فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

گوتاری مردن لە فشقیاتی (ع. ع. یووسف)

گوتاری مردن لە فشقیاتی (ع. ع. یووسف)

غازی حەسەن/ نووسەر/ ئەمەریکا

پێشەبار

لەم ناونیشانە سێ بابەت و چەندین شتی دیکە هەیە: (گوتار، مردن، شاعیر). لەڕاستی دەیان شتی دیکەشی تێدایە، لەوانە ئایا مردن لای شاعیر چییە و چۆن باسی مردن دەکات. مردن تۆقێنەر و ترسناک و دێوێکە حەفت چیای لەپشتەخۆی کردووە، یان مردن فیزیکە و هیچ نییە. مێژووی مردن، تێڕوانینی نەتەوە و گروپە نەژادییەکان و ئایین و کەلتوور چۆن لەمردن دەڕوانن. شاعیر لە دەقێکدا کاریکاتێرانە پێشوازی لە مردن دەکات. ڕەهەندەکانی مردن و تێڕوانینی فەلسەفە جیاکان و ئایین و مرۆڤی لادین و پشتئەستوور بە بیر و فکرەکانی پشت بیر و فکر چۆن لەم دیاردە نامۆیە دەگەن. دەتوانین سەدان ئەگەر و مەگەریشی تێدا بدۆزینەوە.

 ڕێبازی قسەکردن

گوتار قسەکردنە، یان بەکردەوە ڕاپەراندنی مەبەستەکانە و (قسەکەر و گوێگر و کەناڵەکانی پەیوەندی تێدایە)، ئێمە پشت بە تیۆری (کردە قسە) لەنێو شیکردنەوەی پراگماتیکی دەبەستین. ڕەوسەی ئێمە دەچێتەوە سەر ڕێبازی شیکاری زمانەوانی.

سەرچاوە

دیوانە شیعرێکی شاعیری جیاواز و تێپەڕی نوێخوازیی (ع. ع. یووسف)ە بەناوی (کلکی کتکی پرسیارە). پشت بە فکرەڕوانین و وێنەچنی لە ئاسمانۆکە و ژینگەی ئەم دیوانە دەبەستین و بەشێکی شیعری (فشقیات)مان وەرگرتووە، کە باسی مردن دەکات.

 

دەقەکە (فشقیات):
ئەگەر مەرگ هات
توند دەیگرم، لێ ناگەڕێم خۆ دەرباز بکات
بە بزمارێکی درشتی کۆنکریت
لەسەر دیواری بەرد قایمی دەکەم
وا دەکەم ڕەوە مەیموونێکی قوونسۆر
بێن و پێی پێبکەنن
عزرایلیش لە سوێیان
لەجێوە بمری!  (دیوانی کلکی کتکی پرسیارە، ٩٢).

کۆڵینی دەق

 

