فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

رۆمانی شای مێشەکان تێڕوانینێک لە حەقیقەت و ئارەزوی ناخی مرۆڤەکان

رۆمانی شای مێشەکان تێڕوانینێک لە حەقیقەت و ئارەزوی ناخی مرۆڤەکان

 

 رانانی: دڵشاد شەفیق/ نووسەر و چيڕۆکنووس / کەرکووک

 

رۆمانی “شای مێشەکان” لە نووسینی “ویلیام جیراڵد گۆڵدینگ”ەو لە ساڵی (١٩٥٤) بڵاوکراوەتەوە. شوێنگەی تایبەتی و بەرچاوی لە ئەدەبی ئینگلیزیدا بەدەستھێناوە. شوێنگەیەک کە چاودێران پێشبینی دەکەن بەردەوام ھەر بە زیندویی بمێنێتەوە. “شای مێشەکان” چیرۆکی گروپێک لە مناڵان دەگێڕێتەوە کە سەرجەمیان لە رەگەزی نێرینەن کە ھەوڵی رزگارکردنیان دەدرێت لە رێگای فرۆکەیەکەوە بۆ شوێنێکی ئارام تر, لە ئاکامی شەڕی ئەتۆمی کە چاوەڕوان دەکرێت لە داھاتوویەکی نزیکدا رووبدات. فرۆکەکە تێکدەشکێنرێت و لە پاش ئەوەی مناڵەکان دەکەونە نێو دەریاوە لەرێی بەلەمێکی چووپەوە دەرباز دەبن و دەگەنە دوورگەیەکی دابڕاو لە جیھان. پاش گەیشتنیان سەرەتا کوڕەکان دەتوانن پارێزگاری لە رەوشت و ئاکاری خۆیان بکەن, بەڵام دواتر زۆربەیان بەرگە ناگرن و دەگەڕێنەوە سەر فۆرمە وەحشیگەرا سەرەتایيەکەی مرۆڤ. رۆمانەکە مامەڵە لەگەڵ ئەو ململانێيیە دەکات کە لە نێوان مێردمناڵەکاندا روودەدات, بەتایبەت لەنێوان ھێزی عەقڵانیيەت و ژیری لەلایەک و حەزی دەسەڵات و حەزی تێکدان و خراپەکاری و ئازردانی ئەوانی تر لەلایەکی ترەوە کە ھەردوو لایەنەکە لە نێو قووڵایی روحی مرۆڤدا ئامادەگی و بوونیان ھەیە. نووسەر باس لەوە دەکات کە ئەم رۆمانە ھەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەموکوڕیانەی کە لە نێو کۆمەڵگەدا ھەیە و لە سروشتی مرۆڤ خۆیەوە ھەڵقوڵاوە. “راڵف” کوڕێکی جوان و ژیرە لە پاش گەیشتنیان بۆ ئەو دورگەیەی دابڕاوە لە ژیانی مرۆڤەکان. لەلایەن زۆربەی مناڵەکانەوە وەک پێشەوایەک ھەڵدەبژێردرێت, لەپاش ئەو بەشێک لە مناڵەکان “جاک” یان پێ باشترە بۆ سەرکردایەتی کردنیان, بەڵام دواجار بە زۆرینەی دەنگ ھەر “راڵف” دەبێت بە پێشەوایان و زۆر بە ژیرانە کۆتایی بە مشتومڕەکە دەھێنێت و وا لە ھەمووان دەگەیەنێت کە گرنگ نییە کێ رابەرایەتی دەکات، بەڵکوو ئەوە گرنگە کە چۆن کاربکەن بۆ خۆ دەربازکردنیان لە دوورگەکە, بەمەيش تا رادەیەکی باش ساڕێژکردنی ھەستی برینداری “جاک” خۆی و لایەنگرانی کرد و متمانەیانی بە دەستھێنا و دەرکەوت کە لێھاتوویی و کەسایەتی پێشەوای تێدایە. “پیگی” مێردمناڵێکی خرپن و رۆشنبیرە بەردەوام پشتگیری لە “راڵف” دەکات و ھەوڵی رێکخستنی کارەکان و دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ ئەو کێشانەی رووبەرویان دەبێتەوە. لە سەرەتادا زۆرێک لە مناڵەکان گوێ لە “پیگی” و قسەکانی دەگرن, بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی “جاک” بە دژایەتی کردنی “پیگی” ئیدی ھێدی ھێدی مناڵەکان لە دەوروبەری “جاک” کۆدەبنەوە تا وای لێدێت نەک ھەر “پیگی” بەڵکو “راڵف”یش کەس لە دەوری نامێنێت. ھەوڵەکانی “جاک” و ھاوبیر و ھاو رەفتارەکانی لە دژی “پیگی” نیشانەی ئەو ئارەزووە رەمەکیيە ئەزەلیەیە کە ھەر لە سەرەتای بوونی مرۆڤایەتیيەوە مرۆڤەکان جیادەکاتەوە بۆ دوو بەش: بەشێک دژی فیکر و رۆشنبیری بەشێک لەخۆبوردە و تێکۆشەر, یان پاڵپشتی بزوتنەوەی فیکر و رۆشنبیری و رێکخستن دەکەن. لەلایەکی ترەوە کینەی جەھل و نەزانیيە لە بەرامبەر رۆشنگەری و رووناکبیری. لە کۆبونەوەی یەکەمدا لەپاش ئەوەی “راڵف” کۆبوونەوەی بە مناڵەکان کرد. “راڵف” جەختی لەسەر پێویستی دروستکردنی کامپێک دەکردەوە کە لە چەند کۆلیتێک پێکبێت بۆحەوانەوە و خۆپاراستنیان لە مەترسی دڕندە و سەرما و گەرما. پاش ئاگادارکردنەوەی مناڵە بچووکەکان