لایەنە ئانتۆلۆژیکییەکانی تڕۆما، ڕاستەقینە ئۆنتیکەکانی شێعر
ژینــ/جیهان و پاڕادۆکسی سووژە لە شێعری بووتیقای ئاشتی بە گوێرەی دیاردەناسی هۆسێڕڵ
عەبدولقادر نیازی/ شاعیر و ڕەخنەگر/ مەھاباد
ڕاستەقینەی شێعر وەک تێرمێکی بوونناسانە و ئانتۆلۆژیک، بەردەوام بەستەیە بە شێوازی بوونی شاعیر دە نێو جیهانی بوون دا. لەو ڕووەوە شوێن کاتێیەتی و بوونێتی شاعیر پاڕادایمێکە کە بە هیچ شێوەیەک بەدەر نییە لە ئەکتیویتەی مەعریفی. ئەو شێوازە لە بوونێتی بەردەوام سازدەری دۆخێکی تۆتۆلۆژیک و بە ئەم ئەویدی کراوە کە تێیدا شوێن/کاتی شاعیر و ئاسەواری شێعر نەک وەک ژانڕێکی هونەری بەڵکوو وەک پاڕادایمێکی مەعریفی، وەک چەمکێکی ڕاستەقینە بە شێوەیەک دەخاتە ڕوو کە هیچ چەشنە مەترسییەک بۆ شێعر بەدی ناهێنێ. ستاتیکای شێعر و لە گەشبینانەترین حاڵەت دا ئاسایی کردنی تڕۆما ئەو تێرمە دانەبڕاوەیە کە لە زۆر بوارەوە سەر و بنی شێعری کوردی و سۆبێکتی شاعیری تێک تەنیوە. بە تایبەت کاتێ کە شاعیری کورد بەرەوڕووی مەنفا دەبێتەوە. دە ڕاستیدا ئۆبژەی تڕۆما و ئاپاڕاتووسی شێعر ئەو خسڵەتە ئۆنتیک/ئانتۆلۆژیکییەن کە بە هیچ شێوەیەک لە گەڵ ئەوەیکە تا ئێستا لە بەستێنی شێعری کوردیدا لێک دابڕاو نەبوون هاوکات بەرهەمهێنەری دۆخێکی مەترسی سڕینەوەشن لە تڕۆما. شێعری بووتیقای ئاشتی لە نووسینی ئاوارە حوسێنزادە بە هیچ شێوەیەک بەدەر نییە لەو دۆخە تۆتۆلۆژیک و ئانتۆلۆژیکە کە هەم بارگراوەندێکی شاعیرانەی هەیە هەم دەڕوانێتە سەر ئەو دۆخە تڕاژیکەی کە بەردەوام و بە شێوەیەکی نائاسایی، پێناسەکردنی دۆخێکی ئاوارتەیە بۆ شاعیری کورد بە تایبەت ئەگەر کەوتبێتە بەر شاڵاوی ئەو دەمارگرژییە ئیدئۆلۆژیکەی وا دەسەڵات بە شێوەگەلی جۆراوجۆر دەیخاتە سەر سۆبێکتی شاعیر لە کوردستاندا. بەو بەرئاوردە، ژیانی هونەری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت تاکەکەسی شاعیری بووتیقای ئاشتی بە هیچ شێوەیەک لەو ئێگزیستانسە بە دەرداوی کراوە دوورە پەرێز نەبووە. بەو بەرئاوردە سەرپێییە شاعیری بووتیقای ئاشتی نە وەک سووژه و سۆبێکت بەڵکوو وەک ئیدیۆمێکی شێعری دە شێعری بووتیقای ئاشتی دا خستراوەتە ناو جەغزێکی ئابجێکشێنەوە(الودە انگاری کریستوایی)، کە لە لایەن ئەویترەوە(others) وەک تێکدەری نەزمی نمادین هاتۆتە ئاراوە. لە ڕاستی دا حەول دان بۆ دالۆسکەکردن و هەڵپەساردنی سۆبێکتی شاعیر لەو شوێن/کاتـــە بوونناسانەی دە شێعری بووتیقای ئاشتی دا تێیدا دەژی، خۆی