فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

   ڕەهەندە فەلسەفییەکانی بە قەیران کردنی کوردایەتی

     ڕەهەندە فەلسەفییەکانی بە قەیران کردنی کوردایەتی

عەبدولقادر نیازی/  شاعیر و ڕەخنەگر/مەهاباد

زەروورەتی خوێندنەوە و قەرائەتێکی جیاواز و پێداگر لە سەر قەڕائەتێکی مۆدێڕن لە  چەمکی ” کوردایەتی” ،  بەردەوام پێوێستی بە هەندێ کردەی دیکانستڕاکشێناڵە. پێناچێ لە حاست دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێران و کوردستان دا، بکرێ  چەمکی ” کوردایەتی ” بەدەر لە هەڵوێستی دیکانستڕاکشێناڵەوە، شڕۆڤە بکرێ. چونکە “کوردایەتی” بە هەر لایەک دا بکەوێتە بەر تێڕوانین، بەردەوام قەیرانێکی ڕادیکاڵ بووە. کاتێک دەکوترێ قەیران، بە واتای ئەو بارگراوەندە نییە کە بۆ قەیران دە واتای مەعریفەناسانەی خۆی دا تەرخان کراوە. بەڵکوو لەبەر ئەوەیە کە ” کوردایەتی” لە کاناڵی شوناسەوە، توند و تیژترین گوتار و ئایدیاکان لە کاتێک دا دەخاتە ژێر پرسیار کە خۆی هاوکات بەرهەمهێنەری دیسکۆڕس و ئایدیای ڕادیکاڵ و قەیراناوییە. ئەوەی کە ” کوردایەتی” بەردەوام هۆکاری ئەو بەرخۆدانە ڕێئاڵ و زۆر جاریش هەستیار بووە و بە درێژایی مێژوو نەخراوەته پەراوێزەوە، بەو هۆیە بووە کە ئەگەر سەرچاوەی لە دۆخێکی تڕۆماتیک و ئینسانی و سیاسی نەگرتبێ، بێ شک دەکرێ وەک سیمپتۆم لێی بڕواندرێ. سیمپتۆمێک بۆ دۆخی ئێستا وەک دۆخی زاڵ و ناپەیوەست کە پتر لە لایەن گوتاری دەسەڵاتەوە بنڕێژی بۆ کراوە. ئەویش بە هۆی ئەوەی کە یەکێ لە خسڵەتەکانی  “کوردایەتی” و لانیکەم سیمپتۆم  ئەوەیە کە لە فەزا _ شوێنێکی مێژوویی و واقعی دا، ئاسۆی بە پڕۆبلۆماتیک بوونی خۆی دیاری کا. بەرجەستەترین نموودی ” کوردایەتی” دە کردە و زمان دا خۆی دۆزیوەتەوە.

 

” کوردایەتی” لە کاناڵی شوناسەوە، توند و تیژترین گوتار و ئایدیاکان لە کاتێک دا دەخاتە ژێر پرسیار کە خۆی هاوکات بەرهەمهێنەری دیسکۆڕس و ئایدیای ڕادیکاڵ و قەیراناوییە

 

