فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

داستانی بانی مەقان، سەرگوزشتەی گەلێكی قارەمان

داستانی بانی مەقان، سەرگوزشتەی گەلێكی قارەمان

ئەرشەد تەحسین/ نووسەر

 

(داستانی بانی مەقان )، كتێبێكی نوێیە، نووسینی ( سەروەر ئەحمەد كەریم )ە،لەدووتوێی 282 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوكراوەتەوە، سەرباری تەرخانكردنی بەشێك بۆ پاشكۆ و وێنەی دەستنووس، لەدوو بەشی سەرەكی پێكهاتوە، بەشی هەرەزۆری كتێبەكە تەرخانكراوە بۆ گێڕانەوەی مێژوویی هۆزی هەمەوەند و چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی هۆزەكە و گەڕانەوە  بۆ سەرەتاكانی سەدەی رابردوو، كاروخەباتی كەریم بەگی هەمەوەند و سابیری كوڕی و تێكۆشانیان لەپێناو مافەڕەواكانی گەلەكەمان، رۆڵ و كاریگەرییان لەشۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید و قوربانیدانی  هۆزی هەمەوەند. بەشێكیتری كتێبەكە تەرخانكراوە بۆ هۆنراوەكانی سابیربەگی هەمەوەند كە بەهۆنراوە داستان و بەرخودانەكانی ئەو سەردەمەی هۆنیوەتەوە.

گەڕانەوە بۆ سەرەتاكانی هۆزی هەمەوەند.

نوسەر لەسەرتاوە تیشكی خستووەتە سەر رەچەڵەكی هەمەوەند و چۆنیەتی پەیدابوون و بڵاوبوونەوەیان، روونیدەكاتەوە ئەم هۆزە سێ سەد ساڵ لەمەوبەر چۆن پەیدابوون و بەناوچەكانی كوردستاندا بڵاوبوونەتەوە و گەشەیانكردووە و تیرە و هۆزیتریان لێ پەیدابووە، هەروەها رۆڵ و جێدەستیان لەدوانزە سوارەی مەریوانەوە تا سەرجەم شۆڕ و راپەڕینەكانی  دواتر باسدەكات، سەرباری ئەوەی سوارچاك و جەنگاوەری ئازا و قارەمانیان تێداهەڵكەوتووە، لەبوارەكانی كشتوكاڵی و ئاژەڵداریی و پیشەسازی درووستكردنی ” رم و شیر و قەڵغان و  چەك ” دا ئەسپی خۆیان تاوداوە و بەرگرییان لەموڵك و ماڵ و ناوچەكانیان كردووە، لەبواری خوێندەواریی و ئەدەبیاتیشدا دەستی باڵایان هەبووە و شوێن دەستیان بەئاسمانی ئەدەبیات و نووسیندا دەدرەوشێتەوە.

هەمەوەندەكان بەدیالێكتی گۆران قسەیان كردووە.

نوسەر پشت بەستن بەچەندین بەڵگە باس لەوەدەكات كە هۆزی هەمەوەند سەرەتا بەدیالێكتی گۆران قسەیان كردووە، هەروەها بەگەڕانەوە بۆ هۆنراوەكانی فەقێ قادری هەمەوەندی و سابیر بەگ كە بەدیالێكتی گۆران هۆنیویانەتەوە، ئەوە دەسەلمێت ئەو شێوەزارە زمانی ئاخاوتنی ئەوكاتی هۆزی هەمەوەند بووە، لەوەش زیاتر نووسەر بەپشت بەستن بەسەرچاوەكانی مێجەرسۆن و ئیدمۆندس دەگەڕێتەوە بۆ ئەو راستیەی زمانی ئاخاوتنی ئەوكاتی هۆزی هەمەوەند جیاوازبووە لەم زمانی ئاخاوتنەی ئەمڕۆ قسەی پێدەكەن، رەنگە بەهۆی ئەوەی لە”كرماشانەوە” كۆچیان كردووە بۆ ” هەورامان و پاوە و نەوسوود ” و دواتریش بۆتەواوی ناوچەكانی كوردستان، ئەو دیالێكتەیان لەگەڵ خۆیان گواستووەتەوە.

راگواستنی كورد مێژوویەكی لەمێژینەی هەیە.

كاتێك ئەم كتێبە دەخوێنینەوە بۆمان دەردەكەوێت راگواستنی كورد لەزێدی خۆی لەهەموو قۆناغەمێژووییەكاندا بوونی هەبووە، هەمووكات فەرمانڕەوایانی كوردستان سەرباری داگیركردنی خاك و نیشتیمان، هەمیشە بیریان لەراگواستنی دانیشتوانەكەشی كردووەتەوە، نەبا دژی داگیركردن و ژێردەستەیی شۆڕش بكەن و داوای مافەڕەواكانیان بكەن، لەقۆناغی پێش یەكەمین جەنگی جیهانیی بەشێكی زۆری هۆزی هەمەوەند لەسەدەی هەژدەی زایینی بۆ تەرابلوسی رۆژئاوا و بۆ شاری بەنغازی گواستراونەتەوە، تەنیا لەبەرئەوەی كوردبوون و بەزمانی كوردی قسەیان كردووە، ( هەركەسێك لەسەردەمی داگیركاری عوسمانیەكاندا بەوشێوەی فەقێ‌ قادر بەزوبانی كوردی قسەی كردبێت بۆ تەرابلوسی رۆژئاوا دوریان دەخستەوە ).

ماوەتەوە بڵێین: ئەم كتێبە زۆر لایەنیتری مێژوویی باسكردووە كە گرنگی و تایبەتمەندی خۆیان هەیە بۆ رۆژگاری ئەمڕۆ، چ بۆ ئەوەی ببنە وانەیەك بۆ داهاتوو چ بۆ ئەوەی ببنەمایەی زیاتر دەوڵەمەندكردنی خەرمانی زانیاریمان لەبارەی رابردوومانەوە، بۆیە كتێبێكە شایستەی خوێندنەوە و دەست خۆشییە.