کاکەڕەش/ شاکارێکی شاکارانە
حاکم بۆتان/ نووسەر/ بەریتانیا
چەند رۆژ لەمەو پێش رۆمانی کاکە ڕەش پاشای شەو م بەدەست گەیشت، هزڕ و بیر و یادەوەری کاک حازم بەخێر و پڕ بەرهەم و بڕشت بێ، ئەو کات کەندێناوە و بەرجادە و شەمامک و قەراج تەنها بە هەرمێن و هات نابێ لە گەنم و جۆ بەڵکو لە ناو کەند و لەنەد و باسک و هەرەت و ناو تەڕاش و قامیشەڵانان دەیان کاکەڕەش و هێدۆ و خدۆ و ئەنوەر و ئیسماعیل و جەمیڵ و مام حەمەدەمین و…..سەتان شۆرە ژنی دایکی کاکە ڕەش ئاسا، پلکە هەمین و حەفسەت و خەزار و….دێنە بەر تیشک و رۆناکی خامەی نووسەر، تا شەو قەڵای مێران بێ ئەو مەڵبەندە بێ پاشا و پێشمەرگە و مێران نابێ.
دوای خاپەرۆک کاک حازم بە شاکارێکی شاکاران هاتەوە نێو پەرتوکخانە و دید و دەستی خوێنەران
دوای خاپەرۆک کاک حازم بە شاکارێکی شاکاران هاتەوە نێو پەرتوکخانە و دید و دەستی خوێنەران. کاکە ڕەش رۆمانێکی قەبارەی گەورەی توند و تۆل،بەرگ و دیزاینێکی جوان و چاپێکی پوخت و ئاسان و خۆش لە خوێندنەوە. تا ئەندازەیەک ئاگادار بووم کاک حازم حەجمێنی لێ هەڵگیرا بوو تا بە چاپ گەیشت و هاتەوە، ئەمنیش نۆبەت بریم لۆ کردو و دەستم بە خوێندنەوەی کرد ،نەشم دەتوانی زۆر کاکە ڕەش بەجێبێلم زوو زوو دەهاتمەوە لای و لەگەڵ خوێ و هێدۆ و ئەوانی دیکە دەهاتینەوە باسک و تەڵان و ئاواییەکان. کاکە ڕەش رۆمانێکە هاوتایی حەمەدۆک و زەوی ئاسن و ئاسمانی مس، کاریتە یا ئەو دیوی چیا، ئەو زمانە پاراو و شیرنەی نووسەر هەیەتی ، زمانی دەشتی هەولێر دەروات تا لە بەرزاییەکانی سابلاخ لەنگەر دەگرێ لەو رۆمانە تەتڵە کراوەو وەک مافوری سەرەناز نەخشێندراوە.سەتان وشەی لەبیرکراو، دێرین، دەستەواژە و پەند و قسەی نەستەق ، ناو و نازناو و ئامراز و کەرستەی راو و جۆت و دروێنە و شەر و پێکدادان و عەشق و خۆشەویستی و ژوان و شایی و گۆڤەند و دەست بازی و گەوز گەوزانێ و ……کاتێک کەرستەو ئامرازی کێڵان و جۆت دکات دەیان ناوی وەک،گاسن و هەوجار و مژانە و نیر و بارینە و زنمل و زەنگوڵە و دارکراوە و سەرمژانکە و لاپووتە و جەلعەو و دەیان و سەتانی دیکە لە کەرستە و ئامرازی ژیانی مەرداری و کشت و کالی کە ئەگەر ڕاستیت دەوێ ئەوانە هی ئەوەن لە مۆزەخانەیەک کۆبکرێنەوەو لە فەوتان و لەبیر چوون رزگار بکرێن، ئاخر بەوانە ئەو کوردستانە یەکێکە لە بنکە کشت و کالیەکانی دونیا.
ئەو زمانە پاراو و شیرنەی نووسەر هەیەتی ، زمانی دەشتی هەولێر دەروات تا لە بەرزاییەکانی سابلاخ لەنگەر دەگرێ
پێدا هەلگووتن و زیادە رۆیی نیە ئەگەر بلێم زمان و شارەزایی و زانیاری کاک حازم بێ هاوتاییە، کاتێک باسی ڕاو و شکار دەکات، کە باسی ئەسپ و تاژی و کەرۆیشک دەکات، دیارە ئەوەو سواری بە میرات لە مام عەلی کوتکی لۆ مایتەوە، هەر ئەوەندە نا، نووسەر ئەوەندە وورد و باریک ، ئەوەندە شارەزا و پڕ زانیاری ، ئەوەندە بە سەلیقەو وەستایانە، بە شا دەمار و ووردە دەمار و کونج و قوژبنی هەموو کاییەو ڵایەنەکانی ژیانی گوند و دیهات روو چووە باوەر ناکەم لەو مەیدانە کەسێک هەبێ تۆزی بشکێنێ.
