زمانخواری لە ئەدەبی منداڵان…!
غازی حەسەن/ نووسەر/ ئەمەریکا
قسەکردن لەسەر دەق، گەڕان و پشکنینی پێکهاتەی هەمەلایەنی دەقەکەیە، کەرەستەکانی چین، بەچ شێواز و ڕێبازێک نووسراوە، گوتاری دەقەکە و پەیامەکەی چییە، چۆن وشەی و زاراوەکانی بەکارهێناوە، زمانەکەی چۆنە و بابەتەکان و کێشە و گرێیەکانی نێو چنینی نووسینەکە چین. ئامانجی دەقنووس چییە و دەیەوێت لەگەڵ کێ قسە بکات و مەبەستی لەو ئاخاوتن و گفتوگۆیەی لەگەڵ خوێنەر و وەرگرەکانی ئەنجامی دەدات چییە؟.
لە ژمارە (٤١٩٣)ی ڕۆژی ١٣-١١- ٢٠٢٤ ڕۆژنامەی هەولێر چوار دەقی شیعریی بۆ منداڵان بڵاوکراوتەوە، بابەتەکانی گرنگن بۆ منداڵان و فێربوون و لەزەت لێوەرگرتن، هەرچەندە مەرج نییە هەموو دەقەکان لە گەیاندنی پەیام و مەبەستەکانیان سەرکەوتوو بووبن. ئاستی چێژ و دروستکردنی کاریگەریی و بەخرتۆ کردنی پەیڤەکان وەکو یەک نین، گرنگ بایەخی ڕۆژنامەکە و نووسەرانی منداڵان بە بابەتی منداڵان جێگەی پێزانین و ڕێزگرتنە.
دەقی منداڵان بۆ فێربوونی زمان و پەرەپێدانی توانای زانین و بیرکردنەوە و گەشەکردنی توانستی عەقڵی و دەروونی لای زارۆکان کارێکی گرنگە.
چوار دەق بەناوی (قوتابخانە/ نووسینی عەبدوڵڵا بەستەسێنی) و (دنیای منداڵان/ نووسینی بەختیار کەلهوڕی)، (تیشکی خۆر و دانایی خودا بۆ : نەوجەوانان/ نووسینی کاروان عەلی) و ( دەچینەوە بۆ خوێندن/ نووسینی عەلی حەمەرەشید).
لەم چوار دەقەدا هەم هاوبەشی و هەم جیاوازیی هەیە، لەوە هاوبەشن کە ئاستی بەکارهێنانی زمان و بابەتەکانیان و شێوازی نووسینیان کە (خودی نووسەرەکان قسەکەرن و شتەکان دەگێڕنەوە) لە یەک دەچن. دونیای نووسین و چیرۆک و تەکنیکی نووسینەکانیان لەیەک دەچن.
تێبینی سەرەکی:
یەکەم: بەگشتی وێنەکان وەرگیراون بێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوەکانیان بکرێت، لەهەمان کاتدا لە یەکێکیان بە ئینگلیزیی لەنێو وێنەکە نووسراوە (Back to school). بە واتایەکی دیکە کەش و ژینگەی وێنەکان، پەیوەندییان بە ژینگە و جواگرافیای کوردستان و واقیعی منداڵی کورد نییە، کەسایەتی منداڵی کورد لەنێو وێنەکاندا بەرجەستە نەکراون. بایەخ و گرنگی وێنە دەزانرێت چییە، بەڵام بایەخ نەدان بە وێنەی خۆماڵی کوردیی و بەرجەستەکردنی ژینگە و دەوروبەر و خودی کەسایەتی و شێوەی منداڵی کوردستان پشتگوێ خراوە.
ژینگەی وێنەکان، پەیوەندییان بە ژینگە و جواگرافیای کوردستان و واقیعی منداڵی کورد نییە
دووەم: ئەو بابەتانەی لەنێو دەقەکاندا ئاماژەیان بۆ کراوە لە ڕووی سۆز و عاتیفە ئاماژەی بۆکراوە، نەک وەکو دیاردەیەکی زانستی و ئەوەی لە قوتابخانە دەخوێندرێت و منداڵ فێری دەبن. دەقەکان بە گشتی بۆ تەمەنی (قۆناغی سەرەتایی)ن ئەمەش لە زمانە بەکارهێنراوەکەدا بەدیار دەکەوێت، کە لەناونیشانی دەقەکاندا ئاماژە بەم شتانە کراوە: (کرانەوەی قوتابخانە و دونیان منداڵان و دەچینەوە قوتابخانە) و (تیشکی خۆر).
