فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

یادەوەرییەکانی شاعیرێکی نوێخواز و ڕۆمانی خانەقای میرزای میران ئەبراهام ٢-٢

یادەوەرییەکانی شاعیرێکی نوێخواز و ڕۆمانی خانەقای میرزای میران ئەبراهام

( بەشی دووەم و کۆتایی )

( ٢ – ٢ )

ناڵە حەسەن/ نووسەر و شآعير / کەنەدا

 

 

_ کۆمۆنیزم و کۆمەڵگەی کوردەواری

بۆ دەستپێکردنی نووسینی ئەم بەشە بە چەند پرسیارێکی گرینگ دەست پێدەکەم و دواتر هەوڵدەدەم ، وەک نووسەرێکی چەپ و مارکسیست لە ڕابردوودا بەپێی ئەزموونی خۆم کە لەو نێوەندەدا تەمەنێکم تیا بەسەر بردووە ، وەڵامی پرسیارەکان بدەمەوە .. کۆمەڵگەی کوردەواری بە سیاسی و غەیرە سیاسی و نوخبە و خوێندەوار و چینی کرێکار و زەحمەتکێش و تەواوی کۆمەڵگە چۆن لە سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم گەیشتوون ؟ هۆکاری هەزم نەکردنی فیکرەی سۆشیالیستی و گەشەنەکردنی حیزبە چەپ و سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکان  بۆچی دەگەڕێتەوە .. ؟ ئەگەر بە وردی ڕۆمانی ( خانەقای میرزا )ی میران ئەبراهام بخوێنینەوە ، وەڵامی ئەو پرسیارانەيشمان هەر لەنێو خودی ڕۆمانەکە دەست دەکەوێت . هەروەک دەبینین حیزبی شیوعی عێراق لە سییەکانەوە لەسەر دەستی هاوڕێ فەهد و هاوڕێکانی ڕادەگەیەندرێ ، لە سەرەتای ڕۆمانەکە تا کۆتایی ئەم حیزبە دژایەتی دەکرێت چ لە لایەن دەسەڵاتەوە و چ لەلایەن خەڵکەکەيشەوە ، تەنانەت لەلایەن خودی خەڵکی هەژار و زەحمەتکێشیشەوە ، هەمیشە توومەتی ئەخلاقییان دەخەنە پاڵ ( گوایە شیوعییەکان لەگەڵ خوشک و دایکی خۆیان دەخەون ! ) ، یان ( شیوعییەکان کافرن دژی خودا و ئایینن ! ، ) ، ( یان شیوعییەکان بەکرێگیراوی دەوڵەتانن بەتایبەت ڕووسیا ! ) ، گەر لە دونیای واقیعیش سەیری بکەین دەبینین لە هەرێمی کوردستان ، حیزبی شیوعی دوای ئەم هەموو ساڵە لە خەبات و تێکۆشان ، دوای ئەم هەموو زیندانی و خەباتی شاخ و شار و شەهید و قوربانی ، دوای نزیکەی سەدەیەک لە خەبات و تێکۆشان لە پەرلەمانی کوردستان تەنها خاوەنی ( یەک کورسی ) پەرلەمانییە !! بە بڕوای من ئەو یەک کورسییەيش نەبوونی لە هەبوونی گەڵێک باشتر بوو ! ئایا ئەم وەزعە بۆچی ؟ بەر لەوەی لە ڕوانگەی خۆمانەوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە با گوێ لە گفتوگۆی یەک دوو کاراکتەری نێو ئەو ڕۆمانە بگرین و کە چۆن باس لە حیزبی شیوعی و شۆڕشی سۆشیالیستی دەکەن ، لە باسی سۆشیالیزم و ئامانج لە کۆمۆنیزم ئەوە دەڵێن ،، دیارە گفتوگۆکەیان کەمێک درێژە بەڵام ئێمە تەنها بەشێکیمان وەرگرتووە ،

 

دوای نزیکەی سەدەیەک لە خەبات و تێکۆشان لە پەرلەمانی کوردستان تەنها خاوەنی ( یەک کورسی ) پەرلەمانییە !!

 

( موکەرەم گوتی ، میرزا گیان سەردەمی خۆ بە زەلیل زانین و قوڕپێوان بەسەرچووە دارکەر جیاوازی لەگەڵ پارتی کۆمۆنیستی عێڕاق زۆرە ، ( دارکەر هەروەک لە ڕۆمانەکە هاتووە کۆمەڵە کرێکارێکی ئیتاڵین لە عێراق لە کۆمپانیای دروستکردنی خەڵووز ئیشیان کردووە دیارە مەبەستییان بووە حیزبێکی سۆشیالیستی ڕاگەیەنن ) ، بەرای من ئەگەر پەیڕەو و بەرنامەی حیزبێک دەقاودەق لە چینێک یان ڕوسێکەوە وەرگیرابێت چۆن بۆ ئەم میللەتەی ئێمە دەبێت ؟ ئەگەر هەر هیچ نەبێت وەکو پێویست دەستکاری نەکرێت و خۆماڵی نەکرێت ؟

میرزا کەریم گوتی : دەی خوای دەکرد سیاسەتی قەرەجەکان ئەبوو ، گرینگ کورد باوەڕی پێ بێنێت و یەک بگرن .

جەنابی میرزا کەریم ، پێویستە ئێمە بزانین باوەڕ بە چی دێنین ؟ ئێ کەواتە ئەویش وەک قورعانەکەی لێدێت ، کە میللەتی کورد تا هەزار ساڵیتر تێی ناگات ! بەڵام وەکی عەوام سەری بۆ دەلەقێنێ و کوێرانە دوای دەکەوێت بەڵام موکەرەم قسەکەی بە یونس بڕی ، هەرچەندە بیری کۆمۆنیستی لەگەڵ دیندا بەراورد ناکرێت بەڵام ئەوەتانێ لە سەرانسەری جیهاندا ، دەیان میللەتی جیاواز ئازادن و پەیڕەوی هەمان بیروباوەڕی ئیسلام یان مارکسییەت دەکەن ، تەنیا کوردە قوڕ بەسەرەکە نەبێت !

من وا هەست دەکەم کارێکی زۆر ئەستەم دەبێت ئەگەر ئێمە ئەو بیروباوەرە مارکسیەتە یان یەکێک لەو دیانانەی تر .. ئیتر ئیسلام بێت یان مەسیحییەت باش تێینەگەین و خۆماڵیی نەکەین ، یونس وای گوت ، خۆ هەندێک جار بیر لەوە دەکەمەوە کە هیچ میللەتێک بە قەدەر میللەتی کورد پێویستی بە بیروباوەڕی سۆشیالیزم نییە ، چونکە میللەتی کورد بە سروشتی چەپگەرا و بەخشندەیە ، تا بتوانین زۆرداری و چەوساندنەوە بنبڕ بکەین ،

ئەمە گفتوگۆی سێ کەسی خوێندەوار و ڕۆشنبیری ئەوکاتە ، کە ئەندامی حیزبی شیوعی عێڕاقی بوون  یونس دڵداری شاعیرە ، میرزا کەریمیش ماڵەکەی کتێبخانەی بیری نوێی تیا بوو ، بنکەی ڕۆشنبیری و سیاسەت و فیکرەی چەپگەرایی بوو

 

