فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شاعیر چۆن دەتوانێت خوێنەر بوروژێنێت و ھەستەكانی بجوڵێنێت ؟  « قوبادی جەلیزادە » بەنموونە 

شاعیر چۆن دەتوانێت خوێنەر بوروژێنێت و ھەستەكانی بجوڵێنێت ؟

 « قوبادی جەلیزادە » بەنموونە 

د.ئازاد ئه‌مین باخه‌وان  / نووسەر/ کەرکووک

 

بۆ ئەوەی شاعیر بتوانێت خوێنەر بوروژێنێت و  هەستەکانی بجوڵێنێت ، پێویستە پێڕەوی چەند ڕێكارێك و تەکنیکێکی شیعریی بکات:

– هەڵبژاردنی بابەتێکی کاریگەر: شاعیر دەبێت بابەتێک هەڵبژێرێت کە باس لە بابەتێكی قووڵی مرۆڤایەتی و هەستە گشتیەکان بکات ، کە ڕەنگە خوێنەران پێشتر ئەزموون و یادگارییان لەگەڵیدا ھەبوو بێت . بۆ نموونە خۆشەویستی ، لەدەستدان  ، هیوا  ، ئازادی  ، نیشتمان ، خیانەت ، ویژدان … ھتد

ئەمە خاڵێكی زۆر گرنگە كە پێویستە شاعیر لەبەرچاوی بگرێت ، چونكە ھەڵبژاردنی بابەت ھۆكاری كاریگەری و دەرخستنی شاعیرە … لەم ڕووەوە « قوبادی جەلیزادە » توانیویەتی زۆر بە ئاگایانەوە بابەتی ھەنوكەیی و سەردەمیانە ھەڵبژێرێت و كاریگەری خۆشی لەسەر خوێنەر جێبھێڵێت …

بەبەرچاوی منەوە تەقەیان لە نیشتمان کرد..

کەچی دایکم،

خوێنی لەبەر  ڕۆیی.

———————

گەر هەموو کۆترەکانی دنیا، لەناو لانەی ئارامیدا بخەون

ئەوا کۆترەکانی کەرکوک،

بۆ چرکەیەکیش چاویان ناچێتە خەو.

ئەم دەربڕینە ھەنوكەییە كاریگەری تایبەتی خۆی ھەیە بۆ سەر خوێنەر ، چونكە ئازارەكانی خۆی تێدا دەدۆزێتەوە ، كە ئازارێكی گشتی و نەتەوەیی و مرۆڤانەیە …

– سوود وەرگرتن لە زمانی شیعری: شاعیر دەبێت تەکنیکە شیعرییەکانی وەک لێكچواندن  و مێتافۆر و وێنەی بینراو … بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی گیان بخاتە بەر  وشەکان و بارگاویان بكات بەھەست و بیرۆكەی سۆزداری و سەرنجڕاكێش … كە ئەمیش خاڵێكی دیكەیە بۆ وروژاندن و جوڵاندنی ھەستی خوێنەر …

لە بەردەمی من، زمانی نیشتمانیان قرتاند..

کەچی ئەوەی ناگۆ” بوو،

دایکم بوو.

لەم دەربڕینە شیعرییە سەرنجڕاكێشەدا زمان ڕۆلێكی گەورەی گێڕاوە … شاعیر چۆن توانیویەتی لەو چوارچێوە تەسكەدا ئەو ھەموو ھەست و سۆز و خۆشەویستییەی نیشتمان پەیوەست بكات  بە دایكەوە …! نیشتمان ناگۆ نابێت …! نیشتمان واتە « گشت ، ھەموو » كە دەبێت تاك لەپێناویدا قوربانی بدات . شاعیر گەورەترین و پیرۆزترین قوربانی دەبەخشێتە نیشتمان كە دایكە …!!!

