فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دوالیزمی دژیەک لە ڕۆماندا ڕۆمانی “بەندەر فەیلی” وەک نموونە

دوالیزمی دژیەک لە ڕۆماندا

ڕۆمانی “بەندەر فەیلی” وەک نموونە

ئارام سدیق/ نووسەر/ سلێمانی

 

“من لەو باوەڕەدام ڕۆمان دەتوانێ شتێک بڵێ، کە جگە لە ڕۆمان بە هیچی دیکە ناوترێت”

“میلان کۆندێرا”

 

ئەلبێر کامۆ قسەیەکی سەرنجڕاکێشی سەبارەت بە پەیوەندی ئەدەبیات و نائومێدییەوە هەیە دەڵێت: “وشەی ئەدەبیاتی نائومێد دوو وشەن کە یەکتر ناگرن، چونکە لە کوێ ئەدەبیاتی لێ بێت، لەوێ ئومێد هەیە، نەک نائومێدی.”(1) دەکرێت ئەم قسەیە وەڵامێک بێت بۆ ئەو کەسانەی لایانوایە ئەدەبیات جگە لە نائومێدی هیچی دیکە لە هزری مرۆڤدا سەوز ناکات. ساڵانێکی زۆریشە ئەم تۆمەتە دەدەنە پاڵ کارە گێڕانەوەییەکانی بەختیار عەلی و بەبێ هیچ ئەرگۆمێنتێک، ئەوە بڵاو دەکەنەوە، کە خوێنەر لە ئەدەبیاتی بەختیار عەلی جگە لە نائومێدی هیچی دیکە ناچنێتەوە. بەڵام ئایا ئەمە دروستە؟ لەم نووسینەدا تیشک دەخەینە سەر ئەوەی ئایا بەختیار عەلی نائومێدیی دەچێنێت، یان ئاسۆی نوێمان بۆ ده‌كاته‌وه‌؟ لە لایەکی دیکەوە دەمانەوێت بێجگە لە وەڵامی ئەم پرسیارە بچینە لای چەمکێکی گرنگی نێو ئەدەبیات، کە ئەویش “دوالیزمی دژیەک”ـە و بەدوای ڕەنگدانەوەی ئەم چەمکەدا بگەڕێین لە ڕۆمانی “بەندەر فەیلی”یدا، کە ڕۆمانێکە دەتوانین بڵێین ئەزموونێکی جیاوازی ڕۆماننووسینی بەختیار عەلییە. ئەم ڕۆمانە درێژکراوەی ئەو هێڵە ئیشکردنەیە، کە بناغەکەی بە “هەورەکانی دانیاڵ” دەست پێدەکات و لەوێوە دەگاتە “دەریاس و لاشەکان” و پاشانیش بە “داگیرکردنی تاریکی”دا تێپەڕ دەبێت و تا بە “بەندەر فەیلی” دەگات.

من ڕۆمانەکانی دیکەی ئەم ڕۆماننووسە (جگە لەم چوارەی ناوم هێنان) بە هێڵی یەکەمی کارکردنی ئەم نووسەرە دادەنێم، کە هێڵێکە زیاتر کاراکتەرەکان بە کارکردنی دەرەکی بارگاوین و کەمتر لە ناوەوە و بە کارکردە ناوەکییەکان بارگاویی دەبن. لە هێڵی یەکەمدا ئەوە دەرەوەیە، کە مرۆڤ ئاڕاستە دەکات و تاڕادەیەک ڕۆماننووس ناوەوەی مرۆڤی فەرامۆش کردووە (بێگومان ئەم قسەیە بە موتڵەقی ناکەم)، بەڵام هێڵی دووەمی کارکردنی بەختیار عەلی لەگەڵ ئەوەی کارکردنی دەرەوە لەسەر کاراکتەر فەرامۆش ناکات، بەڵام کارکردنی نەستەکی و ناوەوەی مرۆڤ زەق دەکاتەوە و کاریان لەسەر دەکات. ئەمە بێجگە لەوەی لە ڕووی هونەری ڕۆماننووسینەوە ئەزموونەکەی گەلێک پێشکەوتووتر و پتەوترە. واتە هێڵی دووەمی کارکردنی ئەم ڕۆماننووسە دەتوانم بڵێم ناسنامەی ڕۆماننووسێکی جیهانیی هەڵدەگرێت، بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە ڕۆمانەکانی پێشوو هەڵگری ئەوە نین، بەڵام لەم ئەزموونە نوێیانەدا هەست بە گۆڕانی جەوهەریی و پەڕینەوەی تەواوەتی دەکەین لە دونیایەکی بچووکی گێڕانەوەوە بۆ دونیایەکی بەرینتری گێڕانەوە (هەڵبەت وەکو شوێن و کاراکتەر ئەمە دەڵێم، نەک بونیادی فیکریی) و تەیکردنی سەرزەمینی دیکەی گێڕانەوەیی.

 

داگیرکردنی تاریکی چیرۆکی مرۆڤگەلێکە لە سەردەمی فاشیزمی خۆرهەڵاتیدا، کە لە فۆڕمی فاشیزمی تورکییدا خۆی نمایش کردووە

 

بەندەر فەیلی؛ دوای داگیرکردنی تاریکی، دووەم ڕۆمانی ئەم نوسەرەیە سەبارەت بە فاشیزم و فاشیزمی ڕۆژهەڵاتی(2). داگیرکردنی تاریکی چیرۆکی مرۆڤگەلێکە لە سەردەمی فاشیزمی خۆرهەڵاتیدا، کە لە فۆڕمی فاشیزمی تورکییدا خۆی نمایش کردووە. بەڵام بەندەر فەیلی چیرۆکی مرۆڤگەلێکی دیکەیە لە هەمان فەزای فاشیزمی خۆرهەڵاتیدان، بەڵام لە فۆڕمی فاشیزمی عەرەبیدا و لەژێر سایەی دەسەڵاتی بەعسدا. بەندەر فەیلی؛ هەنگاونانە بۆ نوسینەوەی مێژووی فاشیزمی بەعس، بەڵام لە ڕوانگەیەکی دیکەوە و بە ڕوانینێکی دوورمەودا لە مێژووی بەعسیزم. بە دیوێکی دیکەدا بەندەر فەیلی؛ چیرۆکی مرۆڤێکە، کە کارکردی دەرەوە کاری لێ ناکات، یان کاریگەرییەکەی گەلێک کەمە، بەڵکو ئەوەی سەروەر و حوکمڕانی مرۆڤەکەیە ناوەوەیەتی و شەڕی ئەو بەردەوام لە ناوەوەی خۆیدایە، هەر ئەمەشە دواجار چارەنووسی دیاری دەکات.

 

دوالیزمی دژیەک چییە؟

ئەو چەمکەی لە یەکەم دێڕی ڕۆمانی بەندەر فەیلییەوە خوێنەر بەری دەکەوێت چەمکی “دوالیزمی دژیەکە” ئەم چەمکە لەو سەرەتایەوە تا کۆتایی ڕۆمانەکە هاونشینی بەندەر و تەواوی چیرۆکەکانی ژیانییەتی. بەڵام بەر لەوەی ئەوە ڕوونبکەینەوە ئەم چەمکە چۆن بە چیرۆکی بەندەر فەیلییەوە گرێدراوە کەمێک سەبارەت بە چەمکەکە دەدوێم.

دوالیزمی دژیەک؛ یەکێکە لەو چەمکانەی کە بەربڵاوییەکی زۆری هەیە ڕیشەی ئەم چەمکە دەگەڕێتەوە نێو گەردوون و پێکهاتە و کارکردی گەردوون و لە نموونەکانی (شەو و ڕۆژ، گەرم و سارد، بوون و نەبوون…هتد)دا بەری دەکەوین. ڕیشەی ئەم چەمکە دەگەڕێتەوە نێو ئایینەکانیش و هەر ئایینێک لە خۆیدا کۆمەڵێک دوالیزمی دژیەکی هەڵگرتووە، کە خۆیان لە (چاک و خراپ، دیندار و بێدین،…هتد)دا خۆی دەبینێتەوە. ئەمە بێجگە لەوەی ڕیشەی چەمکەکە لەنێو فەلسەفە و زانستەکانی دیکەشدا دەبینینەوە. هەر لێرەشەوە بۆ نێو ئەدەبیات شۆڕ بووەتەوە و بەدەگمەن نووسەرێک هەیە کاری لەسەر ئەم چەمکە دوالیزمیانە نەکردبێت. بەڵام جۆر و چۆنێتی کارکردنەکان هەمیشە جیاوازییان هەیە و سەدان ڕێگە هەیە بۆ ئەوەی ئەم دژانە پێکەوە کۆبکرێنەوە، یان دژ بە یەکتری بەکاربهێنرێن.

سوکرات دوالیزمی دژەکانی بەرامبەر یەک دادەنا و لە جەدەلەکەیدا دەیکردنە پێوانە و پێوەر بۆ یەکتری، واتە سوکرات بابەت و دژەکەی دەکردە جێگای بایەخ و بەرگریکردن

 

“دوالیزمی دژیەک بریتییە لە جیاوازی نێوان دژەکان، یاخود دوو شت، کە لە پێکهاتنیاندا جیاوازی دژبەیەکتر دروست دەکەن.”(3) لە پێناسەیەکی دیکەدا هاتووە “دوالیزمی دژیەک؛ سیستمێکی زمانەوانی و فیکرییە زادەی دژیەکبوونە بەشێوەیەکی تیۆری و ئامانج لێی دەرخستن و ڕوونکردنەوەی دژیەکێکە بەرامبەر دژەکەی”(4) ئەم چەمکە لای فەیلەسووفێکی وەکو هیرۆقلیدس کە (576-480) پێش زایین ژیاوە بڕوای وایە کە “سروشتی جیهان لە کەشتییەک دەچێت کە لێوان لێوە بە دوالیزمی دژیەک و چەندین نموونەی بۆ ئەمە هێناوەتەوە. سەرەتا لە باڵاترین بوونەوەرەکانەوە بۆ نزمترینیان. خودا ڕۆژ و شەوە، زستان و هاوینە، جەنگ و ئاشتییە، تێری و برسێتییە، شتە ساردەکان دەبنە گەرم و شتە گەرمەکان سارد دەبنەوە” (5) ئەمانە و چەندین نموونەی دیکە ئاماژە پێ دەدات، کە نموونەی بەربڵاویی ئەم چەمکە و بوونی دەسەلمێنێت لە بوونییەتی گەردووندا.