سێیەم: قسەکەر و خودانی گوتاری دەقە شیعرییەکان (خودی نووسەرەکانن) لەجیاتی منداڵ و کارەکەتەرەکانی نێو دەقەکان ڕەفتار دەکەن و ئامۆژگاریان دەکەن، ڕێگەی بیرکردنەوەیان بۆ دیار دەکەن و هەستی خۆیان لەبارەی کارەکتەرەکانیان دەردەبڕن، نەک کارەکتەرەکان هەستی خۆیان نیشان بدەن.
بەکارهێنانی زمان
هەموو دەقێک زمان پێکهێنەر و ئامرازی سەرەکیەتی لەڕاپەڕاندنی ژمارەیەک کردە و مەبەست و پەیام. بەکارهێنانی زمان لە دەقدا پێوەری بنەڕەتی تێگەیشتن و شیکردنەوەی دەقەکەیە. نووسەر لە ڕێگەی زمانەوە دەیەوێت پەیامەکەی بە خوێنەر و وەرگری دەقەکە بگەیەنێت. ئەم ئەرک و کردانەی زمان لە دەقی منداڵان دروستی دەکەن، زۆرترە لە دەقی کەسانی بەتەمەن. زمانی دەقی منداڵان قورستر و ئاڵۆزترە لە زمانی ئەدەبی بەتەمەنەکان. هەرچەندە لە کار کراوە نووسینەکان سادە و زمانەکە ئاڵۆز نەبێت و وێنە و بابەتەکان شتی ئاشکرا و زانراو بن، لای زۆر کەس وایە زمانی ئەدەبی منداڵان (سادەیە، ئاسانە، هەموو کەسێک دەتوانێت پێی بنووسێت، هەر تەنیا ڕیزکردنی وشەیە و ئیدی ئەم سادەییە خۆی دەبێتە سەرەتای بەدەستهێنانی مەبەست و خواست). کەچی بەپێچەوانەوە زمانی ئەدەبی منداڵان، چەندە سادەیە، سەد هێندەش ئاڵۆز و پڕ ئەرک و پەیامە.
زمانی ئەدەبی منداڵان، چەندە سادەیە، سەد هێندەش ئاڵۆز و پڕ ئەرک و پەیامە
بۆ نموونە (عەبدوڵڵا بەستەسێنی) دەڵێت:
(هاتەوە قوتابخانە/ شادی بۆ منداڵانە) ئەمە وەکو ئەوەیە قوتابخانە (پێی هەبێت و بەپای خۆی هاتبێتەوە و لەشوێنێکی دوور لە ئێرە بووبێت، مەبەستم شوێنی قسەکردنی شاعیرە). لەکاتێکدا قوتابخانە (دەکرێتەوە/ دەست پێ دەکات). لەبیری نەکەین دەقی نووسراو بۆ منداڵان چۆن کار دەکات زارۆکان فێری ڕەوشت و نەریت و شتی باش بکات، زمانیش منداڵەکان فێری بەکارهێنانی زمان و شێوازی ئاخاوتن و بەدروستی گۆکردنی وشە و ڕستەکان دەکات. منداڵ لەوە دەگات کە شاعیر مەبەستی چییە، بەڵام گوزارشت و بەکارهێنانی وشەکە لەشوێنی خۆیدا نییە. (شادی بۆ منداڵانە)، لەمە دەگەین کە شاعیر دەیەوێت دەوروبەرێکی (شاد و دڵخۆشکەر بە کردنەوەی قوتابخانە) لای منداڵان دروست بکات، لەکاتێکدا ژمارەیەک، ڕەنگە ئەم ژمارەیە زۆریش بن، بە دەست پێکردنەوەی قوتابخانە ڕەنگە شادمان نەبن. ئەمە چی لێ دەکرێت. ئەو لەپێناو دروستکردنی (قافیە)ی شیعری شوێنی وشەکان دەگۆڕێت.
