فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

له‌من مه‌ده‌ن له‌برامده‌ن واده‌زانم له‌ جه‌واڵی(كا)ده‌ده‌ن !

له‌من مه‌ده‌ن له‌برامده‌ن واده‌زانم له‌ جه‌واڵی(كا)ده‌ده‌ن !
ئەسعەد عەدۆ
نووسەر و فۆلکۆریست/ هەولێر

ك

اتێ منداڵبوین به‌تایبه‌ت ئێمه‌ی ده‌شته‌كی به‌چاوی خۆمان باڵنده‌یه‌كمان له‌سه‌ر گوفه‌كان ده‌دیت خۆڵی به‌سه‌رخۆیدا ده‌كرد ! سه‌دان پرسیار مێشكی ده‌ڵه‌مه‌یی منداڵیمانی ماندوو ده‌كرد كه‌ ئه‌و باڵنده‌یه‌ بۆ واده‌كات ؟ بۆ خودی خۆم كاتێ گه‌وره‌بوم گه‌یشتمه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ كه‌ ئه‌و باڵنده‌یه‌ ته‌نیاوته‌نیا له‌ كوردستاندا هه‌یه‌و تایبه‌ته‌ به‌ میلله‌تی كورد ! ئه‌گه‌رنا له‌شوێنی دیكه‌دا دركم به‌وه‌ نه‌كردوه‌ ! ئه‌گه‌رنا باوه‌ڕ بفه‌رموون لاپه‌ڕه‌كانی(33)ساڵه‌ی حوكمڕانی كوردستانتان بۆ ئاوه‌ژوو ده‌كه‌مه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ ئێمه‌ین ده‌گه‌ڵ یه‌ك دڕدۆنگین ، درۆزنین ، فێڵبازین ، تاڵانی یه‌كتر ده‌كه‌ین ! جنێو به‌ یه‌‌كترده‌ده‌ین ، بۆ لێدانی یه‌كتر سه‌نگه‌ران ده‌گۆڕین تا گه‌یشتۆته‌ ئه‌و راده‌یه‌ فڵانه‌ شار به‌ناخۆشیه‌كانی فڵانه‌ شار خۆشحاڵ ده‌بن ! بێ ئه‌وه‌ی شه‌رم له‌ خۆمان و خوێنی شه‌هیدانمان بكه‌ین ، ده‌مێكه‌ به‌و په‌نده‌ی سه‌ره‌وه‌ ته‌عامول له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌كه‌ین !

له‌نێو كورده‌واریدا ده‌گوترێ شه‌یتان نه‌یده‌زانی خۆیه‌تی بۆیه‌ خۆی نه‌عله‌تباران ده‌كرد ، ئه‌وه‌ سیفه‌تی ئێستاكێی كوردانه‌ ، جاران ده‌یانگووت : پیاوه‌ ریشداره‌كان ، به‌ته‌مه‌نه‌كان ، قورئان خوێنه‌كان له‌نێو كۆمه‌ڵگادا هه‌رده‌م داری ناوبژیوان بوون ، كه‌چی له‌م زه‌مه‌ندا ئه‌وانیش رێچكه‌ی خۆیان بزركردوه‌ ، له‌وانیدیكه‌ چاكترنین ! جاران له‌نێو كۆمه‌ڵگای خۆماندا حه‌وت كۆڵان دوورتر ناگوزووریه‌ك هه‌بوایه‌ خه‌ڵك زه‌رده‌خه‌نه‌شی له‌خۆحه‌رام ده‌كرد ! ئێستا هه‌موومان دۆڵوزووڕنا بۆ ناخۆشیه‌كانی یه‌كتر لێده‌ده‌ین ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یبینین و گوێ بیست ده‌بین له‌ هیچ قۆناغێكی ئه‌و میلله‌ته‌ سته‌مه‌دیده‌ نه‌بوه‌ ! بۆ یه‌كتر شكاندن له‌ گۆڕه‌پانی نه‌یاراندا سه‌رچۆپی ده‌گرین !