دوالیزمی دژیەک لای سۆفستاییەکان جۆرێکی دیکەیە و لای ئەوان “بابەتەکانی دوالیزمی دژیەکیان وەک هۆکار و کەرەستەیەک دەگرتەبەر بۆ قەناعەتپێکردنی نەیار و بەرامبەرەکانیان تا لە کۆتاییدا یەکێک لە دوالیزمە دژیەکەکانیان سەردەخست بەسەر ئەوی دیکەدا.(6)

سوکرات دوالیزمی دژەکانی بەرامبەر یەک دادەنا و لە جەدەلەکەیدا دەیکردنە پێوانە و پێوەر بۆ یەکتری، واتە سوکرات بابەت و دژەکەی دەکردە جێگای بایەخ و بەرگریکردن. پاش سوکرات ئەفلاتوون وەک گەورەترین فەیلەسوفی سەردەمی خۆی ئاماژەی بە دوالیزمی دژیەک وەک بنەمایەکی فەلسەفی شیکاریی داوە. هاوکات بنەمای دوالیزمی دژیەک لای ئەریستۆ بە (مبدئ المبادئ) ناودەبرێت. بە واتایەکی دیکە دەربڕی پایە سەرەکییەکانی بوونە.(7)

ئەم چەمکە لای فەیلەسوفانی هاوچەرخیش ڕەنگدانەوەی بەرچاوی هەبووە و لای هیگڵ لە چەندین چەمکدا خۆی دەردەخات، کە دیارترینیان دوالیزی ئاغا و کۆیلەیە. هەروەها “کانت” باوەڕی وابوو، کە ناتوانین هیچ شتێک تەنها لە خودی خۆیەوە بناسین و پەی پێ بەرین بەبێ پەیبردن بە دوالیزمە دژەکەی بەرامبەری، (دژ) بە واتا پۆزەتیڤەکەی کە مەبەستمان لە پۆزەتیڤ ئەوەیە، کە هەر شتێک بوونی (فعل) و حەقیقەتی هەبێت ئەوا لە ناخی خۆیدا چەندین ڕەگەزی دژ بەیەکی کۆکردووەتەوە، هەر بۆیە ناسین و پەیبردن لای کانت پەیبردنە بە شتەکان وەک یەکەیەکی زیندوو، کە لە پارچە پێکهاتەی جیاواز و دژبەیەک پێکهاتووە.(8)

ئەم چەمکە تەنها لە گەردوون و نێو فەلسەفە و ئاییندا قەتیس نابێت، بەڵکو دێتە نێو ئەدەب و ژیانی ڕۆژانەشەوە و ئەمە ئەو دیدگایە دروست دەکات، کە ئەم چەمکە لە هەموو جێگەیەکە. لەنێو ئەدەبدا لە هەموو ژانرەکاندا ڕەنگدانەوەی هەیە و لە ئەدەبی کوردیدا بەر لەوەی لە دەقی گێڕانەوەییدا بەکارببرێت لە شیعری کلاسیکی کوردیدا لە چەندین دەقدا بەری دەکەوین. هەتا لە زۆرجێگەدا دوالیزمی دژیەک وەکو ناسنامەی دەقی شیعریی کلاسیکی دەردەکەوێت، کە بەکارهێنانەکان ئەوەندە بەربڵاون، کە لێرەدا پێویست بە نموونە ناکات.

زۆرجار ناونیشان دەبێتە کلیلی کردنەوەی کۆدە شاراوەکانی دەق و نووسەر ناونیشانی مەبەستداری بەکار هێناوە

 

ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێ بکەین ڕەنگدانەوەی دوالیزمی دژیەکە لەنێو ڕۆمانەکانی بەختیار عەلیدا و پرسیاری ئەوە بوروژێنین ئایا ئەم چەمکە لە ڕۆمانەکانی دیکەدا ڕەنگدانەوە نییە، بێگومان ناتوانم بڵێم لە هەموو ڕۆمانەکانیدا ڕەنگدانەوەی نییە و لە هەموو ڕۆمانەکانیدا بە ئاستی جیاوازی بەکاربردن و کارکردن (وەک ئەوەی دەقەکە خواستوویەتی) ڕەنگدانەوەی هەیە. دیارترین بەکاربردنی ئەم دوالیزمە لە ڕۆمانەکانیدا دەتوانم ئاماژە بە دوالیزمی (هەقیقەت/ وەهم) بدەم لە ڕۆمانی “دەریاس و لاشەکان”دا. کە بونیادی ڕۆمانەکە، یان یەکێکە لە پایەکانی بونیادی ڕۆمانەکە لەسەر ئەم دوالیزمە ڕۆنراوە و خودی ئەم دوو چەمکە دژە لەسەر هەردوو کەسایەتی سەرەکی “دەریاس و ئەلیاس” کاریگەریی هەیە، یان دابەشبووی دونیای نێو ئەم دوو چەمکەن. هەروەها لە ڕۆمانی “شاری مۆسیقارە سپییەکان”دا دوالیزمی دژیەکی “قوربانی و جەلاد” یەکێکە لە چەمکە سەرەکییەکانی بونیادی فیکریی رۆمانەکە و ناتوانین بەبێ قسەکردن لەسەر ئەم چەمکە باس لەو ڕۆمانە بکەین. بەڵام ئایا کارکردنی ئەم چەمکە لە ڕۆمانی “بەندەر فەیلی”دا بە هەمان شێوەیە، یان چۆنە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە، کە ئێمە دەمانەوێت بەدوای وەڵامەکەیدا بگەڕێین و هاوکات ئەوەش ڕوونبکەینەوە بۆچی ئەم چەمکە لەم ڕۆمانەدا لە هەموو ڕۆمانەکانی دیکەیدا زەقترە و شایستەی هەڵوەستە لەسەرکردنە.

 

دوالیزمی دژیەک لەناونیشاندا

پرسیار سەبارەت بە ناونیشانی دەق پرسیارێکی فەرامۆشکراوی نێو دونیای نووسین و ڕەخنەی ئەدەبی کوردییە. فەرامۆشکردنی ئەم بەشەی دەق، تەنها فەرامۆشکردنی بەشێکی بچووکی دەق نییە، بەڵکو فەرامۆشکردنی بەشێک لە تێگەیشتنە لە دەق. زۆرجار ناونیشان دەبێتە کلیلی کردنەوەی کۆدە شاراوەکانی دەق و نووسەر ناونیشانی مەبەستداری بەکار هێناوە و بەبێ کردنەوەی ئەو کۆدانە ناتوانرێت لە بەشێک لە نهێنییەکانی دەقیش تێبگەین. بۆیە کاتێک نووسەران و لێکۆڵەران فەرامۆشی دەکەن وەکو ئەوەیە دەرگایەک بەڕووی خۆیاندا دابخەن، کە لە دەق و تێگەیشتن لێی، نزیکیان دەکاتەوە.

ناونیشان لە هەر دەقێکدا و لە هەر ژانرێکدا ئەرکێکی هەیە و دەشێ وەزیفەی ناونیشان لە لێکۆڵینەوەیەکی زانستیدا تەنها بۆ گەیاندنی پەیامێکی ئاگادارکردنەوە بێت، یان لە دەقێکی دیکەدا جۆرێک لە ناسنامە بەخشین بێت بە دەقەکە. بەڵام ڕەگەزی ناونیشان لە دەقی ئەدەبیدا و بەتایبەتیش لە دەقی گێڕانەوەییدا هەڵگری ڕەهەندی دیکە و وەزیفەی دیکەشە.

وەک دەزانین یەکێک لە ڕەگەزە گرنگ و سەرەکییەکانی هەر دەقێک “ناونیشان”ـە. ناونیشان سەرەتا و دیپاجە، یان کلیلێکە لە کلیلەکانی دەق، یاخود پرۆسەیەکی پەیوەندییە و دەرگایەکە بۆ چوونە ناو دەق. ناونیشان دەشێ وشەیەک، یان دەستەواژەیەک، یان ڕستەیەک بێت، ملکەچە بۆ چەندین ئەگەری دەلالی جیاواز، ئەمە لەڕێی لێکدانەوە و دەلالەتەکانەوە دیاری دەکرێت.(9)

ناونیشان بە گشتی بونیادێکی سەربەخۆ و بونیادێکی بچووککراوەیە، یان ئەویش دەقێکی بچووک و چڕکراوەی زمانییە. بەڵام مەرجیش نییە بچووکراوەی بونیادی دەق بێت.(10) هەر یەک لە جاک درێدا و لوسیان گۆڵدمان ناونیشان بە سوورەیای دەق دەچوێنن، کە دەتوانێت ڕێگە و کەلەبەرە تاریکەکانی خوێندنەوەی دەق ڕووناک بکاتەوە و لەسەرەوە تیشک بهاوێژێتە سەر بەشێکی زۆری ڕووبەری دەق”.(11) بەڵام لەگەڵ ئەم وەزیفانەی لەسەرەوە بۆ ناونیشان دیاریکرا، ناونیشان وەزیفەیەکی ئیستاتیکیشی هەیە. کە بەشێکە لە جوانکاری دەق و دەتوانێت بە وزەیەکی ئیستاتیکیانەوە خوێنەر بەرەو لای دەق ڕابکێشێت.

