فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بێدەنگی وەک ئامرازێکی بەرگری کارەکتەری شەهاب لە ڕۆمانی “باوکی ئەو” بە نموونە

 

                               بێدەنگی وەک ئامرازێکی بەرگری

                      کارەکتەری شەهاب لە ڕۆمانی “باوکی ئەو” بە نموونە

 ئەژین فەهمی/ چيرۆکنووس و شانۆنووس/ سۆران

 

هه‌موو چیرۆكێك، بەشێوەیەک لە شێوەکان دووباره‌یه، بەڵام گرنگە بتوانیت له‌نێو چیرۆكه دووباره‌كاندا خۆت نوێ بكه‌یته‌وە‌؛ نوێ بوونه‌وه‌یه‌ك به‌و مانایه‌ی له‌ گێڕانه‌وه‌ و چنینی په‌یڤه‌كاندا، وه‌ك چیرۆكه‌كانی تر داینه‌ڕێژی و خوێنه‌ریش ئاشنا بكه‌یت به‌م نوێكارییه‌. هاوکات بتوانی لەو دووبارە بوونەوەیەدا شتی نوێ بدۆزیتەوە.

ڕۆمانی (باوكی ئه‌و)، له‌ نووسینی (پرینووش سه‌نیعی) و به‌ كوردی كردنی (ڕووناك شوانی) شتێکی جیاوازمان لەناو چیرۆکێکی دووبارەدا، بە تەکنیک و شێوازێکی جیاواز بۆ دەگێڕێتەوە. لەم ڕۆمانەدا، مێردمنداڵێکی بچووک بەناوی (شەهاب)ەوە، کە خۆی وا پێشان دەدات ناتوانێ قسە بکات، دژی ئەو سیستێمە پەروەردەییە دەبێتەوە، کە لەنێو ماڵەکەیاندا پەیڕەو دەکرێت.

گه‌ر بێت و به‌چه‌ند دێڕێك له‌ دۆخی سایكۆلۆژی شه‌هابی سێ ساڵه‌وه بدوێم، كه‌ وەک ئاماژەم بۆ کردووە، پاڵه‌وانی نێو ڕۆمانه‌كه‌یه‌: دۆخی ژیانی ئه‌و، وای لێكردووه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر هه‌م خوێنه‌ر، هه‌میش خێزانه‌كه‌ی فریو بدات،  خۆی لێمان بكات به‌ منداڵێكی لاڵ و بە هیچ شێوەیەک قسە نەکات. ئەم منداڵە بەتوانایەکی سەرسوڕهێنەرەوە، هەموو په‌یڤه‌كانی له‌نێو ناخیدا پەنگ بخواتەوە و وەک هێزێکی بەرگری بەکاری بهێنێت. له‌ڕاستیدا ئەم بێدەنگی و لەدەستدانی زمانە، قه‌ره‌بووی زۆر شتی بۆ کردووه‌تەوە. كاتێ ده‌بینێت باوکی بە گێل و نەفام سەیری دەکات و جیاوازی لەنێوان ئەو و براکانی تریدا دەکات، هیچ ڕێگایەکی بۆ نامێنێتەوە، لە بێدەنگی زیاتر. بەرگرییەکەی شەهاب دژی هەموو ئەو نایەکسانییانەی بەرابەری دەکرێت و بەوەی وەک گێلێک سەیری دەکەن، هەر لە بێدەنگیدا نامێنێتەوە، بەڵکوو دوور لە چاوی هەمووان، چەند پەرچەکردارێکی فیزیکیشی دەبێت، وەک هەستان بە کەتنی جۆراوجۆری منداڵانە، بۆ نموونە لە نهۆمی سەرەوە گوڵدانێک فرێدەداتە خوارەوە بۆ سەر شان و ملی باوکی، یان شکانی سەری براکەی. هاوکات برا و ئامۆزاکەيشی کەتنی منداڵانەی خۆیان دەکەن، بۆ ئەوەی لە سزا ڕزگاریان بێت، دەیخەنە ئەستۆی شەهاب. هەموو خانەوادەکە و خانەوادەی باوکیشی، هەمیشە سەرکۆنەی شەهاب دەکەن و بە گێل و نەفام ئاماژەی بۆ دەکەن، تەنیا کەسێک لە خەمی شەهاب دایە، هەستی پێ دەکات و هەمیشە بەرگری لێ دەکات، دایکییەتی. چیرۆكەکانی نێو ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌ش به‌ش له‌ ڕێی كاره‌كته‌ری دایكی شه‌هاب و خودی شه‌هابه‌وە دەگێڕدرێتەوە.

