فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ چیرۆکی گەشتی ئێوارانی بڵوار

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ چیرۆکی
گەشتی ئێوارانی بڵوار

نووسینی ناسر وەحیدی/ بۆکان

خوێندنەوەی خەبات ڕەسووڵی/  نووسەر/  سوێد

قەتم وەک ئەم ئێوارێیە نەدیت بوو، قەتیش باوەڕم نەدەکرد ئاوا بێ، تەنانەت ئێستاش کە بە چاوی خۆم دیتوومە. کابرایەکی دەسفرۆش و سێ چوار کوڕە جحێڵە ئاگایان لێ بوو، لەوانەی ئێواران خۆیان تیفتیفە دەدەن، بۆ چاوەچاو دێنە بڵوار. کابرای دەسفرۆش لەگەڵ هەرای شتومەکەکەی پێدەکەنی، دەم وفڵچی بۆ کۆ نەدەبۆوە. یەکی بۆزی چاوشین بوو، لایەک لە خلێنەی
خوارەوەی نەمابوو. ددانی تەنیشتی و خلێنەی سەرێی کرمۆڵ بوون. یەکێک لە کوڕە جەحێڵەکان بارانییەکی بۆری دابوو بە سەر دەستیدا، بە پەنجەی پێی لەسەر ڕیتمی دەستی ئەو ئاهەنگی لێدەدا؛ وەک ئەوەی ڕێبەری سەمفۆنی بێ و سیانەکەی تریش سەیریان دەکرد و دەتریقانەوە.
پیادەڕەوەکانی بڵوار زۆر پان و بەرفەریحن. جامخانەی هەموو دووکانەکانی بە جوانترین شێوە و بە سەلیقە ڕازاونەتەوە. ئێواران دەبێتە قەرەباڵغییەکی سەیر، سەگ ساحەبی خۆی ناناسێتەوە. ژن و پیاو لە ناو پیادەڕەوەکەدا شەپۆل دەدەن. دەبێ وەک مەڕ سەر بنێیەوە وەدووی ئەوی پێش خۆت بکەوی، ئەگینا دەرچوون مەحاڵە. شەپۆلی مرۆ وەبەر خۆت دەدا، ڕاتدەماڵێ. ئەگەر بتەوێ لە سووچێکەوە بچییە سووچێکی تری پیادەڕەوەکە، شانت وە دەیان شانی دیکە دەکەوێ، لاتراسکە دەبەستی. جەماوەر چەشنی مێش لەم پیادەڕەوە پوورە دەدەن.
جوان ترین کچ و ژنی ئەم شارە بۆ سەودا و کڕین ڕوو لەم شوێنە دەکەن. وەک ئەوەی بڕیارێکی نهێنی لە ئارادا بێ و ماڵ بەدەریان کەن، دەڕژێنە ئەو پیادەڕەوانە. جوانترین لیباس لەبەر دەکەن، وەک ئەوەی بچنە شایی. هەموو جۆر ئاڕایش: تۆخ، سووک. بە مۆدی جۆراوجۆر، قژە سەری ڕەنگاورەنگ.