بەوەی کە پێویستە نزیک “کۆلیتەکان” بمێننەوە لەلایەن “راڵف”وە. “راڵف” و “جاک” بەیاوەری “سایمن” بڕیاریاندا گەشتێک بە نێو دوورگەکەدا بکەن. بەمەبەستی دۆزینەوە و تاقیکردنەوەی شوێنە نادیار و کونج و کەلەبەرەکانی. دەرچوونە سەرەتايیەکانیان بۆ نێو دوورگەکە خۆش و سەرسوڕھێنەر بوو بۆیان, بەڵام لەگەڵ دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان مەرام و حەز و ئارەزووەکان و نیشاندانی رای جیاواز و قبووڵنەکردنی یەکتر. ئاراستەکان گۆڕان وناکۆکیيەکان بەروونی ئاکامی خەراپی لەسەر رەفتار و تەنانەت جۆری بیرکردنەوەیان ھێنا. تا لە ئاکامدا و لە ماوەیەکی کورتدا لە قسە و چیرۆکەکانیاندا بە ئاسانی ترس و دڵەڕاوکی و باس لە بینینی دڕندە و ئاژەڵی ترسناک ئەکرا, کە زۆرێک لە مەترسيیەکان تەنھا لە خەیاڵدانی خۆیانەوە بوو نەک لە دوورگەکە. بۆ یەکەم جار بێچووە بەرازێکی بچووک دەدۆزنەوە. “جاک” وەک کەسێکی شەڕانگێز و لەھەمان کاتدا برسی, ھەوڵی کوشتنی ئەم ئاژەڵە دەدات بە چەقۆکەی بەڵام سەرکەوتوو نابێت لەم ھەنگاوە. لەڕاستیدا دووری ئەم دارستانەی کە لەنێو دوورگەکەیە, یارمەتیدەرە بۆ نووسەرەکە کە نایەوێت قسە لەسەر کۆمەڵگەیەکی شارستانی ئاڵۆز و پڕ لە کێشە بکات, لەبەرامبەردا ھەوڵی قسەکردن دەدات لە سەر کێشە مرۆییەکان لە رێگای چەند بابەتێکی سادەوە. ھەروەھا سوود وەرگرتن لە کاراکتەری مناڵان وەک کەسایەتی گەلێک کە سادەیی و بەرائەت و ناکارامەییان تێدایە, کە ناتوانن بە ئاسانی ناخی راستەقینەی خۆیان بشارنەوە و ھەموو نمایشێک بکەن. ئەوە کارێکی پێکەنیناويیە کاتێک “گۆڵدینگ” ھەوڵی ئەوە دەدات حیکایەتی سەرەکی چیرۆکەکە ململانێ بێت لە نێوان چاکە و خراپە, لەو کاتەی گۆڕانکاری رووداوەکان لە بەرائەت و سادەییەوە بەرەو شەڕانگێزی و شارەزایی و دڕندەیی دەچێت. ئەو لەم دورگە تەنھاو دابڕاوە زۆر کێشەی ئاڵۆز دەدۆزێتەوە کە تەنھا کۆمەڵگەی نادرووست و دەرداوی و لە شارە گەورەکاندا دەبینرێت. ئەو دڵڕەقییەی لە گاڵتەجاری منداڵەکان دەرھەق بە “پیگی” دەکرێت لەسەر قەڵەوییەکەی, چاویلکەکەی, کەمی توانا جەستەییەکەی, ھاوشێوەی ھەڵوێستی کۆمەڵگەی پێشکەوتووە بەرامبەر بەکەسی نامۆ یان لانەواز. خۆ بەشت زانین, خۆ دەرخستن و ئیرەیی بردن ھەڵەیەکی مێردمناڵەکانە و خۆی حەشارداوە لەژێر بەرائەتی مناڵیدا. لەگەڵ ئەم کەموکوڕیانەيشدا, مناڵەکان چەند رەگەزێکی وەک خانەدانی و ئازایەتییان تێدایە. کە لایەنی پۆزەتیڤی پڕۆسەی پێشکەوتن لە شارستانیەتی رۆژئاوا دەخاتە روو. “سایمن” وەکو کەسایەتیيەکی سۆفی و “پیگی” وەک کەسایەتیەکی رۆشنبیرو و “راڵف”یش وەکو ھیوایەکی سیاسی بۆ کوڕە ونبووەکان, “جاک” یش وەکو پێشەوایەکی بێ ھیوا لەمەڕ رزگاربوون لەم دوورگەیە کەسایەتیەک باوەڕی بە سەپاندنی دەسەڵات و ھێزی جەستە ھەیەو ھەر ئەمەشە جیاوازی نێوان جاک و راڵف, لە ھەمان کاتدا ئەمە ئەو راستیە دەردەخات کە جیاوازی نێوان سیاسی و ستەمکار ئەوەیە کە سیاسی ھەوڵی قەناعەتپێکردنی کۆمەڵگاو رکابەرەکانی دەدات, لە بەرامبەردا ستەمکار حوکمڕانی لە رێگای خۆ سەپاندنەوە دەدات ھاوشێوەی جاک و ھاوەڵانی. ھەرچەندە لەوەھا شوێنیکی دابڕاو لە گشت جیھان, وا دەخوازێت کە خۆیان بەشێوەیەک رێکخەن کە بتوانن روبەڕووی مەترسیەکانی خۆ رزگارکردن بکەنەوە, بەڵام کێشەکانیان و مەترسی شکستیان لە گومان و وتەکانی جاک و ھاوڕاکانیەوە سەرچاوەی گرتووە. ھەمیشە پرسیار لە ناخیاندا ئامادەیە ئایا ئەتوانین پەیوەندی بەخەڵکانی ترەوە بکەین؟ ئایا ئەتوانین گروپەکەمان دوور لە مەترسی بھێڵینەوە بۆ ماوەیەکی درێژ لەم دورگەیە؟ ھێما ئامادەگی زۆری ھەیە لەم رۆمانە, (گوێچکەماسی) ھێمای گرتنەدەستی دەسەڵاتە بەتایبەت پاش ئەوەی “پیگی” لەیەکەم کۆبونەوە بە “راڵف” دەڵێت پێویستە ھەر کەسێک بیەوێت قسە بکات “گوێچکەماسیەک”ە بگرێتە دەستەوە ئەمجا قسەبکات. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ھەوڵەکانی “پیگی” بۆ دروستکردنی سیستەمێکی رێکخراو. لەئەفسانەیەکی کۆنی گریگدا ھاتووە: “ترتین” کە کوڕی “نیتۆن”ە, توێکڵی گوێچکەماسی بەکاردێنێت بۆ ھەڵچوون یان دامرکانەوەی دەریا. لێرەشدا ھەوڵەکانی “راڵف” لە ناخی خۆیدا و لە پاش پەیڕەوکردنی رێنمایی و ئامۆژگاریەکانی “پیگی” بۆ کۆنترۆڵکردن و ملکەچکردنی روحی ئاژەڵی مێردمناڵەکانە بەوەی لە رێگای ئەم سیستەمەوە ملکەچی رێکخستن و گوێڕایەڵیەکی عەقڵانیان بکات. بوونی تاوێرە بەردی کەڵەکە و ھەڵوەشاوە لەیەکتر نیشانەی ڕەقی و سەختی و وەحشەتی نێو ئەو جیھانەیە کە سیمای نیوەی ئەم دورگەیەیە. بەڵام لەبەرامبەردا بوونی گۆل و ئاو بۆ خواردنەوەو مەلەکردن لەلایەک و بوونی ھەندێک میوە وەک مۆز و سەوزی دار و گەڵاکان نیشانەی ژیان و جوانی ژیانە. بوونی شاخ لەم دورگەیە نیشانەی زۆر شتە بۆ زۆرێک لە خەڵک, بەڵام بەشێوەکی گشتی ھێمای شکۆمەندی پیاوە کاتێک کە بەرزخوازی وای لێدەکات ھەوڵ دەدات بەرزبێتەوە بەرەو روحێکی ئازادتر یان ئازادی روحی. لێرەدا بۆ گەیشتن بە ترۆپکی شاخ دەبێت ترس و ئەفسوون بشکێنن و لەناوی بەرن بۆ بەدەستھێنانی سەرکەوتن و زاڵبوون بەسەر سروشتدا. بەڵام ئەوە “جاک”ە بە قسە بێ ماناو بێ ئومێدەکانی کە ناھێڵێت مناڵەکان بەسەر شاخەدا یان بەسەر سروشتدا سەرکەون و گێژیان دەکات و سەرقاڵی راوە ئاژەڵ یان بێچوە بەرازیان دەکات. بۆیە کاتێک “جاک” و چەند کەسێک لەپاش ماوەیەک لە رۆمانەکە کە راسپێردراون چاودێری ئەو ئاگرە بکەن و نەھێڵن بکوژێتەوە بۆ ئەوەی ھەرچ کەشتیەک یان فرۆکەیەک رەتبو بەو دەڤەرەدا بیانبینێت و بێت بە دەنگیانەوە, بەڵام ئەوە “جاک”ە کە کارەکەی خۆی جێھێشتووە و ھەندێک لە مناڵەکانی پاشکۆی خۆی کردوە بۆ راوکردن و گەڕان بە دوای ئاژەڵدا. تا ئەو ساتەی لەپاش تێپەڕبوونی کەشتییەک و لەدەسدانی ئەم دەرفەتە “راڵف” بە “جاک” دەڵێت کاری راوکردن ئامانجێکی کورتخایەنە و یارمەتی دەربازبوونمان نادات لەم دورگەیە, بەڵام “جاک” گوێ بەم قسەیە نادات و تەنانەت گاڵتەشی پێ دەکات. رۆژ دوای رۆژ سروشت و واقیعی خاکی دابڕاو ئەم کۆمەڵە مناڵە دەگیڕێتەوە بەرەو ھەڵسوکەوتی سەرەتایی مرۆڤەکان و ئەو حەزو ئارەزووە سەرەتایانەی بەڕەمەک لە ناخی مرۆڤەکاندا ھەیە تا ئەوەی دەستیان دەچێتە کوشتنی یەکتر و رێگرتن لە یەکتر بە تایبەت جاک لە بەرامبەر ئەوانی تر. حەزو ئارەزووی رەمەکی مرۆڤ بۆ راوکردنی ئاژەڵە کێویەکان و لە ناوبردنیان حەزێکی گەردوونی و گشتیە لە مرۆڤەکان بەڵام “راڵف” وەکو پیشەوایەکی ژیر و خاوەن ئەزموون درکی بەم راستیە نەکردووە کە تەنانەت ئەم حەزە رەمەکیە لە خۆیدا ھەیە. دواتر ئەم حەزە چێنراوە لەناخی مرۆڤەکان,”راڵف” ھەستی پێکرد کاتێک کە خۆی و “پیگی” بەناچاری بۆ چەند ساتێک دەچنە لای گروپەکەی “جاک” و ئامادەی یەکێک لە مەراسیمە باوە وەحشیگەراکانی دەبن. لە پاش دەستپێکردنی کوڕەکان بە چەند جۆر و شێوازێکی تایبەت لە سەماو سوڕانەوەی سەرەتایی و ھاوارکردنی بە جۆش و خرۆش, لەو کاتەدا ” راڵف” و “پیگی” ھەست بەو حەزە داپۆشراوە لە ناخی خۆیاندا دەکەن و تێدەگەن لەوەی کە مرۆڤەکان بە رەمەک و بەناچاری ئەم حەزەیان تێدایە. دەنگۆی بوونی دڕندە لە دورگەکە لەلایەن ھەندێک لە مناڵەکانەوە بەتایبەت مناڵە بچوکەکان “چونکە مناڵەکان لە تەمەنی پێنج ساڵیەوە بۆ دوانزە ساڵیان تێدایە”, بۆیە مناڵە بچوکەکان بە تایبەت لە پاش گێڕانەوەی چیرۆکە بێ ماناو ترسناکەکانی جاک شەوانە باس و ترسیان لە بینینی دڕندەیە, بەڵام دواتر رووندەبێتەوە