میرزا کەریم بە سەرنجەوە گوێی لێ گرتبوون ، لەبەر خۆیەوە گوتی ، موکەڕەم بۆ ئەوەیان من و تۆ هاوڕاین ! ئێ خۆ ئەوە لوبی مەوزوعەکەمانە ! کەواتە هەموو ڕێگەکان دەچنەوە سەربانە ! ) . ئەمە گفتوگۆی سێ کەسی خوێندەوار و ڕۆشنبیری ئەوکاتە ، کە ئەندامی حیزبی شیوعی عێڕاقی بوون ، یونس دڵداری شاعیرە ، میرزا کەریمیش ماڵەکەی کتێبخانەی بیری نوێی تیا بوو ، بنکەی ڕۆشنبیری و سیاسەت و فیکرەی چەپگەرایی بوو . یەکێک بۆ خاڵە درەوشاوەکەی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە ، دەتوانین خوێندنەوەیەکی دروستمان دەست کەوێت نزیکەی بۆ نیو سەدەی کۆمەڵگاکەمان لە ڕووی سیاسی و ئەدەبی و وشیاری و کڵتووری و .. لە هەموو بارێکەوە . ئەگەر ئەم گفتوگۆیەی سەرەوە بخوێنینەوە و بپرسین ، کوێی ئەم گفتوگۆیە پەیوەندی بە خەباتی چینایەتی و ململانێی نێوان کێشەی کار و سەرمایە و هەوڵدان بۆ نەهێشتنی کاری کرێ گرتەیی و نەمانی چینە جیاوازەکان و هەڵوەشاندنەوەی موڵکدارێتی تایبەتی و پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی بێ چین و چەوسانەوە و یەکسان هەیە ؟! یان گۆڕینی سیستەمی وڵات لە دەرەبەگایەتیيەوە بۆ سۆشیالیزم و دواتر کۆمۆنیزم یان لە سەرمایەدارییەوە بۆ کۆمۆنیزم ؟!. ئەوەی بینیمان و خوێندمانەوە بە شڕو وڕی باسکردن بوو لە سۆشیالیزم بە هەستی نەتەوەیی ، یان بە هەستی ئاینپەروەری ! واتە ئەندامبوون لە حیزبێکی سۆشیالیستی بە مەبەستی ڕزگارکردنی میللەتەکەت لەژێر ستەمی میللی ! سەردەمی ئەو گفتوگۆیەی نێوان ( دڵداری شاعیر و موکەڕەم تالەبانی و میرزا کەریم ) ، کە هەرسێکیان ئەندامی حیزبی شیوعی بوون ، لەوکاتەدا ، پارتیش بە سەرۆکایەتی ( مەلا مستەفا بارزانی ) لە سلێمانی و لە هەموو کوردستان بوونی هەبووە ، ئایا جیاوازی بیرکردنەوەی ئەو کادیرە شیوعییانە لەگەڵ مامۆستا یاسین یان قادری کوڕی میرزا کەریم لە چی دابووە کە ئەو دووانە دوو کادیری ئەساسی و پێشکەوتووی پارتی بوون ؟ . یانی باسکردن لە سۆشیالیزم بە خەیاڵ و بە تامی نەتەوایەتیەوە ! بەبڕوای من ئەوە تەنها کێشەی کادیرەکانی خوارەوە نەبووە بەڵکو خودی سەرکردایەتی ئەو حیزبە هەمان ئەو کێشەیەی هەبووە ، بڕۆننێ لە شوێنێک هەر لەنێو ئەو ڕۆمانە و هەر ئەو حیزبی شیوعییە لە ساڵی ١٩٤٨ لەدوای شکستی عەرەب دژ بە ئیسرائیل ، ئیتر جووەکان برای شیوعییەکانن ، لەنێو ئیسلامییەکان و نەتەوە پەرستەکان بڵاوکرایەوە و ( ئیتر حیزبی شیوعی عێڕاقی ناوشیار بوو یان باشترە بڵێین لە لاوازی و نەزانینیاندا خۆیان بوو لە ناوهێنانی سەرکردە جووەکانی وەک یەهودا سدیق و ساسۆن دەلال و شائۆل تەویق و یاقووب کۆهین و هەروەها فێردا واقۆ بپارێزن ! ) لە کۆبوونەوەیەکی نهێنی سەرکردایەتی حیزبی شیوعی لەماڵی یەهودا سدیق ، لە دەمی عەرەبەکان ئەوە دەبیسترا ، ( دەبێت ئێمە زمان و نووسین و گوتاری حیزبی شیوعی تەواو لە زایۆنیزمی جوو پاکبکەینەوە ، ! ) لەوێدا ساسۆن دەلال وەڵامیان دەداتەوە و دەڵێت ( ئێمە بۆ ئەوە ئەم پارتەمان هەڵبژاردووە و هەموومان چالاکانە کاری لە پێناودا دەکەین ، کە پەیوەندی بە ئایدیا و ڕووداوەکانی ئێستای عێڕاق و جیهانەوە هەیە ، تەشەنەکردنی زوڵم و زۆر و کێشەی چینایەتی و دژە سامی ، نەهێشتنی جیاکاری ئایینی و نەژادی و کۆمەڵایەتی و ئێمەی جوو بە شوێن ئەو ئایدیا گشتگیرەوەین ! ) ، ئەم کادیرە تا ئاستێکی باش لە سۆشیالیزم و شۆڕشی چینایەتی گەیشت بوو . بەڵام هەر ئەو ڕۆژە و لەو کۆبوونەوەیە بە یەکگرتنی سەرکردە کوردەکان و عەرەبەکان ، سەرکردە جووەکان پەراوێز دەخرێن و نەک هەرئەوەندە دواتر بەیاننامەیەک دەردەکەن و دەڵێن ، ( ئەندامە جووەکان خیانەتیان لە حیزبی شیوعی کرد بوو ، ساسۆن دەلال لە کۆتایی دەڵێت ( ئێوە هیچ لە بیری سۆشیالیزم نەگەیشتوون ، چونکە ئێوەی عەرەب سۆشیالیزم وەک ئایدیۆلۆژییەک بۆ خزمەتی پرسی نەتەوایەتی عەرەبی خۆتان بەکاری دەهێنن ، بەداخەوە کوردەکانیش کوێرانە دواتان کەوتوون !! ) ، یان لە شوێنێکیتر یاقووب کۆهین دەڵێت ،( هاوڕێیان بەو جۆرە سۆشیالیزم لە عێڕاق هیچ پاشە ڕۆژێکی نابێت ! ) ، دواجار سەرکردە جووەکان راستییان کرد و خوێندنەوە و پێشبینیەکانیان هاتەدی ،  یەکێک لەو سەرکردە جووانەی دوورخرایەوە یان پەراوێز خران ناوی ( فێردا واقۆ ) بوو ، کە کچی یاقۆ یەهودای ملیۆنێر بوو ، کە لەگەڵ هاوڕێ فەهد یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی حیزبی شیوعی عێراقی ، فەرداش لەگەڵ فەهد هاوڕێ و دڵخوازی یەکتری بوون ، فەهد لە بەندیخانە بە یەعقووب دەڵێت ( من لە ڕێگەی هاوڕێ فێردا یاقۆ یەهوداوە سۆشیالیزمم ناسی ؟ ئەم کارەی سەرکردایەتی حیزبی شیوعی بە دژی سەرکردە جووەکان شتێک نەبوو جگە لە سازشێک بۆ دەسەڵات و ڕژێمی پاشایەتی ئەوکات ، ویستی بەمە خۆی لە زوڵم و دژایەتی دەسەڵات بپارێزێ و دوای شکستەکانی دووبارە خۆی ڕێک بخاتەوە ، لەوەيش خراتر سەرکردە جووەکانی هەمووی بەگرتن دابوون ! ئێ ئەمە حاڵ و ئەحواڵی سەرکردایەتی حیزبێکی بەناو شیوعی بێت ، ئەی دەبێت وەزعی کادیر و ئەندامەکانی خوارەوە چۆن بن ؟ بەبروای من کێشەکان لە چەند خاڵێک دەبینم ، کۆمەڵگەی کوردەواری چ ئەوکات و چ ئیستايش بە تایبەت ، چینی کرێکار و زەحمەت کیش بچووکترین وشیاری چینایەتیان نییە ، زێتر لەژێر کاریگەری تۆخی ئایین و خۆشباوەڕن بە ئەحزابی ناسیۆنالیستی ، وەک پێویست لە خەباتی چینایەتی شۆڕشی کۆمۆنیستی نەگەیشتوون ، کرێکاران و زەحمەتکێشان نەیان توانیوە لەڕێگەی داواکاريیەکان و ناڕەزایەتییەکان لە دەوری حیزب و مافە ڕەواکانی خۆیان کۆببنەوە ، نەک تەنها چینی کرێکار و زەحمەتکێش بەڵکوو ، تەواوی کۆمەڵگە بە هەموو چین و توێژەکانەوە تا ئێستا وەک پێویست ( مارکس ) یان نەخوێندۆتەوە ، مارکسیزم وەک ئایدیۆلۆژییەکی ڕووت مامەڵەی لەگەڵ کراوە ، لە بەرامبەر چەمکەکانی نەتەوە ئایین ڕۆشن نین . حیزبە شیوعی و چەپ و سۆشیالیستەکانیش بە تایبەت ، کادیرە سەرەکیيەکانیان ، لەناو جەرگەی ناڕەزایەتییەکانی چینی کرێکاران و زەحمەتکێشان نەهاتوونەتە دەرەوە ، واتە بە مانای وشە ڕابەری کراێکاران و زەحمەتکێشان نین . واتە تەنها بەدوای قەلەباڵەغی کەوتوون ، حیزبی شیوعی عێراق بەدوای هەراو زەنای شۆڕشی ئۆکتۆبەر و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاقیش بەدوای هاتوهاوارەکانی حیزبی کۆمۆنیستی کەرگەرانی ئێران و مەنسوور حیکمەت کەوتبوون ، هەر بۆیە قسە و پێشهاتەکانی ساسۆن دەلال و یاقووب کۆهین هاتەدی و کە ئەوان نە لە سۆشیالیزم گەیشتبوون و نە حیزبی سۆشیالیستیش ئایندە و پاشەڕۆژێکی هەبوو ، لە کۆتایی ئەم بەشە دەمەوێت زۆر بە کورتی ئەوە بڵێم ، شۆڕشی سۆشیالیستی و چینایەتی ، هەوڵدانێکە بۆ نەمانی کاری کرێگرتەیی و موڵکدارێتی تایبەتی  لەرێگەی بەسەرکەوتن گەیشتنی شۆڕشی سۆشیالیستی و ڕووخاندنی سیستەمی دەرەباگایەتی یان سەرمایەداری و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سوشیالیستی ، وەک ئەوەی لە ساڵی ١٩١٧ بە ڕابەرایەتی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و لینین و هاوڕێکانی لە رووسیا ڕوویدا . بەڵام ئەم شۆڕشە سۆشیالیستییە دەبێت دواتر کارەکانی تەواو بکات و بەرەو کۆمۆنیزم بچێت ، واتە کیشەی زەوی و زار و کێشەی کاروسەرمایە و کێشە ئایینی و نەتەوایەتییەکان و هەموو کێشەکان چارەسەر بکات ، کە گرنگترینیان نەمانی موڵکدارێتی تایبەتییە و گۆڕانی بۆ موڵکدارێتی گشتی ، چونکە دواجار هەروەک لینین لە کتێبی ( دەوڵەت ) دا دەڵێت ، مەفهومی دەوڵەت بەمانای دەسەڵاتی چینێک بەسەر چینێکی ترەوە ، بە دەوڵەتی سوشیالیستیشەوە بۆیە ، دەوڵەتی سوشیالیستیش دەبێت بەرەو کۆمۆنیزم هەنگاو بنێت و وەڵام بە هەموو کێشەکان بداتەوە . بگات بە قۆناغێک کە تیایدا ، چینەکان و جیاوازییەکان نەمابن ، چەوساندنەوە بە هەموو شێوازەکانیيەوە بنبڕ کرابێت ، گۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان بەرقەرار کرابێ ، کۆمەڵگە لەژێر سایەی سیستەمێکی مرۆیی بە دروشمی ( بە پێی توانا کار بکە بە پێی پێویست وەربگرە ! ) بەڕێوە بچێت . بەم شێوەیە و لەم قۆناغەدا ، سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم و دونیایەکی باشتر مانا پەیدا دەکەن ! .