دە خۆی دا نەک بە غیابێکی شێعری بەڵکوو بە ژین/جیهانێ دەگا کە خاوەنی کرووکی خۆیەتی. ئەو غیابەی کە مەرگیش نەک وەک بە نا/زیندوو کردنی لەش بەڵکوو وەک بێ دەنگی پێناسە دەکا کە دە بووتیقای ئاشتیدا پتر کەوتۆتە ناو دۆخێکی ئەپۆخەیی و هەڵپەساردنی مردن وەک دۆخێکی ئاوارتە نەک وەک غیابی لەش کە باسی لێوەکرا. بێدەنگی دە شێعری بووتیقای ئاشتیدا وەک کردەیەکی پەسیو و مونفەعیل کە بۆ سۆبێکتی هونەری بەتاڵە لە دینامیزم و فەرایەندی سۆبێکتییەتی، هیچکات بەدی ناکرێ. ئەو دۆخەی شاعیر دە بووتیقای ئاشتیدا ئەزموونی دەکا و تێیدا دەژی، ڕەنگە دۆخێکی ئاڕکی تایپیک و سەرچەشنانە و دە ڕەشبینانەترین حاڵەتدا دۆخێکی ئاڕکائیک بێ لە نەستی بە گشتی کراوی کوردا کە تێیدا مەرگ نە مردن دە شێوازێکی فیزیکی و کۆنکرێت دا کە دە نەبوونی دەنگ هەڵبڕین دا خۆی دۆزیوەتەوە بەڵام پتر وەک دۆخێکی لکاو و ئینزمامی خۆی نیشان دەدا. ئەگەرچی شێعر بۆ کورد بەردەوام هەڵگری هەندێ دەلالەتی ئانتۆلۆژیکاڵ و بوونناسانە بووە جا چ دان پێدانانێکی یۆنیوێرساڵ بێ بۆ ڕزگار کردنی کورد لەو دۆخە ئاوارتە و شازە، گرینگ ئەوەیە شێعر بۆ کورد بەردەوام وەک ڕێتۆریکێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هونەری خۆی وەک ئاپاڕاتووسێک دە پڕەنسیپی کورد و کوردایەتی دا هێناوەتە ئاراوە بێ ئەوەی لە بووتیقای مێژووی کورد جودا بکرێتەوە. بۆ شاعیری بووتیقای ئاشتی کە بە شێوازێکی زۆر ڕەسەن و هاوکات تا رادەیەک مەیلەو نوێخوازانەوە ڕۆچووەتە ناخی تڕۆما، ئەو شێوازە لە بوونناسی و ئێگزیستانس وەک تۆپۆلۆژییەکی ساجێکتیو دێتە ئاراوە کە هەم خاوەنی سێ کوچکەیەکی دیالکتیکی بوو هەم یارمەتی ئۆبێکتی شێعر دەدا بۆ بە فام کردنی مەرگ و مێژوو و ڕەسەنایەتی کە هاوکات تڕۆئیکای دیالکتیکین لە پڕۆسەی کوردییەت دا. ئەگەر چی شاعیری بووتیقای ئاشتی بەو هاوبەش کردنە خۆی دە خۆی دا بە جۆرێک لە جۆرەکان لە گەڵ پڕۆسەی شێعر، چەشنێک هاوبەش کردنی قەیرانی سۆبێکتی کورد و دابەشینی سووژەی شێعری و کێش داری کوردە بەڵام بەردەوام هاوکات هەڵگری بنچینەکانی ڕەسەنایەتی و کاتمەندی کوردیشە کە بە گوێرەی دیالکتیکی هێگلیشەوە هەمان ڕووحی زەمانە کە مێژووی کوردی بەر لەوەی وەک بەدوای یەک داهاتنی پەیتاپەیتا و لۆژیکی ڕوودا و شوێن/ کاتی کورد شڕۆڤە کا وەک کاتالیزۆرێک بۆ بەرەوپێش بردنی دیالکتیکی ڕووداوەکان دەیهێنێتە ئاراوە. ئەوە هەمان فیگۆڕە بوونناسییەکەیە کە دە بووتیقای ئاشتی دا