کاکە ڕەش دەیان رۆمانی لە خۆ گرتووە، لە ملمڵانی نێوان ستەم و چەوسەناندنەوەی ئاغا و خوا پێداوان و جوتێر و سەپان و پالە، لە شەر و کوشتن و دەستوەکەری، لە خۆشەویستی و عەشقی پاک و بێگەرد، لە ژن هەڵگرتن و ڕەدوو کەوتن و کوشت و کوشتاری بەناو ناموس و شەرەف، جوامێری و پیاوەتی بە تەنگ هاتن و پەنادانی لێ قەوماو و نەداران، لە خیانەت و دەیان ڕەفتار و هەڵسوکەوتی دزێو و کرێتی ناو کۆمەڵگا، دواکەوتویی و خەڕافیات و جادو سحر.
باسی شۆخ و شەنگی حەفسەت دەکا، وەسفێکە مەگەر مام هێمن ئاوا کیژۆلەی جوانی وێنا کردبێ
مەمۆ ژن هەڵدەگرێ و پەنا دەباتە لای مام حەمدەمین نەناس و دیتی هەرچی جوامێری و پیاوەتیە مام حەمدەمین بەخۆیی و ماڵ و منداری لۆ مەمۆ و ژنەکەی دەکەن، دوژمنداری شەری لەسەر دەکات، کەچی لە پاداشتا قێزەوەنترین خیانەتی لەگەڵ کرد و کیژەکەی هەڵگرتوو لە موسل هەردوو ژنەی کردنە لەش فرۆش.
رەفعەت ئاغا دوژمنی بابەکوشتەی حاجی سمایل و مندالەکانی بوو، هەرچی کرمانج و سەپانەکە بیکردابایە و لە دژی ئاغا بوایە لە فیتی مام سمایل و کاکەڕەش و عومێرە و حوسینی کوڕەکانی دەزانێ بۆیە چەندین کەرەت هەوڵی داوە کاکەڕەش لەناو ببات، لە ڕاستیشدا کاکەڕەش چاو ساخ و پیشتوانی هەموو ئەوانە بوو لەگەڵ هێدۆ و ئەنور کە جەور و زوڵمیان لێ دەکرا. ئەو شەوەی ئاغا کاسەلێسو و پیاوەکانی دەچنە سەر مالی حاجی سمایل ، نووسەر دەستوەکەری حاجی سمایل و مندالەکانی، دایکی کاکەڕەس و سالاری و دنەدانی بۆ بەرگری و هیمەت کردن،یەک تابڵۆی فڵیم ئاسا پێشکەشی خۆینەر دەکات،کە لە ئاکاما رۆستەمە شێت لەبەر دەرگای ماڵی حاجی سمایل لە خوێن دەیگەوزێنن ، دوا هەناسەی چەنگە خۆلێکی بە خوێنی لەناو دەست توند گرتبوو، بەخۆم نەبوو فرمێسک چاوی لێڵ کردم، ئاخر ئەوە چ خۆشەویستیەکە لە دوا هەناسە لەوکاتەی خوێن دەچۆرێ چەنگ لەو خاکە دەدا کە بەردەوام خوێنی گەڕەکە.