جیاواز له‌ هه‌موو شتێك بۆ من، جگه‌ له‌ گرنگی پێدانی دایكی بۆ شەهاب، خودی داپیره‌یشی یارمه‌تیده‌رێكی گرنگی وێ ده‌بێ. داپیرەی دەتوانێ سەرلەنوێ شەهاب بدۆزێتەوە و وای لێ بکات‌ بپه‌یڤێت، ئه‌و په‌یڤانه‌ی له‌ گه‌روویدا له‌ ئه‌نجامی ڕقێكی زۆره‌وه‌ ساڵانێكه‌ کپ بوون و نه‌هاتوونه‌ته‌ ده‌رەوە، بێنە دەرەوە و شەهاب بێنێتە قسە. داپیرەی شەهاب دەتوانێت پێوەندییەک لەگەڵ شەهاب دروست بکات، کە متمانەیەکی گەورە دەبێتە بنەمای ئەو پێوەندییە، بە شێوەیەک هیچ کەسێکی تر ناتوانێت ئەو پێوەندییە دروست بکات. كاتێ نه‌وه‌ و داپیره‌ پێكه‌وه‌ به‌ ته‌نیا له‌ماڵ ده‌مێننه‌وه‌، داپیره، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ته‌مه‌نی ئه‌ودا بێت، مامه‌ڵه‌ی لەگەڵ ده‌كات، ورد و چڕ دیقه‌ت له‌ هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی ده‌دات، ته‌نانه‌ت ئه‌وده‌مه‌ی نه‌وه‌كه‌ی، لە ڕەوشێکی پڕ لە توڕەییدا، قاپه‌كان ده‌شكێنێت، لێ ده‌گه‌ڕێت ڕقی چه‌ندین ساڵه‌ی خۆی به‌ شکانی قاپه‌كان بڕه‌وێنێتەوە، نەک هەر ئەوە، بەڵکوو ئەویش چەند قاپێکی لەگەڵ دەشکێنێت و دەیکات بە گەمەیەکی خۆش. لە ڕقەوە بۆ دڵخۆشی و خەندە.

لەوانەیە داپیرە هەوڵ بدات لە ڕێگەی دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام و منداڵانەوە، متمانە و ئاسوودەیی بۆ نەوەکە دروست بکات. هەردوو لا هەوڵ دەدەن ڕۆڵە کۆنەکان بگۆڕن و پێوەندییەکی نوێ دروست بکەن. له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌یش ده‌گات به‌وه‌ی بتوانێت زمانی نه‌وه‌كه‌‌ی بپژێ و ئاسان له‌به‌رده‌می داپیره‌دا بێته‌ گۆ و شه‌وانه‌یش دوای چیرۆك خوێندنه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌كه‌ی په‌یڤه‌ شاراوه‌كان نه‌مێنن و ئه‌وانیدیش له‌ زمان بژانی شه‌هاب تێبگه‌ن.