ئامان لە دەقی زیندوو، چەندە بە ئاسانی وەکو خاکێکی بەپیت، بەرێکی زۆر دەبەخشێتەوە، کە نەک هەر بخۆر و بینەر و سەرنجدەران، سەرنجکێش دەکات، بەڵکو هەندێک جار خودی دەقنووسیش بەخۆیەوە گێژ دەکات، دەیخاتە خەیاڵاتێکەوە، کە خەیاڵاندن و ختووکەدانی خۆی نەقیزە بدات. پێمەڕەکاری و پشکنینی نێو دەق، نەک دەرەوەی دەق گرنگە، چونکە پێم وایە دەبێت خاک و خۆڵی ئەو ژینگەیە بکۆڵرێت، هەڵکۆڵین بە مانا فەلسەفییەکەی (فۆکۆ) بۆ دەق بکرێت. ئێمە بەسادەیی، بۆ ئەوەی نمایش و بەرچاوخستنێکی خێرا بکرێت، تەنیا قسە لەسەر فۆرم و قەپێلک و دیوی بینراوی دەرەوەی دەقەکە و گیرفان و پانتۆڵ و خێزان و پەنجە و دەموچاوی نووسەرەکە دەکەین، قسە لەسەر بیرۆکە و ڕیشەی مێژوویی کەرەستە و کەلوپەلەکان و چۆنیەتی دەستەچنی بەرووبوومی دەقەکە ناکەین، تەنیا لەبەر هەژاری خۆ لە چیلکە و سواندەی هۆکار و ئەنجام و ژینگە و مەعریفەی پێکهاتەی دەقەکە و ئەو زانیاریی و شتە ڕیشەییە مێژوویی و کەلتووری و ئەخلاقی و دەروونی و سیاسی و فکری و فەلسەفیانەی لەنێو دەق و دەوروبەری دەقەکە گرمۆلە بوون، نادەین خۆ تەریک دەگرین. ئەمە وەکو ئەوە وایە لەجیاتی باسکردنی چۆنیەتی چاندن و پێکهاتەی هەمەلایەنەی دار مێوێک و هۆکار و شێواز و ڕێگاکان و زانیاریی چاندن و چۆنیەتی بەردانەکەی بکەین، یەکسەر باسی پەسیرە و ترێ و مێووژەکەی واتە (بەری مێوەکە) دەکەین. مەبەستم ئەوەیە باسی شتە بینراوە ئاسانە خۆشە، بەلەزەتەکە دەکەین. ئەم چەشنە گوتارە لەکردەوەدا بێدەسەڵاتی لە کۆڵین و لێکدانەوەی دەق نمایش دەکات.

 

(مردن هیچ لەزەتێکی نییە لە ترس و تۆقاندن پتر)، کەچی دەقنووس لەزەتێکی وای بە مردن داوە، مەگەر هەر لەنێو جەستەیەکی بێ ترس لە مردن هەستی پێ بکرێت

دەق لەزەتی تێدایە، بەڵام دۆزینەوەی لەزەتەکە لای هەر یەکێک لە خوێنەرەکانی دەقەکە جیاوازە. (مردن هیچ لەزەتێکی نییە لە ترس و تۆقاندن پتر)، کەچی دەقنووس لەزەتێکی وای بە مردن داوە، مەگەر هەر لەنێو جەستەیەکی بێ ترس لە مردن هەستی پێ بکرێت. لەبەر ئەوە تێگەیشتن و پەرەپێدان و زیادکردنی بەرەکە، دەبێت پێمەڕەکاری بکەیت و خۆت ماندوو بکەیت و لەوە بگەیت چۆن دەق خوێندنەوە فرەجەمسەر و هەناوپڕ و پڕ ئەرک و فرە مانا و فرە وێنە و مەبەستە.

 

مردنی فیزیکی

(ع. ع. یووسف) لەبارەی مردنی فیزیکی دەبێژێت:

مردن کە دێ….

بە مێگزی خۆی و بە یاسایەکی فیزیک دێ. (دیوانی کلکی کتکی پرسیارە، ١٣٣)

پرسیار لەبارەی مردن زۆرە، بیروباوەڕ و نەریتی کۆمەڵایەتی و یاسا و ڕێسا ئایینییەکان و ئەفسانە و کەلتووری نەتەوە و نەژاد و گروپە مرۆییە جیاوازەکانیش لەبارەی مردن و تێگەیشتن و لێکدانەوەی مردن، تێڕوانین و وەستان و لەقوڕی فەلسەفە چەقینیان هەیە.

هەیە لەمردن تۆقیوە و بە سزا و ئازاری دەزانێت و نەتە بەردەدات، هەشە بەبنەی دەستپێکردنی ژیانێکی دیکەی دەزانێت و هەشە پێی وایە مردن کردەیەکە بێ هەست و هەستپێکردن ڕوودەدات و هەموو شتێک کۆتایی دێت، بێ ئەوەی هەست بەهیچ بکرێت. هەندێک پێیان وایە “شاعیرەکان دوای مردن، لەدایک دەبن”.  (فاضل السلطانی، https://aawsat.com/home/article/1517196/%D8%B4%D8%B9%D8).

