فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بەرەو بەفری سەر کیلیمەنجارۆ

بەرەو بەفری سەر کیلیمەنجارۆ

(بەشی دووەم)

رزگار شێخانی/ شاعير و وەرگێڕ/  سويد

 

(١)

 

فڕۆکەکەم سەعاتێک و نیو درەگ لە ستۆکهۆلم فڕی، فڕۆکەوانەکە داوای بووردنی کرد و گوتی لەبەر شەڕی ئوکراینا و ڕووسیا ئاسمانی وڵاتانی تری ئەورووپا زۆر فشاری لەسەرە، بۆیە درەنگ ڕێگەمان پێ درا. ئەمە بووە هۆی ئەوەی بەو فڕۆکەیە ڕانەگەم کە لە دەوحەوە یەکسەر دەچووە زەنزیباڕ. نێوان ستۆکهۆلم و دەوحە شەش سەعات و نیوە. لەم ماوەیەدا نیو لیتر جاک دانیێلسم خواردەوە. کە گەیشتمە دەوحە، مەست و ماندوو بووم. هێڵی ئاسمانی بیلێتێکی تری فڕۆکە و دوو کۆپۆنگی خواردنیان دامێ. دەبوو دە سەعات چاوەڕێ بم، تا فڕۆکەی داهاتوو دەفڕێ.

(۲)

گەیشتمە فڕۆکەخانەی دار ئەلسەلام و من فیزەم نەبوو، ڕیزی کڕینی فیزە بیست مێتر درێژ بوو. ئەفسەرێکی ژن، کە دوو ئەستێرەی لەسەر شان بوو، هات و داوای پاسەپۆرتی لێ کردم. سەیرێکی پاسەپۆرتکەی کرد و پرسی:

ـ بیلێتی دەرچوونت لە تەنزانیا هەیە؟

ـ نەخێر

ـ چەند دەمێنیتەوە؟

ـ مانگێک و ئەگەر وایە دەتوانم هەر ئێستا لە مووبایلەکەم بیلێت بۆ وڵاتێک بکڕم، بەڵام حەز ناکەم خۆم بە کاتەوە ببەستمەوە.

ـ کێشە نییە، من یارمەتیت دەدەم.

ـ زۆر سوپاس

ـ لێرە لە شوێنی خۆت بوەستە

چوو مامەڵەی فیزەی بۆ کردم، پاشان چووە ناو کابینەيەک هەر خۆی زانیارییەکانی ناو پاسەپۆرتەکەی نووسی و داوای ناوی هوتێل و

ژمارەی تەلەفۆنی لێ کردم. فیزەی سێ مانگی دامێ و زۆر سوپاسم کرد.

ئەم هەموو کارەی لە ماوەی پێنج خولەک بۆ کردم. ئەگەر ئەو نەبووایە بە دوو سەعاتیش تەواو نەدەبووم و بەو فڕۆکەیەیش ڕانەدەگەیشتم، کە لەوێوە دەچووە زەنزیباڕ.

هێشتا سواری فڕۆکە نەبووبووم، نامەیەکی بۆ ناردم و نووسیبووی: من ناوم سیلڤیایە. هیوادارم کاتێکی خۆش لە تەنزانیا بگوزەرێنیت. ئیتر لەو ڕۆژەوە زۆر نامەمان بۆ یەکتر نارد و.

کە گەیشتمە زەنزیباڕ، چوار ڕۆژ زۆر نەخۆش بووم. دەمزانی هیی ماندووبوونی ڕێگەیە. ڕێگەکە لە چواردە سەعاتەوە، بوو بە نزیکەی سی سەعات. یەکجار زۆر ماندوو و شەکەت بووم. سیلفیا دەیگوت ئەگەر بخوازیت، هاوڕێیەکی دکتۆرم هەیە دەینێرمە لات لە هوتێل.

(۳)

زەنزیباڕ، دوورگەیەکی زۆر کەسکە، ئاووهەوایەکی خۆشی هەیە، خەڵکەکەی باشن.

کە چاک بوومەوە، بۆ چەند شوێنێکی گەشتیاری چووم. لەناو دارستانی ـ یوزانی ـ ئاشنای ژنومێردێک بووم. (وێنەیانم داناوە). پرسیان:

ـ خەڵکی کوێیت؟

ـ کوردستان

ـ (ژنەکە) ئێمە ئیسرائیلین، ناوم ڤیکتۆریایە، منیش باپیرەم کورد بوو.

باپیرم جووی ئەرمێنیا و داپیرم جووی میسر بوو. ڤیکتۆریا تەنیا دوو وشەی کوردی دەزانی : ـ دۆڵمە و شفتە.

(٤)

ئەمڕۆ لێرەوە بە بەلەم دەچمە شاری ـ دار ئەلسەلام ـ لەوێوە بە پاس دەچمە شاری ـ ئەرووشە ـ لە نزیک چیای کیلیمەنجارۆـ یە.

سیلڤیا گفتی داوە لە بەندەر چاوەڕێم بکا و بەیەکەوە قاوە بخۆینەوە.

(ئەگەر نەشهێت ئاساییە، من غاراوم).