و خۆی دە دووتۆی وشە و شێعردا دەدۆزێتەوە. ڕەچەڵەکناسی وشە دە بووتیقای ئاشتیدا بەو جۆرەی مێڕلۆپۆنتی ئاماژەی پێ دەکا، خۆی دە خۆی دا خاوەنی هەندێ دەلالەتی دیاردەناسانە، تەجروبی و کۆنکرێت و ئەزموونکراوە کە کۆتا دۆخەکەی هەمان موتڵەقییەت و ڕەهابوونێتییە کە شاعیر پتر وەک گوتار و پێڤاژۆیەکی بەهێز بەدی دەکا تا هەبوویەکی بۆش و بەتاڵ لە هەرچەشنە بنەمایەکی مەعریفی/بوونناسانە. بەو پێیە وشە و مژار و چەمک دە بووتیقای ئاشتیدا نە بە تەنیا سەرچاوەی فەلسەفە و نە دیاردەی شێعر کە ژێئۆپۆئێتیک/پۆلێتیکێکە لە بوون و بوونێتی پۆزەتیڤ کە هاوکات وشە و فەلسەفە و سیاسەت وە سەما دەخا. سەما لە نێو دەرد و دەرک دا. سەما لە نێو دەرکی دەرد و دەردی دەرک دا. سەما لە گەڵ مەرگ و شێعر و وشەدا…
فەیلەسووفی بە ناوبانگ و خاوەن شێواز، ئێدمۆند هۆسێڕڵ، بە لێک هەڵاواردنی شێوازی شهوودی و ئاگامەند کە خۆی چەشنێک گەڕانەوە بۆ کانتی فیلسووف بوو، بەردەوام بە شوێن گەیشتن بە مەعریفەیەکی واڵا دابوو کە خاوەنی ڕەسەنایەتێکی فەلسەفی بێ. ئەو وێڕای کانت پێیوابوو کە مەعریفە بەو مەرجە خۆ لە دۆخێکی ئاگامەندانە بدا، دە ئاکامدا سۆبێکت و سووژەش ڕاگوێزی شوێنــ/کاتێ دەکا کە خۆی بەشێکە لە ئاگایی. واتە شوێنــ/کاتی سۆبێکت یا سووژە خۆی بەشێک لەو ژینـ/جیهانەیە کە خودی سووژە تێیدا دەژی. ئەگەرچی هۆسێرل پێی وابوو ئەو دۆخە کە بارگاوی کراوە بە ئاگایی، سۆبێکتی ئاگامەند تا رادەیەکی زۆر تووشی پاڕادۆکسی مەعریفی دەکا بەڵام بە حوکمی ئەوەیکە سۆبێکتی شاعیر دەو ژینـ/جیهانەدا دەژی و بەشێک لە ئاگاهییە، دەتوانێ خۆی هەم وەک سووژە بێ هەم دەوری ئۆبژەش بگێڕێ. ئەو پاڕادۆکسەی دە ژین/کاتی مەعریفی سۆبێکتی شێعری دا بەردەوام خۆی نیشان دەدا، بە بڕوای هۆسێڕڵ بەو شێوەیە کۆتایی پێ دێ.
کات باش خانم
سەرانسەر بووم بە ئاوارەی ئێوارەیەک
بە داوێنی هەتاوا زەرد دەچم
ناوێرم نەوەرم بە تیشکی چاوتدا
تۆ بزەت بێ کە دەڵێم
لە یەکەم دێڕمەوە هەتاویم
ئێستاش دەترسێم کە لە سنوورین لاولاوێکمان لێ بمێنێ
سوور، خۆر جامانەی بۆ بکا بە تیشک و قەت هەتاوی نەبم
ئێستاش دەترسێم
کە ئامێزت لە هیچ کۆڵانێکی شار پێم نەزانێ و تەنیا خۆم بم
لە باوەش دەستەکانمدا غەریب
پەڕیوەی پووشپەڕ بمێنمەوە تا تۆ گوڵەگەنمێکی بە نیشانەکانی وڵاتەوە.
ئێستاش دەترسێم
لەو دێڕەدا چاو بترووکێنی
نەمخوێنییەوە
تا دوایین حەدیس لە ڕزگاری شەهیدێک
بمسڕەوە لە مۆڵەتی چاوانت…( بووتیقای ئاشتی ل 1).