زیندوو کردنەوەی شاعران دوای مردنیان، بێگومان زیندووبوونەوەکەی پەیوەندی بە دەقەکانییەوە هەیە، نەک جەستەی. واتە فکر و بیرەوەریی و هێزی وشەکانی نامردن و دەژین

 

بۆچی تەنیا مردنی شاعیرەکان، بیر لە سەرلەنوێ لەدایکبوونەوەیان دەکرێتەوە، کە لەژیاندا نەک دەخرێنە شوێنە لەبیرچووەکانی نێو بیرەوەری ڕۆشنبیریی، بەڵکو ئازاریش دەدرێن، کەچی دوای مردنیان جارێکی دیکە زیندوویان دەکەنەوە؟. بێگومان زیندووبوونەوەکەی پەیوەندی بە دەقەکانییەوە هەیە، نەک جەستەی. واتە فکر و بیرەوەریی و هێزی وشەکانی نامردن و دەژین، نەک ئەو جەستەی هەڵگری خودی شاعیر و فکرە و بیرۆکە و خوێن و مردنیەتی. شاعیر لەنێو جەستەی خۆی دەمرێت و لەنێو وشەکانیدا دەژیت.

ئەم شاعیرە نوێخوازە لەدەریای مەعریفە مەلەی شیعر دەکات، نەک هەر باسکەمەلە، بەڵکو پشتە مەلەش دەکات و دەزانێت لەکوێ جووڵە بەوشە بکات و لەکوێ هێز دەخرێتە سەر وشە، بۆ دروستکردنی ئاسمانزانی و تێفکرین لە گۆڕناسی و لێکدانەوەی هەناوەفکری مرۆڤ.

شاعیر پێمان دەڵێت مردن بە (مێگزی) و بەشێوەیەکی (فیزیکی) دێت. ئایا بیرتان لێ کردۆتەوە (مردن) چ کردەیەکەی خۆسەپێنی دیکتاتۆری و بێ دەم و شوێن و ئیجازەیە، کەی ئارەزوو بکات و مەزاجی کار بکات دێت و قیڕە لە مرۆڤ هەڵدەستێنێت. لەهەمان کاتدا ئەو لەبەکارهێنانی یەک وشەی وەکو (فیزیکی) دونیایەک لێکدانەوە و شیکردنەوە و ناکۆکی و تێڕوانینی دژ بەیەکمان بۆ یەکلایی دەکاتەوە، کە مردن هیچ یەکێک لەو هەزار شت و بۆچوون و ترس و تۆقانە نییە، کە بیری لێ دەکرێتەوە، بەڵکو (فیزیکە).

گوتاری مردن لای من گوتارێکە پشت بەپێکهاتەی فیزیکی دەبەستێت و دیاردەیەکی جیاوازە لەوەی ڕۆژانە دەیبیستین و لێی دەترسین و وەڵام و هۆکارەکەی نازانین

 

ئەو لەچی گەیشتۆتە ئەم تێگەیشتنە، بێگومان تێگەیشتن بەپێی لێکدانەوەی پراگماتیکی کردە قسە، پەیوەندیی بە بیرکردنەوە و درککردن و هەڵێنجان و گریمانە و پیشگریمانەوە هەیە و پەیوەستە بەچۆنیەتی (خوێندنەوە و لێکدانەوە و شیکار و بەراورد و مەعریفەیەکی قایم و خۆئازادکردن لە کۆتە باوەکانی کۆمەڵگە و ئایین و شتی دیکەش)، تا بگاتە ئەو کۆتا وەڵامەی، کە (مردن بەکردە دیاردەیەکی فیزیکیی) بزانێت.

قسەکەر لەنێو گوتاری دەقەکە خودی شاعیرە، گوێگرەکانیشی ئەو و ئێمەین، کە نادیارین.

کێشەی نێو دەقەکە (مردن)ە

هۆکار و شێوازی مردن (مێگزانە دێت و یاسایەکی فیزیکییە)

ئەنجام (مردنەکە فیزیکییە).

