ئافرەت و توندوتیژی
د. نەجمەدین کەریم /مامۆستای زانکۆ/ ستۆکهۆلم
لە ڕاستیدا ئافرەت و توندووتیژی بابەتێکی “نەمری” ئەم جیهانەیە، کە تێیدا دەژین، چونکە تا نوها بابەتەکە جێگای قسەلەسەرکرن و مشتومڕە و لەهەمانکاتیشدا چەندین دید و بۆچوونی جۆراوجۆریش وەک چارەسەر خراونەتەڕوو، بەلام دیاردە و بابەتەکە هێشتا جێگای باس و توێژینەوە و هەڵوێستە لەسەرکردنە.
ئافرەت و دیاردەی توندووتیژیش بۆخۆی مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و لەپشت ئەم دیاردەیەشدا ، هۆکارگەلێک خۆیان شاردۆتەوە ، هەر دەربارەی ئەم دیاردە ترسناک و نامرۆییانەش دەکرێت لە چەندین دید و رەهەندی جۆراوجۆری فەلسەفی -کولتووری، سیاسی، کۆمەلایەتی و بیۆلۆژییەوە تەماشای لێوە بکرێت، بۆیە دیاردەی بیۆلۆژی بەرامبەر بە ژنان بۆ خۆی دەکرێت، بچێتە خانەی هزرو میژووی توندووتیژی بە گشتی، وەرام و چارەسەرییەکانیش هەروەک گوتمان ،فرە دید و فرە رەنگن.
ئەم دیاردە ترسناک و نامرۆییانەش دەکرێت لە چەندین دید و رەهەندی جۆراوجۆری فەلسەفی -کولتووری ، سیاسی، کۆمەلایەتی و بیۆلۆژییەوە تەماشای لێوە بکرێت
ئاشکرایە سەرەتا دیاردەی توندووتیژی لە خێزان و پاشانیش لە کۆمەلگا وە سەرچاوەدەگرێت، بەڵام لە هەردوو توخمەکەدا لە پێوەندییەکی دینامیکی دان و باسەکەیش پتر بەرەو بابەتێکی فراونترمان دەبات، ئەویش بریتییە لە داهاتووی توندووتیژی لە خێزان و کۆمەلگادا، بۆیە دەکرێت بپرسین ، ئایا رێگرییەک ،چارەسەرییەک بۆ ئەم پرسە هەیە، یان نا.
لە هەموو دەوروبەرێکی توندووتیژاوی دا، بە پلە یەک مناڵ، پیرو پەککەوتە و ژنان دەبن بە قوربانی. ڕاستە ئافرەت نە پیاوە و پیاویش نە ئافرەتە، لێ هەدووکیان مرۆڤن و دووسیمای یەک دراون،هەر بۆیە ئازادی پیاو پێویستە ئازادی ژنانیش بە دوای خۆیدا بهێنێت، چونکە بە بێ ئەو ئازادییە، نەمومکینە ،کە کۆمەلگا ئازاد و پێشبکەوێت. سیمای دواکەوتوویی هەر کۆمەڵگایەکیش، لە نایەکسانی و نائازادی ژناندا خۆی پیشاندەدات، ئازادیش بە مانا سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی دەوروبەر، لە یەکسانی ماف و ئەرکەکاندا دایە .
لەم کورتە باسەدا، نەهاتووین هەر هەموو دیدە فەلسەفی، هزری و کولتوورییەکان دەربارەی ئافرەتان و دیاردەی توندووتیژی بخەینەبەر بەر باس و لێکۆڵینەوە ، بەڵکو تەنیا مەبەستمان ئاوڕدانەوە و هەڵوێست لەسەرکرنە دەربارەی وەها دیاردەیێک و وەها پرسێکی گرنگی کۆمەلگا و ژیان .
سیمای دواکەوتوویی هەر کۆمەلگایەکیش ،لە نایەکسانی و نائازادی ژنان دا خۆی پیشاندەدات
ئاشکرایە، کە دیاردەی توندووتیژی پیاوانیش بەرامبەر بە ژنان، لە قۆناخێکەوە بۆ قۆناخێکی تر گۆرانی بەسەر داهاتووە و شێوەی جۆراوجۆری بەخۆیەوە بینیوە ، بەڵام بنبڕ نەبووە، ئەوەتا هێشتا لە کۆمەلگا بەناو ئازاد و پێشکەوتووەکانیشدا ، هەر لەبرەو دایە .