لەم ئاخاوتنە شیعرییەدا ئاوازەی گوتن لەنێوان نیوە ڕستەی یەکەم و دووەم لاوازە، یان هەست دەکرێت، بەشی دووەمی دێڕەکە هاوکاری بەشی یەکەم لە دروستکردنی هێزێکی بەتینی ئاواز و گوتن و مانا و مەبەستێکی سەرکەوتوو ناکات. لە دەقەکە شیعرییەکەیدا دەڵێت:
( ڕێگا دەبڕن منداڵان/ وەکو پێشتر و ساڵان)، (بۆ خوێندن و زانیاری/ بیر ڕۆشن و هۆشیاری)، (لە مامۆستا گوێ دەگرن/ سرودی تەبایی دەچڕن). ئەگەر سەرنج لەم گوزارشت و دەربڕین و بەکارهێنانانەی زمان بدەین، دەردەکەوێت (ساڵان) لەبەر خاتری (منداڵان) بەکارهێنراوە بۆ ئەوەی قافیە دروست بکرێت، نەک لەپێناو دروستکردنی (مانا و مەبەست و پەیام)، ئەگەر نا (ساڵان) دروست نییە، (پێشتر) نیشانی دەدات، ئەم قوتابیانەی ئامەژەیان بۆکراوە، ساڵی دووەم و بەسەرەوەیانە لە قوتابخانە، لەکاتێکدا هەستکردن بەلەزەتی چوونە قوتابخانە لە پۆلی یەکەم دایە، بلە ئەنجامی بەکارهێنانی (پێشتر) ئەوەمان نیشان دەدات، کە مەبەستی ئەو قوتابیانە نییە، کە جاری یەکەمیانە و لە پۆلی یەکەم دەستیان بە خوێندن و چوونە قوتابخانە کردووە. (هوشیاری و زانیاری) لەکردەوەدا هاوسەنگی دەنگ و هێزی گوتن و دەربڕینیان وەکو قافیەی شیعری دروستکردووە، ئەگەر نا منداڵ چ لە (زانیاری (مەعریفە) و (بیر ڕۆشن) و (هوشیاری) دەگات. ئایا بەڕاستی بەکارهێنانی ئەم وشانە (منداڵ تووشی ترس و تێگەیشتن و پەلبەستن لە خوێندن) ناکات، ئایا ساکارە ڕیی قوتابخانە لەڕووی دەروونییە، لە ئاکامی بەکارهێنانی ئەم وشانە ئاڵۆز و نیگەرانکەر ناکات؟ ئەمانە دەستەواژەیەکن پتر لە قۆناغی ئامادەیی و کۆلێژ بەکاردەهێنرێن. لەڕاستیدا لە گوتاری فەلسەفی ڕۆشنبیری دەچن، نەک ئاخاوتن لەگەڵ منداڵ و زارۆک.
لێرەدا هەست دەکرێت منداڵ بەکارهێنراوە، بەکارهێنەر نییە
ئینجا دەڵێت (لە مامۆستا گوێ دەگرن/ سرودی تەبایی دەچڕن). لە کوردی دەبێژن (گوێ لە مامۆستا دەگرن) نەک (لە مامۆستا گوێ دەگرن). ئامانجی دەقی منداڵان فێرکردن و ڕاهێنانی منداڵە لەسەر بەدروستی بەکارهێنانی زمان و ئاخاوتن و گەشەپێدانی توانا زمان لای منداڵ، نەک هەر تەنیا ریزکردن و ڕازاندنەوەی دێڕە شیعرییەکان بە (وشەی ئاوازدار، یان دەربڕینی پاش و پێشکراو).
لەهەمان کاتدا بەکارهێنانی وشەی (تەبایی) پێویستی بە لەسەر وەستانە، بۆ؟ ئەم وشەیە لەجیاتی هاندانی منداڵان بۆ بیرکردنەوە لە کەش و ژینگە و پەیوەندییەکانی قوتابیان بە پۆل و کتێب و هاوڕێکانیان و تەختەڕەشە و کورسی و شتی دیکە، منداڵ بەرەو کارەساتێکی سیاسی گەورە و خراپ ڕادەکێشێت کە خودی (تەبایی) نییە، بەڵکو ناڕاستەوخۆ بە قوتابیان دەڵێیت و گوێیان دەگریت و بە فشارێکی نا تەندروست داوایان لێ دەکەیت (سرودی تەبایی بڵێن)، ئەمە وا دەکات منداڵ یەکسەر زەینی بەرەو ئەوە بچێت کە ئەو لە ژینگە و دەوربەرێکی (ناتەبا و پڕ کێشە و ململانێ خراپ و لێکدابران و دابەشبوون و ڕق) دەژیت. ئایا کاکۆ هزرت لێ کردۆتەوە ئەڤە چ دۆخێکی دەروونی کەسی و کۆمەڵایەتی لەژێر هەژموونی (فەلسەفاندنی سیاسی) لای منداڵ و زارۆکان چێ دەکات. ئایا دەزانی لەیەکەم ڕۆژی کرانەوەی قوتابخانە بە منداڵان دەڵێی، ئەم ژینگەیەی ئێمە (ناتەبایە) تکایە بیر لە (تەبایی) بکەنەوە. ئایا ئەمە ئەرکی منداڵانە لە قوتابخانە، یان ئەمە بابەتی شیعرێکی سیاسییە؟.
