فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

گەشتێکی ناوخۆ بەرەو خود   لە شیعری : ( خۆر ئاسۆی ئاوابوونی خۆی ماچ دەکا ) سەردار رەزا     

گەشتێکی ناوخۆ بەرەو خود

  لە شیعری :

( خۆر ئاسۆی ئاوابوونی خۆی ماچ دەکا )

سەردار رەزا     

   د.ئازاد ئه‌مین باخه‌وان/ نووسەر و مامۆستای زانکۆ/ کەرکووک

 

خۆر ئاسۆی ئاوابوونی خۆی ماچ دەکا

من ژان و نیگای دووری تۆ

گوڵی سووری دەم ئێوارە

بەسەر پەڕەی سپی دەکشێ

من ئاسمان و باران و بای

سنووری تۆ

شاعیری هەست ناسک و بە سەلیقە ( سەردار ڕەزا ) یەکێکە لەو شاعیرە دیارانەی کەرکوک ، کە هەستێکی ناسک و بیرکردنەوەیەکی قوڵی هەیە بۆ نەخشاندن و بەرجەستەکردنی بیرۆکەکانی لە چوارچێوەی وێنەی  هونەری نایاب و پێشکەشکردنی بە خوێنەر …

شاعیر لەم دەقە شیعرییەدا  بە شێوەیەکی کاریگەر ڕەنگدانەوە و  تێڕامانێکی قووڵ لە ڕۆح و سروشتی مرۆڤ بەرجەستە دەکات ، هەوڵدەدات لەو پەیوەندییەی نێوان جیهانی ناوەوەی تاک و دیاردە گەردوونییەکانی دەوروبەری بکۆڵێتەوە. هۆنراوەکە  بە دیمەنێکی زۆر هەستیار و کاریگەر دەستپێدەکات ( خۆر ئاسۆی ئاوابوونی خۆی ماچ دەکا )

هەموو وشەیەکی نێو ئەم دەقە دەبێتە بەشێک لەو گەشتە قووڵەی کە شاعیر بە ناخی خۆیدا شۆڕ دەبێتەوە و دواجاریش دەبێتە هۆی ئاشتبوونەوە لەگەڵ جیهانی دەرەوەی خۆیدا …

سەرەتا شاعیر بیرۆکەکانی بە چەند وێنەیەکی بینراوی بەهێز چێوەبەند دەکات … لەم وێنە هونەرییەدا خۆر هێمای ژیان و وزە و چالاکییە  ، لە هەمان کاتدا خۆرئاوابوون ئاماژەیە بۆ کۆتایی و نەمان  و کپبوون … ! ئەم بەریەککەوتنە و ماچکردنەی نێوان خۆر و خۆرئاوابوون، ساتێکی پڕ لە بێدەنگی و ئاشتەوایی لەگەڵ فەنا بوون بەرجەستە دەکات …! وەک ئەوەی سروشت بە چارەنووسی خۆی ڕازی بێت … !

خۆر و ماچکردنی ئاسۆ دیمەنێکی شیعری سەرنجڕاکێشە کە بە ڕوونی سەرەتا و کۆتایی یان ( ژیان و مردن )  پێکەوە گرێ دەدات …!  لێرەدا خوێنەر بە هێمنی دەکەوێتە حاڵەتی تێڕامان و بیرکردنەوە سەبارەت بە سووڕە حەتمیەکەی ژیان …!!!

 

– من ژان و نیگای دووری تۆ

لەم دێڕەدا شاعیر لە وێناکردنی سروشتەوە وێنەکە دەگۆڕێت بۆ گەڕان بەدوای ئازار و ژانی خۆیدا .

( من ژان و نیگای دووری تۆ )  دەربڕینێکی سەرسوڕهێنەرە ، چونکە لێرەدا شاعیر (  ژان ) بەشێوەی بوون و کیانێکی سەربەخۆ بەرجەستە دەکات، وەک ئەوەی لەگەڵ ئێش و ئازارەکانی کەسانی تردا یەکبگرێتەوە …!

بە تێڕوانینێکی ورد و قوڵتر دەمانباتە ناو هەستێکی نۆستاڵۆژیاوە ، ئەویش تامەزرۆ و ئارەزووی شتێکی دوور و نابەرجەستەیە … ! خواستێکە بۆ هەڵهاتن  لە ئێستا، یان ڕەنگە گەڕان بێت بەدوای ( مانا ) لە دەرەوەی ساتەوەختی ئێستادا … لێرەدا ئازار دەبێتە بەشێک لە شوناس، وەک ئەوە وایە  شاعیر دان بەوەدا بنێت کە ژان و ئێش و ئازار بەشێکن لە گەشتەکانی ژیانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی …!

گوڵی سووری دەم ئێوارە

بەسەر پەڕەی سپی دەکشێ

ئەم وێنە شیعریەش وەک درێژەپێدەری وێنەکانی پێشتر دەردەکەوێت ، کە لە نێوان ژیان و مردندایە . دەشێ گوڵی سوور هێمای ژیان و جوانی بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا پەیوەستە بە          ( خوێن و سۆز و خۆشەویستییەوە ) . ! ( ئێوارە )ش کە بەزۆری هێمای کۆتایییە  یان تاریکییە، ڕەهەندێکی دیکە بۆ  وێنەکە زیاد دەکات، بەو پێیەی گوڵە تازە پێگەیشتووەکان جیاوازن لەگەڵ ساتەوەختی لەناوچوون … ! کە ( بەسەر پەڕەی سپی دەکشێ ) وەک ئاماژەیەک بۆ کفنی سپی و فەنابوون و لەناوچوون …!!!

من ئاسمان و باران و بای

سنووری تۆ

لەم دێڕە کۆتاییەدا مەودای شیعرەکە فراوانتر دەبێت بۆ ئەوەی توخمەکانی سروشت بە تەواوی لەخۆ بگرێت. شاعیر لێرەدا لەگەڵ سروشت یەکدەگرێت؛ دەبێتە ئاسمان و باران و با، واتە لە گەردووندا جێگەیەکی سنووردار کە سنووری ( یارە ) داگیر دەکات  .  ئاسمان و باران و با ئەو هێزانەی سروشتن کە سنووری مرۆڤ پێکدەهێنن و وای لێدەکەن لەبەردەم هێزە گەردوونییەکاندا درک بە سنوورەکانی خۆی بکات. ئەم وێنەیە ڕەنگدانەوەی دیدێکی فەلسەفی قووڵە: مرۆڤ هەرچەندە بەشێکە لە سروشت، بەڵام بە هەندێک ( سنوور ) سنووردار دەکرێت ، جا ئەو سنوورە چ فیزیکی بێت یان ڕۆحی… !