ئافرەتی سوور، سپی، کاڵ، سەوزە، ڕەش ئەسمەر، گۆشتن، باریک، باڵابەرز، کورت، ناسک و ترووسک. حەیا لە پیاو هەڵدەگرن. کوڕانیش بۆ خۆڕانان دانامێنن و چی وا لە ژنان کەم ناهێنن. سەر ڕەنگ کردن، قژ درێژکردن و دانانی ڕیشی سەیر و سەمەرە. هەڵواسینی موتوموورووی ڕەنگاوڕەنگ و هەمەجۆر تەنانەت دەموچاو هەڵگرتن و سووراو و سپیاویش؛ بە چەشنێ کە هەڵواردنی نێر و مێ کارێکی ئاستەمە. پیادەڕەو دەبێتە تالاری فەشەن و خۆڕانان، پیادەش دەبێتە مانکەن. بۆنی عەتر و دەرمانی ژنان و ئارەقە و هاسکەهاسک بە
کەلەبەرەکانی پیادەڕەودا کوولان دەکات.
چاوەکانی بەڵەکن و زەق، بە قەرایی هەڵماتێکی زل. بە کل دەیانڕێژێ، بۆیە گەورەتر دەکەونە بەر چاو. سەری کوڵمی خڕ و سوورە وەک تەماتەیەکی دەستەی تورت. کۆتێکی پەشمی شین، کڵاوی کاموا، جووتێک پێڵاوی چەرم کە چوار نمرە لە لاقی زلتر لە پێ دەکا، لە ڕۆیشتندا دەیخشکێنێ. سمێڵی نییە،ئەغڵەب وردەڕیشێک بە دەموچاوییەوە دەبیندرێ. دەستەکانی چکۆلەن.
لاوێچی دەکات و بەرەو ڕووت دێ، دەینێتە بەردەمت. گنەگنێک دەکات، هەست دەکەی دەمی یان لووتی دەبێتە شارە زەردەواڵە، وزەوزێکی لێ دێت. ڕەنگە هەر لووتی بێ، چون دەمی ئەوندە ناکاتەوە کە بزانی بە دەم قسە دەکات. تەنیا چرکەساتێک لە بەردەمت دەوێستێ و دەڕوا. کوتە کاغەزێک، قونچکە سیگارێک لە هەر سووچێکی پیادەڕەوەکان بکەوێ، هەڵیدەگرێتەوە دەیخاتە ناو سەتڵی زبڵ یان قاناوەکان. تەنیا ئیستێک لە بەردەمت دەوێستێ، هەر ئەوندەی سپیایی چاوی ببینی. ملی بە لارەوە دەنێ، ڕوو دەکاتە کەسێکی تر. من ئەودەم و ئێستایش لام وایە دەتوانێ ببێتە هاوشارییەکی بەشەڕەف، ئەرکی خۆی وەک سپوورێکی باش بەجێ بێنێ.
ئەو ئێوارێیە کۆتێکی پەشمی شینی لە بەردا بوو، دەستی لە ناو قۆڵەکانیدا ون ببوو. کڵاوێکی کاموا و پاتۆڵێکی مۆری لە پێدا بوو. لەپڕ چاوم پێی کەوت. بە سەر شانی ڕاستەیدا ڕوو لە باکوور ڕووخا و کەوتە سەر پشت. سێ چوار کوڕە جحێڵە لە تەنیشتی بوون، سەیریان دەکرد. لەگەڵ ئەوەی قەتم بەم شێوەیە نەدی بوو، چاوەڕوانی ئەوەم دەکرد چاوەکانی سپی هەڵگەڕێ و بە مۆلەق
بوێستێ، کەف هەڵخڕێنێ و وەلینگەفرتێ کەوێ. دەیزریکاند. ددانەکانی پێکدا دەدا، ڕیچەی دەکرد. وەک ئەوەی بیەوێ هێرش بەرێ. ڕووی لە باکوور بوو دەیزریکاند. ڕەشایی کەلێنی ددانی و سپیایی