زمانی دەقەکە ئەوەیە، کە خودی شاعیر وەسفی ڕۆژی یەکەمی کرانەوەی قوتابخانە دەکات، ئاماژە بە هەست و نەست و ئامادەیی منداڵەکان لە گەڕانەوەیان بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەکات، منداڵەکان هیچ (ئەرک و کاردانەوە و جووڵە و توانایەکیان) پێ نەبەخشراوە، تاکو لەنێو دەقەکەدا کارێک ڕاپەرێنن، یان ڕستەیەک و گوزارشتێک لەبارەی هەست و نەستی خۆیان بەکاربهێنن. منداڵەکان وەکو هەر کەرەستەیەکی (بێگیان و جەستەیەکی بێ فکر و جووڵە) بەکارهێنراون.
لێرەدا هەست دەکرێت منداڵ بەکارهێنراوە، بەکارهێنەر نییە، ئایا بەڕاستی منداڵ لە زاراوەی (تێدەکۆشن) کە زاراوەیەکی سیاسی ڕیشەداری پەیوەست بە مێژووی خەبات و تێکۆسانە، دەگات، یان پێویستی بەم وشە سیاسییە خەباتگێڕییە دەبێت، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان حکوومەتە و دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی خۆی هەیە و قۆناغی (تێکۆشان و زاراوەی سیاسی) تێپەڕاندووە و لەسەردەمی بە (شاربوون و مەعریفە و بیرڕۆشنی و مەدەنیەتە).
لە دەقی (دنیای منداڵان) (بەختیار کەلهوری) لە نێو زماندا کاری کردووە وەستایانە وشەکان بەکاربهێنێت و بایەخی بە دروستکردنی ئاوازە و قافیە داوە، هەر چەندە مەرج نییە، ئەم وەستاکارییە بەتەنیا هۆکار بێت بۆ بەکارهێنانی (وشە و زاراوەی) گونجاو، کە لەگەڵ ئاست و تەمەن و توانستی زارۆکان بگونجێت. بۆ نموونە (لە دونیای منداڵانە) دا وسفی دونیا کراوە کە منداڵانەیە، نەک ئاماژە بەوە بێت کە منداڵان دونیایەکی تایبەتیان هەیە، بۆیە گرنگە لەبەکارهێنانی زماندا بیر لە دروستکردنی (مانا و مەبەست و دەربڕین) بکرێتەوە. ئەمەش لە ئەنجامی بەکارهێنانی (ە) لە کۆتایی وشەکەدا، سەرتاپای ماناو وەسفی واقیعەکە و گوزارشتەکە بەتەواوی دەگۆڕێت. دەردەکەوێت ئەمەی تەنیا لەئەنجامی تەسلیمبوون بە دروستکردنی قافیە لەگەڵ (ژیان زۆر سادە و جوانە) تووش بووە. واتە (جوانە و منداڵانە) سەرتاپای مانا دەربڕین و دۆخی شتەکانی گۆڕیوە. ئێمە دەزانین بەکارهێنانی (گوڵ) لەنێو دەقی ئەدەبیدا پتر شکاندنەوە و وەسفکردنە بەلای ڕەگەزی (مێ). کە دەڵێت (وەکو بەیبوون و چنوور/ بۆنیان دەڕوا بێ سنوور). ئەم (چنوور و سنوورە) ئەرکیان دروستکردنی قافیەیە، نەک مانا و مەبەست. ئینجا ئەم وەسفە ڕەگەزی (نێر) ناگرێتەوە، کوڕ نایەوێت بەم وشانە وەسفیان بکرێت.
