“نوختە” لە شیعری “شاری دڵ” دا
ناسری حیسامی / شاعیر/ سوێد
من دەڵێم شاری دڵم باغ و گوڵستانە، کەچی
عەقڵ ئەڵێ: نا! قەسەبەی شۆڕشی مەستانە، نەچی
من دەڵێم نوختەیی ئەو ڕەوزەیی ڕیزوانە، دەچم
ئەو دەڵێ نا، ڕەشە، جێڕاوگەیی شەیتانە، نەچی
گەرچی “نوقتە” دەکرێ زۆر مانای جیاوازی هەبێ من هەوڵ دەدەم ئەوە ڕوون بکەمەوە کە “نوقتە” لە شیعری شاعیرانی دیکەدا چ ئاماژەیەکی تێدایە.
“نوقتە” و “دایرە” و “پەڕگار” لە شیعری عیرفانیدا زۆر بەکار هاتوون. “دایرە” بە مانای کەون و جیهانی مانا و شهوود و “نوقتە” وەک هێمای “وجوود و بوون، یان هەندێک جار وەک زاتی هەق”.
لە سەر ئەوە کە ئایا سۆفی یان عارف دەبێ هەست بە بوون بکا یان نا، باسێکی دوور و درێژ لە نێویاندا بووە. لایەک دەڵێن هەستکردنی عارف بە بوون و وجوود نیشانەی ئەوەیە دەروونی کەسەکە لە زاتی هەق ڕووناکایی پێ گەیشتووە بۆیە خۆی دەبینێ، ئەوانی دیکە دەڵێن عارف هەتا فەنا نەبێ و هەتا بوونی خۆی لە بیر نەباتەوە، هەست بە بوونی هەق ناکا. ئەوە زۆر جار دووڕێیانێک دروست دەکا: کامیان بگرم؟
سەید کامیل ئاماژە بەوە دەکا و دەڵێ:
من دەڵێم نوختەیی ئەو ڕەوزەیی ڕیزوانە، دەچم
ئەو دەڵێ نا، ڕەشە، جێڕاوگەیی شەیتانە، نەچی
شاعیر باسی دوودڵیی خۆی دەکا: دڵێکم دەڵێ ئەو نوقتەیە خۆی بەهەشتە و دڵێک دەڵێ نا ئەوە داوی شەیتانە نەچی!
وەفایی لە شیعرێکدا ئەو دووڕێێانە وەک دووڕێیانی “بەقا” و “فەنا” دەبینێ و دەڵێ:
لە سیڕڕی حیکمەتی زارت کە نوقتەی جەدوەلی ڕووحە
عەجەب ماوم! چ نیکتێکە؟ نە مەوجوودە نە مەعدوومە!
لە شیعرێکی دیکەشدا وەفایی ئەو نوقتەیە بە دووڕێیانی بەقا و فەنا دادەنێ:
ئەو زارە کە هەر بە تەبەسسووم هەیە خاڵی
پیرێکە دڵی گا لە بەقا گا لە فەنادا.
واتە: دەمت نوقتەیەکە کە تەنیا لە کاتی پێکەنیندا، لە کاتی گوشایش و دڵخۆشی و کرانەوەی تەبعدا دەردەکەوێ و لە کاتی دیکە دا، لە کاتێکدا کە دڵ دەگیرێ، ئیدی نوقتەی دەم نامێنێ، ڕێک وەک پیرێک کە دڵی دەمێک لە بەقادایە و دەمێکی دیکە لە فەنادا.
هەروەها سافیی هیرانی ئەو نوقتەیە لە نێوان “وجوود” و “عەدەم”دا دەبینێ:
دڵ وا لەبەر ئازاری وەکوو نوقتەیی زارت
گاهێ لە وجوودا هەیە گاهێ لە عەدەمدا
نالی پێی وایە ئەو نوقتەیە دەبێ بشۆرێتەوە:
دەفتەری ئەعمالی من، بێ قەترەیێکی ڕەحمەتت،
کەی بە سەد زەمزەم سیاهیی نوقتەیێکی لێ دەشۆم؟!
.
لە نێو شاعیرانی فارسیزماندا، لەوانەیە جوانترین دەربڕینەکانی باسی “دایرە” و “نوقتە” و “پڕگاڵ یان پەڕگار” هی حافزی شیراز بن:
عاقلان نقطەی پرگار وجودند ولی
عشق داند کە در این دایرە سرگردانند
عاقڵان نوقتەی چەقی پەڕگاری بوونن، بەڵام عیشق دەزانێ کە ئەوانە خۆشیان لەو بازنەیەدا سەرگەردانن.
آسوده بر کنار چو پرگار می شدم
گردون چو نقطه عاقبتم در میان گرفت .
بە ئاسوودەیی وەک پەڕگار بە دەوردا دەڕۆیشتم، کەچی گەردوون وەک نوقتە دەوری گرتم.
اگر نه دایره ٔ عشق راه بربستی
چو نقطه حافظ سرگشته در میان بودی .
ئەگەر دایرەی عیشق ڕێگەی لێ نەگرتبام، وەک نوقتە حافزی سەرگەردان دەکەوتە نێوان. (هەست بە بوونی دەکرا).
چو نقطه گفتمش اندر میان دایره آی
به خنده گفت که ای حافظ این چه پرگاری
پێم گوت وەک نوقتە وەرە ناو بازنەکە، بە پێکەنینەوە گوتی: حافز! ئەوە چ پڕگاڵێکە؟
ئەوەش شیعری سائیبی تەبریزییە:
پرگاروار هر دو جهان با دل دونیم
جولان به گرد نقطه ٔ پرگاراو کنند
هەر دوو جیهان، بە دڵێکی دوولەت بوو، لە سەر بازنەیەک بە دەوری نوقتەی پڕگاڵی ئەودا دەسووڕێنەوە.
.
لەو مانایەدا سافیی هیرانی ئاوا باسی پەڕگار و نوقتە دەکا:
سافی لە هەوا نوقتە هەتا کەی وەکوو پەڕگار
لەم دەورە گەڕێ ڕوو بکە لای دەرسی مەعانی!
.
باسی کێشەی “عەقڵ” و “عیشق” لە شیعرەکەی مامۆستا سەید کامیل دا باسێکی دیکەیە کە هەوڵ دەدەم لە نووسراوەکانی داهاتوودا بچمەوە سەری.