کە ئەوە “جاک”ە لەپشت بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە ترسانە و تەنھا بۆ لە ناوبردن و شکستھێنانی کارە رێکخراو و دڵسۆزەکانی “راڵف”ە. “راڵف” ئەوەی لە کۆتاییدا بۆ رووندەبێتەوە کە بوونی ترس لە دڕندە لە لای ھەندێک لە مناڵەکان تەنھا ترسێکە لە ناخی مناڵەکان خۆیان و جگە لە وەھم ھیچی تر نیە. کوشتنی “سایمن” لەلایەن مناڵەکان خۆیانەوە بەھەڵە, ھەر تەنھا ھەڵەیەک نییە بەقەد ئەوەی نماکردنی ئەو ترسەیە لەلایەک کە لەبوونی دڕندە ھەیانە و “سایمن” بە دڕندە تێدەگەن و ھێرش دەکەنە سەری و دەیکوژن, لەلایەکی ترەوە دەلالەتە لەو حەزە ئەزەلی و دڕندانەییەی لە ناخی مرۆڤەکاندا و لێرەدا و لەم رۆمانە ئەو ساتەیە کە مناڵەکان دەگەڕێنەوە بۆ سروشت و دابڕانەکانی. بەتایبەت کاتێک کە مناڵەکان پڕ نەکراون بە ماریفەت و پڕۆسەی پەروەردەییان کامڵبوونی پێوە دیار نییە, بۆیە ھاوچەشنی ئەو خێڵە سەرەتایانەی کە مرۆڤە گەورە تەمەنەکانیان ھێشتا وەک ئاژەڵ دەژین بە ھۆی دابڕانیان لە پەروەردەی مۆدێڕن و دابڕانیان لە کۆمەڵگەیەکی مۆدێڕن, یان کۆمەڵگەیەکی مامناوەند کە لانی کەم بوونی ئایین یان رۆشنبیرییەکی سەرەتایی حزوڕی تێدا ھەبێت. رۆمانی (شای مێشەکان) یەکێکە لەو رۆمانە جیاوازانەی کە چەندین لێکدانەوەو ئاستی شیکردنەوەی جیاواز لە خۆ دەگرێت. ھەڵبژاردنی مناڵ لە لایەن نووسەرەکەوە رەنگە بۆ ئەو مەبەستە بێت کە خودی مناڵ کارکتەرێکی راستگۆترو پڕ جوڵە بێت. لە ھەمان کاتدا ئەیەوێ بڵێت کاتێک مرۆڤەکان یان بەتایبەت مناڵ کاتێک کە دەکەوێتە ژێر فشار و زەحمەتی و روبەڕووبوونەوەکانی ژیانەوە چۆن رەفتاری دەگۆڕێت و پەرچەکردارەکانی چۆن گۆڕانکاریان بەسەردا دێت, جگە لەوەی نووسەرەکە خۆی ھاوسۆزە لەگەڵ مرۆڤی مۆدێڕن لە بەرامبەر ئەو کێشانەی کە روبەرووی دەبنەوە لەھەمان کاتدا رۆیایەکی چڕی بۆ جۆری کێشەکان ھەیە. جگە لەوەی ھەوڵی تێڕامان و دیقەتدانی ئەو جیاوازیانە دەدات کە لە پەرچەکرداری جیاوازی مرۆڤەکاندا دەبینێت و ھەوڵی خوێندەوەیان دەدات, بەتایبەت کاتێ کە دیانخاتە ژێر یەک بارودۆخەوە. لێرەوە نووسەر دەیەوێت بڵێت شێوەی مۆڕاڵتی کۆمەڵگە پێویستە پشت بە سروشتی رەوشتی تاک ببەستێت یان لەوێوە سەرچاوەی گرتووە نەک سیستمی سیاسی ھەر کۆمەڵگەیەک. شیکردنەوەیەکی تر لەو چەند بیرۆکەیەوە سەرچاوەی گرتووە کە سەر بە قوتابخانەیەکی تایبەتە، بەو باوەڕانەی کە شوێنێکی دیاری ھەیە لە مێژووی رۆشنفکری بۆ چەند سەدەیەک, ئەم گروپە باوەڕی بە کۆمەڵێک پرنسیپە کە شارستانیەت و کێشە ئاڵۆزەکانی فۆڕمەڵەی کۆمەڵگەیان کردووەو کاریگەری خراپیان بەسەر تاک بە تاکی مرۆڤەکانەوە ھەیە. ئەمان خاوەنی تیۆرییەکن کە پێی وایە رەسەنایەتی و رەچەڵەک و سەرەتایی بوون و حاڵەتی نائاڵۆزبوون کە مرۆڤ لە بارودۆخیکی وەھادا سروشتی تر ژیاوە, بەو شێوەیە عەقڵانی تر بووەو لە ھەمان کاتدا سادەتر بووە و لەڕوی روحیەوە پاکتر بووە. تەنانەت شیکردنەوەکانی ئەم تیۆریە ھێشتا بۆچوونە ئەنترۆپۆڵۆژیاکان بەشێوەیەکی زۆر مۆدێرنتر دەخەنە روو. سەرەڕای ئەوەی ئەوان بەردەوامن لەباوەڕبوونیان بەوەی کە زۆرێک لە خەراپەکارییەکان و تاوانە مرۆییەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەرکوتکردن و رێگای داواکاریەکانی ژیان بەشێوەیەکی زیادەڕۆیانە, کە بەھۆی پابەندبوون بە رێکەوتنە ھەڵەکان و بەھاکانی شارەستانیەتەوەیە لە روانگەی ئەمانەوە. بە نموونەیی بوونی مرۆڤ یان پیاو لە رووی مرۆیی و مۆڕاڵیەوە کارێکی مەحاڵ نییە لە دیدی پەیڕەوانی ئەم قوتابخانەیەوە, بەڵام بەبڕوای ئەمان ئەوە کاتێک دەستەبەردەکرێت کە مرۆڤایەتی تواناو زاڵبوونی بەسەر پەڕینەوەی ژیانی شارستانی بێت کە ئێستا ھەیەتی, بەدەر