خدۆ متوی ماری مامی دەبێ کە خوا پێداوێکی دەوڵەمەندە، حەفسەت لەگەڵ خدۆی ئامۆزای دەبنە ئەو عاشق و مەعشوقە کە لەبەر ئەوەی خدۆ زۆر لە خوار شان و شەوکەتی مامی دایە حەفسەتی ناداتێ و خدۆ دەکوژن و دوای ئەوەش حەفسەت خۆی داوێتە بیرێ و دەخنکێ، گۆدە ئەو سەگە بە ئەمەکەی حەفسەتە کە کوشتنی خدۆ ئاشکرا دەکات و حەوت شەو و حەوت رۆژ سینگی بە قەبری حەفسەت وەدەنێ و زاد نا جێتە زاریەوە، نووسەر کە باسی خدۆ وشەیدای بۆ حەفسەت دەکات، کە باسی شۆخ و شەنگی حەفسەت دەکا، وەسفێکە مەگەر مام هێمن ئاوا کیژۆلەی جوانی وێنا کردبێ،”حەفسەت دەتگووت قورینگی پێش ڕەوەیە، بە گەندە مووی قۆڵ و مەچەکی نیشانیان دەدا وەک پاوانی دەست نە خوردەیە”
کاتێک خەزار و کیژەکان شایی دادەبەستن و دیمەنی ئەو گۆڤەندە دەخاتە بەرچاو و پەسنی خەزار دەکات واقت وور دەمێنێ لەو دیدەنە”خەزار هەتا دەست هەڵێنی کەرەگەت، مێوژی بخواردبا لە گەردەنێیرا دیار بوو، چاوێکی مەست دەتگوت تازە تارمایی خەو لەسەر پێڵووی چاوەکانی لادراوە……تۆبەی تۆبەکارانی دەشکاند…جووتە کەزیی پڕ و ئەستووری، لەسەر گرمتەی سمتی لە کاتی خۆ هەڵدان لە شایی، وەک دەروێشی ئەحوار گەرم جەزم بووبوون….
بەهەمان حەوسەڵە و شێرن زمان و چاوی جحێلیی عەشقی جەمیڵ و شەمسەخان دەخاتە روو، ئەوانیش دوو شەیدای یەکتری باری کۆمەڵایەتی نەهێشت بەیەک بگەن .
حازم لایەنە فرو فێل و درۆ دەڵەسەی شێخ و دەروێش و بروای خەڵکی نەخوێندەوار و بەڵەنگاز فەرامۆش نەکردوە
لە زیندانا عوسە لەگەڵ هێدۆ باسی جوانی و ئارەزوو هەوەسی پەسیرە دەکات، بەجۆرێ دەیگێرێتەوە وەک ئەوەی پەسیرەت لەناو زاری ئاوێ بکات، پەسیرە بە چ نازو شۆخو شەنگ و گری گرتوە و بە عوسە وەنوساوە، هێدۆ وا بۆی قولاغ بوە ناحەق نەبووە کەڵکەلەی شاری لە ئاوەزدا چەکەرە بکات و بەلکو خوا و ڕاستان ئەویش بە پەسیرەیەک بئالێ.
نووسەر لە مەیدانی کارو ڕەفتارە دزێوو و دوا کەوتوو و زولمەکانی دیکەش سوارچاکێکی ئەوەندە پڕ زانیاری و بە ووردەیە وەک ئەوەی لە هەموو روداو و بەسەر هاتەکان لەوێ بوە، لە دیوەخانی رەفعەت ئاغا هەر بۆ ئەوەی بێ رێزی وچاوی جوتیار و مسکێنەکان بشکێنێ، لەبەر ئەوەی دەروێش فەرحان چەند رۆژ نەهاتووتە دیوەخان چونکە کیژێکان بووە و خەریکی مالەوە بووە ئاغا پەڵپی پێ دەگرێ و هەر ئەو کات مەڵا دێنێ و کیژی هەشت رۆژ لە کوڕی دە رۆژەی وسووی سەرکاری مارە دەکات.
کاک حازم لایەنە فرو فێل و درۆ دەڵەسەی شێخ و دەروێش و بروای خەڵکی نەخوێندەوار و بەڵەنگاز فەرامۆش نەکردوە،
شێخ دێتە گوندی و خۆی دەکاتە میوانی ئایشە شەنگی بێوەژن ، خواردنێکی چەوری پێ دروست دەکات و دوو دەروێشان دەکاتە دەڕگەوان و شێخیش لەگەڵ جوانی و ئارەزوو و حەزی ئایشە شەنگ لە ژوورێ دایکوتابوو.
لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر کارامەیی و لێزانی نووسەر لەمەر ئاژەڵ و جۆر و دەرد و نەخۆشی و رەفتار و زمانیان، کە کەم ڤێتەرنەر و مەیتەروان و خەڕبەندەی ماڵە پاشایان و شوان و مەرداری بەساڵا چوو، ئاوا لە هەست و خوستی ئەسپ و سەگ و تاژی و مەرو کەروێشک شارەزاو و زانا بێ.
