فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شیعر، ژن و ناسنامە لەنگەرێک لەسەر کۆمەڵە شیعری “کافەتریا” ی  بەهار حوسەینی

 

شیعر، ژن و ناسنامە

لەنگەرێک لەسەر کۆمەڵە شیعری “کافەتریا” ی  بەهار حوسەینی

عەبدولخالق یەعقووبی/ ڕەخنەکاری ئەدەبی و وەرگێڕ/ هەولێر

 

 

کۆمەڵی پیاوسالاری لەچەشنی کۆمەڵی کوردی بەردەوام هەوڵ دەدات ڕووخسار و ناوەڕۆکی ناسنامەی ڕەسەنی ژن بڕووشێنێت. لە دۆخێکی ئەوتۆدا ژنێک کە توانستی داهێنانی گوتاری شاعیرانەی هەیە دەتوانێت لەڕێگەی پەیڤی شیعرییەوە پێکهاتەی ڕووخێندراوی ناسنامەی خۆی نۆژەن بکاتەوە. ژنەشاعیری هاوچەرخی کورد بەهار حوسەینی لە کۆمەڵەشیعری “کافەتریا”دا تێدەکۆشێت لە چەندین ڕەهەندەوە ئەم ناسنامە قۆرغکراوە ڕزگار بکات و بیچمێکی ئازادیخوازانەی پێ ببەخشێت. لەم کورتە وتارەدا هەوڵ دەدەم باس لەم ڕەهەندانە بکەم.

بەهار حوسەینی لە “کافەتریا”دا پێدەچێت ئەزموونی تاکەکەسیی خۆی لە ئاوێنەی شیعرەکانیدا دەنوێنێت و لەم ئەزموونانە بۆ دۆزینەوە، نۆژەنکردنەوە و تەنانەت دروستکردنی ناسنامەی خۆی وەک ژنەکوردێک کەڵک وەردەگرێت. ئەزموونەکانی ژیانی کەسیی ئەم شاعیرە پەیوەست بە ڕەگەز، چین، سێکس، کولتوور، ئایین، سیاسەت و هتد دەبنە هەوێنی واتاخوڵقێنی و وێنەداڕێژیی “کافەتریا” و لەو سۆنگەیەوە ناسنامەی دەنگەشیعرییەکانی ئەم دەفتەرەشیعرە تاوتوێ دەکرێن، ڕەخنەیان لێ دەگیرێت، یان سەرلەنوێ چێ دەکرێنەوە:

 

هێندە تەنیام

بەساعەت گوێ لە پیرەژنی دراوسێم ئەگرم

بێ ئەوەی لێی تێبگەم.

خۆشەویستیی تۆ

لەم کاتانە ئەچێت.  

 

 

بەهار حوسەینی لە “کافەتریا”دا گەلێک جار بۆ ئەمجۆرە ناسنامەداڕشتنە شیعرییە بۆ ژنی جیهانی شاعیرانەی خۆی کەڵکی لە تەکنیکی هێماسازی وەرگرتووە

 

لەم کۆپلەیەدا، دەنگی شیعری (speaking voice) باس لە ئەزموونی تەنیایی و خۆشەویستیی خۆی دەکات. ئەگەر گریمان ئەم دەنگەشیعرییە ژن بێت، ئەوە لەم شیعرەدا ژنێک دەبینین لە ژیانی کەسێکدا دەوری خۆشەویست دەگێڕێت کە لەبری ئەوەی خۆشەویستییەکەی تەنیایی ئەو بڕەوێنێتەوە تەنیاتری دەکات. لێرەدا، شاعیر پووچیی خۆشەویستییەکی ئەوتۆ لەڕێگەی تەعبیری” گوێ لە پیرەژنی درواسێ گرتن بێ ئەوەی لێی تێبگات” وێنا دەکات و ناڕاستەخۆ ناسنامەی ئەڤینێکی بۆشی لەم چەشنە دەخاتە بەر تیغی ڕوانینێکی ڕەخنەگرانە: ژن دەشێت ئاشقی پیاوێک بێت کە لێی تێبگات.

 

بەهار حوسەینی لە “کافەتریا”دا گەلێک جار بۆ ئەمجۆرە ناسنامەداڕشتنە شیعرییە بۆ ژنی جیهانی شاعیرانەی خۆی کەڵکی لە تەکنیکی هێماسازی وەرگرتووە. هێماکان لەم کۆمەڵەشیعرەدا هەم توانیویانە لایەنە جیاوازەکانی ناسنامەی ژنی دڵخوازی شاعیر بنوێنن، هەمیش توێژی واتایی بە پێکهاتەی شیعرەکان زیاد بکەن. بە وتەیەکی دیکە، هێماکان لێرەدا دەوری جوانیناسانە بە ناسنامەکانی بەرمەبەستی شاعیر بۆ کەسایەتیی ژن دەبەخشن:

 

بۆنی مردوویه‌كی زیندووم لێ دێت

خاكێكم پێ شك نایه‌ بینێژم.