ئەمە هەموو لێکدانەوەکانی دیکە لە فەلسەفە و ئایین و کەلتوور و نەریتی کۆمەڵگە جیاوازەکان و پێکهاتەی کۆمەڵگە و گروپە مرۆییەکان ڕەت دەکاتەوە و پێمان دەڵێت، گوتاری مردن لای من گوتارێکە پشت بەپێکهاتەی فیزیکی دەبەستێت و دیاردەیەکی جیاوازە لەوەی ڕۆژانە دەیبیستین و لێی دەترسین و وەڵام و هۆکارەکەی نازانین.

(ئەبیقور) لە بارەی مردن لەڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە لە شتەکان دەڕوانێت و پێی وایە مردن کۆتایی هوشیارییە بۆیە مردن نابێتە هۆکار بۆ ئازاردانی هەستەکان. مردن کۆتایی نەستەکانە، بۆیە نابێتە هۆی ئازاردانی جەستە. ترس سەرچاوەی نەهامەتییەکانمانە، گەورەترین ترس هەمانبێت مردنە، بۆیە ئەگەر توانیمان بەسەر ترس لەمردن زاڵ بین، ئەوە ئاسوودە دەبین. (جلال ابراهیم، https://altaqadomibulletin.com/2022/08/10/%D9%81%D9%84D% ).

لەم دەقەدا (عەباس) بەهێز و توانایەکی سەرسوڕهێنەر مردن لە جووڵە دەخات و لەدیواری دەبەستێتەوە، بەشێوەیەک هێندە بەدڵنیایی و متمانە بەخۆبوونەوە دەئاخڤێت، نیشانەی بەخەتەوەریی بە دەقەکەوە دەبینرێت. نەک هەر بەختەوەریی، جۆرێک لەئازادبوون لە گووتنی گوتارەکە و نوێبینین و هەڵوەشانەوەی شتە وەهمییە باس لێ نەکراوەکان بەرجەستە دەکات. بێگومان گوتار بریتییە لە ڕاپەڕاندنی ژمارەیەک ئەرک و کار لەڕێگەی بەکارهێنانی زمانەوە.

وێنەیەکی کاریکارتێری

(ع. ع. یووسف) پێچەوانەی زۆر لە شاعیرەکانی دیکە و بەتایبەتی ئەوانەی مردن بە ترسێکی مۆتەکەدار دەزانن، یان ئەوانەی کلاسیکانە و نیمچە کلاسیکانە بیر لەبەکارهێنان و تێڕوانین لەدەق وەکو کێشەیەکی عەشیرەت و نەریتی باو دەکەنەوە، یان ئەوانەی لەپێناو خۆشەویستەکەیان دەمردن و خۆیان دەمرێنن. تەنیا ئەو ڕیالیزمیش تێ دەپەرێنێت و سنووری مۆدێرنەش تێ دەپەڕێنێت و پێمان دەڵێت (مردن لەنێو فکرو خەیاڵ و وشەیە، نەک لەنێو جەستە). ئەو وەکو پاڵەوانێکی نەترس، (مردن دەگرێت، نایەڵێت مردن ڕا بکات و خۆی ڕزگار بکات. دواتر بە بزمارێکی گەورەی کۆنکریت لە دیوارێکی بەردینی قایم دایدەکوتێت و ئیدی ڕەوە مەیموونی قونسۆر پێی پێ دەکەنن و عزرایلیش لەسوێیا دەمرێت).

گوتاری ئەم وێنە شیعرییە ئەوە، کە شاعیر فشەی بەمردن دێت، لە مردن بە‌هێزترە، نەک هەر بەهێزترە، بەڵکو ژینگەیەکی فکری و دەروونی دروست دەکات، کە مەیموون بە مردن پێ بکەنن

 

گوتاری ئەم وێنە کاریکاتێرییە فکرییە، ئەوەمان نیشان دەدات، کە (بێهێزە، مردن لە مرۆڤەکە ترساوە و دەیەوێت خۆی دەرباز بکات و مەیموون گاڵتەی پێ دەکەن و عیزرائیلیش کە ڕۆح دەکێشێت و هەموو کەسێک بە مردن مۆر دەکات، لە داخ و خەفەتباری بەستنەوەی مردن بەم شێوەیە، دەمرێت. ئەمە وەکو وێنەیەکی سینەمایی فیلمە ترسێنەرەکانە. وێنەیەکی هونەریی پڕ لێکدانەوە و مانا و مەبەستە، کە هەمیشە پاڵەوانەکە گەشبینانە بەسەر هێزی شەڕ سەردەکەون.