لە ھەندێ حاڵەتی دەگمەن کە دەکرێت چاکە خوازی یان کرداری چاکەی بنەڕەتی لەمرۆڤەکان لە ناوبەرێت یان لە ئاستەکانی مرۆڤبوون لەلای زۆرێک لە خەڵک کەم بکاتەوە. یەکێک لە شیکردنەوە باوەکانی تری ئەم کارەی “گۆڵدینگ” کە کەم تا زۆر بەربڵاوە, ئەوەیە کە پشت دەبەستێت بە زۆرێک لە ئامۆژگاریەکانی زانستی ھەڵسوکەوت یان شیکردنەوەی دەروونی کە لە سەدەی رابردوو ھاتنە کایەوە. بەپێی بۆچوونی رەخنەگران.. ئەم گروپە ھەموو بەندەکان و ئامۆژگاریەکان لە رۆمانەکە لە پرنسیپە گشتیەکانی دروونناسی مرۆیی وێناکراوە, دواتر پێشکەشکراوە بەشێوەیەکی بەھێز و ماریفەتێکی قووڵی عەقڵانی و پرۆسەیەکی سۆزداری ئادەمییانە. لەوەش زیاتر رەخنەگران پێیانوایە مومکینە لە رێگای ئەم میتۆدەوە کە پێناسەی کاراکتەری ھەر یەک لە مناڵەکان لەم رۆمانە بدۆزێتەوە, وەک بوونی فاکتەری جیاواز لە حاڵەتی دەروونی مرۆڤەکان بۆ نموونە لایەنی ھەڵچونی “جاک” و عەقڵانی “راڵف” و رۆشنبیری و ھێمنی و سەلیقەی “پیگی” و ھەریەک لەوانی تریش. ئەم گروپە لە رەخنەگران پشت بە تیۆریەکی فرۆید دەبەستێت بۆ ناسینەوەی کەسایەتی لە رێگای نەستەوە, وەک ھێزە نا مۆڕاڵیەکان کە لە نێو عەقڵی مرۆڤەکان بوونیان ھەیە. وەک لێرەدا لەم رۆمانە دەبینین چۆن ئەوھێزە شاراوانە لە ناوەوەی نەستی مناڵەکان خۆیان حەشارداوەو لە کاتێکدا سەر ھەڵدەدەن پاڵیان پێوەدەنێت بۆ کاری خراپە. ئەمە ئەو پاڵنەرانەیە کە وەزیفەی زامنکردنی دەربازبوونە لە مانەوە لە ناوەوە کە ئەمە بوونی ھەیە لە ناخی ھەموو تاکێک و پاڵنەری بنەڕەتی یان رەمەکی زۆر بەھێزەو باکی بەو پرسیارە نییە کە مۆڕاڵ یان رەوشتەکان چین. ئەو تەنھا بۆ پارێزگاری لە مانەوەی ژیانی خۆی تەرخان کراوەو کاری بۆ دەکات و لە ھەمان کاتدا ھاوسەنگی رادەگرێت و زۆر جار ململانێیەکی ناوەکی وەک زریزە ئاسا یەک لە دوای یەک لە ناخی تاکەکانی مرۆڤدا ھەیە, لە نێوان ھێزەکانی من (Id) و داوکاریەکان کە بەھۆی ژیان لە نیۆ کۆمەڵگەدا سەر ھەڵدەدەن. ئەو رەخنەگرانەی بەشدارن لەم شیکردنەوەیە ئەوە دووپات دەکەنەوە کە وانەی بەھادار لە سروشت و باگڕاوندی ھەڵسوکەوتی مرۆڤایەتی کە “گۆڵدینگ” لەم رۆمانەدا لە میانی قسەکردن لەسەر چالاکیەکانی گروپەکەی, بەشێوەیەک خستویەتیە بەرچاو کە گومان قبووڵناکات. ھەرچەند لەسەرەتادا سەختە وێنای ئەوە بکەین کە ھەر یەک لەم مێردمناڵانە جۆرێکی تایبەت لە کەسایەتی مناڵ پێشکەش دەکەن, واتا ھەر کەسەو کەسایەتی خۆی ھەیە رەنگە یەکێک وابڕوانێت کە سەرجەم مناڵەکان یەک جۆر رەفتاریان کردبێت یان ھەڵسوکەوتیان کردبێت, بەتایبەت کاتێ کە دەکەونە ژێر فشاری بارودۆخێکی قورس یان ترسناک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو, نیشاندانی مەترسییەکان وەک ئەگەرێکی ھەمیشەیی و توانای خود ئازاردان بەتایبەت کاتێ پاڵنەرەکانی وەحشیگەرایی و سەرەتایی رێگەپێدراوبێت بۆ بەدەستھێنان یان کۆنترۆڵکردنی چالاکیە مرۆییەکان. کۆتایی رۆمانەکە ئەوە نیشان دەدات کە لە ژێر بارودۆخێکی وەھادا تەنانەت ئەگەری ئەوە ھەیە کە بنیادەم کۆمەڵێک کار ئەنجامبدات لە کۆتاییدا ببێتە ھۆی ئەوەی لە دەرەنجام ھەموو شتێکی خۆی خاپور بکات وتێکبشکێنێت, یان لایەنی وەزیفی تەندروستی خۆی یان لایەنی جەستەیی و فیزیکی خۆی بەیەکجارەکی لەناوببات. شیکردنەوەیەکی تری رۆمانەکە زۆر بە سادەیی ئەوەیە کە رواڵەتی سەرسوڕمان و سەرنجڕاکێشانە لە چیرۆکی سەرکێشی. “گۆڵدینگ” ئەوەی نووسیوە کە رێگە بەو ھێرشە دەدات بۆ سەر کۆمەڵگەی رۆژئاوایی مۆدێرن و دەزگاکانی. وەک دەوەترێت چیرۆکەکەی تاقیکردنەوەی ھەموو ئەو شێوە جیاوازانەی رێکخستن و حوکمڕانی کردنی ئەو گروپەی کە پێشکەوتنی پێکراوە لە بەرەوپێشچوونی رووداوەکان و