قاڵاوێك

له‌م سه‌ری چیرۆكه‌كه‌وه‌

باڵی كێشاوه‌ به ‌سه‌ر

ڕێگادا و

ئیتر بیر له‌ گه‌یشتن ناكه‌مه‌وه.‌‌

 

لەم شیعرەدا دوو هێمای سەرەکی هەن: خاک و قاڵاو. خاک هێمای نیشتمانە و قاڵاو هێمای دوژمنی نیشتمان. هەڵبەت ئەم توێژە واتاییە لە ئاستی ڕووبەری شیعرەکەدایە. ئەگەر لە پێکهاتەی شیعرەکە وردتر بینەوە و توێژێکی دیکەی جیهانە ماناییەکەی هەڵبدەینەوە و هاوکات دەنگەشیعرییەکە تەنیا بە ژن لەقەڵەم بدەین، دەتوانین بڵێین خاک بۆی هەیە ببێتە هێمای نیشتمانێکی مرۆیی لەچەشنی پیاو، کە ئەوکاتە قاڵاو دەبێتە هێمای هەر پیاوێک ژن نەتوانێت متمانەی پێ بکات یان خۆشی بوێت. لێرەدا، شاعیر لەڕێگەی ئەم گەمە هێماییەوە دۆخی هەنووکەی دەنگەشیعرییەکەی نیشان دەدات، بەڵام ناڕاستەخۆ ئالنگارییەک دەخاتە بەر دەم دۆخێکی ئەوتۆ و ناسنامەی بەرهەمهاتوو لەم دۆخە و، هانی دەدا بۆ نیشتمان/پیاوێک بگەڕێت کە بتوانێت “بیر لە گەیشتن” بکاتەوە.

 

هەوڵێکی تری بەهار حوسەینی تاقیکردنەوەی زمانێکی تۆکمەی داهێنەرانەی ژنانەیە

 

هەوڵێکی تری بەهار حوسەینی لەم دەفتەرەشیعرەدا کە بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ناسنامەی داتاشراوی داسەپاوی کۆمەڵی پیاوسالاری بۆ ژنی کورد خستوویەتە گەڕ تاقیکردنەوەی زمانێکی تۆکمەی داهێنەرانەی ژنانەیە، وەک بڵێی ئەم زمانە هێزێک بە ژن دەدات کە بتوانێت لەهەمبەر زمانی دەسەڵاتخوازانەی پیاوسالاراندا خۆ بنوێنێت و بنەمای گوتارێکی ڕزگاریخوازنە بۆ ژن دابڕێژێت. بەهار حوسەینی لە “کافەتریا”دا وشەکان بەپارێزەوە بەکار دێنێت و زۆربەی شیعرەکانیشی کورت بەڵام قووڵ و پشوودرێژن، وەک بڵێی ژنێک دانیشتووە و خەریکە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی بوونناسانە و ناسنامەی ئینسانیی خۆی مۆنۆلۆگێکی هزری لەگەڵ خۆی دەکات:

 

ئەڵێن فرمێسک بۆ کەرامەتی کێو

و

بۆ داڕمانی کۆڵەکەی ماڵ

جێی مەترسییە.

 

ئەڵێم

خوێن خوێن رادەکێشێت.

 

کە جانتاکەی تۆم دەپێچایەوە

دەستی خۆم بڕی

دواتر جانتاکەت خوێنی تۆی بۆ هێنامەوە.

 

من دەمزانی دەبێت

سێوی مێخەک‌ڕێژم زیاتر لەو سێوەی تۆ بۆم دێنی خۆش بوێت

بۆیە بە دەنگی بەرز گریام

بەڵام ئەوەندە ترسەنۆکم

نامەوێ وەڵام پرسیارم لێ بکوژێت.

 

لە بیرتە‌

من زۆرجار بێ ‌ئەوەی بکەومە خوارەوە

دەست و پێ شکاو

بە هاوار باسی کەوتنەخوارەوەم بۆ دەکردی؟

 

ئێستایش تەنیا دەتوانم

 چاوەڕێ بم کاتێک ئاسمان پیر بوو

سەرم بنێم بە پەنجەرەوە و

لێوەکانت بخوێنمەوە.