 

ئەم کارەی سەرکردایەتی حیزبی شیوعی بە دژی سەرکردە جووەکان شتێک نەبوو جگە لە سازشێک بۆ دەسەڵات و ڕژێمی پاشایەتی ئەوکات

 

_ عەشق و تراژیدیایەکی خەمناک

 

لەنێو ڕۆمانی ( خانەقای میرزا ) ، بەسەرهات و چیڕۆکی عەشقێک دەخوێنیتەوە کە ، بێئەندازە پانتایی جوانی نێو ڕۆمانەکەی بەرین و فراوانتر کردووە ، چیڕۆکی عەشقێکی پاک و بێگەرد لەنێوان دوو کەسی جوان و پڕاوپڕ لە مرۆڤدۆستی و ڕۆحێکی لێوانلێو لە بەرائەت ، ئەو دوو کەسەکەيش ، یەکێکیان شاعیرێکی نوێخواز و ئەویتریش شۆخ و شەنگترین کچی گەرەک واتە ، جەلالی میرزا کەریم و بەهاری کچی غالیب عەربەت . عەشقەکە وەک ئەوەی بە زمانی فرمێسک نووسرابێتەوە ئاکامێکی مەرگاوی و پڕ لە حەسرەت و ژانی هەیە ، هەروەک لە پێشدا گوتم دەکرێت ئەم ڕۆمانەی میران ئەبراهام چ وەک کتێبێکی یادەوەری یان کتێبێکی مێژوویی یان وەک ڕۆمانێک سەیری بکەین ، بە بڕوای من ئەگەر تەنها ئەم چیڕۆکی عەشقە بە شێوەیەکی درێژتر بنووسرابا من پێموایە نووسەر لە کارەکەی بەهەمانشێوە هەر سەرکەوتوو دەبوو ، هەرچەندە لایەنی یادەوەری و مێژوویەکەيش چ وەک شێواز و تەکنیکێکی جودا گرینگ و تایبەتمەندی خۆی هەیە و نووسەر بەم کارەی داهێنانێکی گەورەی پێشکەش کردووین . سەرەتای عەشقەکە لێرەوە دەست پێدەکات .. جەلالی میرزا بەدوای دایکی دەڕوات بۆ قوتابخانەی زەهرای کچان ، دایکی دەیەوێت ڕووناکی خوشکی لەو قوتابخانەیە ناونووس بکات ، لەوێدا جەلال پێویستی بە ئاودەست دەبێت ، مامۆستا تا شوێنی ئاودەستەکە دەیبات ، بەڵام لە بەدبەختی خۆی بەنەخوێن واتە دۆخینی شەرواڵەکەی بۆ ناکرێتەوە ،، دواتر کە سەربەرز دەکاتەوە کچێکی شۆخی باڵابەرز لەوێدا ئامادەبێت و جەلال لەودەمە هەست بە تەڕێتی شەرواڵەکەیی و ناوڕانی دەکات ، کچەکە یارمەتی دەدات بە ددانی بەنەخوێنەکەی بۆ دەکاتەوە ، کاتێک دەچێتە سەر ئاودەستەکە تەڕایی تیا نەمابوو ، کە هاتە دەرەوە کچەکە پێی گوت ، ( گوێ مەدێ خێرا بڕۆ بۆ ماڵەوە ، ئەوە نهێنی نێوان خۆم و خۆت دەبێت ! ، ) ، لەوکاتەدا کچێک بانگی کچە شۆخەکە دەکات و دەڵیت ( بەهار ، بەهار ) ، جەلال لەوەوە دەزانێت ئەو کچەی یارمەتیدا ناوی بەهار بوو ، ماوەيەک دوای ئەوکاتە ، لە نەورۆزی ئەو ساڵەدا واتە ساڵی ١٩٤٦ ، جەلال و مالیکی ئامۆزای لەسەر داوای میرزا کەریمی باوکی لەگەڵ غەفوور و عەزیزی برایی و چەند هاوڕییەکیان لەوانە کاکەی فەلاح ، بڕۆن بۆ باخەکەی فەرەج بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی نەورۆز . لەوێدا چەند کچۆڵەیەک یاپراخ بەسەر ئامادەبووان دابەش دەکەن ، لەنێویاندا یەکێکیان بەهار دەبێت ، کاتێک جەلال یەکدوو یاپراخ هەڵدەگرێت بە نیگایەکی تایبەت و سەیرەوە لە یەکتری دەڕوانن ، بەهار لە جەلال نزیک دەبێتەوە و بە چرپەوە پێی دەڵێت ، ( من و تۆ نهێنییەک لە نێوانماندا هەیە ! ) ، ئیدی لێرەوە سەرەتای عەشقێکی گەورە و ئەفسانەیی دەست پێدەکات . هەرچەندە بەهار دوو سێ ساڵێک لە جەلال گەورەتر دەبێت بەڵام ، بەشێوەیەک هۆگر و عاشقی یەکتری دەبن کە ئامادەی هەموو قوربانییەکن لە پێناوی یەکتریدا ، دووساڵێک دوای ئەمە کاتێک لە بەغدا جەلالی میرزا کەریم کامیرایەک بۆ جەلال دەکڕێت ، جەلالیش کە دەگەڕێتەوە یەکەمین وێنە ، وێنەی بەهاری دوڵبەری دەچرکێنێ ،، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ عەشقەکەیان پەرە دەسەنێت ، کاتێک نامەی غەفووری برایی و و بڵاوکراوەی حیزبی شیوعی بۆ ماڵانی گەرەک دەبات ، جەلال هەمیش یەکەمین ماڵ بۆ ماڵی بەهاری دەبات ، جارێکیان بەهار بۆ یەکەمینجار لەناو پەڕۆکێک حەوت دەنکە نوقڵی ڕەنگاوڕەنگی پێچاوەتەوە بە دیاری دەیدات بە جەلال ، چونکە دەزانێت جەلال زۆر حەزی لەو نوقڵانەیە ، ئیدی عەشقەکەیان بە ئەندازەیەک پەرە دەسەنێ و کاریگەری لەسەر جەلال دادەنێ تا ئەو ئەندازەیەی وردە وردە مەیلی بۆ خواردن کەمتر دەبێت و کێشی بەرەو دابەزین دەچێت . کاتێک جەلال لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا یەکەمین شیعری بۆ گۆڤاری گەڵاوێژی ئەوکات دەنێرێت ، دوای ئەوە لای بەهار باسی دەکات ، بەهاریش بەڵێنی ئەوەی پێدەدات گەر بڵاوبێتەوە ماچێک قەرزاری دەبێت ، جەلالیش لەخۆشی ئەوەدا زۆرترین شیعر بۆ ڕۆژنامە و گۆڤارەکان دەنێرێت . عەشقەکەی بەهار هێندە گەورە و کاریگەری بەسەر جەلالەوە هەیە بۆیە لەپاڵ هەستە نەتەوەیی و چینایەتیيەکان ، خۆشەویستی بۆ بەهار دەبێتە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیيەکان بۆ نووسینی شیعرەکانی ، ئیدی عەشقەکەیان بە ئەندازەیەک پەرە دەسەنێت گەنج و لاوانی گەڕەک هەموو بە عەشقی جەلال و بەهار دەزانن . جارێک کەمالی حازم بەگ لەگەڵ کەسێک بە ناوی فەریدە ڕەش ، ڕێگە بە جەلال دەگرێت و پێی دەڵێت ( واز لە بەهاری غالب عەربەت بێنە ، بۆ خوا پێت دەڵێم تەنیا ئەوەندە و بەس ! ) ، هەر لەبەر ئەم عەشقە کەمالی حازم بەگ ، جەلال و غەفووری برای بە گرتن دەدات و یەکسەر بۆ بەغدا دەیان گواستنەوە ، دوای بەربوونیاین جەلال بەهار دەبینێت ، بەڵام بەهار جیاوازە تەنانەت ناوێرێ ماچی بکات ، لێوەکانی دەلەرزن ، ئەوەی بۆ باس دەکات کە ، کەمالی حازم بەگ ئەوە بۆ چوار جارە دەنێرێ بۆ داخوازی و دەڵێ ( وابزانم ئەوجارەیان هەرەشەیان لە باوکم کردووە ! ) ، جەلال کە ئەمە دەزانێت زۆر دەڵتەنگ و پەرێشان دەبێت . داوا لە باوکی دەکات بڕۆن بۆ داخوازی بەهاری غالب