ددانی، هەر نیگایەکی کەمەندکێش دەکرد. چاوەکانی کلاوی دەتکاند، دەوری چاوی ڕەش هەڵگێڕابوو. دەستی ڕاستەی گرت بوو بە ناوگەڵییەوە، دەیزریکاند. وەک ئەوەی شتێک لە ژێرەوە پێوەی بدا، یان پشکۆیەکی ئاگر کەوتبێتە ناو نێفەکی پاتۆڵەکەی.
کابرایەکی بۆزەی چاوشین هێندێک وردەشتی لەسەر لێواری قاناوەکە دانابوو، هەرای شتەکانی دەکرد. زوو زوو سەری بۆ لای ئەو وەردەسووڕاند، پێدەکەنی. لایەک لە خلێنەی خوارەوەی نەمابوو، ددانەکانی دیکەشی ڕەش و کرمۆڵ بوون. سێ چوار کوڕە جحێڵە لە تەنیشتی وێستابوون، سەیریان دەکرد و دەتریقانەوە. یەکیان هەنگاوێک لەوانی کە لێی نزیکتر بوو، بارانییەکی بۆری دابوو بە سەر دەستیدا، بە پەنجەی پێی لەسەر ڕیتمی دەستی ئەو، ئاهەنگی لێدەدا. وەک ئەوەی ڕێبەری سەمفۆنی بێ و ئەویش لەسەر ڕیتمی پێی ئەو ساز بژەنێ. لە سەر پشت کەوتبوو، دەیزریکاند. ددانی لە ڕیچەوە دەبرد وەک ئەوەی بیەوێ هێرش بەرێ. ئاوێکی ڕەش لە چاوی دەتکا. دەستی ڕاستەی گرت بوو بە ناوگەڵییەوە دەیزریکاند. وەک ئەوەی شتێک لە ژێرەوە پێوەی بدا یان پشکۆیەکی ئاگر کەوتبێتە ناو نێفەکی پاتۆڵەکەی. ملی هەرامەکەی گرت بوو زوو زوو دەیگوشی، دەیقوروسکاند. کونەلوتی هەراو و هەراوتر دەبۆوە، دەیمشاند. خێرا خێرا دەستی دێنا و دەبرد، مشە دەبووە پڕمە. دەیقوروسکاند. چاوی لە هیچ کوێیەک نەبوو. دەیقوروسکاند. زوو زوو ملی هەرامەکەی دەگوشی. کابرای دەسفرۆش هەرای شتەکانی دەکرد و لە بنەوە دەیوت: ئای بۆ تۆزێک خۆڵەمێش. سێ کوڕەکەی تر سەیریان دەکرد، لیکیان دەچەکاند و چەپڵەیان لێدەدا. حەشامەت لەسەر سەکۆی فەشەن بەردەوام لە هاتوچۆدا بوون، ئیستێک دەکەوتنە بەرچاو، دواجار لە ناو قاوەقاوی پیادەڕەوەکاندا ون دەبوون. کەوت بووە لێوە لەرزە و لیک چەکاندن، سووکە موچوڕکێک و پاشان خاوبوونەوە. سووک بوون پاش خاڵیکردنی حەژمەتێکی تاقەت پڕووکێن. هەستا سەر پێ. گوێی نەدایە هیچ، هیچ کەس و هیچ شتێکیشی نەدی. ورد لە سەر پاتۆڵەکەیەوە سەیری ناوگەڵی خۆی کرد، بۆ دڵنیایی دەستی بە سەر پاتۆڵەکەیدا هێنا. پاتۆڵە مۆرەکە تەڕایی نەبوارد بووە سەرەوە. بێ ئەوەی داوای سواڵ بکا، ملی لە ناو شانە کزەکانیدا حەشار دا، سەری بەلارەوە نا و لە ناو پیادەڕەوەکانی بلواردا ون بوو.