ئه‌وه‌ی دوژمنی سه‌رسه‌ختی كوردان نه‌یانتوانی به‌كورد بیكه‌ن ، ئه‌وه‌ ئێستا به‌ ئیفتیخاره‌وه‌ به‌رامبه‌ر یه‌كتری ده‌كه‌ین ، سه‌رده‌مانێك بۆ كراسه‌ خوێناویه‌كه‌ی خۆمان به‌ بیانوێك له‌ ئاقاری نه‌یاران ده‌دۆزیه‌وه‌ ! كه‌چی ئێستا ئه‌وه‌یشمان له‌ده‌ستچوو ! هه‌موو دونیای عه‌وله‌مه‌ ، دیموكراتی ، ئیسلامی ، چه‌پگه‌ری ، قه‌ومه‌چی ده‌زانن كه‌ حاكمی ده‌ستڕۆیشتووی ئه‌م وڵاته‌ چی به‌سه‌ر ئێمه‌دا هێناوه‌ ! كه‌چی ئه‌وانه‌ی ئه‌وڕۆ خوبزه‌و چه‌ڵاوخۆری مه‌زهه‌بچیه‌كان كه‌ تا دوێنێ له‌سێبه‌ری ره‌شماڵی كورداندا پاڵكه‌وتبوون هه‌ریه‌كه‌و له‌شوێنی خۆیدا بۆ نه‌مانی كورد شه‌كران ده‌شكێنن !

 

له‌به‌ر یه‌كگرنه‌بوونی خۆماندا بووینه‌ته‌ بنێشته‌خۆشه‌ی نه‌زانانی سیاسه‌تی ئه‌وڕۆی دونیا ! سه‌رۆك كۆماری چی ! سه‌رۆك وه‌زیرانی چی ! په‌رله‌مانی چی ! ئه‌وه‌ خۆمان بوین به‌ده‌ستی خۆمان نۆ كه‌سمان دامه‌زراند تا ببن به‌جڵه‌وبه‌ده‌ستی وڵات ! ئه‌گه‌ر به‌ ووردی سه‌یری ده‌سه‌ڵاتی عێراق بكه‌ین به‌ یاری منداڵان ده‌چێت ! بۆ خۆمان باش ده‌زانین ، باشترین فرسه‌ت بۆ كوردان هه‌ڵكه‌وت كه‌ بگه‌ین به‌ مافی خۆمان چونكه‌ ئه‌وكات شتێك به‌ ناوی‌ عێراق نه‌مابوو ! به‌ڵام دڕدۆنگی نێوانمان و سیاسه‌تی كه‌ری دێزه‌ی ئه‌و كورده‌ ماندووشه‌كه‌ته‌ی گه‌یاندۆته‌ ئه‌و بارودۆخه‌ كه‌ مافی كوردو خوێنی شه‌هیدان و خه‌باتی سه‌ت ساڵه‌مان له‌ مه‌بله‌غی(618)ملیار دیناری برێمه‌ر قه‌تیس بكه‌ین !

له‌وه‌ته‌ی هه‌ین سه‌ره‌ڕای خراپه‌كاریه‌كانمان به‌ڵام بۆ پێكه‌وه‌ ژیان قو‌ربانیمانداوه‌ ، خه‌ڵكی بێگانه‌ش بۆ ئه‌و ره‌وشته‌مان ئه‌شهه‌دومان بۆ ده‌كێش” ! ئه‌گه‌ر شتێك هه‌بێت له‌ دونیادا شانازی پێوه‌بكه‌ین ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ جوامێرانه‌ی كوردانه‌ به‌رامبه‌ر غه‌یره‌ دینان و میلله‌تانی دیكه‌ی سه‌رخاكی كوردان بۆ هێندێش له‌نێو باڵاترین ده‌زگای یاسادانان و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكار به‌ده‌ستی خۆمان ئه‌و مافه‌یانمان خسته‌ ئه‌ستۆی خۆمان ، كه‌چی هه‌ندێكی خۆمان به‌ ده‌سیسه‌ی نه‌یار له‌كاتێكی زێده‌ دژواردا به‌ پیلان ئه‌و شه‌ره‌فمه‌ندیه‌مان له‌ نێو یاساو ده‌ستوری كورداندا سڕیه‌وه‌ ! ئه‌‌گه‌ربێتو خه‌ڵكێكی كوردپه‌روه‌رو شه‌ره‌فمه‌ندی كورد نه‌بێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و میداڵیه‌ی سه‌رسینگمان جارێكی دیكه‌ په‌له‌ێكی دیكه‌ی ره‌ش ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر سه‌فحه‌ی مێژووی كوردان !