عەربەت کە دڵخوازی یەکترین . میرزا کەریم ڕازی دەبێ و لەگەڵ مستەفای برای واتە مامی جەلال و جەلال خۆی دەڕۆن بۆ داخوازی بەهار . بەهار باوکی لەماڵ نابێت بەڵام ، بەجلێکی نیمچە ڕووت دێتەلایان ، جەلال و مامی و باوکی سەریان سووڕ دەمێنێ ، شێوازی قسەکردنیشی گۆڕیبوو ، ئەوانیش هەڵدەستن و ماڵی بەهار جێدەهێڵن ، لە ڕێگادا ، باوک و مستەفای مامی پێی دەڵێن ( ئەگەر ئەو کچە ببێتە خێزانت ئێمە کەسوکارت نین ! ) ، جەلال لەم خۆنواندن و ئەو کارەی بەهار سەری سووڕما بەڵام ، خوێنەر لە کۆتایی ئەوەی بۆ ڕوون دەبێتەوە کە بەهار بۆیە ئەوکارەی کرد تا لەوکاتەدا گیانی ( جەلال و باوکی ) بپارێزێت چونکە لەلایەن کەمالی حازم بەگەوە هەڕەشەیان لێکرا بوو !. جەلالی میرزا کەریم وەک غەفووری برای هێندە دلسۆز و خەمخۆری بیروباوەڕ و هاونیشتیمانیان بوو ، بۆیە هەمیشە سجن ماڵی دووەمیان بوو ، لە ساڵی ١٩٦٣ جەلال لە سجنەوە نامەیەک بۆ مامۆستا یاسینی هاورێی دەنیرێت تا بیگەیەنێتە دەستی بەهار ، بەڵام مامۆستا یاسین لەوکاتەدا چاوی بڕیوەتە بەهار و لەلایەن خۆیەوە وەک زۆربەی کوڕانی گەڕەک خۆشی دەوێت ، هێندە سەرسام دەبێ بە نامەکە نایدات بە بەهار ، نامەکە وەک خۆی دەنووسیتەوە و ناوی خۆی لە ژێرەوە دەنووسێت ، بە هاوڕێکانی دەڵێ کە خۆی ئەو نامەیەی نووسیوە و بۆیان دەخوێنێتەوە ، بە تایبەت زۆر بەم چەند دێرە سەرسام بوو کە لە نامەکەدا دەڵێت ، ( ئەگەر ئەمجارە بێمەوە ، ژوورێکت لە شار ، لە دڵمدا بۆ چراخان دەکەم شەو و ڕۆژ ڕووناک بێت بەهار ، تا پێکەوە پیرو خەڕۆ ئەبین ، شیعرت بۆ ئەهۆنمەوە .. ) ، مامۆستا یاسین حەزی دەکرد خۆی ئەم چەند دێرە بۆ بەهار بخوینێتەوە ، بەڵام لە هەوڵەکانی سەرکەوتوو نابێت ، چونکە بەهار تەنها دڵی بە جەلالی میرزا کەریمەوەیە ، مامۆستا یاسین جارێک دەچێتە ماڵی بەهار دەفتەرە شیعرەکەی جەلال وەک ئەمانەتێک لایەتی و دەیگەیەنێتە دەستی بەهار ، بەر لە ڕۆیشتن ئەوەيشی پێ دەڵێت کە جەلال نامەیەکی بۆ نووسیوە دەڵی ، بمبوورە کە بەدەستم نەگەیاندووی ، بەهاریش قسەکەی پێ دەبڕێت و دەڵێت ( هەموو شتێک دەزانم ، تۆ خۆت سەغلەت مەکە و ئاگات لە دڵی خۆت بێت ، هاوڕێکانت و دەیان کوڕی ئەو شارە هاوشێوەی ئەو نامەیان فڕێدابووە حەوشەکەمان ، هەموو نامەکان لەیەک ئەچوون ، زانیم ، چونکە پێشتر ئەو قسانەم لە جەلال بیستبوو ! ) . هەر لە پایزی ئەو ساڵە جەلال لە بەندیخانە ڕزگاری دەبێت و دەگاتەوە سلێمانی ، بەڵام چی دوو هەواڵی تراژیدی و ئێجگار خەمناک دەبیستێت ،، یەکەم مردنی حەلاوەخانی دایکی بوو ، دووەم خۆ سووتاندنی بەهار دەبێت . کە ڕۆژی مەنعەتە جەولەکە بەهار و حەلیمەی دایکی خۆیان دەسووتێنن ، دراوسێکان بەر لە خۆسووتانی بەهار و دایکی گوێیان لە دەنگی چەند پیاوێک دەبێت لە ماڵەکەیان ، هەرچەندە بەهار بە سووتاوی خۆی لە پەنجەرەوە ڕزگار دەکات و بە ژێرکراسەکەیەوە و ئەویش بەسەر جەستەیدا تواوەتەوە ، ماوەیەک لە نەخۆشخانەيش دەمێنێتەوە و لەو کاتەدا جەلال سەردانی نەخۆشخانەيش دەکات بەڵام ، بە شێوەیەک شێواوە کە ناناسریتەوە ، دکتۆرەکانیش لە مانەوەی لەنێو ژیان نائومێد دەبن ،، ئەو کارەساتە ژیان لەبەرچاوی جەلال تاریک دەکات و ناتوانێ لە سلێمانی درێژە بە ژیانی بدات و ئیتر ئەو شارە جێدەهێڵی و ڕوو دەکاتە بەغدا و چەند ساڵێک لەوێ دەژی . لە بەغدا خەریکی نووسینی شیعر و کاری میدیایی دەبێت ، بەڵام لەوێش وەک کەسایەتیەکی شیوعی لە هەڕەشە و چاودێری کردنی پۆلیس بێبەش نابێت ، تا دواجار لە ترسی گیران بەغدايش جێدەهێڵێ و دەگەڕێتەوە سلێمانی ، لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول ڕوودەکاتە شاخ و لەوێش وەک پێشمەرگەیەک و شاعیرێک و میدیاکارێک کاری خۆی دەکات ، دوای کۆتایی هاتنی شۆڕش ڕوودەکاتە هەندەران و لە ئەمریکا دەگیرسێتەوە . لە ئەمریکايش هەر خەریکی کاری نووسین و لەگەڵ بەهار و یادەوەرییەکانی دەژیت . شەوێک دەچیتە باڕیک و بەدەم خواردنەوەی وێسکی سەری گەرم دادێ و چاو بە چواردەوریدا دەگێڕێ لەلای ڕاستییەوە کچێکی قژڕەشی پێست سپی دانیشتبوو ، جەلال بە سەرنجەوە لێی دەروانی ، دواتر هەر بەدەم هەڵدانی پێکەکانی دەفتەرە بچووکەکەی گیرفانی دەردێنێ و بەیادی بەهار و ڕۆژانی ڕابردوو دەستدەکات بە نووسینی پەخشانە شیعرێک کە بەو شێوەیە دەست پێدەکات ، ( ئەمشەو دڵم نوقمی ئاخ و حەسرەتی لافاوێکە و نانیشێتەوە ، ئاودامانم شۆڕکراوەی تەنوورێکە و ناکوژێتەوە … لە کۆتاییش دەڵێت ، ئیتر هیواکانم دەبنە پۆلە مەل و بە ئاسمانی کوردستانی پڕ ئاشتیا باڵدەگرن و هەر هەڵدەفڕن ،، هەڵدەفڕن و هەڵدەفڕن ! ) . دواتر دواقومی ویسکییەکەی هەڵدەدات و دووبارە لە کچەکە دەڕوانێتەوە ، کچەکە تەمەنی بیست ساڵێک دەبێت و لە بەرچاویدا ببوو بە بەهار ،، ئەوەی هاتە بەر گوێ کە هەموو جارێک لێی دەپرسی جەلال گیان چیت نووسیوە ؟ هەستاوە سەرپێ پاکەتە جگەرەکەی هەڵگرت و چوو لە شانی کچەکە وەستا و داوای لێکرد کە دەتوانێ لەلایەوە دابنیشێت ، کچەکەيش گوتی فەرموو ، خۆیان بەیەکتری ناساند کچەکە گوتی من ( سپرینگ ) ! ئەی خودایە ئەوە چی دەبیستێت ، هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و لە دڵی خۆیدا گوتی ئەوە بەڕێکەوت نییە ، ئێ سپرینگ یانی بەهار ! ژنەکە هەست بە باری دەروونی و شپرزەیی جەلال دەکات ، لێی دەپرسێت ئەوە چیتە ، ئەویش دەڵێ ( ناوەکەت سەرنجڕاکیشە ! ) ،