من بۆخۆم لەو باوەرەدام، کە هۆکاری سەرەکی دەرکەوتن و بەردەوامبوونی وەها دیاردەیێک، بەر لەهەموو شتێک بۆ خودی کۆمەڵگا و دەوروبەرەکەی دەگەڕێتەوە، چونکە ئەگەر کۆمەلگایەک، کە لەسەر بنەمای باوکسالاری و دواکەوتن بینابکرێت، زۆر ئاساییە، کە ببێتە بەرهەمهێنەری ئەم جۆرە دیاردەیە، بەڵام ئەگەر کۆمەلگاکە پێرەوی بنەما سەرەکییەکانی ئازادی، دیمۆکراسی و پێشکەوتن بکات، ڕێگر دەبێت لەم توندوتیژییە، کە پاشان تاکەکانیش لە دەرەنجام دا، بە ناچاری بەرەو ئەو ئاراستەیە پەروەردەدەکرێن، با لێرەو لەوێشدا دیاردەکە دەربکەوێت، بەلام لەگۆر یاساکان ،گرفت و کێشەکە چارەسەر دەکرێن و یاساکانیش دەبنە رێگر و پێوەر. پەروەردەش لەم بوارەدا، بە رۆلی بنەرەتی خۆی هەلدەستێت، بەلام ئەوەی،کە زۆر جار دەبێتە جێگای مشتومی زۆر، ئەویش فاکتەر و کاریگەریی بیۆلۆژی و جەستەی پیاوە، کە زۆرجار، کەم تا زۆر لەم بوارەدا رۆلدەگێرێت، بە تایبەتی ئەگەر تاکەکە هێشتا خۆی لە هزری نێر و توندووتیژی دا دەربازنەکردبێت، بەڵام لەم جۆرە کاتانەشدا ،هەر زوو یاسا دەتوانێت بە ئەرک و رۆلی خۆی هەلبسێت، ئەگەر یاسا بالادەست و سەروەر بێت .
لە دەرنجام دا ، بەم خالە دەگەین، کە ئەوە هزر و کۆمەلگایە دەبێتە هۆکاری سەرەکی بۆ دەرکەوتن و بەردەوامبوونی دیاردەکە، چونکە دەکرێت ئافرەتیش هەر لەو روانگەیەوە ، ببێتە زالم و زۆردارێکی دەست ئاسنینی دژ بە پیاو و ژنان ، نموونەی ئەوهاشمان لە مێژووی گەلان دا زۆرن.
کرانەوەو بەرەو پێشەوەچوونی شارستانیەتەکان، رێگاخۆشکەرن بۆ کرانەوە و بەرەو پێشەوەچوونی مرۆڤ بە گشتی و کەمبوونەوەی دیاردەی توندووتیژی بە گشتی، بەڵام ئەوە سیستەمی سیاسی و کۆمەلایەتی مرۆڤەکانن، کە لە دوا جاردا بریار لەم پرسە گرنگەی کۆمەلگاوە دەدەن ، چونکە شتەکان بە شێوەیەکی میکانیکی و ویست وحەزی سوبێکت بەرجەستە نابن ،بەلکو سیستەمی سزا و تاوانەکانیش پێویستە بەم ئەرکەی خۆیان هەلبستن و هەتا رۆل و پێگەی توندوتیژیش بەرەو لاوازی بچێت، ئەم دیاردەیەش ڕوو لە کەمی و لاوازی دەکات .دیاردەی توندوتیژیش وەک ئامرازێک بۆ چارەسەرکردنی گرفت و کێشەکان ، بەندە بە ئاستی هۆشیاری و دیدی هزری و جۆری ململانێی بەرژەوەندییەکان. لە ئاکامی هەموو هزرێکی بەرژەوەندخوازی و باڵادەستی و تۆتالیتارانەدا ، هزر و دیاردەی توندوتیژیش،پتر خۆی ڕەپێشدەکات، بۆیە رێگریکردن لەم جۆرە دید و کردارانە، ئەرکێکی تری مرۆڤ و مرۆڤایەتییە، مرۆڤ بە مانا نێر و مێ کەی.
پسیکۆپاتیزمیش وەک دیاردە و ئەفسانەیەکی نەفسی و واقیع ، ڕۆلی خۆی لەم بوارەدا هەیە، چەقی پسیکۆپاتی و دونیای پسیکۆپاتیزمیش کاری بابەتێکی ترە، کە باس لە مرۆیە شەڕاوی و دەروننەخۆشەکان دەکات، بە مانایەکی تر، شێت، شێتێکی شەراوی، کە لە پشت هەموو وەها دیاردەیەکیشدا، هۆکارگەلێکی بیۆلۆژی -کۆمەلایەتی ڕۆل دەگێرن و هەر لەگەڵ ئەم جۆرە دیاردە ترسناکەیشدا – توندووتیژی، وەک چەمکێکی تر – ترس، لای مرۆڤ دا دێتەپێشەوە، بۆ هەموو ترسێکیش، واقیع لە پشت ئەو دایە، هەر بۆیە بۆ دەرچوون لەم گرفت و کێشەیەدا، پێویستە بۆ واقیع و دەورووبەرەکەی مرۆڤ بگەرێینەوە، لەکاتی دەرکەوتنی هەموو ترسێکیشدا، مرۆڤ هەموو ئاراستەی خۆی بەرەو ئەو دەبات، ئەگەر ڕێگاچارەیاکی بابەتی و زانستییانەی بۆ نەدۆزرێتەوە، ئەوە دەبێتە مۆتەکەیەک و لەدوا وێستگەشدا، چۆک بە مرۆڤەکە و ژیانی ئەو دەدات و پاشانیش بە زەرە و زیانی کۆمەڵگا دەگەڕێتەوە .