گوتاری ئەم وێنە شیعرییە ئەوە، کە شاعیر فشەی بەمردن دێت، لە مردن بە‌هێزترە، نەک هەر بەهێزترە، بەڵکو ژینگەیەکی فکری و دەروونی دروست دەکات، کە مەیموون بە مردن پێ بکەنن. پێچەوانەی ئەوانی دیکە مردن بەلاواز و بێدەسەڵات و هیچ وەسف دەکات.

لە شیکردنەوەی گوتارەکە بە پشت بەستن بە تیۆری کردە قسە لەوە دەگەین:

شاعیر/ قسەکەر و هەقایەتخوانی نێو دەقەکەیە، گوزارشت لە هەست و بیرکردنەوە و تێگەیشتن و هەڵێنجانی شتە بیرلێکراوەکان و بڕیار دەکات و (کەسێکی بەهێزە، باکی بەمردن نییە، بەوانی دیکە دەڵێت مەترسن مردن زۆر زۆر لاوازە، ئاگادارمان دەکاتەوە چی دیکە لە مردن نەتۆقین).

مردن/ کردەیەک نییە لێی بتۆقین، ئەو هەموو ترسە لە هێز و توانا و بێسنووری مردن هەمانە ڕاست نییە.

عیزرایل/ کە ئەو مردن ئەنجام دەدات، لە بەرانبەر هێز و وزە و توانای شاعیر هیچ کاردانەوەیەکی نابێت، تەنیا ئەوە نەبێت گیانی دەردەچێت.

پەیامی گوتارەکە/ مەعریفییە، مردنەکە فیزیکییە، ڕەتکردنەوەی خەیاڵات و تێڕوانینی ئەفسانەیی و نەزانراوی نابەرجەستەیە.

وەکو (لاندسبیرگ) باسی کردووە “هوشیاری هەستکردن بە مردن، پێ بەپێ مرۆیی بوون بەرەو تاکبوون دەبات، لەگەڵ دروستبوونی پێکهاتەی تاکخودی تایبەتمەند، ئەوەی تاک لەم بوارە دەیکات بەدەستهێنانی نێوەڕۆکی شتێکە، کە تایبەتە بەخۆی، لەپێناو تێپەڕاندنی سنووری عەشیرەت و بواژنەوەی سەرلەنوێی عەشیرەت، بۆ لەدایکبوونێکی نوێ لەناخی خۆیدا”. (جاک شورون، المعرفة، العدد ٧٦، ١٩٨٤، ١٨).

 

(ع. ع. یووسف) بەهۆی گەیشتنە ئاستێکی باڵای تاکەکەسی لە هوشیاری و تێگەیشتن لە مردن، گوتارێکی جیاواز لەبارەی مردن ڕادەپەرێنێت

 