– شێوە و فۆرم: خاڵێكی بەھێزی دیكەیە كە شاعیر پێڕەوی دەكات لە ڕێکخستنی ھۆنراوەكەی  لەسەر لاپەڕە یان لاپەڕەی ئەلیكترۆنی « كە ئەمڕۆ زیاتر خۆی لە مۆبایل و ئایپاد و كۆمپیوتەردا دەنوێنێت  » بە شێوەیەک کە سەرنج ڕابکێشێت و ناوەڕۆکە شیعرییەكەی  ڕەنگ بداتەوە، فۆڕمی سەرنجڕاکێش و خاڵبەندی و دابەشكدنی ھۆنراوەكە بە شێوەیەكی ھونەری بەشدارە لە دروستکردنی کاریگەرییەکی شیعری بەهێز بۆ سەر خوێنەر …

شووشە عەتر ناکڕم

سبەینان لە بەردەم ڕیزێ گوڵ دەوەستم،

لەکاتێکا کە،

بەیەکەوە دەپژمن.

ئەم دابەشكردن و وەستان و كۆما دانانە جوانییەكی سەرنجڕاكێشی بە شێوەو فۆڕمەكەی بەخشیوە ، كە ئەمیش ھەر دەگەڕێتەوە بۆ خزمەتی ناوەڕۆك و بەكێشكردنی خوێنەر و ھەستەكانی خوێنەر …

– گرنگیدان بە وردەکاری: شاعیر دەبێت ورد بێت لە بەکارهێنانی وشە و دەربڕینەکانیدا ، بۆ ئەوەی بگاتە ئەو وردەکارییە وردانەی کە هەستەکان دەریدەبڕن … بەواتایەكی تر شاعیر چۆن بتوانێت زۆر بە وردی و ڕوونی ھەستەكانی دەربڕێت كە پەیوەستە بە زمانی دەربڕینەوە . ئەم وردەكارییانە دەبنە ھۆكاری بەكێشكردنی خوێنەر و تێكەڵاوكردنی لەگەڵ دەقەكەدا .

شەو لەسەر گیا دەنووم..

سبحەینان،

بە شەونم دەم و چاوم دەشۆم

نەک،

بە ئاوی باران

لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم دەقەدا خوێنەر تێكەڵ بە وردەكارییەكانی نێو دەقەكە دەبێت و دەبێتە بەشێكی دانەبڕاو لە دەق و وێنەكان … شەو لەسەر گیا دەنوێت و بەیانیانیش بە ئاوی باران دەم و چاوی ناشوات بەڵكو بە شەونم … چونكە ئاوی سەرپەڕەی گوڵە و ھەڵگری بۆن و بەرامەی گوڵە … ئاوی باران بەخۆڕ دێتەخوار جگە لەو ھەموو تەپوتۆز و خۆڵەی كە لەگەڵ باراندا دێتە خوارەوە … وێنەكان بەمجۆرەی لێدێت : ئارەقەی سەر گۆنای یار دەكەم بە ئاوی شوشتنی دەم و چاوم نەك ئاوی باران … لەڕاستیدا وردەكارییەكی زۆری تێدایە و فەزایەكی زۆری جێھێشتوە بۆ لێكدانەوە ، دەشێ لێكدانەوەی زۆر وردتری بۆ بكرێت …

– دەربڕینی قووڵ و ڕاستگۆیانە :

شاعیر دەبێت زۆر ڕاستگۆ بێت و بە ڕاستگۆیی خۆی هەست و بیرکردنەوەکانی بەرجەستە  بکات، بۆ ئەوەی خوێنەر هەست بە دڵسۆزی و ڕاستگۆی و سۆزدارییەکەی بکات. ئەوەتانێ لە ئنجامی خۆخواردنەوەكانی خۆیدا دەگاتە پلەی تەقینەوە و شەقبردن …! بەوپەڕی ڕاستگۆیانە و ھەستكردن بە بەرپرسیارێتی و دڵسۆزی بۆ دار و بەردو گوڵ و ئاسمانی نیشتمان ، ھاواری لێ ھەڵدەستێ و پڕ بە گەرووی ھاوار دەكات …