ئاوارەی ئێوارە، بە داوێنی هەتاودا زەردچوون، وەرین بە تیشکی چاودا، هەتاوی بوون لە یەکەم دێڕەوە، غەریب بوون لە باوەش دەستەکاندا، چاو ترووکاندن دە دێڕدا و ڕزگاری شەهید و سڕانەوە لە مۆڵەتی چاو، ئەو شوێنــ/کاتانەن کە سۆبێکتی شێعری بە پشوو هەڵکێشان تێیاندا بەردەوام لە بواری مەعریفی/بوونناسانەوە دە هەڵکشان و داکشانی پاڕادۆکسیکاڵ دایە بەڵام لە بەر ئەوەیکە بە پێی گوتاری نیشانەشناسی و نمادناسییەوە، هەموویان دە چوارچێوەی کانسێپتێکی شێعری دا خۆ دەردەخەن، دەوری ئەو دۆخە پارادۆکسیکاڵە کەمڕەنگ دەکەنەوە. ئەوە هەمان دۆخی ژینــ/جیهانە کە هۆسێڕل بەو شێوەیە باسی لێ دەکا. لەو بەشەی ئەو شێعرەدا شاعیر بە دانانی ئیگۆ وەک سۆێکتێکی زاڵ بە سەر گوتارێکی سیاسیدا، خەریکی بەرهەمهێنان و ئاراستە کردنی فیگۆڕێکی دژوازە کە لە گەشبینانەترین حاڵەتی خۆی دا جۆرێکە لە دژبەرایەتی و ڕەفزی مەعریفەناسانەی ژووئیسانسێکی ژانووس تەوەری سیاسەت کە خۆی دە خۆی دا ڕیشەی دەو پاڕادۆکسەدا هەیە کە سۆبێکت لە حاند کەلان ڕەوایەتی عەشق و سیاسەتدا تووشی بووە. ئەگەرچی زمانی شێعر نەک هەر دەو بەشەدا بەڵکوو دە گشتییەتی بووتیقای ئاشتیدا زمانێکی نمادینە بەڵام وەک هۆسێڕڵ باسی دەکا : ئەو شێوە ڕوانینە لە ئۆبژە کە لە شوێنێک عەشق دەکاتە پێوەر و پاساو و لە لایەکیش دەیڕووخێنێ، لە بنەڕەتەوە دەرهاویشتە و مازادێکی ئیلاهییاتی و تێئۆلۆژیکە کە تەواوی هێزی خۆی نەک دە شکاندندا کە دە بەخشینی ئەو مازادە لە ژووئیسانس و مەیل دا پێناسە دەکا کە ئەو هێزە دە خۆی دا شک دەبا. واتە جۆرێک شێوە ڕوانین بۆ ئۆبژە و بەرناس کە هەر لە سەرەتاوە خۆی دە قۆناخێکی دژبەر و دژواز داوێ. مەنفییەتی ئۆبژە و بەرناس دەو بەستێنە مەعریفییەدا کاتێ دەگاتە تەشقی خۆی کە سۆبێکتی شێعری، لە لایەک ورەیەکی سەربەخۆ بۆ بەرناس و ئۆبژەی عەشق قایل نییە لە لایەکیش سۆبژەکتیویتەی خۆی ڕادەست و بارمتەی قەبە ڕەوایەتێکی وەک ئایین دەکا(ڕزگاری شەهید). دە ڕاستیدا مەنفییەتی ئۆبژە یا بەرناس دەو بەشەی بووتیقای ئاشتیدا ئەوە نییە کە شاعیر ترسی نەبوون یا غیابێکی ئۆنتیکی بەرناسی هەیە بەڵکوو دەوە دایە کە بەرئاوەردێکی مازاد تەوەری لە قەبە ڕەوایەتێکی نافەرمان کردووە و بەرناسی وەک ڕەوایەتێکی قەبە هێناوەتە ئاراوە کە خودی سۆبێکت یا بناسی شێعریش، کرووکی خۆی تێدا دیاری دەکا. ئەوە هەمان دۆخی تۆتۆلۆژیک و ئەم ئەویدی کراوەی ئاگاهییە کە دە حەقیقەت دا بەو جۆرەی هۆسێرڵ باسی لێ دەکا هاوکات ژینــ/جیهانی خودی شاعیریشە. ئەوە یانی مەنفییەتی سووژە. یانی شوێن کاتێک کە تێیدا سووژە نە تەنیا هەست بە بۆشایی بوونناسانە ناکا بەڵکوو بەردەوام خەریکی گۆڕینی ماتماتیکی مەعریفییە کە لاکان بە تۆپۆلۆژی ناوزەدی دەکا. شێعری بووتیقای ئاشتی لەو بوارەوە بەردەوام دە ساحەی واقیع دا دەژی نەک دە کردەی نمادین دا. چونکە سۆبێکت و بناسی شێعری بە شێوازێکی نا هاوکێش دە بەینی ژێستی بۆش و غیابی نمادین و مەیل دا دە هاموشۆ دایە. ئەوەی وا لێرەدا تووشی فۆقدان بووە یا هۆکاری فۆقدانە نە ئەختەبوونی ئۆبژە و بەرناس بە شێوازێکی فالۆسیک وەک بنیاتنەری ساحەی واقیع و نە تێماتیکی قەبە ڕەوایەتە بەڵکوو بوونی پێگەیەکی بگۆڕە بۆ سووژە. دە شێعری بووتیقای ئاشتیدا، پاڕادۆکسی مەعریفی و ژینــ/ جیهانی ڕێک لەو نەبوونی و کەمایەسییە بوون ناسانە و ئێگزیستانسیالە سەرچاوە دەگرێ کە هێشتا نەیتوانیوە لە ساحەی خەیاڵیش دەرچوونی بێ. واتا نەدیتە گرتنی نەست وەک ئەبەر دالێکی مێتافیزیکی بەڵام کۆنکرێت.