 

تۆ چ پڕ بە پێستی من بووی!

دەتوت:

قورسترین و سووکترین کاری دنیا 

وەپێکەنین هێنانی تۆیە و هیچی تر.

 

تۆ دڵی منت پێکا و

من  ساڵانێكی زۆرە لە چارەنووس هەڵدێم.

 

 

لەم شیعرەدا ئاستی زمانی دەربڕین و ئاستی هزری شاعیرانەی دەقەکە تاڕادەیەکی زۆر هاوسەنگن و، ئەمەش وای کردووە شیعرەکە خاوەن ڕیتـمێکی گونجاو بۆ چێژوەرگرتن و هزرینی خوێنەر بێت. دڵەڕاوکێ و خەمی ئاشقانەی دەنگە شیعرییەکە تەواو بە ڕوخساری وشە و دەستەواژەکانی ئەم دەقەوە دیارن بەچەشنێک خوێنەر لە ڕاڕەوەکانی ماڵی ئەم دەقەدا هەست بە ترپەی پێی ژنێک دەکات “بە دەنگی بەرز دەگری” و “ساڵانیکی زۆرە لە چارەنووس هەڵدێ”. ئەم زمانە تۆکمە و پتەوە تەعبیر لە دۆخێکی ئەستەمی دەروونیی ژنی نێو ئەم شیعرە دەکات کە بەدوای ناسنامەی خۆیدا وێڵە بەڵام “ترس لە کەوتنەخوارەوە”، وەک هێمایەک بۆ داڕمانی ژن لەنێو کۆمەڵێکی پیاوسالاردا، ڕێگەی پێ نادا ئەم ناسنامەیە بدۆزێتەوە یان دایبڕێژێتەوە. هەڵبەت دوو وشەی کلیلیی “جانتا” (هێمای کۆچ) و “خوێن”یش (نیشانەی مەرگ) باشتر دۆخی سەخت و پڕئاژاوەی ژیانی ژنی کۆمەڵێکی ئەوتۆ لە پەیوەندیی لەگەڵ ناسنامەی خۆی بە پیاو/خۆشەویستەوە  ڕوون دەکەنەوە.

ڕوانینی ئەم شاعیرە بۆ ناسنامەی ژنی کورد ڕوانینێکی سیاسی/کۆمەڵایەتییە نەک ڕۆمانسی/ تاکەکەسی

 

بەهار حوسەینی هەروەتر لەم کۆمەڵەشیعرەیدا ناسنامەی ژنانەی خۆی (یان دەنگەشیعرییەکانی کە زۆربەیان ژنن) بە ناسنامەیەکی دابڕاو لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵی کوردی (تەنانەت کۆمەڵی کوردانی هەندەران، کە خۆیشی ساڵانێکە لەوێ دەژیت) نازانێت و، زۆربەی تەعبیرەشیعرییەکانی لەمەڕ ژن لەنێو چوارچێوەی واقیعی بەرهەستی کۆمەڵی کوردیدا وێنا دەکات. بە وتەیەکی تر، ڕوانینی ئەم شاعیرە بۆ ناسنامەی ژنی کورد ڕوانینێکی سیاسی/کۆمەڵایەتییە نەک ڕۆمانسی/ تاکەکەسی و، هەڵبەت خاڵی باڵکێش لێرەدا ئەوەیە ئەم ڕوانینە سەرباری سیاسی/ کۆمەڵایەتیبوونی، شاعیرانە و داهێنەرانەیە و بەرەو ئاقاری دروشمی زەقی نەتەوەپەرستانە یان ڕەگەزخوازانە دانەبەزیوە. هەر ئەم ڕوانینە بەرهەستە ناڕۆمانسییە کۆمەڵایەتییە وای کردووە لە جیهانی شیعریی بەهار حوسەینی-دا پیاو نەبێتە ڕەگەزی دژبەری ژن، ئەگەرچی بەگشتی دۆخی کۆمەڵایەتیی ئەو جیهانە پیاوسالارانەیە و، تێیدا ژن گەلێک جار تەنیا لەسۆنگەی ژنبوونییەوە دەچەوسێندرێتەوە:

 

با باسی قارەمانەکانی نێو ناسنامەمان بکەین.

وەرە لە ئەڤین بدوێین

لە ئەندێشە

کە فریوێکی پێچەڵاوپووچە.

 

وەرە تەنیشتم!

دەستم ماندووە لە هەوڵی گرتنی دەستی پەیکەرەکان.

 

وەرە دانیشین!

هیلاکم لە بینینی خۆمان لە ئاوێنەدا.

چاو لە مێژوو بکە!