ڕەنگە هیچ نووسەرێکی کورد هێندەی بەختیار عەلی بە گرنگییەوە ناونیشانی بۆ تێکستەکانی هەڵنەبژاردبێت، ئەم نووسەرە لە ڕیزی پێشەوەی ئەو نووسەرانەیە، کە ناونیشانی سەرسامکەر و نهێنیئامێز بەکار دەهێنێت. بەجۆرێک کە خوێنەر هەر بە بینینی ناونیشانی ڕۆمانەکانی هەست بە هێمائامێزیی دەکات و لەوێوە بەرەو دونیای دەقەکە خوێنەر پەلکێش دەکات، کە ئەمە یەکێکە لە وەزیفە سەرەکییەکانی ناونیشانی دەق.

 

بە وردبوونەوەی زیاتر لە ناونیشانەکە و لێکدانەوەی واتایی و گەڕانەوە بۆ مێژووی پڕ کارەساتی فەیلییەکان بۆ ناونیشانەکە هەست بە دژبوونی ئەم دوو وشەیە دەکەین

ناونیشانی ڕۆمانی “بەندەر فەیلی” ناونیشانێکە تا ڕادەیەکی زۆر سەرسامکەرە. لە ڕووی واتاییەوە “بەندەر” ئەو جێگەیەیە کە کەشتییەکان لێی دەوستن و خاڵی وەستان و ئارامبوونەوەیە. لێرەدا هەڵگری ناوی کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەیە، کە تەواوی ژیانی لەنێو زینداندا بەسەر دەبات و ئەو ساتە کەمانەشی کە لە زیندان دوور دەکەوێتەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە زیندانی دیکەدایە. واتە بەندەری “بەندەر” زیندانە. ئیدی لەنێو زیندانی ڕاستەقینەدا بێت، یان لە نێو مزگەوتێکدا. یان لای مامۆستای خۆشنووس، یان لە نەخۆشخانەی ئەمریکییەکان. زیندان ئەو بەندەرەیە، کە “بەندەر”ی کاراکتەر کەشتی ژیانی بۆ هەر جێگەیەک ئاڕاستە بکرێت ئەویش لەوێ پێشوازیی لێدەکات.

بەشی دووەمی ناونیشانەکە “فەیلی” وشەیەکی لەبیرکراو و فەرامۆشکراو، ئاماژە بۆ بەشێک لە کۆمەڵگەی عێراق کە وەدەرنراون و وڵاتبەدەر کراون. ئەوان جێگەیەک لە وڵاتەکەی خۆیاندا نەبووە ئارامی تێدا بگرن و “بەندەر”ێک نەبووە ببێتە لانکەی ئارامیی بۆیان. لێرەوە دوالیزمی دژیەک هەر لە ناونیشانی ڕۆمانەکەدا ڕەنگدانەوەی هەیە. بە وردبوونەوەی زیاتر لە ناونیشانەکە و لێکدانەوەی واتایی و گەڕانەوە بۆ مێژووی پڕ کارەساتی فەیلییەکان بۆ ناونیشانەکە هەست بە دژبوونی ئەم دوو وشەیە دەکەین لەگەڵ یەکتریدا.

بە کورتی ناونیشان لەم ڕۆمانەدا هەر بە ڕاگوزەر دانەنراوە و پەیوەستییەکی زۆری بە هەناوی دەقەکەوە هەیە، بۆیە بەبێ وردبوونەوەی زۆر لە ناونیشان ڕەنگە بەشێکی زۆری کۆدەکانی تێکستەکەش بەڕووی خوێنەردا نەکرێتەوە.

 

دوالیزمی دژیەک و چەمکەکان

دوالیزمی دژیەک لە ڕۆماندا، یان لە تێکستی گێڕانەوەییدا جیاوازە لە هەر ژانرێکی دیکە بەو پێیەی تەنها وەزیفەی ئەوە نییە وشە دژەکان ڕێکبخات، یان هارمۆنییەتی نێوانیان لە ڕووی واتایی و ڕیتمەوە بسازێنێت. بەڵکو جۆرێک کارکردنە لە ڕووبەرێکی گەورەتردا بەو پێیەی دەشێت ئەم دژیەکییە لە کاراکتەرسازیی، بونیادی چیرۆکەکەدا، یان لە فیکر و ژیانیاندا، یان لە هەر پنتێکی دیکەی ڕۆمانەکەدا ڕەنگدانەوەی هەبێت. ڕەنگدانەوەی دوالیزمی دژیەک لە ڕۆمانی بەندەر فەیلیدا بەتەنها لەسەر یەک ئاست نییە، بەڵکو لەسەر کۆمەڵێک ئاستی جیاوازە، کە هەوڵ دەدەین لەم بەشەی نووسینەکەماندا لێی بدوێین.

لە بەندەر فەیلیدا بەدەر لەوەی لە ناونیشاندا ئاماژەمان پێدا ئاماژەکانی دوالیزمی دژیەک بەناڕاستەوخۆیی هەر لە دەستپێکی ڕۆمانەکەوە هەستی پێدەکرێت، بەڵام لە جێگەیەکی ڕۆمانەکەدا ئاماژەیەکی ڕوون و ڕاستەوخۆ هەیە بۆ دوالیزمی دژیەک لەو جێگەیەی نووسەر دەنووسێت: “مرۆڤ لە لەدایکبوونییەوە مەخلوقێکی پارچە پارچەیە، لە لەدایکبوونییەوە پڕ لە هەستی دژ بەیەک.”(12) ئەمە ئەو جێگەیەیە، کە نووسەر ڕاستەوخۆ تێمەی دوالیزمی دژیەک دەردەبڕێت. بەڵام ڕەنگدانەوەی ئەم پرسە لەنێو زۆرێک لە چەمکە پێکهێنەرەکانی پشت چیرۆک و ئایدیاکانی ڕۆمانەکەدا هەستی پێ دەکرێت.

ساتەوەخستی دەستپێکی ڕۆمانەکە ساتەوەخستی دەرکەوتنی دوالیزمی دژیەکی (مەرگ و ژیان)ـە. ئەو چرکەساتەی دایکی بەندەر فەیلی لە سێدارە دەدرێت و حوکمی مەرگی بەسەردا دەسەپێنرێت هەر لەو چرکەساتەدا بەندەر لە هەناوییەوە دێتە دەرەوە. یان ڕوونتر بڵێم لەگەڵ “مردن”ێکدا “ژیان”ێک دەست پێ دەکاتەوە. ئەمە چرکەساتی یەکەمی ڕۆمانەکە و چرکەساتی خەمڵینی هەموو دژەکانی دیکەی نێو ڕۆمانەکەیە، کە دەتوانم بڵێم دوالیزمی “مەرگ و ژیان” دوالیزمە بنەڕەتەکەی ڕۆمانەکەیە، بەڵام ئامانجەکە شتێکی دیکەیە. ڕەنگدانەوەی ئەم دوالیزمە لە جێگەیەکی دیکەشدا خۆی مانیفێست دەکات لەو جێگەی بەندەر بە سوتفە بەر کاراکتەری “سەکینە” دەکەوێت. دوای ئەوەی بەندەر خۆی بەم کاراکتەرە دەناسێنێت و دەڵێت من لەم زیندانە لە دایکبووم. ئەویش بە تۆنێکی غەمگینەوە دەڵێت: “تۆ لێرە لە دایکبوویت، بەڵام من لێرە دەمرم”(13) لێرەشدا بەر دوالیزمی “مەرگ و ژیان” دەکەوینەوە ئەو دوالیزمە بنەڕەتییەی کە نووسەر دەخوازێت بەتەواوی لە هزری خوێنەردا بیچەسپێنێت.

 

 

نووسەر دەیەوێت ئەو بازنەیەی فاشیزمی تێدایە و دەیەوێت دڵڕەقی بچێنێت ئیدی ئەو دڵڕەقییە لە هەموو جێگەیەک ڕەنگدانەوەی هەیە