مەبەستم لەم ئاماژە بە قسەکانی (لاندسبیرگ) ئەوەیە کە (ع. ع. یووسف) بەهۆی گەیشتنە ئاستێکی باڵای تاکەکەسی لە هوشیاری و تێگەیشتن لە مردن، گوتارێکی جیاواز لەبارەی مردن ڕادەپەرێنێت، کە لەکردەوەدا تێپەڕاندن و لەناو تۆزێ وەردانی بیرۆکە و فکری (عەشیرەت و خێل و نەریتە باوە کۆنە سۆسیۆ – ئاینییەکەشە لەبارەی مردن)، ئەو لێکدانەوە و تێڕوانین و نەریت و ڕەفتاری گشت تێ دەپەرێنێت و جیهانێکی نوێی جیاواز لەناخی خۆی لەبارەی مردن دروست دەکات، پێی وایە مردن شتێک نییە بەسەریدا زاڵ نەبین و هەتا هەتایێ لێی بترسین، گریمانەی ئەوە دەکات لەئایندەدا مردن ڕابگیرێت. بۆیەشە لە وێنەیەکی کاریکاتێری، کە تازیەباری قوڕبەسەر دێنێتە پێکەنین، وێنەیەکی شیعریی جیاوازی لەبارەی مردن دروستکردووە. ئەم وێنە شیعرییە بۆ ئەوەیە سنووری دواکەتووی تێڕوانینی عەشیرەت و هۆز و کۆمەڵگە و دۆخی دەروونی بەکۆمەڵی مرۆڤ تێکبشکێنێت، بیسەلمێنێت ئەو خۆی خودی خۆی هێندە هوشیارە دەزانێت مردن هیچ نییە، تا لێی بترسین!.

 

چڕەتێگەیشتن بۆ دەقەکە

دەگەینە ئەو ئەنجامەی شاعیر، ڕوونکردنەوەیەکی فکری و فەلسەفیی لەبارەی هێزە نادیارەکان و بۆچوونەکانیان لەبارەی مردن لە وێنەیەکی هونەریی کاریکاتێری بە وشە پێشکەش دەکات، خەیاڵ و پێشبینی ئەوە دەکات، دەکرێت ڕؤژگارێک بێت (مرۆڤ بەسەر مردندا زاڵ بێت و بیگرێت و ئەوەی مردنەکەش ئەنجام دەدات، خۆی بمرێت). وەڵامێکی جدییە بۆ هەموو ئەو پرسیارە بێ وەڵامانەی لەبارەی مردنەوە هەیە و گوتارەکەی پشت بەوە دەبەستێت، کە شاعیر:

یەکەم: لەبیرکردنەوە و تێڕوانینی بۆ مردن، جیاوازە لەگەڵ کۆمەڵگە، بیرێکی زانستی، فەلسەفییە.

دووەم: پێی وایە مرۆڤ دەتوانێت ڕۆژێک لەو ڕۆژانەی دێت سەرکەوێت بەسەر مردن و لەخرتۆڵەی وەربدات.

سێیەم: مردن دەکرێت (بگیرێت، ڕابگیرێت، کۆنترۆڵ بکرێت).

چوارەم: ئەو لەترسی تۆقین لە مردن، وێنەیەکی کاریکاتێری دروست دەکات. بێگومان دوور نییە لەترسی سزای کۆمەڵگە و دامەزراوەکان و پێکهاتەی کۆمەڵگە لەڕێگەی ئەم جۆرە وێناکردنە مەبەستی گوتارەکەی گەیاندبێت.

پێنجەم: لەباری دەروونیی و عەقڵییەوە لە مردن ناترسێت و مردن بەلاواز و فشە و گاڵتەپێکراو وەسف دەکات.

شەشەم: گوتاری ئەم دەقە گوتارێکی ڕەخنەگرانەیە، ناڕاستەوخۆ ڕەخنەیە لەوانەی مردنیان وەکو کەرەستەیەکی تۆقاندن، بۆ ترساندنی مرۆڤ وەکو (سزا و ژیانەوەی دوای مردن) بەکاردەهێنن.

حەوتەم: شیعر دەتوانێت هەزار واتا و مەبەست لەتەنیا وشەیەک و گوزارشتێک دروست بکات، شاعیر لەم کورتە دەقە، بەنێو هەزار پرسیار و ئەگەر و گریمانە و لێکدانەوەی جیاوازماندا دەبات.