ئای لە تیشکی چاوت
کە لە شارێکی دوور دەچێ و
ڕامدەکێشێتە سەر هێڵێکی سوور
سوور سوور وەک بەزاندنی دوایین سنوور.(ل7).
هاتنەوەت بە هەناومدا ناشکێتەوە
ئیمانت بێ کە نیت
کەنین تابڵۆیەکە لە شەو(ل7).
حەباکەی نیشتمان ئاخۆ ئێستاش لەمپەڕی دەرگای داخراوتە؟(ل18).
ژینــ/جیهان دە شێعری بووتیقای ئاشتیدا کاتێک خۆ بە دەستەوە دەدا کە پێداگری سووژە و زمان پتر لە سەر ئەو مەنفییەتە داڕێژراو و لە پێش دا ئامادەیە کە نە تەنیا ڕۆڵی کردەی واقع دەگێڕێ کە وانوێنی نەستی سووژەش دەکا. بە گوێرەی ئەوەی هۆسێڕڵ دەیڵێ : شێوازەکانی تێگەیشتن و داڕشتی بەرناس پێوەندی بەو لەنگەرگرتنە دە پێش دا ئامادە هەیە کە شاعیر دە شێعرەکەدا دەیکا.
من دۆڕاوترین شاعیری سەردەمم، گەر ئیمانداری لێوت نەبم(ل7)
ئاوارەتر بم کە رووت وەردەگێڕی هیچ شەقامێک بۆ هاتنەوەت بە هەناومدا ناشکێتەوە(ل7).
تۆ نیشتمانترین وڵاتێکی کە بە دەمارەکانمدا خوێن(ل9) و …
ئەو جۆرەی هۆسێڕڵ باسی لێ دەکا شێعر بەر لەوەی تووشی داهێنانێکی نمادین بێ، خۆی لە قەوارەی کاتاڕسیسێکی مەیلەو دیهاوێژ دا دەدۆزێتەوە کە خۆی لە خۆی دا پیتاندنی کاتە. بەو پێیە ژینـ/ جیهان هەمان دۆخە کە بە گشتی دەلالەت دەکاتە سەر هەڵوێستە مەعریفییەکانی شاعیر. ئەوەی کە شوێـنــ/کات دە شێعری بووتیقای ئاشتیدا بەردەوام هۆکاری ئەو بەرخۆدانە ڕێئاڵ و زۆر جاریش دیاردەناسانەیە، بەو هۆیەیە کە سەرچاوەی لە دۆخێکی سیاسی گرتووە، بۆیە دەکرێ وەک دۆخێکی ئاوارتە لێی بڕواندرێ.
کردەی واڵا دە دیاردەناسی هۆسێڕڵ دا، بوونی جیهان وەک مەکانێکی هەڵگری مەعریفە نییە بەڵکوو پەیوەستە بە بوونی سۆبێکت و بناس کە خۆی سەرچاوەی سۆبژەکتیویتەیە. لەو ڕوانگەوە، ئەوەی بوون دە شوێنــ/کات دا مانا دەکاتەوە نەک جیهان که مەعریفەی شاعیرە وەک بناس. پێشفەڕز و پێشمەرجی عەقڵانی بۆ ژینــ/جیهان لە ڕوانگەی هۆسێڕڵەوە، ئەو پێکهاتە سۆبژێکتیویتەیە کە هاوکات بەدیهێنەری مەعناشە.
من مامەوە و تاکسییە بێ سەرەوبەرەکانی ئەو شەقامە دۆڕاوانە
خانە خۆیی شەهیدی شەقامن، زەرد دەچن( ل18).