 

نووسەر زۆر وریایانە وەک چەند شوێنی تر بەریەککەوتنی زۆر نایاب و سەرسوڕهێنەری پڕ چێژی داهێناوە کە جوانکاری زێتری بە دیمەنەکان بەخشیووە

 

ئیتر دوای دەستخستنە نێو دەستی یەک هەردووکیان خۆشحاڵ دەبن و دواتر بەیەکەوە دەخۆنەوە و قسەدەکەن ، لێرەدا نووسەر زۆر وریایانە وەک چەند شوێنی تر بەریەککەوتنی زۆر نایاب و سەرسوڕهێنەری پڕ چێژی داهێناوە کە جوانکاری زێتری بە دیمەنەکان بەخشیووە ، زێتر لە سێ پێکیان خواردەوە ،، دوای هەندێک بێدەنگی دواتر کچەکە باسی ئەوەی کرد کە بەنیازی سەفەر و گەشتە بۆ چەند وڵاتێک دواتر گوتی بە نیازم بڕۆم بۆ بەغدا ، بەڵام جەلال گوتی ئێستا لە عێراق جەنگە و باشترە نەڕۆیت ، پرسیاری زێتر لە یەکتری دەکەن و کات درەنگ دادێ ، کچەکە بەرلەوەی بڕوات ژمارە تەلەفۆنی خۆی بۆ جەلال دەنووسێت و ڕوومەتی جەلال ماچ دەکات و باوەشی پیا دەکات و دەڕوات ، جەلالیش هیچ ناکات و تەنها لە دواوە سەیری دەکات و پاشان ئەویش دەرواتە دەرەوە ، لە ژێر ڕووناکی گلۆپەکان سەیری کلووە بەفرەکان دەکات ، لەناکاو لە پشتییەوە گوێی لە دەنگی ئوتومبێلێک دەبێت فریای ئاوڕدانەوەيش ناکەوێت و دەکەوێتە ژێر ئوتومبێلەکە و بەسەر پشتیدا تێدەپەڕێت ، لەوکاتەدا گوێی لە تێکشکانی ئێسقانەکانی لەشی خۆی دەبێت ، لە هۆش خۆی دەچێت و دواتر لە نەخۆشخانە خۆی دەبینێتەوە ، دواتر بۆی دەردەکەوێت شوفێرەکە سپرینگ ئەو کچەی ئەو شەوە بوو بە هاوڕێی ، ئیتر لێرە بەدوا جەلال دەبێت بە کەسێکی تێکشکاو و نێوە مرۆڤ ،، ئەم شکانی پەراسووەکانی و ئازارەکانی پشتی تا کۆتایی ژیان بە دەستییە دەناڵێنێ و لە زۆر شت مەحروم و بێبەری دەکات ، یەکێک لەوانە کە ناتوانێ جارێکیتر کاری سەرجێیی بکات ، دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵێک و مانەوە لە غەریبی و دوای ڕوودانی ئەم کارەساتە ، بە ناچاری بۆ ڕزگاربوون لە دەست ئەم ئازار و تەنیاییە دەیەوێت داخوازی کەسێک بکات بە ناوی ( ڕووناکی کچی جەمال بەختیار ) ، کە هەم کچەکە و هەم باوکی بە خۆشحاڵییەوە ڕازین بەڵام ، جەلال لەبەر ئەو هۆکاری وەزعی جەستەی بێدەنگی لێدەکات و دواتر کچەکەيش  لە جەلال نائومێد دەبێت هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکیتر دەکات ، ئیتر جەلال لەگەڵ نووسینی شیعر و یادەوەریەکانی و عەشقە غەمگینەکەی لە غوربەت و دونیای تەنیایی ژیان بەسەر دەبات ، بەدەم خواردنەوە زۆرجاران بیر دەکاتەوە و دەکەوێتە نێو دونیای خەیاڵ ، زۆرجار لە خۆی دەپرسی ،، ( ئەگەر زوڵمیان لە بەهار نەکردایە و ئەوا مام زامن بۆ تاهەتایە ماڵئاوایی نەدەکرد و جلەوی ژیان ویژدانی مرۆڤەکان لەو شارەدا ڕەنگی سروشتی خۆیان دەنواند ، منیش بەوجۆرە لە ژیان نائومێد نەدەبووم و وڵاتم بە جێنەدەهێشت !  ) . چ کارەساتێکە ، شاعیرێکی داهێنەر و نوێخواز بەو هەستە ناسک و شاعیرانەی خۆیەوە تا کۆتایی ژیانی لەنێو ژیانی ڕەبەنی و تەنیاییدا بمێنێتەوە ، بە ئاهی عەشێکی ناموراد و خەمناک سەربنێتەوە . عەشقێک لەنێو کوورەی کارەساتەکان سەری هەڵدابی و بە توونێلی ئازارەکان ڕەتبوو بێ و لەدواجاریش بە پانتاییە ڕەشەکانی تراژیدیترین خاڵ گەیشتبێ .

