وردی دۆ نەدیتە!
نوری بێخاڵی نووسەر/ ڕواندز
لانیکەم بۆ کەسی خوێنەر، ئەدەب لە بنەڕەتدا چەشە و چێژە. بۆیە بڕیاردان لەسەر هەر دەقێک و خاوەنەکەی، پەیوەستە بە جیاوازیی خوێنەران خۆیان.
لەم دیدگایەوە، ڕای خوێنەران لە پەیوەست بە هەر نووسەرێک، بەرهەمی ئەم جیاوازییەیە. جیاوازییەک کە ئەو مافە بە هەر خوێنەرێک دەدات، نووسەری دڵخوازی خۆی هەبێت، بەبێ ئەوەی ئەمە ڕێگای پێ بدات، هەمان ئەو مافە لە خوێنەرێکی تر لە پەیوەست بە نووسەرێکی دیکەی دڵخوازی خۆی، زەوت بکات.
ڕاستییەکەی، هیچ نووسەرێک بۆ هەمووان لە لووتکە و ترۆپکدا نییە. ئەوەی لای تۆ لە ترۆپکە، ڕەنگە لای کەسێکی تر و بەپێی پێوەری ئەم چێژ و چەشەیە (بە مەرجی ئاگایی و هۆشیاری) لە دامێنی دامێنەکان بێت و پێچەوانەکەیشی ڕاستە!
بە واتایەکی ڕوونتر، ڕەنگە نووسەرێک هەبێت لە ئاستی تەکنیکدا لە ترۆپکدا بێت، بەڵام لەباری زماندا وا نەبێت. وەک چۆن لەوانەیە نووسەرێکی دیکە هەبێت لە ئاستی زماندا لە لووتکەدا بێت، بەڵام لەبواری تەکنیکەوە وا نەبێت.
تەنانەت بە لاتەوە ئاسایی بێت، کە خوێنەرێک هەبێت لە یەک کاتدا دوو نووسەر سەرنجی ببەن و سەرسامی بکەن، یەکیان لەبەر توانا زمانییەکەی، ئەوەی تریش بە هۆی توانا تەکنیکییەکەی.
بەوپێیەی هەر نووسەرە و خاوەنی سەبک و ستایل و شێوازی نووسینی تایبەت بە خۆیەتی، بۆیە ئەوەی گوایە فڵان فیساری تێپەڕاندووە و فیسار فڵانی جێهێشتووە، قسەیەکی قۆڕە و هەر کوردەبۆرەیە کە دەرگیری ئەم گرێیە بووە، دەنا لە ئەدەبدا شتێک نییە بەناوی تێپەڕاندن، دەی کێ و لە چی و کوێدا ئەوی دیکەی تێپەڕاندووە؟
تەنیا بۆ نموونە و هیچی تر:
ئایا (حوسێن عارف) (محەممەد مەولوود مەم)ی تێپەڕاندووە یان پێچەوانەکەی؟
(شێرکۆ بێکەس) (عەبدوڵڵا پەشێو)ی جێهێشتووە یان پێچەوانەکەی؟
لە چی و کوێدا یەکیان ئەوەی تری تێپەڕاندووە؟
ئەی بۆچی هێشتا هەر یەکەو خوێنەری خۆی هەیە و هەریەکەیان و بە ڕۆشنایی خۆی، لە ئاسمانی ئەدەبدا دەدرەوشێتەوە؟
ئەی چی بەو کەسەی کە خوێنەری هەردووکیانە و هەر یەکەیانیشی بە هۆکارێکەوە خۆش دەوێت و سەرسامیانە؟
باشە هەر بە جیددی، خوێنەرێک ئەگەر نەخۆش نەبێت و گرێی دەروونی نەبێت؛ بۆ ناتوانێت لە یەک کاتدا ئەگەر (یەشار کەمال و محەممەد ئوزوون، بەختیار عەلی و کاروان کاکەسوور، سەید قادر هیدایەتی و عەتا نەهایی، جان دۆست و حەلیم یووسف/ تکایە دیسان ئەم ناوانەم تەنیا وەک نموونە هێناونەتەوە و بەس!) نەشیانخوێنێتەوە و خۆشی نەوێن، بەڵام لەسەر حیسابی یەکێکیان ڕق لەوەی دیکە هەڵنەگرێت و پێیدا نەڕشێتەوە؟
سەیرە، ئەم سیاسەت و حیزبایەتی و شارچێتی و ناوچەگەرییە چۆن هەموو کایەکانی ژیانی ئێمەیان بۆگەن و سەرڕێژ لە ڕق کرد؟
………………..
تێبینی:
تکایە، هەر یەک لەوانەی لەم کورتە نووسینەدا کە تەنیا وەک نموونە ناوی هاتووە، بەجۆرێک لە جۆرەکان و لە شوێنی خۆیدا، سەروەت و سامان و گەنجینەیەکی گرنگی نەتەوە و نیشتمانەکەمانە؛ شایستەی ڕێز و ستایش و شانازیی پێوەکردنە.