دەوڵەتێکم لە دۆڕاوی،
شەڕوان نیم بە چاوی هەتیوێک(ل27)
خۆمم دەوێتەوە
گەر دەمبیسی
دوو گیانی لە ڕێبەندانم و ڕێبەندانتا(ل30)…
کە بە گشتی دەوری سیمپتۆمێک بۆ دۆخی ئێستا وەک دۆخی زاڵ و ناپەیوەست دەگێڕن کە پتر لە لایەن گوتاری نەستەوە بنڕێژیان بۆ کراوە. ئەویش بە هۆی ئەوەی کە یەکێ لە خسڵەتەکانی بەرناس و لانیکەم سیمپتۆم ئەوەیە کە لە فەزا/شوێنێکی واقعی و کۆنکرێت دا، ئاسۆی بە پڕۆبلۆماتیک بوونی شوێنــ/کاتی خۆی دیاری کا. بەرجەستەترین نموودی کاتمەندی دە شێعری بووتیقای ئاشتیدا ئەو کاتەیە کە سووژە بەو قەناعەتە گەیشتووە کە بۆ گەیشتن بە شوێنــ/کات، هەستۆکی و دەرهەستی بەرناس وەک مازادی مەیل دەرداوێ و بە ڕووکردێکی تەواو ئانتاگۆنیستی دژبەرایەتی کردەی نمادین دەکا
بۆ خوڵقاندنی سەر لە نوێی کردەیەکی نمادینی تر. بە واتایەکی تر دە شێعری بووتیقای ئاشتیدا، بەر و پتر لەوەیکە لە گەڵ فەقری سووژە(نەبوونی لایەنی ئانتۆلۆژیک) بەرەوڕوو بین لە گەڵ سووژەی پارادۆکسیکاڵ ڕووبەڕووین. بۆیە دەتوانین لە کۆی پرۆژەی شێعری بووتیقای ئاشتیدا بەو دەرئەنجامە بگەین کە سووژە تێیدا لە گەڵ ساحەی نمادین تا ڕادەیەکی زۆر ناتەبایە. بە تایبەت لەو شوێنەی کە باسی باوک وەک پڕەنسیپێکی مەعریفی دەکا نە وەک دۆخێکی پاتریمۆنیک، بە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئانتاگۆنیستی و ئۆدیپ ئاسا، دێتە ناو پانتای ئەویترێکی گەورەوە و شوناسێکی ڕەگەز تەوەر بۆ خۆی بەدی دێنێ.
با هێندەی نیشتمان بێ خاوەن نەمرم(ل32)
من لە دوایین سەنگەری بەرگریمدا، لە خوێنی نیشتمان گلاوم(ل34)
نا نا نا نا
سرگروهبان این پسر قاطی کردە!
کرە خر کلاغ پر
هۆوییەت پەڕ
هەی تف لە قەڵاغەکانی ئاواییش(ل25).
ئەگەر چی لە ڕوانگەی هۆسێڕڵەوە، گەیشتن بە شوناسێکی توکمە تا ڕادەیەک لواو و گونجاوە بەڵام لە پانتای ئاگاهیدا ئەو قەیرانە کاتێ خۆ دەردەخا کە ساحەتی مەعریفی پێشاوبڕی ساحەتی ئاگاهی دەداتەوە و سووژە لە پڕۆسەی کاتمەندی و ئانتۆلۆژیک دەرهاوێژ دەکا. لەو ساتەوەختە دایە کە بە گوێرەی هۆسێڕڵ، سووژە دە شێعردا لیپاولیپە لە تڕۆما و لە ساحەتێکی ئەنتڕۆپۆلۆژیکی و مرۆڤییەوە، دەستەو دامانی شوناسێکی ڕەمزاوی و وەهماوی و فانتزیک دەبێ. لە بەر ئەوەیکە ئەو سووژە خەیاڵییە هەر لە بنەڕەتەوە تووشی ڕەهەندێکی تۆتۆلۆژیک و یەکانگیرییەکی مەعریفییە لە گەڵ سۆبێکتی بەرامبەر و دە گەشبینانەترین حاڵەتدا خەریکی تێپەڕین لە ساحەتی خیاڵینە. لەو دۆخەدا هۆسێڕڵ پێی وایە کە ئاگاهی نەک تووشی نسکۆ بووە بەڵکوو خەریکە شکڵ دەگرێ و وەدی دێ.