دووەم دوالیزمی دژیەک لەم ڕۆمانەدا دوالیزمی “میهرەبانی و دڵڕەقی”یە. دەرکەوتنی ئەم دوالیزمە هەر لەسەرەتای ڕۆمانەکەوە و لەڕێی هەردوو کاراکتەری ئوم سەلوم و ئوم حاریس-ـەوە دەبێت ئەوکاتەی ئەم دوو خزمەتگوزارە بەشێک لە ئەرکی بەخێوکردنی ئەم منداڵەیان دەکەوێتە ئەستۆ، بەڵام ئەمان بە ساردوسڕیی و دوور لە سۆزی دایکانە؛ کە لە هەموو ئافرەتێک چاوەڕێ دەکرێت کاتێک ئەرکی منداڵ بەخێوکردنێکی پێ دەسپێردرێت، بەڵام لەم ڕۆمانەدا بەو پێیەی “هیچیان بە هەستی دایک و بە سۆزی بەخێوکردنی کۆرپەی خۆیان کارەکەیان نەکرد”(14)، دەرکەوتنی ئەم دوو کاراکتەرە پاککەرەوەیە لە زیندانەکە دوای لە دایکبوونی بەندەر خوێنەر دەکەوێتە بیری ئەوەی دەرووی ڕەحمەت لە بەندەر کراوەتەوە، بەڵام ڕۆماننووس لەڕێی ئەمانیشەوە پەیامێکی دیکەی هەیە، کە ئەویش پەیامی گەیاندنی نەبوونی بەزەییە. لێرەدا خوێنەر چاوەڕوانی میهرەبانییە لەم دوو کارمەندە پاککەرەوەیە، بەڵام بەجۆرێک لە جۆرەکان بەر دڵڕەقی دەکەوین. هەر پەیوەست بەم دوالیزمەوە کاتێک بەندەر دەچێتە ماڵی “نەجلا” هاوسەری مامۆستا فوئاد شەبیب. خوێنەر چاوەڕانی ئەوەیە نەجلا باوەشی سۆز و میهرەبانیی بۆ بەندەر بکاتەوە، بەڵام نووسەر دیسان ئەو چاوەڕوانییەی خوێنەر دەپوکێنێتەوە و لەوێدا نەجلا نەک سۆز و میهرەبانی، بەڵکو گەلێک دڵڕەقانە مامەڵە لەگەڵ بەندەردا دەکات و لەبری ئەوەی لای خۆی داڵدەی بدات دەیباتە نزیکترین بنکەی پۆلیس و تەسلیمی دەکاتەوە. لێرەدا نووسەر دووجار ئەم دوالیزمی “میهرەبانی و دڵڕەقی” بەکار هێناوە. جارێک ئەو تێڕوانینەی بۆ دایک/ئافرەت هەیە، کە هەمیشە میهرەبان بێت، بەڵام لێرەدا وەها نییە. جارێکی دیکە بەندەر کەسێکی قوربانییە و لە هەموو بارودۆخێکدا ئەگەری ئەوە هەیە لە هەموو جێگەیەکدا و لەلایەن هەموو کەسێکەوە بەتایبەت “خێزانی مامۆستا فوئاد”ـەوە بە سۆزەوە پێشوازی لێ بکرێت. بەڵام ئایا لە ڕۆمانەکەدا بۆچی ئەمە ڕوو نادات؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەتوانین بڵێین نووسەر دەیەوێت ئەو بازنەیەی فاشیزمی تێدایە و دەیەوێت دڵڕەقی بچێنێت ئیدی ئەو دڵڕەقییە لە هەموو جێگەیەک ڕەنگدانەوەی هەیە. ئەوەی بەندەر لە زیندان بەردەوام وانەی دڵڕەقی پێ دەوترێتەوە (دواتر وردتر لەسەر ئەم چەمکە دەوەستم) و لەلایەن سیستمی سیاسی و ئیداریی زیندانەوە دەخوازن مرۆڤێکی جەلادی لێ بەرهەم بهێنن، ئەمە نیوە گۆیەکی بازنەکەیە. لەم نێوانەدا سیستمە کۆمەڵایەتییەکەی ژێر دەسەڵاتی سیستمە سیاسییەکەش کە لە ماڵی مامۆستا فوئادەوە و لە ڕێی نەجلای هاوسەریەوە نوێنەرایەتی دەکرێت دەبێتە بەشێکی دیکەی تەواوکاری بازنەی فاشیزم بەتایبەت، کە نەجلا کارمەندی شارەوانییە و وشیارییەکی تەواوی هەیە بە لەدەستدانی هاوسەرەکەی کە دژ بەو سیستمە وەستاوە، بۆیە ناتوانێت بەندەر لە خۆ بگرێت و باوەشی سۆز و میهرەبانی بۆ بکاتەوە. بەشی کۆتایی تەواوکاری بازنەی فاشیزم دەرکەوتنی فیگۆری مامۆستای ئایینییە. لەم ڕۆمانەدا لە دوو جێگەی جیادا مامۆستای ئایینی دەردەکەوێت. جارێک لەنێو زینداندا بۆ تەڵقیندانی مردووەکان، کە لێرەدا ڕۆڵی تەواوکاریی بۆ سیستمی فاشیستی دەبینێت. جارێکی دیکەش کە بەندەر فەیلی لە دەرەوەی زیندان بە هاوکاری هاوڕێیەکی دەبرێتە لای مەلایەک لە مزگەوتێکدا. لەوێشدا دڵڕەقی مامۆستای ئایینی دەگاتە ئەو ئاستەی کە ڕۆژانە سواڵ بە بەندەر بکات و بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاری بهێنێت. واتە نیوە گۆی دووەمی بازنەی فاشیزم بە دیوە کۆمەڵایەتی و دیوە ئایینییەکەی دەبێتە بازنەیەکی تەواوی فاشیزم و دەتوانین ئەم چوار بنەمایە وەکو چوار بنەماکەی فاشیزم لە ڕۆمانی بەندەر فەیلیدا ناوبنێین. ئەگەر سەرنج بدەین لە وێنەکەدا ڕوونکراوەتەوە.

 

دوالیزمی “ئازادی و کۆیلایەتی”، یان “ئازادی و دیلێتی”، یەکێکی دیکەیە لە دوالیزمە سەرەکییەکانی دیکەی نێو بەندەر فەیلی. بەندەر ئەو مرۆڤە زیندانیکراوەیە، کە هەم ئەزموونی دیلێتی دەکات و هەم ئەزموونی کۆیلەیەتی. ئەوەی بەندەر لە بەندکراوانی دیکە جیا دەکاتەوە تاڵەموویەکی بچووکە، ئەویش ئەوەیە کە چاوەڕوانی مردن نییە و دەزانێت لەسێدارە نادرێت. لەم نێوانەدا دەرفەتی ئەوەی هەیە فێربوون ئەزموون بکات (بێگومان ئەمەش خواستی سەرەوە و بەرپرسانی باڵادەستە، نەک بڕیاری بەرپرسانی زیندان). لە ڕێی فێربوونەوە بەندەر بە دوو خاڵ دەگات یەکەم دەبێتە مرۆڤێکی غەمگین. دووەم خەونی ئازادی لە هزریدا سەوز دەبێت. بەندەر لە ڕێی وانەکانی مامۆستا فوئادەوە چاوی دەکرێتەوە و ئەویش خەونی ئەوەیە، کە “فێری یەکەمین هەوڵی ئازادی بکات”(15) یەکێک لە ترسەکانی بەڕێوەبەرانی زیندان ئەوەیە، کە لەکاتی پرۆسەی فێربووندا بەندەر دەبێتە بوونەوەرێکی غەمگین ئەمەش دەبێتە ترس بۆ بەڕێوەبەر و دارودەستەکەی ئەمە ئەو سەرەتایەیە، کە بەندەر فێری ئەوە دەبێت لەو جێگەیەی ئەوی لێیە چی دەگوزەرێت ئەوەی ڕوودەدات سڕینەوەی مرۆڤە و جۆرێک یاریی نییە، کە ڕۆژانە دووبارە ببێتەوە. بۆیە لە زاری بەڕێوەبەرەوە ئەوە دەدرکێنرێت کە “منداڵەکە بەختەوەر نییە وەکو جاران بە دیمەنی جێبەجێکردنی فەرمانەکان [سێدارە] دڵخۆش نییە”(16)، یەکێک لە ئیشەکانی فاشیزم ئەوەیە کاتێک کۆیلە بەرهەم دەهێنێت بەتەنها بە بەرهەمهێنانی کۆیلە ڕازی نییە، بەڵکو لە هەوڵی ئەوەدایە کۆیلەی دڵخۆش بەرهەم بهێنێت. بەڵام کاتێک ئەمەی دەست ناکەوێت هەست بە هەڵەیەک دەکات لە جێگەیەکدا، بۆیە گومان لە پرۆسەی فێربوون لای بەندەر دەکەن.

یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی مامۆستا کە لەم ڕۆمانەدا ئاماژەی پێدراوە تەنها ئەرکی فێرکردن نییە، بەڵکو ئەرکی پەروەردەکرنە، مامۆستا فوئاد لەگەڵ ئەرکە فێرکارییەکەیدا ئەرکە پەروەردەییەکەشی جێبەجێدەکات ئەمە ئەو جیاوازییەیە کە لەنێو سیستمی پەروەردەی عێراقدا هەیە، کە مامۆستا تەنها ئەرکی فێرکارە، نەک پەروەردەکار. ئەم مامۆستایە وشیارە بەوەی بەندەر پێویستی بە چییە دەیەوێت لەسەر ئەو پێویستییە پەروەردەی بکات، کە ئەویش بیرکردنەوەیە لە ئازادی و چەقنەبەستنە لەو دۆخە زیندانیی و کۆیلەیەتییەی. فوئاد خەونی ئازادی و ڕاکردن دەخاتە سەری بەندەرەوە، هەرچەندە دواجار ئەمەش ئاشکرا دەبێت وەکو مامۆستایەک بەڕوونیی بە سەید دەڵێت: “باوەڕم بەوە نەبوو پلانەکە سەر بگرێت، تەنیا ویستم منداڵەکە فێر بێت بیر لە ئازادی خۆی بکاتەوە، بیر لەوە بکاتەوە ڕۆژێک لێرە بچێتە دەرێ.”(17) بەڵام کاتێک سەید وەکو نوێنەری دەسەڵاتی تۆتالیتاریی دەدوێت ئەوە بە فوئاد دەڵێت کە “ئازادی چی بۆ تۆ هێناوە تا منداڵە بەدبەختەکە بخەیتە سەر کەڵکەڵەی وا، ئازادی جگە لە بەدبەختی چی بۆ بەشەرەکان هێناوە.”(18) لێرەدا ڕۆماننووس دژ بە سیستمی پەروەردە و فێرکاری دەوڵەتی پاشکەوتوو و دیکتاتۆریی کاراکتەری مامۆستایەک لە زیندان زەق دەکاتەوە، کە تەنها مامۆستایەکی فێرکار نییە بەڵکو پەروەردەکارە و ئەو پەیامە پەروەردەییەی هەڵگرتووە تا دواهەناسەی لەبەر پەتی سێدارە ڕێنمایی بەندەر دەکات کە پێی دەڵێت “ڕۆژێک لە ڕۆژان سەردەکەویت، کۆڵمەدە بەندەر فەیلی قسەکانی منت بیر بێت”.(19)