نەبوونی یەکێتی بابەت وەکو کێماسییەک لە بەرهەمهێنانی دەقدا دەرکەوێت
زمانی ئاخاوتنەکە زمانی خودی نووسەرە و وەسفی دۆخی دونیای منداڵان و یان خودی منداڵانی پێکراوە، منداڵەکان وەکو کەرەستەیەکی (بەیبوون و چنوور، بۆنیان هەیە) و (ژیان دەکەنە بەهار) و خاوەنی (بەهرەن و دەبنە هیوای گەلێک) لەنێو دەقەکەدا بەکارهێنراون و ئازادی بیرکردنەوە و جووڵەیان نییە. نەبوونی یەکێتی بابەت وەکو کێماسییەک لە بەرهەمهێنانی دەقدا دەرکەوێت، ئەم دەقە بۆ وسفی (دونیا) نووسراوە، نەک خودی (منداڵەکان)، کەچی شاعیر وەکو ئەوەی سواری ئەسپێکی خۆشبەز بووبێت، لە وەسفی (دونیا)، کە لە مەبەستی یەکەم دەپەرێتەوە و دەچێتە سەر وەسفی (منداڵەکان). سەرەتا بە باسکردن و ئاماژە کردن بە (دونیا) دەستی پێکردووە و بە وەسفی (منداڵان)یش کۆتایی بە دەقەکە هێناوە. ئەمە لەبیرکردن و تێکەڵکردنی بابەت و نەبوونی یەكێتی بابەتە. دیارە ئەمە لەئەنجامی بەکارهێنانی زمانەکە دەردەکەوێت. لەڕووی دەروونییەوە کە دیقەتی دەقەکە دەدەین، وەکو ئەوەی بەفشار و بێ خۆئامادەکردن نووسرابێت.
(کاروان عەلی) کە پسۆری بواری منداڵانە و چەند کتێبێکی چاپ و بڵاوکردۆتەوە لە ناونیشانی شیعرەکەی تووشی وەستانێکی قووڵمان دەکات، لەبەر چەند هۆکارێک:
یەکەم: لە ناونیشانەکە پێمان دەڵێت ئەم دەقە بۆ فەقێ لە قوتابخانەی ئایینی، یان حوجرەی مزگەتەکان نووسرابێت، چونکە قوتابخانە پشت بە زانست لەبارەی پێکهاتنی جیهان و گۆڕانکاری و کەشوهەوا دەبەستێت. ئەم شیعرە لەناونیشانەکەی دیارە بۆ (ئیمان) و بەهێزکردنی (ئیمانداریی) لای زارۆکان نووسرابێت.
دووەم: نەوجەوانانی بەکاهێناوە، لەکاتێکدا دەقەکە پتر لە دەوروبەری لەم تەمەنە بچووکتر نزیکە.
شاعیر دەبێژێت: (سەیرکەن گزنگ بەیانیداوە/ گوڵ و گوڵزارە ئەم ناوە). دیقەت لەجیاوازی لەنێوان (تەماشابکە و سەیربکە) بدەن، ئایا ئەم دوو وشەیە لەکوێ هاوبەشن و یەک مەبەست و مانا دەگەین و لەکوێ لێکدوورن و جۆرێک لە ناتەبایی لەنێوانیاندا هەیە؟. ڕەنگە (سەیرکە) مەبەستی بینین بەچاو نەبێت، بەڵکو هوشداری و لێکدانەوە و تێگەیشتن لە دۆخێکی تایبەت بێت، بەڵام (تەماشا) واتە بینین بەچاو دەگرێتەوە و شاعیرش مەبەستی بینینی دیمەنی بەیانییە. (گزنگ بەیانیداوە) ئەمە لە ڕستەسازیدا بەکارهێنانێکی دروست نییە، دەگوترێت (گزنگی بەیان) نەک گزنگ بەیان بدات. ئینجا وشەی (بەیانیداوە) پێویستە لێک بکرێتەوە.
(گەردوون شادومانە) لە ڕاستیدا منداڵ گوێیان لە هەواڵی بەردەوامی تێکچوونی کەشوهەوا دەبێت، داوایان لێ دەکرێت (ژینگەپارێز) بن. ئەمە پێچەوانەی واقیعی ئێستای دونیایە.
