شەکەتم بسڕمەوە، تۆوی ساخکردنەوە و ژیانەوە لە مەزرای ڕۆحدا بوەشێنمەوە، هاڵاوی هەناسەم بە لالەزار وگوڵجار بکەمەوە.
ئەمەوێت هەموو هزرە پەنگخواردوو و کپکراوەکان، خەیاڵە مەحاڵ و حەساردراوەکان، هەموو هیوا کز و کۆنەکان، چرپە دڵشکاو و ناشادەکان بەئاگابهێنمەوە، هەموو ئاڵوێرە لەرزۆک و لەخۆبایی و بێ بنەماکان ساردبکەمەوە، هەموو ئەو ئازارانەی دەستەمۆییان کردووم بە میراتی نەگوێزمەوە، هەر هەموویان هەتا زاکیرە بڕبکات شێلگیر و جددیانە توڕبدەمە زەریایەکی کەفچڕی سەرشێتەوە، هەر هەموویان بە یەکجاری ئەدەم بە دەم گێژاو و قووڵایی چەمێکی خووڕەوە.
ئەمەوێت شەونمی سەر گوڵی ژیان بە زیخەڵان نەکەمەوە، خەون وخەیاڵ لە هەنسک وتاریکیدا نەخوسێنمەوە.
ئەمەوێت بە دەم پاراستنی حیشمەت و شکۆی شکۆفەی ژیانەوە شەرابی بەختەوەری بنۆشمەوە.
ئەمەوێت بە ڕستەی گوڵڕەنگی حورمەت و حیکمەتەوە زەبری وشەی بابردوو لە بیربەرمەوە.
ئەمەوێت چیتر بۆسۆ و بۆکڕوزی شوێن پێی ڕۆحە غەمگینەکانی خۆم لە گوزەری تاریک و نوتەک و پێچاوپێچدا هەڵنەگرمەوە.
ئەمەوێت وەک مۆسیقارێکی کارامە و شارەزا نۆتە نۆتەی خۆزگەکانم بژەنمەوە،بەر لە هەموو کەس بەر شەوارەی ئەو خۆزگانە بکەومەوە.
ئەمەوێت هەموو بەختەوەریی یە لغاوکراو و کورتخایانەکان لە ملکەچی ترس و گومان ئازادبکەمەوە، ڕۆحێکی نوێ بە بەر فەزا بەتاڵەکانی ژیاندا بکەمەوە.
ئەمەوێت بە نەسیمێکی حەکیمانە، بەهەنگاوێکی ئاغر و سەنگینانە سەرلەنوێ گوڵاوی خۆزگە خەوتووەکان، هاڵاوی ژیانێکی ئاشتیانە بەسەر باخی ژیاندا بپرژێنمەوە.