هەشتەم: ئەو باسی خۆی لەنێو دەقەکە ناکات، بەڵام خوێنەر دەزانێت و لەڕێگەی بەکارهێنانی ڕاناوی لکاوی (م) کەسی یەکەمی تاک، قسەکەر خودی شاعیرە، بەناڕاستەوخۆ دەبێژێت، کوڕینە ئێوە چۆنی بیر لێ دەکەنەوە، ئەوە بۆچوون و وێناکردن و هێز و تێگەیشتنی فکریی و فەلسەفیی منە بۆ مردن. ئەو ناڵێت من بەدوای نەمریدا دەگەڕێم، بەڵام دەڵێت (مردن دیل دەکەم و لەدیوار بزمار ڕێژی دەکەم و  ناهێلم دەربازی بێت). لەکردەوەدا شاعیر پێی وایە (شاعیرەکان نامرن)، چونکە لە دەقی شیعری لە مەرگ بەهێزترە.

نۆیەم: (هیگل) لە بۆچوونە فکرییەکانی لەبارەی نیشانە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی مردن دەبێژێت “نەشونماکردنی نەوەکان، واتە مردنی کەسوکار”. (فار ساسین، ، https://fares-sassine.blogspot.com/2012/10/blog-post.html). ئەگەر ئەمە لەڕووی کۆمەڵایەتی لەنێو ژینگەی ڕۆشنبیریی و شاعیرەکان لێکچوونسازی بکرێت، ئاساییە (عەباس) ترسی لەمردن نەبێت، کە دەیان شاعیری نوێی گەنج وەکو (نەوەکان) نەشونما بکەن، ئەو پێچەوانەی بۆچوونەکەی (هیگل) بڕوای وایە نامرێت وەکو (کەسوکارەکانی شیعر دەمرن و نەوەکانیان پێ دەگەن). بەواتایەکی دیکە (عەباس) ترسی لە پێگەیین و پێکوڕە و جووقە جووقی شاعیری نوێ نییە، چونکە ئەو لەنێو ئەدەب و شیعرا خۆی لەمردنی دەق و شیعر بەهێز دەبینێت.

شاعیر بە هوشیارییەکی قووڵەوە، پشت ئەستوور بە فەلسەفە و مەعریفە ئاماژە بە (مردن) دەکات

 

دەیەم: هەیە لەبەر لەدەستدانی هەست و هوشیاری بیر لەمردن و پرۆسەی مردن و ئاکامی دوای مردن ناکاتەوە، بەڵام (عەباس) وا بیر ناکاتەوە، ئەو بە هوشیارییەکی قووڵەوە، پشت ئەستوور بە فەلسەفە و مەعریفە ئاماژە بە (مردن) دەکات، ئەو (خۆی لەپێگەیەکی بە‌هێزی متمانەبەخۆی شای مردن شکێن) دەزانێت و لەهەمان کاتیشدا (مردن بەلاواز و فشە) ناو دەبات.

یانزدەم: بەزاندن و تێکشکاندنی سنوورەکانی تێگەیشتن و پێکهاتەی عەشیرەت و هۆز و گروپە کۆمەڵایەتییەکانە لەچۆنیەتی لێکدانەوەی مردن، ئەو لەنێو خودی تاکەکەسی خۆی هێز و وزەیەکی مردنشکێنی دروستکردووە، کە ئەم خودتاکییە پەیوەندی بە هوشیاری و مەعریفەی شاعیر وەکو تاک هەیە.

پوختەکراوی باسەکە

 

(ع. ع. یووسف) جیاواز لە تاک و شاعیر و کۆمەڵگە سەیری مردن دەکات، مردن لای ئەو (ئەو شاعیری قسەکەر و خاوەن گوتاری دەقەکە) نابەزێنێت، بەڵکو ئەو هەموو ئەو وەهم و ترس و تۆقین و تێنەگەیشتنە ناوککەوتنەی ترس لە مردن هەڵدەوەشێنێتەوە و بەخوێنەر دەڵێت، مردن هیچ نییە و فشقیاتە. ئەوە من مردنم گرت و بە بزماری گەورە لە دیوارم چەقاند و کردمە قەشمەری منداڵان و عیزرایلیش با لەداخا و سوێیا بمرێت.