یان دەڵێت (شادی بۆ دڵمان هەردەم دەهێنی) دروست گوتنەکە ئەوهایە (هەردەم شادی بۆ دڵمان دەهێنی) لەهەمان کاتدا ئەم دوو ڕستەیە هەڵەی گوزارشتیشی لە خۆگرتووە، بۆ؟ کە دەڵێت (ئای لە تیشکی خۆر، چەندە زێڕینی/ شادی بۆ دڵمان، هەردەم دەهێنی). لە بەشی یەکەم وەسفکردنی تیشکی خۆرە، لە نیوەی دووەمدا ڕاستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ خۆر، یان تیشکەکەی دەکرێت و پێی دەڵێت ئای چەندە (زێڕینی) لە ڕستەی دووەمیشدا هەمان شت هەیە، وەکو : (شادی بۆ دڵمان)، (هەردەم دەهێنی). دەیتوانی بڵێت (ئای تیشکی خۆر چەندە زێڕینە)، (شادی بۆ دڵمان هەردەم بینە). لەهەمان کاتدا لەبەرکاهێنانی وشەی (شادومان) باشتر بوو (شادمان) بەکاربهێنت، چونکە دروستترە لە بەرکاهێنان، بەڵام پێویستی قافیە و بڕگەکان وا دەخوازن بەم شێوەیە زمان بەکاربهێنێت. بەداخەوە لە پێناو دروستکدنی ئاواز و قافیە، زامنخوارکردنەوە و تێکشکاندنی زمان بەرجەستە دەکەن.
لە ڕستەیەکی دیکە دەبێژێت: (سوپاس بۆ خودا، گەردوونی دانا/ بێ کەم و کوڕی هەربۆخۆی زانا).ئەم ڕستەیە ئاماژەیە بە ئیمانی خودی قسەکەر کە (نووسەر و شاعیرە) و سوپاس و ستایشی خودا دەکات، ئەو لەگەڵ منداڵان دەئاخڤێت و ڕێنویان دەکات، کە (گەردوونی دانا، هەربەخۆی زانا). ئەم وێنە شیعرییە پەیوەندی بە (زانست و مەعریفەی مرۆڤەوە نییە، بەڵکو وێناکردنی دۆخێکی دەروونی گشتگیرە لای منداڵ، کە ئەوەی هەیە هەر هەمووی لە توانا و زانایی و هێزی خوداوەیە، کە (گەردوونی بێ کەم و کوڕی و گشت سروشت) لە توانا و گەورەیی خودایە.
دەڵێت (خێرا منداڵان، دەی ڕاکەن وەرن/ یاری خۆشبکەن، دڵخۆشی بەرن) (دڵخۆشی بەرن) بەواتای (بەدەستبهێنن) دێت، بەڵام لای (منداڵ) (بەرن) بە مانای (ببەن) دێت، کە ئەمەش لە ڕاستیدا جێگەی لەسەر وەستانە (ئایا خۆشی دەبرێت)، یان (بەدەست دەهێنرێت). وەکو ئەوە وایە (خۆشی) دانربێت، یان لەم ناوە ڕژابێت و منداڵ هەر هێندەی لەسەرە (خۆشی ببات).
(عەلی حەمەڕەشید)یش لە شیعری (دەچینەوە بۆ خوێندن) دەڵێت: (ئێمەی منداڵ هەر هەموو/ دوای تەواو بوونی پشوو)، (دڵ پڕ لە هیوای مەزن/ دەچینەوە بۆ خوێندن)، (دەچینە بۆ قوتابخانە/ بە چالاکی و ژیرانە).
