فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

فێنۆمینۆلۆژیا 

فێنۆمینۆلۆژیا 

د. نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکهۆلم

فێنۆمینۆلۆژیا هزر و ڕەوتێکی دیار و بەربڵاوی فەلسەفەی هاوچەرخە ، ئۆنتۆلۆژی و مێتۆدی ئەزموونگەری دەکاتە بنەمای بیرکردنەوەی خۆی . هوسێرل دەبێتە دامەزرێنەر و هەڵگری فێنۆمینۆلۆژیا ، پاشان کاریگەریی بەسەر هایدگەر و سارتەر دا دەنوێنێت . فێنۆمینۆلۆژیا – گەڕانەوەیە بۆ حیکمەت ، هەر بۆیە بەلای هوسێرل ئەرکی زانست هەوڵدانە بۆ گەیشتن بە حیکمەت دەربارەی ئەم جیهانە ، بەڵام زانست ئەزموونگەرییە ، چونکە هەموو شتێک بە ئەزموونگەرییەوە بەندە . ئەزموونیش وەرگرتن و حوکمدانە ، کەواتە لە بنەڕەتدا ، ئەزموون زانست نییە ، بەڵکو مێتۆدە . دەستپێکی ئەو پرسەش لە لای هوسێرلەوە لە ماتماتیکەوە دەستپێدەکات ، ئامانجیش لێی گەیشتنە بە ڕاستی . ئامانجێکی تری هزرمەند کۆکردنەوەی هەموو لق و پۆپەکانی زانست بوو لە ژێر یەک چەتردا – ماتماتیک ، هەر بۆیە ، فەیلەسوف لە هەوڵی ئەوە دابوو ، کە فەلسەفەش بکات بە زانستێکی تووند ، وەک ماتماتیک ، بە هەمان شێوەی ڕێنێ دێکارت ، کە لە مێتۆدی گومانەوە هەنگاو هەڵدەگرێت .، لێ بەلای هوسێرلەوە بە شێوازێکی تر بەکاردێت و لە فەلسەفەوە دەست بەو هەنگاوەی دەکات . سێ چەمک لە هزری فەلسەفی ناوبراودا ناوەندین : ئۆبێکت ، هۆشیاری و ئەزموون ، لێ شتەکانی ئۆبێکت لە خودی خۆیان دا دەمێننەوە ، هۆشیاریش لە ڕێگای ئەزموونەوە دەبێتە بنەمایەکی یەکلاکەرەوەی ئۆنتۆلۆژی ، بۆیە فەیلەسوف دەڵێت :” ئێمە زانستێکی ڕاسیۆنالیستانەمان دەربارەی مرۆڤ و پێکەوەژیانی مرۆیی نییە ” ، بێ شک ، ئەو حوکمدانەش فەلسەفەی ناوبراو پەلکێشی جۆرە سوبێکتیڤیزمێکی زاتی دەکات و فەیلەسوفیش لە پرۆژەی هزری خۆیدا سەرکەوتوو نەبوو ، لێ هزر و ڕەوتی فێنۆمینۆلۆژیای هوسێرل ترادیسیۆنی بیرکردنەوەی سەد ساڵی بیستەمی دەوڵەمەند کرد .
ساڵی ١٩٠١ ” توێژینەوە لۆژیکییەکان ” ، ساڵی ١٩٠٧ ” ئاییندەی فێنۆمینۆلۆژیا ” ، ساڵی ١٩١١ ” فەلسەفە وەک زانستێکی تووند ” و چەندین شاکاری تری بڵاوکردنەوە و پاشانیش بوو بە سەرچاوەیەکی هزری و فەلسەفی بۆ هزر و ڕەوتی ئێکسیستێنسیالیزمی ئەڵمانی و فەڕەنسی .