فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

هیچ بەهایەک لە بەهای مرۆڤ بەهادارتر نییە

هیچ بەهایەک لە بەهای مرۆڤ بەهادارتر نییە

ڕێڤان جاف/ نووسەر/ هۆڵەندا

 

ژیان لە گۆڕانێکی هەمیشەیی و خێرا و ترسناکدایە، زەمەنی ئێستا زەمەنی قەرەباڵغی و بێ ئاگایی و فەوتکردنی بەهایە، سووڕ و جوڵانەوەی چەرخە ونبوو و نغرۆکەی مرۆڤە، دۆخەکە دۆخی ئاڵۆزی دۆڕان و لە دەستچوونی متمانە و بڕوایە، دۆخی بەتاڵبوونەوەی تاکە لە سەنگ و کاریگەری خۆی، دۆخی وردووخاشبوون و پەرتەوازەیی بونیادی مرۆیی یە، سەردەمێکە قێز سەرداری ڕوانینەکانە، سەردەمی بێزکردنەوەیە لە زۆر شتی دونیا، کە هەموو ناشرینیەکانی کردووە بە بەشێک لە تابلۆ گەورەکەی وەرچەرخاندنی عەسر و زەمانە، سەردەمەکە پڕە لە دووڕیانی درۆ و نەنگی و ڕیاکاری و ڕواڵەتبازی و مادەگەرایی کە بە کاڵاکردن و بێ بەهاکردنی خودی مرۆڤە، بەداخەوە هەموو سنوورەکانی ئەخلاق و باوەڕ و بەها کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژییەکانی تێپەڕاندووە، دونیای ئەمڕۆ دونیای قەیرانی مرۆڤایەتی و نەمان و ڕوخێنەری بەهای مرۆیی یە، جوڵانەوەی عەسرەکە پڕپڕە لە ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی و ناتەبایی سیاسی و ناکۆکی سیاسەت و لەکەدارکردنی شکۆ و کەرامەتی مرۆڤ و دەستبردن بۆ بەهای مرۆڤایەتی، عەسرەکە پڕپڕە لە ڕەمز و ئیشارەتی ونبوون کە هیچ ئاماژە و نیشانەیەک لە هێما و ئاماژەکان بە ئاسانی شەرح و تەفسیر ناکرێت، سەرەڕای ئەوەی ڕۆژگار و فەزا تەقینەوەیەکی بەرچاو و بەربڵاوی بە خۆیەوە بینیوە، لە کەمترین کاتدا مرۆڤ دەتوانێت پەیام و سەرنجەکانی بۆ دوورترین خاڵی جیهان بنێرێت و سەرجەم بەربەستەکان ببڕێت بەڵام ئەم ڕۆژگارە بێمانا ساردە و بەجۆرێکی سەیریش بۆنی چۆڵەوانی لێدێت، ڕۆژگاری بەستەڵەک و سەهۆڵبەندانێکی نوێ یە، جیهانی فەرامۆشکردنی بێسنور و تاعونی پەیوەندی یەکانە.

 

لە کەمترین کاتدا مرۆڤ دەتوانێت پەیام و سەرنجەکانی بۆ دوورترین خاڵی جیهان بنێرێت و سەرجەم بەربەستەکان ببڕێت

 

سەرەڕای ئەوەی کاروانی ژیان کەوتۆتە دەستی مرۆڤی ناکەس و ناجسن بە مەیلی ناکەس کارییان ژیانیان خستۆتە ژێر تەپوتۆزی خواستە کورتبینیەکانی خۆیانەوە، سەردەم سەردەمی مرۆڤە پاتاڵ و بوودەڵەکانە کە بەردەوام لە زەلکاوی بۆگەندا غوسڵی ڕق و نالەبارییان دەردەکەن تا هەلی هەلپەرستی بۆ ڕشتنی ڕقە دەروونیەکانیان بقۆزنەوە، ژیانیان وەک تاریکییەکی نووتەک و ئەنگوستەچاو هەژار و ئومێدلێبڕاو کردووە، بە چەواشەکاری و لە خشتەبردن فەزایەکی ترسناکییان بۆ هەڵڕشتنی ئارەزووە پەنهان و چەپێنراوەکانیان، بۆ بەتاڵکردنەوەی باری کەڵەکەبوویی خواستە ناپەسەندەکانیان دروستکردووە، کە بە گەڕوگولیی ڕۆحەوە چەشنی ڕەشەداڵ و باڵدارێکی کەلاک خۆرە، چەشنی وروژاندنی سەدان شارە زەردەواڵە دەئاڵێنە جەستەی زیندووی بەرامبەرییان، بەداخەوە ڕاستکردنەوە و هاوسەنگکردنەوەی ویژدانە لارەوەبوو و داتەپیوەکەی ناخیان سەختە چونکە (ویژدان هەستێکە هێندەی فەرمۆشتکرد هێنانەوەی سەختە کە هێناشتەوە پاراستنی سەختترە). پوچگەرایی و گاڵتەجاڕی بەجۆرێک لە مێشکیاندا گینگل دەدات بەردەوام ماخۆلانیانە و جێگەیان بە بەهای مرۆڤ و مرۆڤایەتی لێژکردووە، دۆخی سایکۆلۆژیی تاک و کۆمەڵگەیان بەگشتی بەرەو شڵەژان وداڕمان بردووە.