نیشاندانی نەنگی و کەموکوڕیەکانی ھەر یەک لەمانە. بۆیە دەتوانیت تێروانینی فەلسەفی و کۆمەڵایەتی زۆر و بەرچاو ببینیت لە مێردمناڵ ومناڵانی نێو ئەم چیرۆکە و ھەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان. ھێرشەکەی “گۆڵدینگ” بۆ سەر ھەڵەو کەموکوڕیەکانی دەزگا کۆمەڵایەتی حکومیەکان ترسێکی زۆری لایان دروستکردوە, بە تەواوەتی تاوانەکەی لەوان دەبینێت کە لە ئاکامدا کەوتۆتە سەر شانی ھەر یەک لە مناڵەکان, گرنگە ئەوە بزانرێت کە (شای مێشەکان) ئەکرێت زۆر شیکردنەوە ھەڵبگرێت و لێکدانەوەی جیاوازی بۆ بکرێت, بەڵام دواجار ھەموو رەخنەگران کۆکن لەمەڕ ئەوەی کە گۆڵدینگ مامەڵە لەگەڵ توانایەکی گەورە لە خراپەکاری دەکات کە ئەو پێی وایە لە پیاودا ھەیە لەگەڵ توێکڵێکی تەنکی شارستانیەت کە لە زۆر حاڵەتدا جێگرەوەی مۆڕاڵتی و عەقڵانیەتە. تا ئاستێکی باش رەخنەگران پێیانوایە رۆمانەکەی گۆڵدینگ لە بیروبۆچونە تیۆلۆجی و فەلسەفی و سایکۆلۆجیەکانی پێشتری خۆیەوە دایڕشتووە, بەڵام ھەر ھەموویان دان بەوەدا دەنێن کە بۆچوون و تێڕوانینەکانی گۆڵدینگ و وردبینی تێدایە ئەگەرچی ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی نەداوەو ھیچ پێشنیارێکی پێشکەش نەکردووە. بنچینەی ئەم حیکایەتە دەیەوێت بڵێت شەڕ و خراپەکاری ھەموو کاتێ ئامادەگی ھەیە و کاریگەری ماڵوێرانکەری ھەیە لە مرۆڤدا, بەتایبەت لە بەرامبەر ھێزەکانی عەقڵانیەت و شارستانیەت. کاتێ کە ھێزە شەڕانگێزەکەی “جاک” بەسەر “راڵف” سەردەکەوێت, ئەوە لەئاکامی ئەو کارە وەحشیگەرا تێکدەرانەیەوە دێت کە کوشتنی بێچوە بەرازەکەوە سەری ھەڵداوەو لە مەراسیمی قوربانی “سایمن”وە کە مناڵێکە باوەڕی بەمجۆرە بۆچوونە ئاینییە باوانە ھەیە. لە ھەمان کاتدا لەپاش کوشتنی وەحشیانەی “پیگی”یەوە ئەم پرۆسەیە درێژەی ھەیە. بەپێی تێڕوانینی گۆڵدینگ مێردمناڵەکان تەنھا لەوە شکستیان نەخواردووە کە ھەوڵەکانیان بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەک لەنێو ئەم دورگەیە دامەزرێنن بەھۆی سروشتی خراپەکاریانەوە, بەڵکو ئەوان ئەو کۆتە باوانەی کە دەکرێت ھەندێک جار خراپەکاریەکانی کۆمەڵگەیان پێ کۆنترۆڵ بکرێت.. ئەوەشیان لانەماوە. بۆ نموونە: شەریعەت و بنچینەی یەکگرتنی ئاینی یان بنچینەی یاسایی کاریگەر, ئەوە جگە لەوەی ئەوان ئەوەندە کامڵ نین لە روی عەقڵییەوە تا ئەندامە جیاوازو جۆراوجۆرەکانیان بسازێنن لە پەیمانێکی گشتی دا. سیفەتی خۆ کۆنترۆڵکردنیان تێدا نییە ئەمە جگە لەوەی روحی ھاوکاریکردن لەنێوانیاندا لاوازە کە پێویستە بۆ پێشکەوتنی ھەر ئەندامێکی کۆمەڵایەتی و برەودان بە رێکخستنی کۆمەڵایەتی, جا ئەگەر ئەوە لە نێو تیمێکی بالە بێت یان نەتەوە یەکگرتووەکان. لە راستیدا خاڵی لێکچوو و ھاوبەش لە نێوان گۆمەڵگە شارستانی و مۆدێرن لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیەی کە مێردمناڵەکان بۆ خۆیان دروستیانکردووەو ئەو خاڵانەش لە روانگەی”گۆڵدینگ”ـەوە زۆرن.. وەک: کێبڕکێ, وێرانکردن, توندوتیژی کە لە ھەردوو کۆمەڵگەکە ھەیە, زۆربەی ئەو کێشانەی کەوەک بەڵایەک بەدوای مێردمناڵەکانەوەیە ئەوانن کە لە کۆمەڵگە پێشکەوتوو و ئاڵۆزەکاندا ئامادەگییان ھەیە. ھەمان ئەگەری تووشبوون بە خراپەکاری و ھەمان ئەو ترسەی کە لە وەھم و نادیارەوە سەرچاوەی گرتووە, جگە لە بەکارھێنانی تەکنۆلۆجیا بۆ ئامانجە نا مرۆییەکان. لەھەمان کاتدا ھەمان ئەگەری پێشکەوتن بەرەو شارستانیەت بەمەرجێک عەقڵی مرۆیی رێگەپێدرابێت بۆ بەرەو کرانەوەو گەشانەوە لەگەڵ وشیاری و رەوتی مۆڕاڵی بەھێز نەک خنکێنراو بە کۆتە باوەکان. لە ڕووی مێژوویەوە ئەوە نیشاندەدات ھەمان ئەو ھەڵانەی کە لە لایەن مرۆڤە سەرەتایەکانی چاخە دێرینەکان