گەر سەرنج بدەین بەپێی تیۆریی (ئالفرێد ئادلێر) ده‌كرێ ئەم ڕەفتارە شێوازێك بێ وا بكات له‌م ڕێگه‌یه‌وه خۆشه‌و‌یستی و گرنگی پێدانی داپیره‌ بۆ نه‌وه‌كه‌ی سه‌رچاوه‌ی گرتبێت. له‌ ڕێگه‌یه‌كی تریشه‌وه‌ شه‌هاب هه‌ستی به‌ كه‌مزانینی خۆی كردبێ و له‌ ڕێگه‌ی شكاندنی قاپەكانه‌وه‌ خۆی لای داپیره‌ی بسه‌پێنێ و تێمانيش بگه‌یه‌نێت، كه‌ چیتر نابێت په‌راوێز بخرێت و ئه‌ویش شایه‌نی ئەوەیە، وەک براکانی خۆشیان بوێت و ڕیزی بگرن.

کاتێک داپیرە هەوڵ دەدات نەوەکەی بە قسە بهێنێت، ئەمە دەکرێ وەک به‌شێك له‌ پڕۆسه‌ی چاكبوونه‌وه‌ی نه‌وه‌كه‌ی و هەوڵێکیش بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی دۆخی ئاسایی شەهاب. ئەمە نیشانەی ئەزموون و هەستیاری و تێگەیشتنی داپیرەیە بۆ پێداویستییەکانی نەوەکەی.

بێگومان نیشاندانی باری دەروونی (شه‌هاب) و پشتگوێخستنی و ته‌نانه‌ت گرنگیدانی ئه‌و له‌ لایه‌ن دایكی و داپیرییه‌وه‌، ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە بە ئاقارێکی تردا دەبات، کە بۆ نموونە جووڵە دەخاتە تێکڕای ڕووداوەکان و ژیانی کارەکتەرەکانی تریشەوە.

بەڕای من زمانی وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە، ڕۆڵێکی گەورەی لە دروستکردنی ژینگە و پێشاندانێکی ڕوون و ئاشکرای کارەکتەرەکاندا هەبووە. (ڕووناک شوانی) بە لێزانانە، بە کوردییەکی پاراو توانیویەتی ڕستەکان بە چەشنێک چر بکاتەوە، وەک ئەوەی بە دیار فیلمێکی سینەماییەوە دانیشتبین.

ئێمه‌ له‌ڕێی وه‌رگێڕه‌وه‌ ده‌توانین ئه‌م جوانییه‌ی نێو ده‌ق ببینین، جوانییه‌ك ‌هه‌م له‌ داڕشتنه‌وه‌ و هه‌میش له‌ چنینی ڕسته‌وه‌ وشه‌گه‌لێكی كوردانه‌ و پوختمان به‌رچاو بكه‌وێت، به‌پێی پێویست به‌ دوای هه‌ندێك وشه‌دا وێڵ ده‌بین و بێزار نابین. ئێمه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م زمانه‌ ساده‌ و پاكه‌ی وه‌رگێڕەوە، به‌ر ئیستاتیكایه‌ك ده‌كه‌وین، کە به‌رز و نزم پێکەوە لە وێنەکانی ڕۆمانەکەدا کۆدەکاتەوە.

لام وایه‌ گرنگی ئه‌م ڕۆمانه جگه‌ له‌ نیشاندانی باری دەروونی منداڵێك، به‌ دیوێكی تردا نووسه‌ر، كاره‌كتره‌كانی تری له‌هه‌ر ته‌مه‌ن و ڕەوش و ژینگه‌یی تردا‌، وه‌ك خۆی تێیدا قووڵ بووه‌ته‌وه‌. بێگومان كار كردن لە کایەکانی خێزاندا به‌و هه‌موو كاره‌كته‌ره‌ جیاوازانەوە کارێکی ئاسان نییه.

 

‌سه‌رچاوه‌:

باوكی ئه‌و، په‌رینووش سه‌نیعی، وه‌رگێڕانی ڕووناك شوانی.

ناوه‌ندی ئه‌ندێشه‌، ٢٠١٧