ئەمە هەڵکۆڵینێكی مەعریفی و فەلسەفییە بۆ مردن و کۆمەڵگە و دەسەڵاتی دواکەوتووی نەزانین و تێنەگەیشتوو لەخودی کردەی مردن، قسەکردنە لەو دۆخەی مووی سەریان ڕەپ دەکات.

شاعیر خودانی گوتارێکە، سنوورە باوە سەپێنراوەکان تێکدەشکێنێت و سنوورێکی نوێی خۆی بۆ تێگەیشتن و لێکدانەوە لەبارەی مردن دروست دەکات، ئەمەش پەیوەندی بە هوشیاری و مەعریفەی تاکەوە هەیە، کە لەنێو ناخی خۆیدا هەموو هێزە خەیاڵی و دەستکرد و باوەڕ پێنەکراوەکانی ڕابردوو، بە پخەیەک فڕێ دەداتە دەرەوەی مێژووی تێگەیشتن لە شتەکان و دیاردە خەسێنراوەکانی بەردەم نەزانین.

 

شاعیر خۆی دەڵێت “ڕاستە (سێوران) وەکو نووسەرێکی خۆراوایی ناسراو، کاریگەریی لەسەرم هەبووە

 

سەرباری تەکنیک و فۆرمی نوێی گێڕانەوە و وێناکردن و بەکارهێنانی زمان بەم شێوە سادەیە، پێچەوانەی سادەییەکەی وشەکان و ڕستە و وێنا و گوتاری دەقەکە پرن لە پەیام و مانا و مەبەستی یەکجار قووڵ.

لە دیماهیدا شتێکی شاراوە ناڵێم، چونکە شاعیر خۆی دەڵێت “ڕاستە (سێوران) وەکو نووسەرێکی خۆراوایی ناسراو، کاریگەریی لەسەرم هەبووە، لە یەکەم وتارییەوە، کە چەند جارێکم خوێندەوە سەرنجی ڕاکێشام، بە ئاسانی ڕستەکانی هاتنە نێو دێڕەکانمەوە، ئەو کەلکی وەرگرتووە لە فەلسەفە، سروشت، مۆزیک و ڕەشبینی بەرانبەر بە ژیان، منیش لەم تێڕوانینەوە، کەڵکم لێ وەرگرتووە ئەو کات هەرچیم لەبارەیەوە دەخوێندەوە دەمکردە دۆسێیەکی تایبەت بەو، ئەمە بووە سەرچاوە”.  (گۆڤاری دیوان، ژمارە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٣).  واتە کارلێکردن و  کارتێکردن و بەرهەمهێنانەوەی گوتاری ئەوانی دیکە بە پەرەپێدانی تایبەتمەندی خۆی، گونجاوێکە دەسەڵاتی شیاندن بە دەسەلمێنێت.

 

سەرچاوەکان:

فاضل السلطانی، شعراء یولودن بعد الموت، جریدة الشرق الاوسط ٢٣، دیسمبر ٢٠١٨، https://aawsat.com/home/article/1517196/%D8%B4%D8%B9%D8.

عەباس عەبدوڵڵا یوسف، کلکی کتکی پرسیارە، دەزگای ئاراس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، هەولێر، ٢٠٠٧.

 

فار ساسین، هیغل والموت، https://fares-sassine.blogspot.com/2012/10/blog-post.html.

جلال ابراهیم، فلسفة الموت عند ابیقور، موقع  التقدمی، اگست ١٠، ٢٠٢٢، https://altaqadomibulletin.com/2022/08/10/%D9%81%D9%84D%

 

جاک شورون، الموت فی الفکر الغربی، ترجمة کامل یوسف حسین، مراجعة د. امام عبدالفتاح امام، سلسلة دار المعرفة، العدد ٧٦، ١٩٨٤، ١٨.

گفتوگۆی سمکۆ محەمەد لەگەڵ عەباس عەبدوڵڵا یووسف، گفتوگۆیەکی ئەدەبیی، گۆڤاری دیوان، ژمارە ٢٨ی ئەیلوولی.