2010

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ چیرۆکی گەشتی ئێوارانی بڵوار

خەبات ڕەسووڵی

چیرۆکی گەشتی ئێوارانی بڵوار لە دوو بەش پێکهاتووە. بەشی یەکەمی ناساندنی پیادەڕۆی شارێکە و بەشی دووەمی دەستپەڕکردن و ڕاحەتبوونی سواڵکەر/ شێتێکە لە نێو پیادەڕۆکەدا. دەکرێ بڵێین بەشی دووەم بەشێوەی لۆژیکی ئەنجامی بەشی یەکەمە، واتە ئەم شێت/ سواڵکەرە بە هۆی بینینی ژنان و کچان و کوڕانی جوان و ڕازاوەی شارەوە ورووژاوە. بە کورتی ئەو بە خەڵکی شارەوە دەستپەڕ دەکات. شار لێرەدا سەمبولی ئازادی و ئاوەدانییە، بە تایبەتی سەمبوولی ئازادی تاکەکانە. ئەوان ئازادن چی بپۆشن و لە گەڵ کێ بگەڕێن و چی بڵێن و چۆن هەڵسووکەوت بکەن. بەڵام ئێمە دەزانین بە هۆی پەیمانی کۆمەڵایەتییەوە ئازادییەکان تاڕادەیەکی زۆر سنووردار کراون. هاتووچۆیەکان و نیشاندانی دیمەنەکانی خەڵک زەمینەیەکن بۆ ورووژانی زیاتری سێکسی و چەشنێک گەرم کردنی دیمەنەکەیە. کارەکتەری شێت/ سواڵکەر سەرەڕای ئەوەیکە ڕێزی بۆ شار هەیە و خزمەتی شار دەکات و لە هەر کوێ کوتە کاغەزێک، یان قونچە جگەرەیەک ببینێتەوە هەڵیدەگرێتەوە، بەڵام هاوکات زۆر پابەندی پەیمانی کۆمەڵایەتی نییە، ئەو سەمبوڵی ڕوحێکی یاغییە کەهێشتا بە تەواوی دەستەمۆی شار و کولتوورەکەی نەبووە و ئێستا ورووژاوە. یەکەم کار و گرینگترین کارێک کە دەیکات ئەوەیە یاسای پەیمانی کۆمەڵایەتی لە ژێر پێ دەنێت و دەیشکێنێ. لە نێوەڕاستی شەقام خۆی بەتاڵ دەکاتەوە. دەتوانین ئەم بەشەی چیرۆکەکە بە جۆرێک وەک دەم لەسکەکردن و گاڵتە پێ کردن بە شار وەک هێمای مۆدێرنیسم سەیر بکەین. گێڕەرەوە، یان کارەکتێر کە ئەویش هەر نوێنەری گێڕەرەوەیە گاڵتەی بە زریقە و بریقەی شار و کولتووری شار دێت. ئەم خۆبەتاڵ کردنە جۆرێک سووک کردنی دیمەنەکانی شارە. واتە دەکرێت بڵێین گێڕەرەوە لە ناخەوە ناڕازییە لەم هاتووچۆیانە و لەم دیمەنانە. بە تایبەت کە باسی کوڕانیش دەکات و ئەوانیش وەک کچان پێناسە دەکات، بە جۆرێک خۆی لە پشت دیواری سونەت حەشار دەدات و سەنگەر لەم مۆدێرنیسمە نەخوازراوە دەگرێت. ئەم چیرۆکە درێژەی کولتووری لە شار بێزاربوون و گەڕانەوە بۆ کولتووری گوندی پێشوویە. چەمکێک کە لە ئەدەبیاتی کورردیدا لە شێعری شاری سوارە ئیلخانیزادەدا دەگاتە ترۆپکی خۆی.

گوڵم!
دڵم پڕە لە دەرد و کوڵ
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت
ئەڵێم بەجامێ ئاوی کانیاوی دێیەکەم
عیلاجی کەم کوڵی دڵی پڕم،
لە دەردی ئینتیزارەکەت
وەڕەز بوو گیانی من لە شار و هاڕەهاڕی ئەو
لە ڕۆژی چڵکن و نەخۆش و تاو و یاوی شەو
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت
لە شاری چاو لەبەر چرای نیئۆن شەوارەکەت
بڕۆمە دێ کە مانگەشەو بزێتە ناو بزەم
چلۆن بژیم لە شارەکەت…..