بەرپرسانی زیندان لەسەرەتای ڕۆمانەکەوە تا کۆتایی خەونی ئەوە دەبینن مرۆڤێکی کۆیلە بەرهەمبهێنن، بەمەش ئەوان تەنها وانەی کۆیلەبوون و دیلێتی بە بەندەر ناڵێنەوە، یان تەنها لەسەر دڵڕه‌قی و بێهەستیی ڕایناهێنن، بەڵکو کۆمەڵێک وانەی دیکەی پێدەڵێن کە من بە “وانەکانی دژە ئازادی” ناوی دەبەم. لە هەر وانەیەکدا جۆرێک سووکایەتی بە ئازادی دەکەن و ئازادبوون وەک جۆرێک لە بەدبەختی، یان جۆرێک لە سەرگەردانیی وەسف دەکەن. جارێک وانەی ئەوەی پێدەڵێت، کە پێویستە مرۆڤ لە هەر دۆخێکدا بێت هەر لە شوێنی خۆی بێت “باشترین جۆری ژیان ئەوەیە، مرۆڤ لە جێگای خۆی بمێنێتەوە، ئەوە باشترین جۆری ژیانە… وانییە، مرۆڤەکان بۆ فێرنابن بە ژیانی خۆیان ڕازی بن.”(20) ڕازیبوونی مرۆڤ بە یەکجۆر ژیان وەستان لە جێگەیەکدا جۆرێکە لە دۆگمابوون، کە ئەنجامەکەی کۆیلەبوونە و سیستمە دیکتاتۆرییەکانیش ئەمەیان دەوێت و بەمە بەردەوامیی بە تەمەنی خۆیان دەدەن. ئەمە وانەی سەرەکیی دژە ئازادبوونی ئەوانە. ئەوان بەندەر دووجار دیل دەکەن و لەنێو زینداندا دووبارە زیندانیی دەکەن و ئەو کەشەی پێشتر بۆی ڕەخسابوو و بە حەوشی زیندان و چەند جێگەیەکدا هاتوچۆ بکات ئەوەشی لێ قەدەغە دەکرێت و دەبێتە “زیندانی نێو زیندان”. واتە ئەگەر لەسەرەتادا بەر لەوەی ئەزموونێکی کەمی ئازادی بکات و لە زیندان هەڵبێت کەمێک ئازادی گەڕانی بەنێو زیندانەکەدا هەبووبێت پاش ئەوە ئیدی جووڵە بینینی کەسانی دیکەی بەتەواویی سنووردار دەکرێت و لەوێدا بەندەر دەکەوێتە دۆخێکەوە، کە زیاتر لە ئامێرێک دەچێت تا مرۆڤ بەو پێیەی دۆخێک ئەزموون دەکات، کە ئیدی کەس ناناسێتەوە و جوڵەی و هەستکردنیشی بەتەواوی سنووردار دەبێت.

 

حەزی ژیان و مردن لە بەندەردا هاوشانی یەک لە درێژبوونەوەی بەردەوامدان

 

یەکێکی دیکە لە دوالیزمەکانی ژیانی بەندەر دوالیزمی “حەزی ژیان” و “حەزی مردنە” ئەمەش ئەوکاتە دەردەکەوێت، کە ئەو ڕقێکی زۆری لە بەڕێوەبەری زیندانە و مردنی ئەو بەئاوات دەخوازێت، بەڵام ئەوکاتە لە ساڵی 1991دا زیندانەکە بەر بۆردومان دەکەوێت و بەڕێوەبەر دەکەوێتە ژێر داروپەردووی ڕووخاوی زیندانەکەوە، بەندەر لەو کەسانەیە کە گوێی لە نوزەی دەبێت و تیمی فریاگوزاریی بۆ دەهێنێت تا ڕزگاری بکەن. بەندەر لە دوو هەستی دژ بە یەکدا لێرەدا دەردەکەوێت سەرەتا حەزی ئەوەی بەڕێوەبەر بمرێت، (دەرکەوتنی حەزی مردن) بەڵام لەوساتەدا کە هەستی کرد کەسێکی ڕزگار کردووە خۆشحاڵ دەبێت. لێرەدا کاراکتەری بەندەر دژ بەو ژینگەیەیە کە تێیدا گەورە دەبێت، کە ژینگەی ئازاردان و لە سێدارەدان و کۆیلەکردنی مرۆڤەکانە، بەڵکو ئەو تەواو پێچەوانەی ئەو سیستمە دیکتاتۆرییە ڕۆڵی ڕزگارکەر دەبینێت و حەزی ئەو لە مردنی بەڕێوەبەرەوە دەبێتە کەسێک کە تەنانەت ڕقی لە وشەی مردن دەبێتەوە. لێرەدا “حەزی ژیان”، یان ژیاندۆستی تێدا سەوز دەبێت.

بەڵام ئەو ژیاندۆستییەی بەندەر ئەوکاتە دەگۆڕێت بۆ مەرگدۆستی کە نووسینی لێ زەوت دەکەن و دەڵێت “دەمەوێت بمرم”(21) بەڕێوەبەر بە ڕوونیی ئەوە دەخاتەڕوو، کە ئەوە چارەسەرێکی گونجاوە بۆی، بەڵام ئەو دەسەڵاتی ئەوەی نییە لەسێدارەی بدات، بەندەر بوونەوەرێکە مەحکومە بە ژیان، بەڵام ژیانێکی سەپێنراو و جۆرێک لە دیلێتی، یان کۆیلەیەتی، کە ژیانێک بێت جۆلانێ بکات لەنێوان ژیان و مردندا، بۆیە حەزی ژیان و مردن لە بەندەردا هاوشانی یەک لە درێژبوونەوەی بەردەوامدان. بەڵام زۆرجار مرۆڤ ئەوکاتە نامرێت کە ڕۆح لە جەستەیدا نامێنێت، بەڵکو ئەوکاتە دەمرێت، کە مەحکومە بە ژیانێک کە ئارەزوومه‌ندی ئەو نییە، یان سەپێنراوە بەسەریدا. بەندەر لە چەشنی ئەو بوونەوەرانەیە، کە ژیانێک دەژی سەپێنراوە بەسەریدا و ئیختیاری خۆی تێدا نییە.

خاڵێکی دیکەی جیاوازیی دوالیزمی دژیەک لەم ڕۆمانەدا ئەو هەستە ناکۆکەی ناوەوەی مرۆڤەکان، کە ڕۆماننووس لە کاراکتەرێکی وەکو عەبیردا دەریخستووە. عەبیر ئەو خاتوونەیە کە ژنی باوکی بەندەرە و ڕقێکی زۆری لە بەندەرە و چاودێریکەرێکی نهێنی تەواوی ژیانی بەندەرە بەو پێیەی مێردەکەی عاشقی دایکی بەندەر بووە ئیدی ڕقی بێکۆتایی ئەم ئافرەتە لە دایکی و بەندەر درێژ دەبێتەوە، کە بەندەر لە دایک دەبێت ئەم یەکێکە لەو کەسانەی ئاڕاستەکەری ژیانی بەندەرە، نەک کەسێکی دیکە. بۆیە لەڕێی عەبیرەوە ئەو هەستی ناکۆکی و دژبەیەکییە ناوەکییە نێو مرۆڤ مانیفێست کراوە. عەبیر بەردەوام ترسی لەوە هەبووە، کە بەندەر ئازاد بکرێت و بێت تۆڵەی خۆی و دایکی بکاتەوە، یان هەڵبێت و ون بێت و ئەم هیچی لەبارەوە نەزانێت. ئەم کاراکتەرە بەردەوام مرۆڤێکی ڕاڕا و بێقەرار و پڕ لە هەستی ناکۆک و دژبەیەک بووە، بەڵام نەیهێشووە ئەم شتانە لە ڕووخسار و دەرەوەیدا دەربکەوێت.”(22) هەر بۆیە دیلبوونی بەندەر تێرکردنی ئەو هەستی ناکۆکییە بووە، کە نەیتوانیوە لەڕێی دایکییەوە تێری بکات و لەڕێی بەندەرەوە بەوە گەیشتووە.

بێگومان ڕۆمانەکە تژییە بە گەلێک دوالیزمی دژیەکی دیکە و دەتوانین گەلێک چەمکی دیکە ڕیز بکەین وەکو تاریکی و ڕووناکی، یان “ڕق و خۆشەویستی”، ژیان و کوشتن”، “ئازار و خۆشی” و چەندانی دیکەی لە بەشەکانی دواتردا ئەوەندەی دەرفەت هەبوو ئاماژە بە بەشێک لەم چەمکانە دەکەین.

 

لە عەشقەوە بۆ ئازادی

یەکێکی دیکە لەو چەمکانەی لە کۆنسێپتی ڕۆژهەڵاتی و دواتریش ئەم ڕۆمانەدا وەکو دوالیزمی دژیەک دەردەکەون، چەمکی عەشق و ئازادییە. عەشق لەم ڕۆمانەدا بەندەر بەرەو ئازادی ڕاستەقینە پەلکێش دەکات. بەندەر تەنها لەڕێی عەشقەوە دەتوانێت ئەزموونی ڕاستەقینەی ئازادی بکات. بەمەش ڕۆماننووس خوێنەر دەخاتە بەردەم دوالیزمێکی دیکە، کە “عەشق و ئازادی”یە. عەشق لە ڕۆژهەڵات زۆرجار و لە زۆر ئەزموونی گەورەی عاشقە ناودارەکاندا جگە لە کۆیلەبوون و تەسلیمبوونی تەواوەتی هیچی دیکەی بەرهەم نەهێناوە. تەنانەت لە ئەزموونی شێخی سەنعاندا تەسلیمبوونی تەواوەتی دەبینین بۆ مەعشووقەکەی، بەڵام لای بەندەر عاشقبوون ئەزموونکردنی ئازادییە. ئەوکاتە بەندەر لە زیندان عاشقی نەدا بوستانی دەبێت و ئیدی ئەم عەشقە بەرەو کۆیلەبوون و دیلێتی نایبات، ئەگەرچی ئەم عەشقە لای بەندەر هەر کۆتایی نایەت، بەڵام یەکەم تروسکەیەکە، کە خەونی ئازادی و هەڵهاتن لە زیندان لە هزری بەندەردا سەوز دەکات و باڵی ئەوەی پێدەدات بیر لە فڕین لەو زیندانە تاریکە بکاتەوە. بەندەر بە خەونی گەیشتن بە “نەدا”وە دەکەوێتە کەڵکەڵەی هەڵهاتن لە زیندان و دواتر دۆزینەوەی، بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەنجامی عەشقەکە نییە، کە بە نائومێدبوونی بەندەر کۆتایی دێت، بەڵکو ئەوەی گرنگە ئەوەیە، کە عەشق دەبێتە بزوێنەری خەونی ئازادی لای ئەو مرۆڤەی کە هەموان دەیانەوێت کۆیلەی بکەن و مەحکومە بە دیلێتی.