_ جەلالی میرزا کەریم و گرووپی ڕوانگە و وتوێژێک لەگەڵ شێرکۆ بێکەس

 

 

لەم بەشەدا دەمانەوێت باسی سەرهەڵدانی گرووپی ڕوانگە بکەین ، هاوکات ڕۆل و کاریگەری جەلالی میرزا کەریم ، وەک کەسێکی سەرەکی و دامەزرێنەری ئەم ڕەوتە نوێیەی ئەدەب ، لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی لەوانە ( حسێن عارف ، شێرکۆ بێکەس ، کاکە مەم بۆتانی ، جەمال شارباژێری … ) گرووپی ڕوانگە وەک ڕەوتێکی نوێی ئەدەبی و شیعری ڕادەگەیەنن ، تەنانەت بەیاننامەی ڕوانگەيش جەلالی میرزا کەریم خۆی دەینووسێت ، و دوای ڕاگەیاندنی ڕوانگە گۆڤارێک بە ناوی ڕوانگە سێ ژمارەی لێدەردەکەن بۆ قەڵەمە نوێخوازەکان ، هەرخۆی سەرپەرشتی دەکات و سەرنووسەری دەبێت . بەڵام ئەوەی مێژوو و نووسەران و شاعیران باسی دەکەن ، زێتر شێرکۆ بێکەس وەک خاوەندارێتی ڕوانگە و کەسی سەرەکی ئەم گرووپە دەرکەوتووە ، مەبەستمە ئەوە بڵێم کاتێک ناوی ڕوانگە دەهێندرێ یەکسەر وێنەی شێرکۆ بێکەس دێت بە خەیاڵ و بیرکردنەوەی کەسەکان ، لە چەندین دیمانەيش شێرکۆ بێکەس کە باسی ڕوانگەی کردووە بەم شێوە سەرەکی و داینەمۆییە باسی ڕۆلی جەلالی میرزا کەریمی نەکردووە ، ڕاستە ڕاناوی ئێمەی بەکارهێناوە بەڵام ، وەک پێویست ناوی جەلالی میرزا کەریم نەهاتووە وەک یەکێک لە خاوەندارێتیيە سەرەکیيەکانی گرووپی ڕوانگە . جەلالی میرزا کەریم هەم تەمەنی لە شێرکۆ گەورەترە هەم ئەزموونێکی زێتری هەبوو ، لەو سەردەمانە شێرکۆ شیعری خۆی پێشانی جەلالی میرزا کەریم داوە  کە ڕەئی ئەوی بۆ گرینگ بووە ، کە ئەمەيش شتێکی زۆر ئاساییە لە نێوان شاعیرەکان  . جەلالی میرزا کەریم هەر لەسەرەتای شیعر نووسینیەوە خەونێکی گەورەی هەبووە بۆ داهێنان . کەسێکی بزیو و چالاک بووە . لە ساڵی ١٩٥٨ کاتێک دوور دەخرێنەوە بۆ بەسرە لەوێندەرێ لە ڕێگەی خوێندنەوەی شیعر و کتێبەکانی ، بەدر شاکر سەیاب و نازک مەلائیکە و عەبدولوەهاب بەیاتی ، ئاسۆ و بیرکردنەوەی بۆ شیعر و نوێگەری فراوانتر دەبێت و دواتریش هەریەک لەو سێ شاعیرە نوێخوازە عێڕاقییە هەر یەکەو  لە شوێن و کاتی جیاواز دەبینێت و دەبێت بە برادەریان ، بەتایبەت دیدارەکەی لەگەڵ بەدر شاکر سەیاب دا ، کە بەیەکەوە گفتوگۆ لەبارەی نوێخوازی و بەتایبەت ڕەخنە لە حیزبی شیوعی و واتە دەوری نێگەتیڤی ئایدیۆلۆژیا و حیزب بەسەر ئەدەب و شیعر تایبەتتریش قسەکردن لەبارەی شاعیر و ئازادی شیعر نووسین ، ئەم رەخنە و قسەوباسانە سەرنجی جەلالی میرزا کەریم ڕادەکیشن ، ئەوەيش دەبێتە ( هەوێنی بیری بزووتنەوەی ئەدەبیی ڕوانگە ) .

لێرە بەدوا بیر لە بزووتنەوەیەکی نوێی ئەدەبی دەکاتەوە بە ستایل و زمان و ئاسۆیەکی نوێوە

 

ئیدی لێرە بەدوا بیر لە بزووتنەوەیەکی نوێی ئەدەبی دەکاتەوە بە ستایل و زمان و ئاسۆیەکی نوێوە ،، بۆ ئەم مەبەستە لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت ، لەگەڵ زۆرێک ئەدیب و نووسەرەکان وتوێژ دەکات و دانیشتن و کۆبوونەوە ڕێک دەخات ، بۆ نموونە جارێک تایبەت دەچێت بۆ هەولێر هەروەک لەنێو یادەوەريیەکانی هاتووە و دەڵێت ( مەبەستی چوونم بۆ هەولێر ، بێجگە لە میوانداری هاوڕیکانم بە تایبەت جەمیل رەنجبەر ، گۆڕینەوەی بیرورا بوو دەربارەی ڕوانگە ، کە تاوەکوو ئەو ڕۆژانە تەنیا خەیاڵ بوو ) ، یان لە شوێنێکی تر لەنێو ڕۆمانەکەدا جەلالی میرزا کەریم دەڵێت ( ئەو شەوە من و شوکر مستەفا عەبدوڵا و جەمیل ڕۆژبەیانی میوانی عەلائەدین سەجادی بووین ، باسی دامەزراندنی کۆڕی زانیاری کوردیان بۆ کردم ، داوایان لێکردم لەگەڵیاندا بەشدار بم و تەنانەت ببم بە ئەندامیش . منیش باسی بزووتنەوەی ڕوانگەم بۆ کردن ، عەلائەدین سەجادی گوتی ، ئەگەر ئەوە سەربگرێت ، خەونی هەموومان دێتە دی ! ) . ئیدی لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت ، بەردەوام لە هەوڵدان دابووە بۆ بزووتنەوەیەک یان گرووپێکی نوێگەر دواتر هەوڵەکان سەردەگرن و گرووپەکە ڕادەگەینن . جەلالی میرزا کەریم ئەو کاتەی لە ئەمریکا دەژی بەر لە گەڕانەوەی بۆ کوردستان بە چەند ساڵێک ، چوارشەمەیەکی وەرزی هاوین تەلەفۆنێکی بۆ دێت لەلایەن ( جەمال بەختیار )ەوە پێی دەڵیت ، شێرکۆ بێکەس دێت بۆ ئەمریکا و برادەران پێیان خۆشە تۆيش ئامادە بیت ، ئەویش ڕەزامەندی پێشان دەدات بۆ ئامادەبوون لەو ڕۆژەدا ، ئەو ڕۆژە لە شارەکەی خۆیان بلیتی فڕۆکەی بڕی بۆ واشنتۆن ،، ڕێگاکە بە فڕۆکە پێنج کاتژمێر بوو ، لە کتێبخانەی فڕۆکەخانە کتێبێکی ( ئێنگریت یۆنگەر ) ژنە شاعیرێکی ئەفریقای باشوور دەکڕێت ، وەک خۆی دەڵیت کە لە بەغدا تەنها ناوبانگی ئەو شاعیرەی بیستبوو ، هەر لە هۆڵی چاوەڕوانی ، ژیاننامەی ئێنگرێت دەخوێنێتەوە ، کە دەگاتە ناو فڕۆکەيش دەست دەکات بەخوێندنەوەی کتێبەکە ، یەکەم شیعر بەوە دەست پێدەکات بەناوی ( ئەو منداڵەی سەربازێک لە نیانگا کوشتی ) شیعرێکی سەرنجڕاکێش و نایاب دەبێت ، هێندە کاریگەر دەبێت هەر ئەوکات دەیکات بەکوردی ، دواتر خەیاڵ دەیباتەوە و بیرۆکەی شیعرێکی بۆ دێت و هەر لەتەنیشت شیعرەکەی ئینگرێت یونگەرەوە دەنووسێت ..

ئەو منداڵەی لە گەرمیان سەربازەکان کوشتیان

ئەو منداڵە نەمردووە

ئەو منداڵە مستی بۆ دایکی هەڵبڕیوە

کوردستان هاوار دەکات ، بۆن هاوار دەکات

بۆ ئازادی دەر و دەشت

لە دڵی گەمارۆدراوی شارەکاندا

ئەو منداڵە بووەتە سێبەری سەربازەکان

پاسەوانە بە چەک و زریپۆش و دارەوە

لە هەموو کۆبوونەوەیەکی یاساداناندا ئامادەیە

لە پەنجەرەی ماڵەکانەوە لە دڵی دایکی ئەڕوانێت

ویستی لەژێر خۆردا یاری بکات لە گەرمیان لە هەموو شوێنێک

ئەو منداڵە گەورە بووە و بە هەموو کوردستاندا ئەگەڕیت

ئەو منداڵە بووەتە خێوێک و تەواوی جیهان دەگەڕێت .