کاتێک شاعیر دەبێژێت (دەچینەوە بۆ خوێندن) واتە کارەکە دووبارەیە، پێشتر ئەو منداڵانەی شاعیر قسەیان بۆ دەکات، قوتابی بوون و لە قوتابخانە بوون، ئینجا (بۆ خوێندن) کورد دەڵێت (دەچینەوە خوێندن) نەک (بۆ خوێندن) (بۆ) خزمایەتی لەگەڵ ئاماژە بۆ (هۆکار و شوێن) خوێندن شوێن نییە و هۆکاریش نییە، بەڵکو (ئامانج و مەبەستە)، کە دەڵێت دەچین بۆ قوتابخانە بە چالاکی و ژیرانە. ئاساییە (بۆ) بەکاربهێنرێت، بەڵام تێ نەگەیشتم (بە چالاکی و ژیرانە) چ پەیوەندییەکی فکری و زهنی و ڕیشەییان بە (دەچینەوە قوتابخانە) هەیە. (بەچالاکی) دەزانم مەبەستیەتی بێژێت (چالاک/ واتە گروجوگۆڵ و بە وزە و تینەوە)، بەڵام (ژیرانە) هیچ پەیوەندیی بە چوونەوە قوتابخانە نییە. دەکرێت منداڵی (کەمتەرخەم و تەمەبەڵ و نیمچە نەزان و نەزانیش) بچنەوە قوتابخانە. لەم جۆرە وەسفانەدا جیاوازییەکی دوور لە مەبەست و بڕیاری پێشوەختە لەنێوان قوتبای ژیر و ناژیر دروست دەکرێت، بۆیە دەڵێم بەکارهێنانی وشە و وشەناسی لە بەرهەمهێنانی دەق زۆر گرنگە. ڕەنگە فاریزیەک، یان نیشانەیەکی پرسیار و سەرسوڕمان، یان بەکارهێنانی وشەیەکی وەکو (ژیرانە) و (ژێر) سەتاپای ئامانج و پەیام و گوتاری پەروەردەیی بەرهەمە ئەدەبییەکە بگۆڕێت. ئەم چەشنە وشانە لە کردەوەدا مانای پێچەوانەی خۆشیان ناڕاستەوخۆ دروست دەکەن، کە دەڵێین (قوتابییەکی ژیر، پاک، چاک، ڕاستگۆ.. تاد)، واتە پێچەوانەی ئەوانەش هەیە. ئەم جۆرە جیاوازییە دەبێتە مایەی کرانەوەی دەرگایەکی دیکەی نێگەتیڤ لەبەردەم بیرکردنەوەی خودی منداڵ.
ڕەچاونەکردنی تەمەن لەنێو دەقی منداڵاندا کە پەیوەندی بە شێواز و کەرەستە و زمان و گوزارشت و زاراوە و شێوەی ئاخاوتن و بابەتەوە هەیە
لە دێڕێکی دیکە دەبێژێت (پڕ سۆزترین جێگایە/ پیرۆزترین ڕێگایە). ئەگەر ڕستەکە دابەش بکەین و جەخت لەسەر یەکێک لەم وشانە بکەینەوە، مانا و مەبەستی گوتنەکە دەگۆڕێت وەکو: (پڕ) ئەگەر قورسایی لە گوتندا بخەینە سەر ئەم وشەیە، واتا دەمانەوێت ئاماژە بە دۆخی (پڕ/ زۆر/ گەرموگوڕی) بکەین، (سۆزترین) ئەمە نیشانی دەدات، کە جۆری سۆزەکە چۆنە و پێوانەیە و گەیشتۆتە ترۆپک لە سۆزدا، لەم دۆخە قسە لەسەر سۆزکە دەکرێت. ئەگەر قورسایی و تۆنی گوتنەکە بچێتە سەر (جێگایە)، ئەوە مەبەست ئاماژەیە بە قوتابخانە و شوێنی خوێندن. کاتێک بێژین (جێگایەکی پڕ سۆزە) مەبەست دەگۆڕێت، یان بڵێن ڕێگایەکی پیرۆزە لە جیاتی پیرۆزترین ڕێگا. مەبەست و پەیامی گوتنەکە گۆڕانی بەسەردا دێت. جارێکی دیکە لەسەر وشەی (تێکۆشان) دەوەستین، کە دەبێژێت (هەوڵی زۆر و تێکۆشان/ دروشمێکە بۆ هەمووان). تێکۆشان و دروشم دوو زاراوەی سیاسی باوی نێو کۆمەڵگەن، یا بەڕاستی منداڵ هان دەدرێن لە ڕۆژی یەکەمی گەڕانەوە بۆ قوتابخانە هەست بە (دۆخیکی دەروونی ئارام و خۆشی و ڕاهاتن و گونجاو لەگەڵ دۆخی قوتابخانە بکەن)، یان دەبێت هەر لە چرکەی یەکەمدا ئەرک و ڕێنوێنی و ڕێگا قورس و پیرۆزەکەی نیشان بدرێت.