بە دیدی کریستوایی ئەگەر لە سەرچەشنی زمانیی  “کوردایەتی” بڕوانین، ئەوە بەردەوام زمان بووە کە هاریکاری سۆبژێکتیویتەی کوردی کردووە بۆ داڕشتنی ” کوردایەتی”. هەروەها  ” کوردایەتی” چونکە بەردەوام  ملی نەداوەتە گوتاری زاڵ و ئایدیالۆژیکی باو، دەکرێ وەک مەیلێکی نەبڕاوە لێی بڕواندرێ کە خۆی لە نوقستانێکی مێژوویی و بۆشاییەکی سیاسی دا بەرهەم هاتووە کە خۆی وەک گەورە دال بە فەزا و کۆمەڵگا لکاندووە. “کوردایەتی” مەیل بۆ سازدانی زەمینە و بەستەری سەرپێچی و دابڕان و نۆژەن کردنەوەیەکە کە لە بنەڕەت ڕا هەڵقوڵاوی ئەو نوقستانە مێژووییە بووە کە سووژەی ناچار کردووە لە ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ نۆڕمە باوەکانی سیاسەت. لەو گۆشەنیگایەوە ئەگەر لە ” کوردایەتی” بڕواندرێ، پتر لە پێناسەیەکی ئانتاگۆنیستی نزیک دەبینەوە تا ئاگۆنیستی. نەبوونی هاوکێشەیەکی سیاسی دە وڵات دا پاشکۆی ئەو مالیخولیایەیە کە دەسەڵات بە مافی خۆی دەزانێ و مەشڕووعییەتییشی پێ دەبەخشێ. ئانتاگۆنیست بوونی ” کوردایەتی” لەو بەستێنەدا پتر هەڵگری لایەنی ئیجابییە تا سەلبی. ئەگەر لە لایەن دەسەڵاتیشەوە ” کوردایەتی”  تەنیا واتایەکی سیاسی پێ بەخشراوە بۆ مەشڕووعییەتی خۆی، ئەوە ڕێک لایەنی ئیجابی ” کوردایەتی” یە کە سەرەتاییترین ئەرکی ئەوەیە خۆی لە پێناسەیەکی تەنیا سیاسی بەتاڵ کا. ئەگەر لە ڕوانگەی لاکانیشەوە لە ” کوردایەتی” بڕوانین، ” کوردایەتی” بە هۆی ئەوەی کە بە پێی زەمان و زەروورەت و فەزا_ سیاسەتی باودا بەردەوام خاوەن دۆخێکی سۆبژێکتیویتال بووە، خۆی لە خۆی دا دابڕانێکی پۆست مۆدێڕنیشی لە فەزا_سیاسەتی باو هەبووە. لاکان باوەڕمەند بوو بەوەی کە نەست خاوەنی پێکهاتەیەکی زمانییە. بە گوێرەی تێگەیشتنی لاکان لە زمان، دال بەردەوام هێمای دالێکی ترە. بە واتایەکی تر هیچ دەستەواژەیەک بەدەر لە دۆخێکی مێتۆنۆمیک و کینایی نییە. ” کوردایەتی” لە فەزای سیاسی و بە نێو دێمۆکڕاسی دا، هەمیشە دالەکانی ئازادی و لێبوردەیی و دادپەروەری و شوناس و هەڵبژاردن و هەلی یەکسان بۆ هەموانی لە گەڵ خۆی هەڵگرتووە.

 

” کوردایەتی” لە فەزای سیاسی و بە نێو دێمۆکڕاسی دا، هەمیشە دالەکانی ئازادی و لێبوردەیی و دادپەروەری و شوناس و هەڵبژاردن و هەلی یەکسان بۆ هەموانی لە گەڵ خۆی هەڵگرتووە

 