شەقم برد ئەوەندەی تەماشای فرمێسکی گوڵ و

بنچکە گیا و

ئەستێرەی ڕژاو بکەم

لەم نیشتمانەدا،

هیچ شتێ نەماوە، ڕەش دانەگەڕابێت-بەفریش

هیچ شتێ نەماوە کوێرایی دانەهاتبێت- چراش

هیچ شتێ نەماوە ڕەق و وشک نەبووبێتەوە-بارانیش

– توندوتۆڵكردنی پەیوەندی و بەردەوامبوون لەگەڵ جەماوەر : شاعیر دەبێت ئاگاداری مەیل و ئەزموون و ئارەزووەكانی جەماوەرەكەی بێت .. بۆ ئەوەی بتوانێت پەیامەكەی بەشێوەیەكی ئامانجدار بگەیەنێت … ئەمیش خاڵێكی زۆر گرنگە بۆ كارلێكی شاعیر لەگەڵ خوێنەرەكانی . ئەمڕۆ ئەم پەیوەندییە بەھۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ئاسانە و ڕاستەوخۆ شاعیر لەگەڵ خوێنەردا پەیوەندییەكانی دەبەستێت و بەھۆی كۆمێنتەكانیانەوە مەیل و ئارەزووەكانیان دەزانێت … ئەم خاڵە كە زۆر گرنگە لەلای « قوبادی جەلیزادە » دا دەبینرێت ھەر بۆ نموونە لەم چەند ھەفتەیەی ڕابردوودا زیاتر لە سێ دەقی بۆ « نیشتمان » نوسیوە ،كە لەلایەن خوێنەرەوە پەسەندی و دەستخۆشی نیشاندراوە …

هیچ شتێ لەم نیشتمانەدا نەماوە، نەشکابێ؛

قەدی درەخت -مەبەستم قەدی ئومێدە

باڵی کۆتر- مەبەستم باڵی ئاشتییە

لاقی کەروێشک- مەبەستم لاقی ڕووبارە.

– فرەچەشنی و ھەمەجۆری بابەت و داهێنان: شاعیر دەبێت داهێنان بکات و ڕێگەی نوێ و ورووژێنەر بدۆزێتەوە بۆ دەربڕینی هەست و بیرۆکە، بۆ ئەوەی شیعر دووبارە نەبێتەوە یان بێزارکەر نەبێت  ، چونكە دووبارەكردنەوەی ھەمان بابەت و بیرۆكە ھۆكاری  بێزاری و دوركەوتنەوەی خوێنەرە لە دەقەكانی شاعیر  … ئەوەی من بەدیمكردبێت لە دەقەكانی قوبادی جەلیزادە ئەوەیە كە بە بەردەوام بیرۆكە و وێنەی شیعری و زمان و فۆرم و ستایلی شیعرەكانی دەگۆڕێت و بەردەوام لە جووڵە و خۆ نوێكردنەوەدایە … ھەر ئەمەش نھێنییە شاراوەكانی پشت دەقەكانی قوبادە و زیندووێتی بەردەوامی پێبەخشیوە …

بە پەپوولە دەڵێم

تاوێک لەناو لەپم هەڵنیشە

ڕەشەبایەک بەڕێوەیە

……………………

دڵتەنگ دڵتەنگ

بە نێو باخچەیەکی هەڵوەریودا هەڵدەفڕێ

-پەپوولەیەکی نەساغ

….

کافێیەک دەکەمەوە خۆشەویستی تێدا دەخۆینەوە

گارسۆنەکانی؛

هەنگ و

پەپوولە و

کەناری.

…..ھتد

ئەمانە كۆمەڵێك تەكنیك و ڕێكارە كە شاعیر دەتوانێت بەردەوامی خۆی پەڕەپێبداو لە خوێنەری شیعرەكانیشی دانەبڕێت … ھەر ھەموو ئەمانەش لە شاعیری گەورەی كورد « قوبادی جەلیزادە » دا كۆبوونەتەوە ..