ئێرە وڵاتێکە بست بە بستی لە ڕابردووی خۆیدا دۆڕاوە( ل48).
جاری وایە من چوارچێوەی نیشتمان ماچ دەکەم و
دوا دیدارمان قیامەت(ل66)…
ئەو پرسیارەی لێرەدا دێتە ڕێ ئەوەیە : کێبڕکێی سووژە لە شێعری بووتیقای ئاشتیدا ئایا لە گەڵ خۆی یا وێنەی ئیدەئالی خۆیەتی یا لە گەڵ ئیگۆیە کە مافی تێوەگلان لە گەڵ ساحەتی نمادین و تەنانەت دالی گەورەی ئاگاهیش بۆ خۆی دەستەبەر دەکا؟. ئەگەر وەک هۆسێڕڵ دەڵێ: وەک سووژەیەکی ئانتۆلۆژیک و بەدیار دەرکەوتوو لەو پرسە ئانتاگۆنیستییە بڕوانین، بەر لە هەموو شتێک پێویستیمان بەو دەربڕینە ئێگزیستانسیالیستییە هەیە : سووژە بۆ ئەوەی هەبێ نەک هەر قەرزداری بوون کە پێبەندیشێتی. بۆیە یەکانگیری بوون و نەبوون دە نێو سووژەدا زۆر جار ئەو ناهاوکێشییە ساز دەکەن کە سووژە تووشی دۆخێکی پاڕادۆکسیکاڵ دەکەن. بەو شێوازە ئەوەی ئیدعای سڕینەوەی قەبە دالێکی وەک ئاگاهی دەکا نەک خودی سووژە کە ئەو پانتایەیە لە نەبوون کە بە سەر وەهمی بوونێتی ئێگزیستانسی سووژەدا زاڵ بووە. واتە پێش بڕکێی ساحەتی واقع لە ساحەتی نمادین و سێمبۆلیک. ئەوەش دە فۆڕم و ڕێئاڵی شێعردا ڕەنگە جێگوڕکێیەکی سەقەتی لانگ و پاڕۆڵی لێ بکەوێتەوە بەڵام دەلالەت بە سەر تەجرەبە و ئەزموونی ژیانی فرە ڕەهەندی سۆبێکت و بناسی شێعری دەکا کە لە بنەڕەتەوە ونبوون و پاڕادۆکسیکاڵبوونی سووژەیە و سووژە تێیدا تووشی ڕێگڕێسیۆنێکی بەرهەڵستکارانە و هەروەها چەواشەکارییەکی ئینتزاعی و دەرهەست بووە. ئەوەش یانی ئەو دۆخە تۆتۆلۆژیک و تۆپۆلۆژیکەی کە شیمانەی ژیانی سۆبێکت دە زۆر بواری جۆراوجۆر و بگرە دژوازیشدا پێک دێنێ. رەنگە ئەگەر بە پێی کۆگیتۆ یا شکی دێکارتی ئەو دۆخە دژوازە دە شێعری بووتیقای ئاشتیدا بپێکین، بەو دەرئەنجامە بگەین کە دێکاڕت دوای ئاگاداری بە سەر ئەپۆخە و هەڵپەسێرانی ئاگاهیدا گەیشتە ئەو ئەنجامە کە ئۆبژە یا بەرناس هەڵگری خسڵەتێکی ئیدەتیکە و سۆبێکتی هزرمەند دەو جیهانەدا دەژی کە بەرناس تێیدایە. هەر ئەو بۆچوونەی دێکاڕت بوو کە هۆسێڕڵی گەیاندە ئەو دەرئەنجامە کە دەرهاویشتەیەکی دیاردە ناسانە بۆ کۆگیتۆی دێکاڕتی قایل نەبێ. ئێگۆلۆژی هۆسێڕڵی ڕێک دەو بەستێنەدا خۆی نیشان دەدا کە خۆی پەیوەستە بە زەمان و کاتمەندی. هۆسێڕڵ پێی وایە ئێگۆلۆژی دێکاڕتی ئاڵ و گۆڕ پێکراوی ئێگۆی واڵا یا ئیستعلاییە بۆیە هۆسێڕڵ لە سەر ئەو باوەڕەیە کە کۆگیتۆ یا شکی دێکاڕتی، ئەگەر خاوەنی ژینـ/جیهانێکیش بێ، ئەوە هەم ماهییەت و چییەتی وەپێش بوون خستووە هەم لە بنەڕەت ڕا ئەو شێواژە لە ئێگۆلۆژی، خاوەنی پڕەنسیپ و دسیپلینێکی ڕەوانناسانەیە نە بوونناسانە و دیاردەناسانە.