خەریکە هەر هەموو ئەمانە وەک خەمێکی قووڵ و ئاشنا بینەقاقامان دەگوشن، هەموو ئەمانە هەنگاو هاویشتنمان بۆ پێشەوە دژوارتر دەکەن، ستەماکارانە دەرزی ئاژنمان دەکەن.

 

بەهای ئەخلاقی و حیکمەتی پەیوەندی یە مۆراڵیەکان و ماهیەتی مرۆڤایەتی لەبەریەک هەڵنەوەشێتەوە و نەهێڵین بگاتە خاڵێکی تاریک

بۆئەوەی لەم دۆخە دژوار و ناتەبایەی کە بە سروشتی مرۆڤایەتی نامۆیە قوتارمان بێت و بەهای خۆمان و شکۆمەندیمان پارێزراو بێت، بۆئەوەی هەموو ئەم تاڵانکردن و زەوتکردن و پێشێلکاری و بەلاڕێدابردن و زەلیلکردن و زەبردانە لە بەهای مرۆڤ و ڕەوتی مرۆڤایەتی ڕاگرین، هەموو ئەم لەمپەڕە خواروخێچانەی ژینگەی ژیان لەناوبەرین، بۆئەوەی زیاتر لە تاڵاوی ئازار و پەژارەدا گۆج و ئیفلیج نەبین، بۆئەوەی بە هەڵلەرزینەوە سەیری یەکتر و هەنگاوەکان نەکەین، بە خەم و مەینەتەوە نوقمی ئەم ژیانە وشک و برینگە نەبین و نەبین بە بار بەسەر یەکترەوە، بۆئەوەی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بە جوانی خۆی بمێنێتەوە و هەستی شانازی بریندار نەکەین، بەهای ئەخلاقی و حیکمەتی پەیوەندی یە مۆراڵیەکان و ماهیەتی مرۆڤایەتی لەبەریەک هەڵنەوەشێتەوە و نەهێڵین بگاتە خاڵێکی تاریک و قووڵ و ڕووە و چەقینی زیاتر و هەڵخلیسکاندنی زیاتر، ژینگەی مرۆڤایەتی زیاتر بەرەو زەردی و وشکی و بێ ڕۆحی و پارچە پارچەبوونی زیاتر بەرین، بۆئەوەی زیاتر دەرەقەتی مەجازییەتی ئەم ژیانە جەنجاڵە بێین;

پێویستمان بە پاراستنی کەرامەت و جەوهەری خودی مرۆڤە، پێویستمان بە هەند وەرگرتن و پابەندبوونی بەهای مرۆڤایەتی یە دوور لە ناشرینکردن و بێ ئەرزشکردنی ڕەوتی مرۆڤایەتی.

پێویستمان بە هۆشمەندی و توانای لۆجیکییە، بە بنەما و باوەڕی پتەوە تاببین بە دەرگاوانێکی ژیر و چاونەترسی خودناسی و خودئاگایی خۆمان.

پێویستمان بە پەیوەندیگرتنی کەسانێکە کە هەڵگری ئاکار و خەسڵەتی مرۆڤایەتی بن، خاوەنی بارگەوبنەی مێژوویەکی سەربەرز و شکۆمەندی پەیوەندیگرتن بن، خاوەنی پیرۆزی دەنگی ویژدان و نەشونمای ڕۆحانی و ئەزموونی پاک و پوختی هەڵسوکەوت بن.