فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

منداڵ تا تەمەنی دە ساڵی نابێ بێ چاودێری بێت!

 

منداڵ تا تەمەنی دە ساڵی نابێ بێ چاودێری بێت!

ڕەهێڵ تەڵعەت دزەیی/ نووسەر / هەولێر

 

مرۆڤ جیاواز لە زیندەوەرەکانی تر کاتی زیاتری پێویستە بۆ ئەوەی قۆناغەکانی ژیانی تێپەڕێنێت. هەر لە دایک بوونی منداڵ چەندین مانگ و ساڵی پێویستە تا بتوانێت دانیشێت و بڕوات و قسە بکات، گەشەکردنی مێشکی مرۆڤ چەندین ساڵی پێویستە تا بتوانێت بەرپرسیاریەتی خۆی هەڵگرێت و ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی ژیان ببێتەوە و بڕیاری دروست بدات. منداڵ لە ژێر تەمەنی دە ساڵی زهن و ئیدراکی بۆ شتەکان بە تەواوی گەشەی نەکردووە، بۆیە بڕیارەکانی ناتەواون و درک بە مەترسيیەکان وەک پێویست ناکات. لەم تەمەنەدا منداڵ ناتوانێت بەرپرسیاریيەتی خۆی هەڵگرێت و لە کاتی ڕووبەڕووبونەوەی هەر کێشەیەک توانای چارەسەرکردنی نییە، بۆ نمونە ئەگەر مندڵێکی دە ساڵی بە تەنها لە ماڵەوە بێت و ئاگرێک لە شوێنەک لە ماڵەکە دروست بێ، توانای ئەوەی نییە بڕیار بدات لەم کاتەیە چی بکات، هەروەها ئەگەر بەتەنیا لە دەرەوە بێت و بۆ شوێنەک بچێت و تووشی هەر کردەوەیەکی نەخوازراو بێت، نازانێت بڕیاری دروست بدات تا خۆی ببپارێزیت. لەم وڵاتانەی مافی منداڵ پارێزراوە، بە یاسا ڕێگری کراوە لەوەی منداڵی خوار تەمەنی دە ساڵی بەتەنها لە ماڵەوە بێت، یان بەتەنها بچێت بۆ خوێندنگا، یان هەر کارێکی تر بکات بێ ئەوەی کەسێکی گەورە چاودێری نەکات، لە کاتی سەرپێچی کردنی ئەم یاسایە لەلایەن دایک و باوکان، ئەوە منداڵەکە لەم خێزانە وەردەگرنەوە، منداڵەکە لە شوێنێکی تر دەبێت کە هەست بە دڵنیایی بکات و کەسانێک بەبەردەوامی ئاگایان لێ بێت. منداڵەکان موڵکی دايک و باوکی نییە، بەڵکوو تاکێکن لەدوا ڕۆژ دەبنە کەسێکی چالاکی ناو کۆمەڵگا وکاریگەری  دەبێت لە گەشەکردنی کۆمەڵگا یان پێچەوانەکەی، بۆیە حکومەت بەرپرسیارە لە چاودێری کردنیان، و دەبێ بەشێوازێک پەروەردە بکرێن و مافەکانیان پارێزراو بێت تا ببن بە کەسێکی سوود بەخش بۆ کۆمەڵگاکەیان و ڕۆڵی ئەرێنیان هەبێ لە بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا و وڵاتەکەیان. ئەرکی حکومەتە هاوکاری ئەو خێزانانە بێت کە منداڵی خوار دە ساڵیان هەیە، بە دابین کردنی باخچەی ساوایان منداڵ لە یەک ساڵی وەربگيرێت. لە کاتی چوونی منداڵەکان بۆ خوێندنگا، حکومەت ئامرازەکانی هاتووچۆیان بۆ دابین بکات بە بێ بەرامبەر. شوێنێک لە ناو خوێندنگاکان دابین بکرێت بۆ ئەوەی ئەو منداڵانە لەوێ بمێنەوە پاش تەواوبوونی کاتی خوێندن تا دایک و باوکان لە کارەکانیان تەواو دەبن. وڵاتی نەرویج بە نمونە دەهێنمەوە و ئەو هاوکاری و کارئاسانیانەی دابین کراوە بۆ خێزان دەخەمە ڕوو. حکومەتی نەرویج هانی دایکان دەدات کاتی زیاتر لەگەڵ منداڵە ساواکانیان بن، لە ڕێگای پێدانی بڕە پارەيەک وەک هاوکاری بۆ ئەوەی دایک مۆڵەت لە کارەکەی وەربگرێت و تا تەمەنی منداڵەکەی دەگاتە چوار ساڵی لەگەڵی بمێنیتەوە. خوێندنگا ئامرازی گواستنەوە بۆ خوێنگارانی پۆلی یەک تا پۆلی چوار دابین دەکات بەخۆڕایی، لە دوای کۆتایی هاتنی کاتی خوێندن، شوێنێک دابین کراوە بۆ ئەو خوێندکارانەی تەمەنیان لە خوار دە ساڵیەوەیە و دایک و باوکیان کاردەکەن و تا کاتژمێر چوار ناگەڕێنەوە ماڵەوە، لەوێ مامۆستا و یاردەدەری مامۆستا کاردەکەن و چاودێری منداڵەکان دەکەن و چالاکی جۆراوجۆریان پێدەکەن و  یارمەتیان دەدەن لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی خوێندنگا، ئەم شوێنە بە خۆڕایی نییە دایک و باوک پارە دەدەن تا منداڵەکانیان بەتەنها نەبن لە ماڵەوە. ئەم وڵاتانەی دڵسۆزی خاک و نەتەوەکەیانن، لە ڕێگای داڕشتنی یاسای باش و گونجاو بۆ پاراستنی مافی هەموو تاکێکی کۆمەڵگا، بەتایبەتتر منداڵ و دابین کردنی ژیانێکی ئاسودە و هێمن بۆیان و لە ڕێگای داڕشتنی سيستەمێکی پەوەردە و فێرکردنی سەردەمیانە بۆ ئەوەی نەوەیەکی خاوەن کەسایەتیيەکی باوەڕ بەخۆ و بە مەعريفەت پێشکەش بەکۆمەڵگا بکەن و بتوانن داهێنان بکەن و نەتەوە و وڵاتەکەیان بەرەوپێش ببەن و لە هەموو ڕووێکەوە گەشە بکات. ئەوەی مایەی وەستان و تێڕامانە، لە سەردەمێک کە هەموو وڵاتان خەریکی ئەوەن باشترین یاسا داڕێژن بۆ ئەوەی مافی تاک لە کۆمەڵگا پارێزراو بێت و باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاوڵاتیانیان بکەن، لە پەرلەمانی عیراق خەریکن یاسایەک دەردەکەن، منداڵ لە خوار دە ساڵی کە ناتوانی بەرپرسیاریيەتی خۆی هەڵگرێ، بەرپرسیاری خێزانێکی پێ دەسپێرن و منداڵی لێ زەوت دەکەن و ڕێگا دەدەن بەبێ ڕەزامەندی خۆی بە شوو بدرێت. ئەوەی مایەی داخە حکومەتی هەرێمی کوردستان بێدەنگی هەڵبژاردووە بەرامبەر بەم یاسایە و هیچ هەڵوێستیکی ڕوون و ڕاشکاومان نەبینی ناڕەزایی دەرببڕیت دژ بەم نادادیەی بەرامبەر بە ژن و منداڵ و نەوەی داهاتوومان دەکرێت.

 

١٤/٩/٢٠٢٤