بەڕواڵەت خوێنەر هەست دەکات کارەکتێری شێت / سواڵکەرەکە خەریکە تابۆشکێنی دەکات، بەڵام کاتێک کە ورووژانەکە تەواو دەبێ و شێت/ سواڵکەرەکە سەیری خۆی دەکات و دڵنیا دەبێتەوە تەڕایی پاتۆڵەکەی دیار نییە، گێڕەرەوە پێمان بڵێت نا هێشتا ئەویش هەر بەتەواوی یاخی نییە و بەجۆرێک هەر ملکەچ و دەستەمۆی شارە. ئەویش ناتوانێ پەیمانی کۆمەڵایەتی بە گشتی پێشێل بکات و ئەویش لە نیگای پڕ لۆمە و لە قسەوقسەلۆک و لە توانایی و هێزی سەرکوتکەری شار سڵ دەکاتەوە و دەترسێ. بەشێک لە کارەکتەرە لاوەکییەکانی چیرۆکەکە ئەو کەسانەن وا شێت/ سواڵکەرەکە دەبینن. سێ چوار کوڕە جحێڵە کە تەنیا وەک گەمە و گاڵتە پێکردن سەیری هەڵبەزدابەزی ئەم کەسە دەکەن و تەنانەت هەوڵ دەدەن ئەویش بکەنە بەشێک لە ڕیتیمی شار. هەروەها کابرایەکی دەستفرۆش، ڕەنگبێ بتوانین بڵێین ئەو دەستفرۆشە کارەکتەرێکی لاوەکی نییە، بەڵکوو ئەو چاوەدێر و نیگابانی کولتووری شارە. ئەم بە ڕواڵەت هەژارە، بەڵام چونکە فرۆشیارە و وەکی دەزانین کڕین و فرۆشتن سەمبولی شارە. ئەو لە شار نان پەیدا دەکات و شار بۆ ئەم تەنیا بریتی نییە لە گەشتوگوزار، بەڵکوو کانگای بژیوی ژیانیشە. بۆیە ئەم بێ هەڵوێست نییە، لە لایەک فشەی بەم دەستپەڕەی شێت/سواڵکەرکە دێت، لە لەیەکی دیکەوە دەیەوێ لێی تێکدات. هەرچەند بە کردەوە دەبینین تا کۆتایی بێجگە لە چاودێربوون هیچ کردەوەیەکی دیکەی لێ نابینین. بەڵام خۆزگە دەخوازێت کەمێکی خۆڵەمێش هەبوایە. ڕەنگبێ ئەم خۆڵەمێشە لە کولتووری کوردیدا ئاماژە بە شتێک بێت کە من لێی نازانم، بەڵام خودی خۆڵەمێش سەمبولی زۆر شتە. هەر لە سووتاندن و نەمان ڕا بگرە، تا بێ مانایی و بۆش بوون. لە بەعزە ئایینێکدا بۆ پاکبوونەوە خۆڵەمێش بەسەر سەری تۆبەکاردا دەکەن. بەکورتی ڕەنگبێ ئەم بەشەی چیرۆکەکە پێویستی بە شرۆڤەی زیاتر هەبێ. بەڵام ئەم پاسیڤ بوونەی شار و هیچ نەکردنە، پەیامێکە بۆ شێت /سواڵکەرەکە وەک بڵێ هەوڵەکەت بۆ سووک کردنم هیچ بایەخێکی نییە، ئەمە شارە وا سەرکەوتوویە. بەڵام گێڕەرەوە یەخەی وردەواڵە فرۆشەکەش وەک سەمبولی شار دەگرێت و بە پێناسەی ددانی کرمۆڵ و ڕەش هەڵگەڕاو پێمان دەڵێ پارێزەرەکانی شاریش وەک شار ئەگەر دەمیان بکەنەوە ناخێکی پڕ لە ڕەشی و بۆگەنیویان هەیە. بە شێوەی گشتی پێم وایە ئەم چیرۆکە قسەیەکی زۆر هەڵدەگرێت و شایانی خوێندنەوەیەکی وردتر و زیاترە.