فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

پرسی نیشتمان و لەدەستدان … ! لە دەقێکی شاعیری مەزن ( قوبادی جەلیزادە )

پرسی نیشتمان و لەدەستدان … !

لە دەقێکی شاعیری مەزن ( قوبادی جەلیزادە )

گەر نیشتمان مرد لە کوێی بنێژین !

د. ئازاد ئەمين باخەوان/ نووسەر / کەرکووک

یەجگار بچووکە ؛

گۆی زەوی ! ؟

ئەم دەقە شیعرەییەی  شاعیری مەزنی کورد(  قوبادی جەلیزادە ) ، دەربڕینی خەم و خەمبارییەکی قوڵە و ڕەنگدانەوەیەکی فەلسەفیانەیە لەسەر ( پرسی نیشتمان ) و ئەو شوێنەی کە دەشێت  دوای مردن لە باوەشی بگرێت…!!!  دەقەکە پرسیارێکی بوونگەرایی  دەخاتە ڕوو :

گەر نیشتمان مرد لە کوێی بنێژین !؟

پرسیارێکە کە چەمکی نیشتمان خۆی تەحەدا دەکات و ده‌چێته‌ چوارچێوەی (هەستی مرۆڤایەتی ) کە سنوورە جوگرافییەکانیش تێدەپەڕێنێت …!

یان دەتوانیین بڵێین لەلای شاعیر  نیشتمان بوونێکی فیزیکی نییە کە بتوانرێت لە زەویدا بنێژرێت، بەڵکوو دۆخێکی بوونگەرییە کە دەست بۆ ڕوح دەبات …!

وەڵامی ئەم پرسیارە دەستەواژەیەکی ڕەمزییە:

یەجگار بچووکە؛

-گۆی زەوی ! ؟

ئەمەيش ئەوە دەردەخات کە گۆی زەوی زۆر زۆر بچووکە بۆ ئەوەی نیشتمانێک لە باوەش بگرێت … ! بە قەبارەی ئەو هەست و سۆز و خۆشەویستی و سەربەخۆییەی کە مرۆڤ بەرامبەر بە نیشتمانەکەی هەیەتی. ئەم دەقە ڕەنگدانەوەی ئەو هەستەیە کە نیشتمان تەنها پارچە زەوییەک نییە کە بتوانرێت  بنێژرێت، بەڵکوو چەمکێکی زۆر قووڵە ، کە ( شوێن ) تێدەپەڕێنێت و پەیوەندی بە شوناس و یادەوەری و پەیوەندییە سۆزدارییەکانی مرۆڤەوە هەیە… !

 

ئەم دەقە گوزارشت لەو بیرۆکەیەك دەکات کە نیشتمان، کاتێک دەمرێت، ناتوانرێت شوێنێکی گونجاوی بۆ  بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی تێیدا بنێژرێت…! چونکە نیشتمان  لە دڵ و یادەوەریی مرۆڤەکاندایە و لەوێ دەژێت… ! ئەم دەقە کورتە لەناوئاخنی خۆیدا چەندین بیرۆکەی قووڵ و تێکەڵاو سەبارەت بە ( ناسنامە و سەربەخۆیی و لەدەستدان ) هەڵدەگرێت و بە شێوەیەکی چڕ و ڕوون هەستی نامۆبوون و پرسیارکردن لەبارەی چارەنووسەوە بەرجەستە دەکات …!

 

لە ئالێکی دیکەوە ئەم دەقە ڕەنگدانەوەی ئەو بارودۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتییە  کە ئەو خەڵکە تێیدا دەژێت…! ( قوباد ) لێرەدا بەشێوەیەکی زؤ بەهێز هێما و ڕەمز          ( سیمبۆلیزم ) بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی بگاتە دڵی خوێنەران و  هانیان بدات بیر لەوە بکەنەوە کە لەدەستدانی نیشتمان لەدەستدانی هەموو بەهاکانی مرۆڤایەتییە و  کاریگەری لەسەر تاک و کۆمەڵگا دەبێت …!

 

هەروەها دەتوانیین بڵێین ؛ ئەم دەقەی(  قوبادی جەلیزادە ) دەقێکی کورتە بەڵام واتایەکی قووڵی لەسەر نیشتمان و لەدەستدانی نیشتمانی لەخۆ گرتووە  و پرسیارێکی فەلسەفی لەبارەی شوێن و سەربەخۆیی دەوروژێنێت، کە وا لە خوێنەر دەکات بیر لە خودی ( چەمکی نیشتمان ) بکاتەوە و چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەددایانەيش بێت کە هەڕەشە لەم چەمکە دەکەن …!!!

بە واتایەکی تر ئەم دەقە  گوزارشتە لە نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەکی قووڵ ،  سەبارەت بە نەمانی شوناسی نەتەوەیی و لەدەستدانی ئەو پەیوەندیانەی کە چەمکی نیشتمان پێکدەهێنن … !

8-8-2024 كه‌ركوك