پڕە لە هاژەی فرمێسک

لە تەم‌ومژ و

چیرۆکی پیاوخاسان

کە خێراتر لە بیرکردنەوەی ئێمە هەڵدێن.

 

وەرە گوێ لە وشکترین گەڵای ژێر پەراسووی چەپمان ڕابگرین!

 ڕەنگە بتوانین لە ئاور بیپارێزین

ڕەنگە خۆڵ ئەوکات بە کارمان بێت.

 

وەرە تێپەڕێن!

وەک دەستێک کە لە تاریکیدا گۆنامان دەسڕێت و ون دەبێت.

 

لەم شیعرەدا چەند تەعبیرێک بۆ نیشاندانی دۆخی کۆمەڵێکی تەریککەوتوو لە ڕۆحی خۆشەویستی و گیانی لێبوردەیی ئاشقانە دەبینرێن، وەکوو ” دەستم ماندووە لە هەوڵی گرتنی دەستی پەیکەرەکان” و “هیلاکم لە بینینی خۆمان لە ئاوێنەدا” و “چاو لە مێژوو بکە!/ پڕە لە هاژەی فرمێسک”، بەڵام سەرباری دۆخێکی کۆمەڵایەتیی ئەوتۆ، شاعیر دەخوازێت سیحری جیهانی خۆشەویستی بنوێنێت و مرۆڤ لە مۆجزەی مەحەببەت هیوابڕاو نەبێت، بۆیە، هەرچەند بە تۆزێک سڵکردنەوە و کەمەڕاڕاییەکەوە، دەبێژێت:

وەرە گوێ لە وشکترین گەڵای ژێر پەراسووی چەپمان ڕابگرین!

 ڕەنگە بتوانین لە ئاور بیپارێزین

ڕەنگە خۆڵ ئەوکات بە کارمان بێت.

 

وەرە تێپەڕێن!

وەک دەستێک کە لە تاریکیدا گۆنامان دەسڕێت و ون دەبێت.

 

***

 

بەهار حوسەینی لە “کافەتریا”دا بە نەفەسێکی شاعیرانە و بە هزرێکی ژنانە نەک هەر بۆ ناسنامەی مرۆیی/ ژنانەیی خۆی دەگەڕێت، بەڵکوو لەمە زیاتر و گرنگتر، هەوڵ دەدات ئەم ناسنامەیە لە فۆرمێکی نوێدا ئەزموون بکات. ئەم ئەزموونەی بەهار حوسەینی هەم لە ئاستی زمانی شاعیرانە، هەمیش لە ئاستی هزری شاعیرانەدا خۆی نیشان دەدات. کەشوهەوای گشتیی کۆمەڵەشیعری “کافەتریا” کەشوهەوایەکی دانوستانئامێزە و زۆربەی دەنگەشیعرییەکان لەم دەفتەرەدا لە دەلاقەی ژیانی ڕۆژانەی خۆیانەوە قسە بۆ خوێنەر دەکەن و، تەنانەت هەندێک جار هەست دەکرێت ئەم دەنگانە پتر لەوەی بۆ بەردەنگێکی تایبەت بدوێن خەریکن دەردەدڵ لەگەڵ خۆیان دەکەن. لە هەر حاڵەتێکدا، “کافەتریا” هەوڵێکی شاعیرانە و ژنانەی بەهار حوسەینییە بۆ ئەوەی بزانێت “بەهار”ەکانی ئەم جیهانە لە ڕابوردوودا کێ بوون، ئێستا کێن و پێویستە لە داهاتوودا کێ بن. ئەمە پوختەی جەنگێکی ڕانەگەیەندراوی ژنی ژیر و مۆدێڕنی ئەم سەردەمەیە لەگەڵ جیهانیکدا کە پیاوسالاریی سیاسی/ کۆمەڵایەتی/ ئابووری مافی دەخوات، هزری سڕ دەکات و ئەڤینی لێ دەکوژێت:

 

جاری وا بووە

بە دیار بەردێکەوە

ساڵێک دانیشتووم.

 

چاوم لێ کردووە،

پشکنیومە،

تەنانەت

ماچم کردووە و

لە دڵیدا هەبوونیم هەڵکۆڵیوە.

 

من زۆر جار

بەتاقەت بە دیار بەردێکەوە دانیشتوو

 

بەدەم مۆسیقایەکی هێمنەوە

داباریومەتە سەر شوێنی بەتاڵی.

 

ئەرێ

من میکلانژێکی زۆر بەتاقەتم.

 

 

هەولێر/ گەڕەکی ڕاستی/ بەهاری ٢٠٢٣