 

سیستمە تۆتالیتار و فاشیستییەکان، بەردەوام پێویستیان بە جەلادی نوێ هەیە. لەگەڵ ئەوەی زیندانەکەی بەندەر پڕ لە جەلاد و پیاوکوژه‌

 

دوای هەڵهاتنی بەندەر کاتێک نەدا لە دەرەوەی زیندان بەندەر دەبینێتەوە سەرسام و واقوڕماو دەپرسێت ئازادیان کردیت؟ ئەویش وەڵام دەداتەوە و دەڵێت “ئازاد، کەس ئازادی نەکردووم، لە زیندان هەڵهاتووم تا بێم زەماوەند بکەین”(23) بەڵام ئەم عەشقەش کۆتا وێستگەی گەڕانی بەندەر نییە بۆ ئازادی، چونکە ئەو گەشتی بەردەوامی هەیە بۆ ئازادی تا ڕۆژێک بە سادەییەکی گەنجانەوە لەسەر بەرچایی لە حاجی عەبود دەپرسێت “حاجی دەتوانیت فێرم بکەیت چۆن ئازاد بم؟”(24) حاجی سەرسامانە سەیری دەکات و دەڵێت ئەوە نییە تۆ ئازادیت، شوکر خۆ حەپس نیت، لە زیندان گیرت نەخواردووە”(25) بەندەر بە غەمگینییەوە دەپرسێت “یەعنی ئەمە ئازادییە؟” حاجی بە ئەسپایی دەڵێت لەمە زیاترت بوێت ترسناکە”(26) بەندەر بەم فۆرمە لە ئازادی کە جۆرێکە لە ئەزموونکردنی کۆیلەیەتی بەو پێیەی بەیانی تا شەو هەر لە جێگایەک لە پشت دوکانێکەوە تەنها خەریکی کێشانی نیگارەوشە و خەتخۆشیی و نووسینی جۆراوجۆرە، کە تەنها وێنەی ڕستە و ئەو وشانە دەگرێت، کە بۆی دەهێنن، نەک ئەوەی قسەی دڵی خۆی بکات، یان ئەزموونی ڕاستەقینەی ئازادی بکات. بۆیە بەندەر لەوێش ئەو هەستەی هەیە، کە هێشتا هەر دیلە. بۆیە هەمان شەو لەسەر جێگاکەی بە گریانەوە دەڵێت: “نا ئەمە ئازادی نییە… ئازادی شتێکی ترە کە من و حاجی عەبود نایزانین”.(27) ئازادی لای بەدەر دەبێتە ئەو گرێکوێرەیەی هەر بەدوایەوەیەتی و دەیەوێت ئەزموونی ڕاستەقینەی ئازادی بکات.

کاتێک بەندەر دەگیرێتەوە لە دوکانی خۆشنووسییەکەی حاجی عەبود دیسان دەیەوێت لەنێو زینداندا ئەزموونی خۆشنووسیی دەست پێ بکاتەوە، بەڵام ڕێگەی نادەن و بەندەر داوا دەکات بنووسێت و نووسین وەکو جۆرێک لە ئەزموونکردنی ئازادی، یان دەرچەیەکی ئازادی دەبینێت، بەڵام پێیدەڵێن “ناتوانیت بنووسیت، ئیتر زەمانی بەندەری خۆشنووس بەسەرچووە.”(28) ئیدی لەو چرکەیەوە نووسین وەکو هێزێک بۆ ئازادی لە بەندەر زەوت دەکرێت.

 

وانەکانی دڵڕەقی

کەنعان مەکییە لە کتێبی “کۆماری ترس” و “دڵڕەقی و بێدەنگی”دا، لە زۆر جێگەدا دەگەڕێتەوە سەر چەمکی دڵڕەقی. ئەو لە هەردوو کتێبەکەدا دەیەوێت دڵڕەقی و ترس لە سەردەمی دەسەڵاتی حزبی بەعسدا لە عێراق نیشان بدات و لە ڕێی گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو کەسانەی کە بەرکەوتەی ئەو سیستمەبوون گەلێک ڕووخساری دڵڕەقی و ترس دەخاتەڕوو، چیرۆکەکانی مەکییە لە جێگەی جیا و سەر بەنەتەوەی جیان، بەڵام هاوبەشن لەوەدا کە یەک دەسەڵات چەوساندوونییەتییەوە و لە سایەی یەک سیستمدا چەوساندنەوەیان ئەزموون کردووە. مەکییە لە پێناسەی دڵڕقیدا ئەوە دەخاتەڕوو کە “دڵڕەقی پرۆسەیەکی تایبەتە و ئاراستەی جەستەی مرۆڤەکان دەکرێت. دڵڕەقی کردەیەکی شەخسییە و ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی تاکەکان بەجێدێڵێت.”(29) ئەو دوو پێناسەیەی دڵڕەقی بۆ کۆی سیستمی دیکتاتۆری عێراق دروستە، بەڵام ژیانی بەندەر فەیلی لەنێو زینداندا کەمێک جیاوازترە. ئەو ئازاری جەستەیی نادرێت، لەبەر ئەوەی زیندانی نییە و هیچ حوکمێک بەسەریدا ناسەپێنرێت، بەڵکو ئەو ئامانجێکە بۆ ئەوەی فێری دڵڕەقیی بکرێت و دواجار جەلادێکی لێ بەرهەم بهێنرێت.

سیستمە تۆتالیتار و فاشیستییەکان، بەردەوام پێویستیان بە جەلادی نوێ هەیە. لەگەڵ ئەوەی زیندانەکەی بەندەر پڕ لە جەلاد و پیاوکوژه‌، بەڵام بەڕێوەبەرانی زیندان هەر لە قۆناغی منداڵیی ژیانی بەندەرەوە پلانیان بۆ ئەوە داناوە بیکەنە جەلاد. یەکەم وانەی دڵڕەقی و بە جەلادبوون ئەوکاتە دەست پێدەکات، کە بەندەر بەرەو ژووری سێدارە دەبەن و دەیانەوێت مەراسیمی لە سێدارەدان ببینێت. بەندەر دوای بینینی یەکەم لەسێدارەدان و دەستدان لە جەستەی لەسێدارەدراوان یەکەم وانەی دڵڕەقیی پێدەوترێت. بەڵام بەندەر لەم وانەیەدا نەخۆش دەکەوێت و تا دوو ڕۆژ ژیانی ئاسایی نابێتەوە.

وانەکانی دیکەی دڵڕەقی تاڕادەیەک کاریگەریی لەسەر بەندەر دروست دەکەن و ئیدی لەکاتی لە سێدارەداندا وەکو جاری یەکەم نابورێتەوە و لێرەوە هەست بە چەسپاندنی وانەکانی دڵڕەقیی دەکەین. ئەم قۆناغە درێژ دەبێتەوە تا ئەوکاتەی دەیانەوێت ببێتە جەللاد، بەڵام بەندەر ئەو ئامادەییەی نییە، چونکە خۆی قوربانییەکی هەمیشەیی سیستمی تۆتالیتارییە. ئەم ڕۆمانە پێماندەڵێت: مەرج نییە هەمووجارێک قوربانییە هەمیشەییەکان ببنەوە بە جەللاد، بەڵکو دەشێ بۆ هەمیشەیی لە فۆرمی قوربانیدا بمێننەوە. بەڵام بەدبەختی بەندەر لەوەدایە کە وانەکانی دڵڕەقیی تەنها لە سەردەمی بەعسدا وەرناگرێت، بەڵکو وەکو پێشتر ڕوونمان کردەوە لەگەڵ وانەکانی دڵڕەقیدا لەنێو سیستمی سیاسی و ئیداریی زینداندا، هاوکات لەنێو سیستمی ئایینی و کۆمەڵایەتیشدا وانەکانی دڵڕەقیی بەردەوامیی هەیە، هەروەها دوای کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی بەعسیش لەسەر دەستی ئەمەریکییەکان و میدیاکارانی دوای ڕژێمی بەعسیش دیسان بەر وانەی نوێی دڵڕەقی دەکەوێت، بەر ئەو وانانە دەکەوێت، کە مرۆڤ تەنها لە چوارچێوەی ئەجێندایەکی سیاسیدا بەهای هەیە و ئەوە سیاسییەکانن (لە پێناو بەرژەوەندیی تایبەتدا) بەها بە شتێک بۆ ماوەیەکی کاتی دەدەن و هەر خۆشیان کە کارەکەیان تەواو بوو بێ بەهای دەکەنەوە. بەندەر ئەو قوربانییەیە کە ڕۆژگار گەلێک دڵڕەقانە لەگەڵیدایە و ئەو بۆ هەمیشەیی ناتوانێت میهرەبانیی ئەزموون بکات و هەموان لەگەڵیدا دڵڕەق و بێبەزەیین.