پڕەنسیپی واتایی هەر یەک لەو دالانەی ئاماژەیان پێکرا، هەمیشە بە گوێرەی دالێکی باڵادەستەوە خراونە گۆڕێ کە ئەویش دالی باڵای ” کوردایەتی”یە. بەو پێیە کوردایەتی خاوەن نۆمۆسی تایبەت بە خۆیەتی کە هیچ سنووربەندییەک  بۆ خۆی دیاری ناکا و هاوکات خودی ئەو ژێر دالانەی ئاماژەشیان پێکرا، خۆیان خاوەن مەدلوولی ترن. ئەوە خۆی دۆخێکی ئایڕۆنیکیشی بۆ دەسەڵات پێکهێناوە. چونکە دەسەڵاتی ئایدیالۆژیکیش خۆی وەک نموودی ئەو قەبە دالە پێناسە دەکا کە هەر دەڕوانێتە سەر ئەو ژێر دالانەی ” کوردایەتی”  هەڵگریانە. ئەگەر چی بەو ڕووکەردەوە لە ” کوردایەتی” ڕوانین هەمیشە پاڵ وە پاڵ مەنفییەت و بۆشاییەکی مەعریفی دەدا و دە گەشبینانەترین حاڵەتی خۆی دا، دەلالەتێکە بۆ مەیل بە هەڵمسانی زەمان و مێژوو و تەنانەت نەستی گشتی و ئاڕکی تایپی کوردیش، بەڵام ئەوەی دەو نێوەدا وەک خۆی ڕادیکاڵ دەمێنێتەوە نە فەزایە نە “زەمان” ە نە گوتاریشە، بەڵکوو ڕێک خودی چەمکی ” کوردایەتی”یە. ئەویش بە هۆی ئەوەیکە ئەگەر بە پێچەوانەی ئەوەش بێ، ئەوە خودی ” کوردایەتی” یە کە دەبێتە هۆکاری ڕادیکاڵ بوونی گوتاری بەرهەمهاتوو، ئەویش ڕێک لە شوێن _ کاتێک دا کە دەکرێ گشت چەمک و دۆخەکان بە پێی پاڕادایمێکی فەلسەفی و ڕەنگە نێگەتیڤیش بازنومایی بکرێنەوە، کە خۆی ئەو دەبەر یەک ڕاوەستانەی زەمان و هزر و دۆخ  لە کاناڵی کوردبوون دا،  بەرژەوەندییەکی تەواو عەقڵانی و هزرمەندانەیە. کەوابێ  “کوردایەتی” دە هەر شوێن ــ کاتێک دا ئاراستە بکرێ، بەردەوام نە بە گوێرەی ئەو هێزە مێتافیزیکییەیە کە هەر چەشنە گوتارێکی ڕادیکاڵ دەخاتە پەراوێزەوە، بەڵکوو بە هۆی ئەو هەڵوێستە ئۆتۆنۆمیکەیەتی کە لە بەرامبەر دۆخە جیاوازەکان دا دەتوانێ هەیبێ و بێ مەیلە لە خۆ دۆڕاندن و خۆ دزینەوە لە قەیران. ” کوردایەتی”  لە سەدەی بیستەم وسەرەتای سەدەی بیست و یەکەم دا، بە هۆی ئەوەی کە شان بە شانی مێژووی سیاسی کورد لە گەڵ کارەساتی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی ڕەگەزی و ڕووخانی حکوومەتەکەی دا هەناسەی هەڵ کێشاوە، زۆر جاریش تووشی دابڕانگەلێک بووە کە ڕەنگە زۆر جاریش بە گوێرەی ئەو نۆڕمە سیاسی و ئێپیستمۆلۆژیکییانە نەبووە کە بەشێوەی کۆنکرێت بوونیان هەبووە. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ژین _ سیاسەتی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەندەی شوێن دانەر بووە لە داشکاندنی مرۆڤ بۆ ئاستی ژینەوەری ڕووتەڵ و بیۆلۆژیکاڵەوە، ئەوەندەش پلانی خۆبژێوی سیاسەتی کوردی بە تایبەت دە کردە دا  تووشی چارەنووسی خۆسەرقاڵکردن بە مەرگ و نەمان و شەڕ و … کردووە. پاڕادایم و ستڕاتژی ئایدیای ” کوردایەتی”  بە تایبەت دە بەستەری ئەمری واقیع دا هەر چی کە بێ، خاوەنی عەقڵانییەتییەکی ژێئۆپۆلیتیکاڵی خۆی بووە و هەیە . پڕۆسەی  مەشڕووعییەتی کوردایەتی دەو هەل و مەرجە دا کە تەنانەت سووژەی بە ڕواڵەت بە جیهانی کراو و خاوەن هێژمۆنیش، کەوتۆتە ژێر ڕاوەندی خەمناکی تڕاژێدی، هەمیشە توانیوێتی درێژە بە گوتار و ڕادیکاڵیزمی خۆی بدا و پێداگر بێ لە سەر لۆگۆسی تایبەت بە خۆی. ئەگەر چی  “کوردایەتی”  بە پێی ئەوەیکە بە درێژایی مێژووی خۆی بە تایبەت دە سەدەی بیست دا  تووشی بووە، ئیدعای ئەوەی نییە کە ڕەنگ دانەوەی گشت ئەو فەرایەندە سیاسی و کۆمەڵایەتییانە بووە کە دەو دوو سەدەی دوایی دا ڕووبەڕووی کورد بۆتەوە، بەڵام بە هۆی ئەو قەیرانە پەتا ئاساییەی کە فەزا_ سیاسەتی ڕووتەڵە و زبر و داڕووشاوی ڕۆژهەڵاتی ناوین هەڵگرێتی، بە مافی خۆی زانیوە کە لانیکەم وەک مەرگ ، نمادی بەرخۆدان دە بەرامبەر ئەو مەنفییەت و بۆشاییەدا بێ کە دە شەقام و گوتاری سیاسەت دا بەردەوام هەستی پێ کردووە.