روویداوە لەلای کوڕە مێردمناڵەکانەوە ئەنجام دەدرێت و بەھەمان شێوە لە کۆمەڵگەی شارستانیشدا رویداوە, تەنانەت تا ئەو خاڵەی کە مرۆڤەکان تیا قوربانی دەدەن بۆ قایلکردنی خودا لە ترس و تۆقاندن ھێشتا بوونی ھەیە. وا دەردەکەوێت کە خوێن لای “گۆڵدینگ” وەکو حەزێکی قووڵ و سەرەتایی بۆ راوکردن باو و بەربەڵاوە لە پیاوی مۆدێرن وەک دەبینرێت لە شەڕو بۆمب و رۆکێت و کەشتی جەنگەکاندا. لە سەرەتای رووداوەکانەوە داھاتویەکی خۆڵەمێشی دەبینین. کۆمەڵگەیەکی ئەنارچیزم, پارچە پارچە و توندوتیژ، گەشەو نماکردنی لەسەر حیسابی عەقڵانیەتە. بەھەرحاڵ لە کۆتایی رۆمانەکە ھەندێک ھیوا بە داھاتوو ھەیە بە رزگارکربوونی “راڵف”, لەگەڵ بوونی بە خاوەنی ماریفەتێکی نوێ کە لە ئاکامی تێگەیشتن لەو ململانێیەی کە لە نێوان چاکەو خراپەدا بۆی روون بوەوە. ئەو جیاواز لە “سایمن” و “پیگی” بایی ئەوەندە گەشەی گردبوو کە بتوانێت خۆی لە مردن رزگاربکات و ئەو ماریفەتە نامۆیە لە ئاکامی ئەم ململانێیە دەستی کەوتووە لە گەڵ خۆیدا بیگەڕێننەوە بۆ شارستانیەت و وا چاوەڕوان دەکرێت لەمجۆرە مناڵانە کە لە پاش گەڕانەوە بۆ نێو گۆمەڵگەو لە داھاتوودا پێشەوای ژیریان لێدەردەچێت کاتێک کە گەورە دەبن. چونکە بەمجۆرە دەبنە پیاوی عەقڵانی و ھەروەھا پیاوێک کە شارەزایی لە بینینی تاریکیدا ھەیەو خۆی لە پیاوێکی سادەدا حەشارداوە. ئەوە جگە لەوەی ھەندێک کاریگەری پۆزەتیڤی لەسەر شارستانیەت دەبێت. بۆ قسەکردن لەسەر لایەنی ئەخلاقی لەم رۆمانەدا ئەوە کارێکی ئاڵۆزە نەک ھەر تەنھا لەبەر ئەوەی پێناسەو دیاریکردنی چوارچێوەی ئەخلاق لە گۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر دەگۆڕێت, بەڵکو لەنێو ئەم دورگە سەیرە خودی ئەخلاق دەکەوێتە ژێر پرسیارو لێرەشدا وا پێدەچێت گۆڵدینک بیەوێت بڵێت لە ھەر شوێنێکی دونیادا یان لە ھەر کۆمەڵگەیەکدا روحی وەحشیگەرای زاڵبوو بەسەر مۆڕاڵ و عەقڵانیەتدا, ئەوا فۆڕمەڵەبوونی ئەخلاق دەکەوێتە ژێر پرسیارو کارکردن پێی بە یاسای عورفی دەبێت, چونگە لە وەھا شوێنێکدا و بەتایبەت لەم دورگە دابڕاوە پیاوی چاک مەرج نییە ئەوە بێت کە کاری چاکە ئەنجامدەدات، بەدڵنیایەوە ئەو کەسەیە کە یاسا باو و عورفیەکانی کۆمەڵگە پەیڕەو دەکات، لەبەر ئەوەی داب ونەریت لەم دورگەیە کوشتن و ئەزێتدانە. لە پاڵ ئەمانە دەبێت کەسێک بێت گوێ بۆ ئەو بڕیارانە شل بکات کە زاڵن بەسەر عەقڵەوە, دەبێت کەسێک بێت رازیبێت بەرپرسیاریەتی خۆی ھەڵگرێت لە خراپەکاری, کەسێک بێت وەکو مرۆڤێکی خۆ گونجێنەر رەفتاربکات، لەوانەیە (سایمن) یەکەمین کەس بێت وەکو کەسێکی ئایینی و پیرۆز ھەڵسوکەوت بکات لەنێو رۆمانەکە, بەڵام لە کۆمەڵگەی نێو دورگە وەکو کەسێکی کاریگەر رەفتاری نەکردووە. رەنگە تەنھا “راڵف” وەکو پێشەوایەک توانیبێتی بەباشی گونجاندنی چالاکیەکانی رێکخستبێت و باشترین کاراکتەری مۆڕاڵی بێت لە رۆمانەکە، دەربارەی پاڵەوانی چیرۆکەکە رەنگە لای گۆڵدنینگ پاڵەوان کەسێک لە جۆرێکی باو وەک ئەو کاپتنە نەبێت کە سەری شکاوەو ھۆشی لە دەسداوە وەک لە ھەندێ کاری ئەدەبی باو و کۆندا دەیبینین, پاڵەوان لای گۆڵدینگ ئەو کەسەیە کە کار بۆ داھێنان و دۆزینەوەی رێگاچارەو بەرەو پێشچوونی کۆمەڵگا دەدات. ئەو کەسەیە کە خراپەکاری و روبەڕووبونەوەکانی لە خودی خۆیدا دەدۆزێتەوە, ئەو کەسەیە کە توانای خۆڕاگری ھەیە لە ئاڵۆزیەکاندا و زۆر جاریش لە ژینگەی وەحشیگەرادا. ناونیشانی رۆمانەکە گوزارشت لەو گۆڕانکاریە دەکات کە لە ھەڵسوکەوتی مناڵەکان روودەدات بەرەو وەحشیگەرایی و باوەڕبوون بە ئەفسانە. گوزارشت لە بێڵزەباب (کە ناوی یەکێکە لە ئەھریمەنەکان) ئاماژەیە بەوەی چۆن مێردمناڵەکان خەراپەکار دەبن دوای ئەوەی (کەللەسەری