من بە بێدەنگی هۆندراومەوە بە ڕیزبەندی میخەکی ملی دایکم و
پاوانەی داوێنی کوێستانم خۆش دەوێ کە
لە نیشانەکانی نیشتمانە
دەیزانی لێوەکانی ڕێبەندانێکن سارد( ل 53)…
ئیگۆ لەو بەشەی بووتیقای ئاشتیدا، هەمان ئیگۆی دێکاڕتییە کە هەڵگری خسڵەتە ڕەوانییەکانە تا ئیگۆیەکی واڵا و ئیستعلایی بەو جۆرەی هۆسێڕڵ باسی لێ دەکا. بە گوێرەی ژینــ/جیهانی هۆسێڕڵی، پاڕادۆکسی مەعریفی کاتێ ڕوو دەدا کە نمادسازی و بەرساخت چییەتی لە نمادێک کە سەردەمانێک دەوری کردەی نمادینی گێڕاوە و ئێستاش وەک ئۆستوورەیەکی جاری، دە وێژمان و گوتاری زاڵی سیاسیدا، جارییە، دەستێندرێتەوە و سەلب دەکرێ. کوللییەتی ئۆبژە و بەرناسی ڕێبەندان لێرەدا کاتێ تووشی ئەو قەیرانە پاڕادۆکسیکاڵە دەبێ کە رووبەرووی سەلبییەتێکی نمادین و سەمبۆلیک دەبێتەوە. ئەو شێوازە لە ژینــ/جیهانی سۆبێکتی شێعری دە بووتیقای ئاشتیدا، نەک بنەماشکێنی یا دێکانستڕاکشێنی دریدایی کە پاڕادۆکسێکی مەعریفییە کە هۆسێڕڵ باسی لێ دەکا. بەو پێیە بە گوێرەی ئەوەی هۆسێڕڵ دەیڵێ: دابەزاندنی ئایدەتیک هەڵگری شێوازێکە لە لۆژیکی ئاڵ و گۆڕ پێداهێنان بە سەر بەرناسدا کە دەرهاویشتەکەی بگۆڕ و بڕۆخبوونی زەینییەتی ئۆبێکت یا بەرناسە کە خۆی دە خۆیدا پەیوەستە بە تەجرەبە و ئەزموون کە دەرهاویشتەکەی ژینــ/جیهانی خودی سۆبێکت و ئاگاهییەکی بەرهەمهاتووە. سەرچاوەی ئەو ئاگاهییە دە ئەندێشەی هۆسێڕڵدا سەرچاوەیەکی مۆڕفۆلۆژیکییە. دەو بیرۆکەیەی هۆسێڕڵدا نەک بەرئاورد کردنی مۆڕفۆلۆژیکی ژینــ/جیهان کە شڕۆڤەی تێئۆریکیش جۆرێکە لە لواوێتی و گونجاوبوون. بۆیە بە پێی بۆچوونی هۆسێڕڵ، هەر ژینــ/جیهانێک خاوەنی هەندێ خسڵەتی جۆغڕافیایی و مێژوویی و تەنانەت سیاسیشە کە خۆی دە خۆی دا پاساوی ئەو پاڕادۆکسەیە کە سۆبێکت تێیدا دەژی…
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرچاوەکان :
اندیشەهای هوسرل/دیوید بل/ترجمە فریدون فاطمی/تهران/نشر مرکز/چاپ اول/93
هوسرل/ویکتور ویلاردمایول/ترجمە سینا رویایی/تهران/نشر نگاە/چاپ اول/98
زیست جهان و پارادوکس سوبژکتیویتە/زهرا رمضانلو، حسن فتح زادە، شمس الملوک مصطفوی/فصلنامە علمی پژوهشی فلسفە/شمارە 46/سال97
تاملات دکارتی: مقدمەای بر پدیدەشناسی/نوشتە ادموند هوسرل/ ترجمە عبدالکریم رشیدیان/تهران/نشر نی/چاپ اول92
پدیدار شناسی هوسرل/دان زهاوی/ترجمە مهدی صاحبکار، ایمان واقفی/ تهران/نشر روزبهان/ چاپ سوم/98