ئیتر دوای ئەوە دەکەوێتە نێو خەیاڵی کارەساتەکانی هەڵەبجە و ئەنفال و هەستێکی نائومێدانە دایدەگرێت ، چەندجارێک دەگەڕێتەوە سەر ئەو شیعرە و دەیخوێنێتەوە ، دەگاتە فڕۆکە خانەی واشنتۆن ، لە دووری پێنج سەد مەترێک لە هوتێلێک بۆ ماوەی پێنج شەو ژوورێک دەگرێت ، لە ئێوارەوە تا یانزەی شەو دەخەوێت ، سەعات دوانزە لە فڕۆکەخانە ئامادە دەبێت ، خۆیی و دەسکە گوڵێکی سوور ، لەو ماوە چاوەڕوانییە ئازارێکی زۆری دەبێت ، نزیکەی دە کەسیتریش لە ژن و پیاو لەوێ ئامادەن بۆ پێشوازی ، سەعات سێی شەو شێرکۆ دەگات ، خەڵکەکە بە پیریەوە دەچن ، شێرکۆ کە دەیبینێت یەکسەر دەیناسێتەوە و باوەش بە یەکدا دەکەن و گوڵە سوورەکەی پێشکەش دەکات ، دواتر بە شێرکۆ دەڵێت ، زۆر هیڵاکم ئازارم زۆرە ، ئەوە کارتی هۆتێلەکەم سبەی دوو سبەی کەی کاتت هەبوو چاوەروانت دەبم ، ڕۆژی دواتر شێرکۆ بێکەس دەگاتە هۆتێلەکە ، کاتێک دەگات جەلال ویسکی و لیمۆی لەسەر مێزێک دانابوو پێش گەیشتنی شێرکۆ ئەم دەستی بە خواردنەوە کردبوو ، سەرەتا بە ڕووداوەکانی کوردستان دەست پێدەکەن و بە تایبەت هەڵەبجە و ئەنفال ، شێرکۆ بێکەس شیعری ( عومەری خاوەر )ی بۆ دەخوێنێتەوە . بەدەم خواردنەوە لە قسەوباسەکانیان بەردەوام دەبن ، بەیەکەوە بوتلێک وێسکی تەواو دەکەن و هەر  بەردەوام دەبن . سەرەتا جەلال باسی کتێبی ( پەرینامەی ) جەمال شارباژێری دەکات ، کە لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە لەلایەن براکانی کچەکە  سەروگوێلاگی جەماڵ یان شکاندووە  ، بەشێرکۆ دەڵێ ، ئەوکاتیش تۆ و جەماڵ دانووتان بەیەکە نەدەکوڵا ، شێرکۆ دەڵێ لەگەڵ حوسێن عارفیش باسی ئەو بابەتەمان کردووە و من ئاگاداری نەبووم و بەڵکو زۆریشم پێناخۆش بوو ، دواتر بابەتەکە دەگۆڕێت ، کتێبەکەی مارگرێتی پێشان دەدات و هەندێک باسی شاعیرەکە و شیعرەکانی بۆ دەکات پێشنیاری بۆ دەکات کە بیخوێنێتەوە ، شێرکۆيش بە پێکەنینەوە دەڵێ ، جا بە ئینگلیزییە مەگەر تۆ بۆمی بخوێنیتەوە ، ئیتر دوای تاوێک بێدەنگی ، جەلالی میرزا کەریم بە شێرکۆ دەڵێت ، ئێستا تەنها خۆم و خۆتین ، تەنها وەکو دەردە دڵ با باسی ئەو ڕۆژە بکەین کە وەک یادەورییەکی تاڵ لەنێو خەیاڵم ماوەتەوە ، دەیەوێت هەرچی لەدڵی دا هەیە بۆی باس بکات ، گلەیی و دەردەڵ ، دەبێ چ ناسۆر و خەمناک بێت ئەو دەمانەی شاعیرێکی بێبەش لەژیان و لە شیعر و لە نیشتیمان و لە عەشق و لە ساتە جوانەکانی ڕامووسانی  ، شاعیرێکی نائومێد و جەستە تیشکاو و خەون و هیواکانی تێشکاو ، دەبێ چەند بەسۆ بێت هەڵڕشتنی دەردەدڵ و گلەیی لە شاعیرێکی هاوڕێ و هاوبیر لە گرووپێکی نوێخواز ، گلەیی لە شاعیرێک کە وەک چرایەک لەنێو شیعرەکانیدا بۆ میللەتەکەی دەسووتێت و ئێستا لە شوێنێکی بەرز و بڵندی داهێنان دایە ؟! جەلال ڕاست و ڕەوان دێتە سەر باسی یەکەمین میهرەجانی شیعری کوردی کە لە بەرواری ٢٢/٣/ ١٩٧٢ لە کەرکووک لە قوتابخانەی ئیمام قاسم بەسترا بوو ، پێی دەڵێت ، شێرکۆ گلەییم لێت هەیە کە تۆو عەبدوڵا پەشێو و هاوڕێیانی تر ، بەو بڕیارانە ڕازی بوون کە لەسەر بیروڕای جیاواز و ڕەخنەگرتن ، ڕێگە بە من و جەمیل ڕەنجبەر و چەند شاعیرێکیتر نەدرا لەم میهرەجانە بەشدار بین ، ئێوە نەک هەر ڕازی بوون بەڵکو شانازیشتان پێوە دەکرد ، ئێوە لە ژوورەوە و ئێمەيش لە حەوشەکە ، دەبوو هەڵوێستتان هەبا و بەم بڕیارانە ڕازی نەبن ، بە تایبەت تۆ کە ئەندامێکی کارای ڕوانگە بووی . واتە بە سیاسی کردنی میهرەجانەکە و کۆنتڕۆڵکردنی لەلایەن کەسان و لایەنێکی دیاریکراوەوە . شێرکۆ بێکەسیش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت ، بڕوا بکە لە بڕیارەکان هیچ دەستی ئێمەی تیا نەبوو ، ( مارف خەزنەدار )  بەرپرسی میهرەجانەکە بوو بڕیارەکان بڕیاری ئەو بوون ، پاشان ( بیرکردنەوەی ئێوە تێگەیشتنی زۆرگران بوو ، هەروەها حیزبی شیوعیش لەبەرەی گەلدا نەبوون هاوپەیمانی بەعس بوون ، ئیتر تۆ و جەمیل و هاوڕێیانیتر باجەکەتان دا ، ئەمە لەساڵی ١٩٧٢ بوو ،  کە هەموو کورد گۆرانی بە باڵای ( مستەفا بارزانی ) و حوکمی زاتیدا هەڵدەدا ! ، دەزانی کاتی خۆی لە شاخ جەمیل ڕەنجبەر هەمان گلەیی لێکردم ، ڕەخنەکەی جەلالی میرزا کەریم ، لە دەستەی بەڕێوەبەری میهرەجانەکە نەبوو ، زیاتر ڕووی لە شێرکۆ و یەکدوو شاعیری تر بوو ، چاوەڕێی دەکرد هەڵوێستیان هەبا و هاتبانە دەرەوە و بەشداریان نەکردبا یان ڕێگربان لە چوونە پێشی بڕیارێکی سیاسی لەم چەشنە ، چونکە هۆکاری بەشداری نەکردنی هەندێک لە شاعیرە بە تواناکان . هۆکاری ئەدەبی و شیعری و زمانەوانی ، یان ستایل و ناوەڕۆک نەبوو بەڵکوو ، زێتر هۆکارەکە سیاسی بوو ، ئەمەيش بۆ کەسێکی نوێخواز و داهێنەری وەک شێرکۆ نابێت قەبووڵکراو بێت ، جەلال لە شوێنێکدا دەڵێت ( لەو میللەتە نەگبەتتر نییە ، کە شاعیرەکانی وەک کەسانی سیاسی و بازرگان بیر دەکەنەوە ! ) ،لەپشتی ئەو دەربڕینە ئەوەمان پێدەڵێت : کە جەلالی میرزا کەریم چەندە شاعیرێک بووە کە لەنێو ڕووبەری شیعر ئازاد بووە و نەکەوتۆتە ژێر هیچ هێزێکی دەرەکی بە ئایدیۆلۆژییە مارکسیسیيەکەی خۆیشیەوە ، ئازادی نووسەر هۆکارێکە بۆ یاخیبوون و نوێگەری نووسەر ، کەسێک ئازاد نەبێ ناتوانێ یاخی بێت ، کەسێکیش یاخی نەبێت ناتوانێت داهێنەرێکی نوێخواز بێت . جەلال لە جانتاکەی فایلێکی زەرد دەردەهێنێ دەڵێت ،( ئەوە دەربارەی میهرەجانی شیعرییەکەی کەرکووکە بەناونیشانی : لە یەکەم میهرەجانی شیعری کوردی لە کەرکووک چی ڕوویدا ؟ بە نیازم بیکەم بە کتێبێک  ! ) . وردە وردە بەیەکەوە سەیری لاپەڕەکانی فایلە زەردەکە دەکەن ، جەلال دێتە سەر شیعرەکەی جەمیل ڕەنجبەر بەناوی ( لکە زەیتون لە گێژاوی خوێنا ) ، ستایشی شیعرەکە دەکات و دواتر دەڵێت ، ئەوەيش شیعرەکەی عەبدوڵا پەشێو من نامەوێت بەراوردیان بکەم ، بەس توخوا ئەو شیعرەی جەمیل ڕەنجبەر هی ئەوە بوو ، سانسۆر بکرێت و ڕێگەی پێنەدەن بڵاوبکرێتەوە ؟ شێرکۆ دەڵێت جەلال بە عەقلی ئێستام با بێگومان ڕازی نەدەبووم و بیرکردنەوەی ترم دەبوو لە هەمانکات دانبەوەيشدا دەنێت ، کە شیعرەکەی پەشێو ( هەندێک وانە بۆ منداڵان ) لە ژێر کاریگەری بیرۆکەی شیعرەکەی تۆ بەناوی ( نەمر ) کە ساڵی حەفتا لە ژمارە شەشی هاوکاری بڵاوت کردەوە ، دەبوو سەرچاوەکەی ئاماژە پێکردبا ، کاتی خۆی ئەو گلەییەم لە پەشێو هەبوو ، جەلال دەڵێت ئەی ، ناونیشانی ( شەونامەی دڵدارێکی تینوو ) ، لەگەڵ ( شەونامەی شاعیرێکی تێنوو .. ! )  ،