من وای دەبینم لە ڕێگەی شیکردنەوەی زمان، منداڵ لەبەر ئەو هەموو (پیرۆزیی و پڕ سۆزیی و ئەرک و هوشیاری و ئیلتیزامەی بەسەریدا دەسەپێنرێت) رەنگە حەز لە گەڕانەوە بۆ قوتابخانە نەکات. وا وەسف دەکرێت قوتابخانە جێگەی (کار و چالاکی و ژیری و ڕوواندنی هیوا و دواڕۆژی ڕۆشن و خزمەتی کوردستان)ی لەخۆگرتووە، ئەمانەش لەیەکەم ڕۆژ سەرەتایەکی قورس بە منداڵان نیشان دەدەن. لەهەمان کاتدا هەست دەکرێت بەسێک لەم وشە و شت و بابەتانەی لەنیو دەقەکاندا بەکارهێنراون، بەزۆر پەستێنراونەتە نێو دەقەکە.
لەکاتی شیکردنەوەی زمان و بەکارهێنانی زمان دەگەینە ئەو هەقیقەتەی کە دەقەکان:
یەکەم: گەورەکان نووسیویانە، بە عەقڵیەتی گەورە و خواست و پێویستی و بیرکردنەوەکانی خۆیان نووسیوانە، نەک پێویستی مندالان. (نووسەر)ی دەق لەتێڕوانینی مامۆستایانە و فەرزکردن ژینگە و بیروڕای خۆی، نەک بەشداری منداڵ لە گفتوگۆ و گۆڕینەوەی بیروڕا بەرهەمە ئەدەبییەکەی بەرهەمهێنراوە.
دووەم: ڕەچاونەکردنی تەمەن لەنێو دەقی منداڵاندا کە پەیوەندی بە شێواز و کەرەستە و زمان و گوزارشت و زاراوە و شێوەی ئاخاوتن و بابەتەوە هەیە، لەم دەقانە جۆرێک لەتێکەڵی و لێهاوێر نەکردنی تەمەنی تێدایە.
سێیەم: لەکاتی بەکارهێنانی زمانخواری و شکاندنی زمانەکە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت هەندێک گوزارشت و دەربڕین مەبەستی پێویست ناگەیەنن.
اتوانین هیچ فەلسەفەیەک و هزراندنێکی پەروەردەیی لەنێو ئەم دەقانە بدۆزینەوە تەنیا دووبارەکردنەوەی شتە گوتراوە سادەکانی پێشووتر نەبێت
سێیەم: بایەخدان بە ئەدەبی منداڵان زۆر گەشەی کردووە، ئەمەش مایەی دەستخۆشی و هاندانە، قسەکردن لەسەر دەق بەواتای ڕەخنە و ڕەتکردنەوە و تێکشکاندن نایەت، بەپێچەوانە ئەمە دەرفتێکی گونجاوە بۆ گەشەپێدانی ئەم بوارە.
چوارەم: وشەناسین و بەکارهێنانی کەرەستەکانی نێو دەق لە بەرهەمهێنانی دەقدا ئەرکە، ئەگەر نا مەبەست و پەیام و شتەکان تووشی ئاڵۆزکان دێن و لە مەبەستی سەرەکی دوور دەکەونەوە.
پێنجەم: ئەم هەموو ئامۆژگاری و وەسفەی بۆ (منداڵەکان لەنێو دەق، کێشە و ئامانجی نووسینی دەقەکە) کراوە، دەرفەتی لەبەردەم منداڵەکان نەهێشتۆتەوە، خۆیان قسە لەسەر دۆخ و خواست و پێویستی و شتەکانی دەوروبەری خۆیان بکەن.
شەشەم: ناتوانین هیچ فەلسەفەیەک و هزراندنێکی پەروەردەیی لەنێو ئەم دەقانە بدۆزینەوە تەنیا دووبارەکردنەوەی شتە گوتراوە سادەکانی پێشووتر نەبێت، چونکە شتێک نادۆزینەوە بووبێتە ناسنامە و هێزی دەربڕین و دەقێکی جیاواز.
حەوتەم: دەقەکان هەمان شێوە و فۆرم و پەیامی هاوشێوەی دەقەکانی دیکەی پێشەخۆیان هەیە. تەنیا هەست دەکەم، خودی شاعیرەکان هەم (بیرۆکە و هەم هەندێک دەستەواژە و وشەی)یان پێشتر لەنێو دەقەکانی دیکە خۆشیان بەکارهێنابێت. واتە لە دەقەکانی خۆشیان تێنەپەڕیوون.