لێرەوەیە کە پرسیاری ئەوەی بۆچی تەواوی کاراکتەرەکانی ئەم ڕۆمانە هەموو مرۆڤی دڵڕەقن و ئەو کاراکتەرە کەمانەشی کە دڵڕەق نین هێز و هەیمەنەی زۆریان نییە. پیشاندانی دڵڕەقی وەکو یەکێک لە ئەجێنداکانی تۆتالیتارییەت لە تەواوی ئەم ڕۆمانەدا کاری لەسەر کراوە. ئەم ڕۆمانە، ڕۆمانی پیشاندانی دڵڕەقییە، بەڵام میهرەبانیشی فەرامۆش نەکردووە. هەموان لە کارمەندانی زیندانەوە تا مامۆستای ئایینی و تا “خاتوو نەجلا”ی هاوسەری فوئاد شەبیب و ئەو مامۆستا ئایینییەی چەند مانگێک بەندەر لە مزگەوتێکدا دەگرێتە خۆی و پاشتریش ئەو هێزە دەرەکییەی بەناوی ئازادی و ئومێدەوە دێت تەنها نمایشکی ئازادیی و ئومێد دەکات.

فاشییزم هەموو ڕۆژێک وانەی نوێی دڵڕەقیی بەرهەمدێنێت. فاشیزم لەسەر بڵاوکردنەوەی دڵڕەقیی و وانە نوێکانی دەژی. لێرەدا چەند وانەیەکی دڵڕەقیی نێو ڕۆمانی “بەندەر فەیلی” ئاماژە پێدەدەین.

وانەکانی دڵڕەقیی نێو کارخانەی دڵڕەقیی بۆ بەندەر زۆرن، بەڵام یەکێک لەو وانانە ئەوەیە بەڕێوەبەر دەیەوێت هیچ بەزەییەک لە بەندەردا نەهێڵێت و بە بەندەر دەڵێت “تۆ چەندین ساڵە لەنێو مردندا دەژیت، دەبوو گوێ نەدەیت بە ژیانی کەس، دەتەوێت وەکو کەسێک ڕەفتار بکەیت کە دڵت پڕە لە بەزەیی، ئەم جێگایەی ئێمە شوێنی بەزەیی تیا نابێتەوە.”(30) ترسی سیستمی تۆتالیتاری ئەوەیە مرۆڤەکان دڵیان بەزەیی تێدا بێت، بۆیە کار بۆ کوشتنی بەزەیی دەکەن لە دڵی مرۆڤەکاندا و هەرکات بەو مەرامە گەیشتن ئەوە ئیدی گەیشتوونەتە ترۆپک. وانەیەکی دیکەی دڵڕەقی ئەوەیە کە بەندەر لەگەڵ مەحکوم و پیاوکوژەکاندا تێکەڵی دەکەن، تا سروشتی دڕی ئینسانەکان ببینێت. چونکە دەیانەوێت بەو سروشتە دڕە بارگاوی بکەن و بۆ هەمیشەیی وشەی “بەزەیی” لە دڵی بەندەردا ڕیشەکێش بکەن. بەڵام ئەو لەژێر ئەو هەموو فشارەدا داوای ئەوە دەکات چیتر بەشداریی مەراسیمی جێبەجێکردنی حوکمەکان نەکات، کە بەسەر مەحکومەکاندا جێبەجێی دەکەن. بەڵام سەید پێیدەڵێت “ئەوە سزای تۆیە”(31)  دواجار ئەوانە مەبەستیان ئەوەیە لەڕێی ئەو وانانەوە مرۆڤێکی بەعسی بەرهەم بهێنن، نەک مرۆڤێک کە بەعسی نەبێت، چونکە شوناسی بەعسیبوون دڕبوون و بێبەزەییبوون و دڵڕەقییە. ناسینی سەرۆک و پیشاندانی وەکو مرۆڤێک کە بۆ دادپەروەریی تێدەکۆشێت وانەیەکی دیکەی کۆرسی دڵڕەقییە، کە بەندەر مەحکومە بە وەرگرتنی. وانەیەک کە بەڕێوەبەر دەیەوێت دڵڕەقیی بگەیەنێتە ترۆپک ئەوەیە کە لە سێدارەدانی مامۆستاکەی ببینێت. ئەمە ئەو خاڵەیە کە بەڕێوەبەر دەیەوێت قورس بەسەر بەندەردا بشکێتەوە و بەندەر بچێتە ڕیزی جەلادان و پەت بکاتە ملی مەحکومکراوان. بەڵام ئەمە دیوێکی پێچەوانە وەرده‌گرێت و بەندەر لەکاتی جێبەجێکردنی حوکمەکاندا خەیاڵاوی تر ده‌بێت. لە سێدارەدانی لوئەی منداڵترین بەندکراوی مەحکوم بەسێدارە و یەکێک لە نزیکترین هاوڕێیانی بەندەر وانەیەکی دیکەی کارخانەی دڵڕەقیی زیندان بوو و لەوێوە دەیانویست کار لەسەر ڕیشەکێشکردنی هەست و سۆزی بەندەر بکەن.

دۆخی بەندەر چەشنی ئەو بوونەوەرەیە کە ڕۆژانە بەردەوام و لە چەندین لاوە و بە چەندین شێوە وانەی دڵڕەقیی پێ بوترێتەوە، بەڵام ئەو هیچ کام لەو وانانە کارێکی وەهای لێ ناکەن ببێتە دڕندە ئەو سەرەڕای دۆخی نالەباری خۆی تەنها پرسیار بکات، یان گومان لە شتەکان بکات و دواجاریش خۆشەویستیی ببەخشێتەوە.

 

 

دوالیزمی دژیەکى ئومێد و نائومێدی

پرسی ئەوەی ڕۆڵی ڕۆماننووس لە دەقێکی گێڕانەوەییدا لە کوێدایە پرسێکی گرنگە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجی منە ئەوەیە ڕۆماننووس لە کوێی ڕۆماندا بیر دەکاتەوە؟ بەشێک لە لێکۆڵەران ڕایانوایە ڕۆماننووس دابەش دەبێت بەسەر هەموو پنت و جێگەیەکی ڕۆمانەکەدا و ڕۆحی خۆی لەنێو هەموو جێگەیەکی چیرۆک و کاراکتەرەکاندا ئاوێتە دەکات. بەشێکی دیکە لە لێکۆڵەران ئەوە دەخەنەڕوو ڕۆماننووس تەنها لە ڕێی یەکێک لە کاراکتەرەکانەوە، یان لەڕێی گێڕەرەوەوە دەنگی خۆی دەگەیەنێت و دەنگەکانی دیکە دەنگی ئەو نین و جیاوازن. هاوکات بۆچوونێکی دیکەش هەیە پێیوایە ڕۆماننووس هێزێکی شاراوەیە لەپشت تێمەی سەرەکی ڕۆمانەوە و دەکرێت ئەو هێزە لە تەنها ڕستەیەکدا خۆی بەیان بکات، یان لە جێگەیەکدا و لە زاری کاراکتەرێکەوە (ئەگەرچی لاوەکیش بێت) بخرێتەڕوو.

بۆ ئەوەی ڕوونتر لە پەیامی ئەم بەشە بگەین بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە چەند نموونەیەک دەهێنمەوە، کە پێموایە تاڕادەیەک دەبێتە هۆی ڕوونکردنەوەی ئەوەی پەیوەست بە بەندەر فەیلییەوە مەبەستمە. گابریل گارسیا مارکیز-ی ڕۆماننووس، یەکێک لە چەسپێنەرانی ڕیالیزمی جادوویی لە ڕۆمانی “سەد ساڵ تەنیایی”دا کۆی ئەو ڕووداوە سەیروسەمەرانەی خولقاندوویەتی و کۆی ئەو کاراکتەرانەی دروستیکردوون تەنها لەپێناو یەک ڕستەدایە، کە لە پەرەگرافی کۆتایی ڕۆمانەکەدا دەریدەبڕێت ئەویش ئەوەیە کە “هەر کۆمەڵگەیەک لە ماوەی سەد ساڵدا توانای خۆنوێکردنەوەی نەبێت، بۆ ئەبەد ناتوانێ خۆی نوێ بکاتەوە”.(32) ئەمە ئەو ڕستەیەیە کە مارکیز لەو ڕۆمانەدا تەواوی بیرکردنەوەی خۆی تێدا دادەڕێژێت و هەموو حیکایەت و چیرۆکەکانی ڕۆمانەکە بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو ڕستەیە و دەربڕینییەتی لەو ناوکۆییە جێگیرەدا. هاوکات ئەرنست هەمەنگوای لە ڕۆمانی “پیرەمێرد و زەریا”دا کۆی چیرۆکەکەی لەپێناو یەک ڕستەدا چڕ دەکاتەوە، یان بابڵێم کۆی بیرکردنەوەی “ڕۆماننووس” لەو ڕستەیەدا خۆی بەیان دەکات، کە دەڵێت “دەشێ مرۆڤ تێکبشکێت، بەڵام هەرگیز نابەزێت”.(33) دەشێ ئەو قسانەی لێکۆڵەرانی بواری ئەدەبیات سەبارەت بە دەنگ و بیرکردنەوەی ڕۆماننووسان دەیخەنەڕوو ڕاستییان تێدا بێت، بەڵام لەم دوو نموونەیەوە ئەوە ڕوون دەبێتەوە، کە دەشێ بیرکردنەوەی ڕۆماننووسێک لە تەنها ڕستەیەک، کە تێمەی سەرەکی ڕۆمانەکەیە بخوێنینەوە. بەڵام سەرەڕای خستنەڕووی ئەم دوو نموونەیەش هێشتا ڕێسایەکی جێگیرمان نییە بۆ ئەوەی دەنگی ڕۆماننووس لەنێو ڕۆمانەکەیدا بدۆزینەوە و دەشێ هەر ڕۆماننووسەی بە شێوەیەک کاربکات، یان ئەگەر درووستر بدوێین دەشێ لە هەر ڕۆمانێکدا لە جێگەیەک بۆ دەنگ و بیرکردنەوەی ڕۆماننووس بگەڕێین.