 

جەلالیش دەڵێت لەوەیا لەگەڵتام ، گوتاری ڕوانگە هێندەی ( بەلاغێکی نەتەوەیی و سەربازی بوو ، هێندە ئەدەبی و هونەری نەبوو )

 

دوای ئەوەيش جەلال من پێشێلی بەیاننامەی ڕوانگەم نەکردووە ، تۆ ئەوەت بیرچووە هەموومان بەجۆرێک لە جۆرەکان لەژێر کاریگەری بیرکردنەوەی ئەو سەردەمەیا بووین ، ئەی لە گوتاری ڕوانگە نەهاتووە ( پیشەی شیعر نووسین کارگێڕیشە ، شۆڕشگێڕیشە و جەنگاوەریشە ! ) ، جەلالیش دەڵێت لەوەیا لەگەڵتام ، گوتاری ڕوانگە هێندەی ( بەلاغێکی نەتەوەیی و سەربازی بوو ، هێندە ئەدەبی و هونەری نەبوو ) ، بەردەوام دەبن لە سەیرکردنی لاپەرەکان ، شێرکۆ دەڵێت ، جەلال پێکێکی ترم بۆ تێکە ، ئێستا دێیتە سەر بەراوردکردنی شیعرەکەی خۆم و خۆیشت با خۆم ئامادەکەم . جەلالیش دەڵێت ،  با ئەوەی خۆمان نهێنی بێت لەنێوان خۆم و خۆت ، ئەوەندەم بەسە کە توانیم وەک دوو هاوڕێ و دوو شاعیر ڕووبەروو ئەوەت پێبڵێم  ، ( کە میللەتانی دونیا بۆیە خاوەنی زمان و فەرهەنگ و هونەری ڕەسەنی خۆیانن چونکە مرۆڤی خاوەن هەڵویستیان هەیە و تا سەر ئێسقان لەگەڵ یەک ڕاستگۆن ! ) . شێرکۆ تۆ زوو پشتت کردە ڕوانگە و دواتر هەر لێشی پەشیمان بوویتەوە ، شێرکۆ بێکەسیش گوتی ، جەلال نابێت ئەوەت لەبیر بچێت ( کە ئێمە باس لە شیعری بەرگری و شۆڕشی ئەیلوول و بە تایبەت بەیانی یازدەی ئازار دەکەین ) ، ئەوەيش دەڵێت کە ئەویش بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول کردووە و ڕادیۆی شۆڕشی بەڕێوە بردووە و بۆ ڕۆژنامەی برایەتی نووسیوە ، جەلال دەبینێت شێرکۆ مەست بووە ، فایلە زەردەکەی لێوەر دەگرێت و پێی دەڵێت ،  تۆ تازە بووی بە پێغەمبەری میللەتێک  من شەڕی تۆم پێناکرێت ، تۆ خاوەنی شیعری ( سوتماک )یت ، هەرچەندە ڕەخنەی لەو شاکارەيش دەگرێت و دەڵێت ، لایەنگر بوویت و شیعرت بۆ زۆرکەس نووسی و ناوی شۆڕشگێڕت خستنە پاڵ کە دەستیان هەبوو لە شەڕی براکوژیدا ! یان رەوایەتیدان بە وشەی شەهید لە شیعری کوردیدا . شێرکۆ بێکەس لە وەڵامدا دەڵێت ( جەلال تۆ پێش ئەوەی شاعیر بیت و شۆڕشگێڕ و کەسێکی چەپی بێوێنە بوویت ) ،  لێرەدا شێرکۆ دان بە چەند راستییەک دا دەنێت و دەڵێت ( بە بیرت دێت کە یەکەمجار یەکتریمان بینی ، داوات لێکردم بخوێنمەوە ! ، هەموو ڕۆژێ بەدوام ئەگەڕایت و کتێبت بۆ ئەهێنام ! من ئەوسا نە شاعیر و نە سیاسەت هیچیانم لە خەیاڵدا نەبوو ، تۆ تووشی ئەم دەردە سەریەت کردم ! ڕوانگەيش بیرۆکەی تۆ و عەبدولا عەباس بوو ، بەیاننامەکەيش خۆت نووسیت ! ) ، لەوەيش زێتر دەڕوات و دەڵێت ( بەڵێ ، من ئەوسا تەمەنم چواردە ساڵ بوو ، هەموومان بەخیلیمان بە تۆ دەبرد ، تۆ کەسێکی ئازا و چاو نەترس بوویت ، هەروەها ، بەهاری عەربەت ، جوانترین کچی شاری سلێمانی عاشقی تۆ بوو ! ) ، ئەوەيش قەدەری تۆ بوو کە لە دووری نیشتیمان کەوتییە ژێر ئۆتۆمبێل و بەو ڕۆژە گەیشتیت ! . لێرەدا وتوێژەکەیان کۆتایی دێت ، ئیتر لێرەوە لە دەمی شێرکۆ خۆی ڕاستیەکانمان بۆ دەردەکەوێت ، کە جەلالی میرزا کەریم ڕۆلی کەسی یەکەم و سەرەکی هەبووە لە دامەزراندنی گرووپی ڕوانگە و خۆی بەیاننامەکەی نووسیوە ، ئەم شار و ئەو شار گەڕاوە خەڵکی بۆ پەیدا کردووە و هەر خۆیشی سەرنووسەر و بەڕێوەبەری گۆڤاری ڕوانگە بووە ، بۆیە لەم نووسینەم دروستبوونی گرووپی ڕوانگە و وتوێژەکەی نێوان جەلالی میرزا کەریم و شێرکۆ بێکەس تا ئاستێک  ناوەڕۆکەکەییم وەک خۆی نووسیوەتەوە ، چونکە ویستوومە پێ لەسەر ئەوە دابگرم کە ، پێویستە مێژوو وەک خۆی بخوێندرێتەوە و ڕاستییەکانیش وەک خۆیان باس بکرێن .

 

نۆڤەمبەری ٢٠٢٣

 

سەرچاوە : ڕۆمانی ( خانەقای میرزا ) .. نووسینی ( میران ئەبراهام ) .