گایەک) لەسەر راستەدارێک دادەنێن و دەیچەقێنن لەسەر زەوی و دەست دەکەن بە پەرستنی ھێزە نادیارەکانی دارستانەکە. لە ھەمانکاتدا ناونیشانی رۆمانەکە ئاماژەیە بەوەی کە مناڵەکان ھاوچەشنی مێشەکانن. تەنھا لەبەر تێرکردنی حەزە رەمەکیەکانیان گەلەکۆمە دەکەن بۆ کوشتنی کەسێک. “سایمن” کە نوێنەرایەتی بەرزترین بەرخوازی روحی مرۆڤایەتی دەکات بەرەو جوانی و پیرۆزی, کەچی بەشداری دەکات بەگفتوگۆکردنێکی ھێمایانە لەگەڵ شای مێشەکان. کە ئەمە لایەنی نزمی پیاو نیشاندەدات لە رەفتار و مۆڕاڵتیدا, لەھەمان کاتدا سەرچاوەی توندوتیژی, کوشتن, کینەو ترسە لە ناخی مرۆڤدا. کۆبونەوەکانیان لە دەوروبەری نیشانەی بوونی ئەو ھێزە نادیارانەیە کە لە ناخی ھەموو مرۆڤەکاندا بوونی ھەیە. بوون و کردنەوەی ئاگر لە رۆمانەکەدا ھێماو مەغزای جیاوازی ھەیە, ئەگەر چی لێرەدا ھیوایەکە بۆ داھاتو ورزگارکردنی مناڵەکانە لەو میحنەتە, بەڵام ئاگر مرۆڤ لە دڕندە جیادەکاتەوە چونکە مرۆڤ ئاگر بۆ چێشت لێنان و خۆ گەرم گردنەوە بەکار دێنێت. لێرەدا ئاگر ئاماژەیە بۆ کارێکی مرۆیانەی سەیر, ئەویش بەکارھێنانیەتی وەک نیشانەیەک بۆ بەدەنگەوەھاتنی ئەوانی تر. تا ئەو کاتەی کە ئاگرەکە داگیرساوبێت, مێردمناڵەکان دڵنیان لەوەی کە شوێنی ئەوان لە نێو خەڵک و کۆمەڵگەیەکی شارستانیە. لێرەدا ئاگر دژە لەگەڵ ئەو تاریکیەی کە نیشانەی بەربەریەتەو لە نێو ناخی مناڵەکانە. راوکردن لێرەدا نیشانەی بوونی سۆز و بەزەییەکی تێکشکاو و داڕوخاوە کە لە ناخی مناڵەکاندا دروستبووە. لێرەدا راوکردن ئەو سۆنگەیەیە کە لەوێوە سۆزەکان دەردەچنە دەرەوە. بەھەرحاڵ ئەمە کارێکی ترسناکە چونکە زۆربەی ئەم سۆزانە لێرەدا بە توندوتیژی تێردەکرێن. لێرەدا سروشت نیشانەی ددان و چڕنوکی سوورە و ھەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی مرۆڤ مەگەر بە عەقڵانیەت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و لێی تێبگات و کۆنترۆڵی دەسەڵاتەکانی سروشت بکات. دۆزینەوەی خود لەو کەسانەدا دەردەکەون لەم دورگەیە, کە ھەموو ھەوڵێک دەدەن لە پێناو باشترکردنی بارودۆخەکە و بە مەدەنی کردنی دورگەکە. ھەر لە دروستکردنی کۆلیتەکانەوە تا دامەزراندنی پەرلەمان. بۆیە تەنھا لە کۆتایی رۆمانەکە “راڵف” ئەوەی بۆ دەردەکەوێت ماریفەت رێگای پێشکەوتن قیرتاو دەکات بەڵام پاش ئەوەی بۆی دەرکەوت بەشی زۆری بەرائەتی لەدەسداوە. لە کۆتایی دا ئەوی دەبینرێت لە رۆمانی شای مێشەکان ململانێیەکی مۆڕاڵی, جەستەیی, سۆزداریە لە نێوان مێردمناڵەکان خۆیان لە لایەک و مناڵەکان لەگەڵ سروشتدا لە لایەکی ترەوە کە بە بەردەوام سەرنج و ئارەزوی خوێنەر دەگرێتە خۆی و رایدەکێشێت. ئازادی ھەمووکاتێ رێگەی بۆ دۆزراوەتەوەو خۆشکراوە لەلایەن ئەو ھێزانەی کە لە دەرەوەو ناوەوەی پیاودان, بەڵام ئەوە کۆمەڵگەیە کۆتەکان دەسەپێنێت بەسەر ئازادیەکانی پیاودا, لەبەرامبەردا رەنگە ئەمانە یاساگەلێکی یارمەتیدەربوبن بۆ درووستکردنەکانی “راڵف”, یان لەوانەیە کۆمەڵێک مەراسیمی باوبن بۆ خێڵە وەحشییەکەی “جاک” کە “سامنێریک”ی ناچارکردووە کە خۆی لەگەڵدا بگونجێنێت. بەڵام لایەنی تاریک لە ناخی پیاودا کۆنترۆڵی حەزو کارەکانی دەکات و تواناو دەسەڵاتی ھەڵبژاردنیشی سنوردار دەکات. تەنھا وەکو مرۆڤێک لە دەرەوەو ناوەوەی خۆی دەتوانێت لەم رێگایەوە مافەکانی بناسێتەوە وەک بوونەوەرێکی سەربەست و بەرەوپێش بچێت لە پێناو کۆنترۆڵکردنی چارەنووسی خۆی, چونکە ئازادی پشت بە ماریفەتی ناوەوەی تاک دەبەستێت.

سەرچاوە

 

: www.cliffsnotes.com>literature>lord of the flies. www.william-golding.co.uk>-teacher. Lord of the flies / notes / by frederick jackson / coles ( the book)