 

خودی ئەم نائومێد نەبوونی نووسەر دەبێتە ئومێد و ئەمە ئەو ئومێدەیە، کە بەختیار عەلی لەم ڕۆمانەدا دەیچێنێت

 

ئێستا دەچینەوە لای قسەکەی ئەلبێر کامۆ، کە لەسەرەتای ئەم نووسینە خستمانەڕوو و ئەو پرسیارە دەکەینەوە ئایا ئەدەبیاتی بەختیار عەلی نائومێدیی بەرهەم دەهێنێت؟ ئێمە لێرەدا لەبەر ئەوەی تەواوی تیشکمان لەسەر بەندەر فەیلییە تەنها ئەم ڕۆمانە وەکو نموونە وەردەگرین بە وردبوونەوە لە کۆی ڕۆمانەکە و دوا خاڵەکانی گەیشتنی ئەم ڕۆمانە بە کۆتایی ئەوە ڕوون دەبێتەوە ئەوەی ئەم نووسەرە بەرهەمی دەهێنێت ئەگەرچی پیشاندانی دیوێکی تاریکی ژیان و دڵڕەقیی تاکەکان و دڕندەیی سیستمی سیاسیی عیراقە، بەڵام کۆی ئەم دیدگایانە ناگەنە ئەوەی نووسەر نائومێدیی بڵاو بکاتەوە، یان با بڵێین لە کۆتا مەبەستدا ئەوەی ڕۆماننووس بەرهەمی دەهێنێت نائومێدیی نییە، چونکە ئەم ڕۆماننووسە نائومێد نییە لەوەی تاکی عێراقی ببێتە تاکێکی هێمنی بیرکەرەوە. تاکێک کە دەتوانێت جەلاد نەبێت، ئەگەرچی سیستمی سیاسی و ئیداریی و ئایینی و کولتووری بیانەوێت بیکەنە جەلاد و ڕۆژانە وانەی دڵڕەقیی پێ بڵێنەوە، بەڵام ئەو دەتوانێت جەلاد نەبێت. خودی ئەم نائومێد نەبوونی نووسەر دەبێتە ئومێد و ئەمە ئەو ئومێدەیە، کە بەختیار عەلی لەم ڕۆمانەدا دەیچێنێت. ڕوونتر بدوێم ئەوەی بەختیار عەلی لەم ڕۆمانە تاریک و ترسناک و دڵڕەقەدا دەیەوێت بیخاتەڕوو نائومێدیی نییە، بەڵکو لە دەنگی ڕۆماننووسدا ئومێدێک هەست پێدەکەین، کە هەر ئەمەیە دەنگی ڕاستەقینەی ڕۆماننووس.

بێگومان ئەگەر بەختیار عەلی لەم ڕۆمانەدا بەندەری تەسلیمی ئەو دڵڕەقییە بکردایە، کە دامودەزگای سیاسی و ئایینی و کولتووریی دەیانەوێت و کاریان بۆ کردووە، ئەوا ئێمە لەبەردەم تێکستێکی تەقلیدیدا دەبووین. وەکو ئەوەی بەشێک لە ڕۆماننووسان بانگەشەی کۆپیکردنی واقیع دەکەن و بەناوی گێڕانەوە و کۆپیکردنی واقیعەوە ئیدی بیریان دەچێت واقیعە گریمانکراوەکە، یان واقیعی نێو هزریان بنووسنەوە. بەختیار عەلی دێت و واقیعی و ڕاستینە تێدەپەڕێنێت و واقیعی گریمانکراوی نێو هزری خۆی، کە واقیعێکە پڕ لە ئومێد بە نەوەیەکی دوور لە توندوتیژی و سێدارە. نەوەیەک خەونێکی جیاواز بە سەرزەمینێکی جیاوازی دوور لە بوون بە جەلادەوە ببینێت بەرهەم دەهێنێت. بەختیار عەلی لەم ڕۆمانەدا ئەوە دەسەلمێنێت، کە نووسەر کۆپیکاری واقیع نییە، بەڵکو خولقێنەری واقیعی خۆیەتی. دەیەوێت بیسەلمێنێت کە ڕۆماننووس دوای واقیع ناکەوێت و دووبارە بەرهەمی ناهێنێتەوە، بەڵکو لەڕێی ئەو واقیعەوە خەونی جیاواز دەبینێت و واقیعێکی دیکە دەخولقێنێت. بۆیە دوالیزمی دژیەکى ئومێد و نائومێدی، دوالیزمێکە لەنێو هەموو دوالیزمەکانی دیکەدا هەستی پێدەکەین و ئاوێتەی هەموو بەشەکانی ڕۆمانەکە و چیرۆکەکەیە و لەگەڵ خوێنەردا تا دوا وشەی ڕۆمانەکە گەشتی خۆی دەکات. بۆیە ئەگەر دوالیزمی مەرگ و ژیان دوالیزمە بنەڕەتەکە بێت، ئەوا دوالیزمی دژیەکى ئومێد و نائومێدیی دوالیزمە سەرتاپاگیرەکەی نێو ڕۆمانی بەندەر فەیلییە.

 

لەبری کۆتایی

برایان ماگی چاوپێکەوتنێکی سەرنجڕاکێشی لەگەڵ “ئایرێس مێردۆک” کردووە و لەوێدا مێردۆک بە گەلێک پرسیاری قەشەنگ دەوروژێنێت لە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکاندا مێردۆک سەبارەت به‌پێگە و کارکردنی کاری هونەرییەوە دەڵێت “هونەری گەورە ڕزگارکەرە، چونکە توانای ئەوەمان دەداتێ دەرەوەی خۆمان ببینین و چێژی لێ وەربگرین. ئەدەب مەیلی گەڕان و پرسیارمان لا دەوروژێنێت.”(34) ئەگەر قسەگشتییەکەی مێردۆک تایبەت بکەینەوە بۆ ڕۆمان دەتوانین بڵێین بۆ گەلێکی وەکو ئێمە کە خاوەنی هونەر و سینەمایەکی هێندە بەرز نین دەشێ ڕۆمان هونەرە گەورە ڕزگارکەرەکە بێت و بەندەر فەیلیش ئەو خاڵە بێت کە دەیەوێت ژیانێکی فەرامۆشکراو و بوونێک لە سووچی لەبیرکردندا لە فەرامۆشیی ڕزگار بکات و چاوێکی دیکەمان بداتێ کە دەرەوەی خۆمان ببینین، کە وێرانبوونی ژیانێکە لە تەنیشتمان بەبێئەوەی ئاگاداری بین.

بەندەر فەیلی؛ خاڵی وەستان و هەڵوەستەکردنە بەڕووی فەرامۆشیی ژیانێکدا کە ساڵانێکی زۆرە لەبیرمان کردووە و ئەو عەزاب و چەوساندنەوەیە لە زاکیرەماندا سڕاوەتەوە.

 

 

پەراوێز و سەرچاوەکان:

 

1- ئەلبێر کامۆ، ئەزموونەکان- وتار و نامە، ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە، چاپی یەکەم 2017. ل37

2- فاشیزمی رۆژهەڵاتی، چەمکێکە نووسەر پیشتر لە کتێبی “ڕەخنە لە عەقڵی فاشیستیدا بە وردی لەبارەیەوە دواوە. خوێنەر دەتوانێت بۆ ئەو کتێبە بگەڕێتەوە.

3- لهۆن قادر عەبدولڕەحمان، دوالیزمی دژیەک لە هۆنراوە لیرکییەکانی مەولانای ڕۆمی و مەولەوی تاوەگۆزیدا، ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە، چاپی یەکەم 2014. ل24

4- هـ.س.پ. هەمان لاپەڕە

5- هـ.س.پ.ل83

6- هـ.س.پ. 84

7- هـ.س.پ.ل88

8- هـ.س.پ.ل91

9-د. لوقمان ڕه‌ووف، دەقی شیعری کوردی لە ڕوانگەی سیمۆلۆژییەوە، دەزگای ئایدیا، چاپی یەکەم 2016، ل283

10-بێستوون عارف قادر، بابەت و تەکنیکی خواستراو لە ڕۆمانی کوردی باشوری کوردستاندا، چاپی یەکەم 2022. ل276

11-نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، ئەزموونی خوێندنەوە، دەزگای چاپ و پەخشی سەرەم، چاپی یەکەم 2006،  ل75

12- بەختیار عەلی، بەندەر فەیلی-ڕۆمان، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانی 2022، ل44

13- هـ.س.پ.ل74

14- هـ.س.پ.ل11

15- هـ.س.پ. ل102

16- هـ.س.پ. ل103

17- هـ.س.پ. ل113

18- هـ.س.پ. هەمان لاپەڕە

19- هـ.س.پ. ل115

20- هـ.س.پ. ل218

21- هـ.س.پ. ل345

22- هـ.س.پ. ل452

23- هـ.س.پ.ل334

24- هـ.س.پ.ل347

25- هـ.س.پ. هەمان لاپەڕە

26- هـ.س.پ. هەمان لاپەڕە

27- هـ.س.پ. هەمان لاپەڕە

28- هـ.س.پ. هەمان لاپەڕە

29- کەنعان مەکییە، دڵڕەقی بێدەنگی، و: حەمە ڕەشید، دەزگای چاپ و پەخشی سەرەم، چاپی یەکەم، 2005 ل28

30- بەختیار عەلی، بەندەر فەیلی، ل222

31- هـ.س.پ.ل240

32- گابریل گارسیا مارکیز، سەد ساڵ تەنیایی، و: ئەحمەدی مەلا، ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە، چاپی یەکەم 2016. ل692

33- ئەرنست هەمەنگوای، پیرەمێرد و زەریا-ڕۆمان، و: شێرکۆ بێکەس، دەزگای چاپ و پەخشی سەرەم، چاپی دووەم، 2003 ل124

34- کۆمەڵێک نووسەر، لەگەڵ عەقڵی خۆرئاوادا، و: ئازاد بەرزنجی، دەزگای چاپ و پەخشی سەرەم، چاپی دووەم، 2021 ل314