ئەو ڕادیکاڵ بوونەی لە سەرەتای ئەو پێشەکییە دا سەبارەت بە چەمکی ” کوردایەتی” ئاماژەی پێ کرا، ڕێک ئەو تڕۆمایەیە کە ئێستا دە فۆڕمێکی دیکەدا تووشی بووە

 

فۆنداسیۆنی زمانی و فیزیکی و مێتافیزیکی و تەنانەت ئایدیالۆژیکی “کوردایەتی”  وێڕای هەموو ئەو کەمایەسی و نوقسانەی هەیبووە یا تووشی کراوە، هەر چی کە بێ توانیوێتی لە بەشێکی زۆر لە دۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دا خۆی لە پێناسەکرانێکی تڕۆماتیک لاڕێ بکا. ئەو ڕادیکاڵ بوونەی لە سەرەتای ئەو پێشەکییە دا سەبارەت بە چەمکی ” کوردایەتی” ئاماژەی پێ کرا، ڕێک ئەو تڕۆمایەیە کە ئێستا دە فۆڕمێکی دیکەدا تووشی بووە و هەر جارێ خاوەن بڕەندێکی تایبەت و هەڵبەت نەزۆکیشە. بناژۆخوازی و ڕێفۆڕمخوازی و ڕوانگەی ئیعتدالی و هەروەها دەوڵەتی نەتەوەیی، ئەو ماڕک و بڕەندانەن کە بەردەوام چەمکی ” کوردایەتی” خستوونییەتە قەیرانەوە و لانیکەم خۆی وەک قەیران لە حاند ئەو بڕەندانەدا  نیشان داوە. ڕەنگە خودی ئافراندنی وەها قەیرانێک دەو بەستێنەدا کە سیاسەت لە ئێران دا پتر مەیلێکی ژورنالیستی و ڕووکەش و سەرمایەدارانەیە تا تکنیکێکی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگا، خۆی ئەبەر قەیرانێک بێ کە لیپاولیپە لە قەیرانی چارەسەر نەکراوی تر… ئاگامبێن وتەنی: دەو دۆخە سیاسییەدا کە ڕەنگە وەک دۆخێکی ئاوارتەییش دەنوێنرێتەوە، ئەو پانتا ناڕوون و دژوارە، خۆی نوێنگەی فیگۆڕێکی گریمانەیی و دێرینە، کە هەم خاوەن نۆمۆسێکی بە هێزە هەم دە پانتای یاسایەکی مرۆڤی و ئۆمانیستی دا گیرساوەتەوە. دە ڕەشبینانەترین حاڵەت دا ئەوە یانی قەیران. قەیرانێک بە نێوی  “کوردایەتی” و گوتارێکی ڕادیکاڵ لە ژێر نێوی شوناس و نەتەوەدا کە بەردەوام خۆی لە بانگەوازی گوتاری ئایدیالۆژیکی زاڵ دوور ڕاگرتووە.