“گۆدە تازە “سنووی هاتبوو،کە باسی هەست و نیگەڕانی گۆدە دەکات بەرانبەر کوشتنی خدۆ و خۆ کوشتنی حەفسەت، کاتێک توفیق شمشالی غەریبی خۆی لێدەدا و سەگەکەی بەهەمان سۆز و هاو دەردە لە گەڵ تۆفیق، یا کاتێک مام حەسەنە کووڕ خەونی ئاخافتن و گڵەیی و گازاندەی ئەسپی عومێرە و ئەسپی رەفعەت ئاغا دەهێنێتەگۆ، وەک دوو مرۆڤی ژیرو ستەمدیدە لە دەستی زۆرداری و جەوری مرۆڤان گڵەیان لە ژیان و حالی خۆیان دەکەن و سەریان بەیەکەوە ناوە.
پێویست ناکات نووسەر بە زمانی خۆی ڕاپۆرتێک لەمەر ئەو روداوە پێشکەش بکات چونکە دیمەنکە بۆخۆی دەدوی
ئەو شاکارە کە لە بەرایی هەموو شتێک فەڕهنگێکە و باشترین پشت بەستە بۆ زمانەوانی.
دیارە ئەمن رۆمان نووس و ڕەخنەگر نیم تەنها کۆڵکە خوێندەوارێکم و حەزی خوێندنەوە و بەسەر کردنەوەی کەڵتور و بەسەر هاتانم، یەک دوو تێبینیان دەخەمە روو بەو هیوایەی کاک حازمی بەرێز لێم وەربگرێ ، مەبەستم ئەوەیە بیخوێنێتەوە جا کاری پێ دەکا یا نا ئەوە ئەو خاوەن بڕیارە:
۱-نووسەر ئەوەندە وێنای روداو و بەسەرهاتەکان بە زمانێکی پاراو شیرین و وورد و باریک دەکات بەڵام هەندێ جار دێتن پێناسەی هۆکارەکە دەکات و چەشنی ڕاپۆرتێکی سیاسی پێشکەش دەکات و چەندین ووشەی وەک مڵمڵانی چینایەتی، عەدالەت و نا عەدالەتی ، ملمڵانی فیکری، هاو فکریی و کۆمەڵێکی دیکە لەو بابەتە، کاتێک ئاغای بە ئارەزووی خۆی ئەشکەنجەی جوتیارێک دەدات و وا دیمەنەکە دەخەیە بەرچاو ئیدی پێویست ناکات نووسەر بە زمانی خۆی ڕاپۆرتێک لەمەر ئەو روداوە پێشکەش بکات چونکە دیمەنکە بۆخۆی دەدوی.
بەشی ۲٤ بە ڕای من زۆر کرچ و کاڵ و سەرپێی نووسەر باسی کردوە،خۆ ئەگەر ئەو بەشە نەبێ زۆر باشتر و بەهێزترە
۲-بەشی ۲٤ بە ڕای من زۆر کرچ و کاڵ و سەرپێی نووسەر باسی کردوە،خۆ ئەگەر ئەو بەشە نەبێ زۆر باشتر و بەهێزترە چونکە کە دەلێ”گۆڕان و نەمانی سیستەمی حوکمڕانی، لە مەڵەکییەوە بۆ کۆماری،….گۆڕانکارییەکی کتوپڕ و لە ناکاو و چاوەڕوان نەکراوبوو…..” دوای ئەوە لەبەر هەستی نەتەوایەتی کاکەڕەش و هاورێیانی بەگەڵ یاخیەکان دەکەون و دوای ماوەیەک جوڵانەوەکە بەجێ دێڵن.نووسەر ئەوە زوو لە کۆڵ خۆی دەکاتەوە و کاکە ڕەش و روداوەکان دوای ئەوەش هەر لەسەر هەمان ریتم و شێواز بەردەوام دەبن و هیچ گۆڕانێکی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیەکان نا بینی. ئاغاکان دوای سێ ساڵێک دەستەڵاتیان لەساییەی جوڵانەوەکە بۆیان دەگەڕێتەوە. نووسەر ئەگەر ئەو تەمەنەشی نەبێ بەڵام گەوڕە و بچوک لە دە ساڵی دوایی تەمەنی مەڵەکی لە عیراق دەزانێ کە دەشتی هەولێر و دزەیاتی جمو جۆلی سیاسیانەی چەند لێ بەهێز بوو، ڕاپەرینی جوتیاڕانی، ساڵی سوێند خواردن و هەڵای فەڵاحان چەند کاریگەرو موکم بوو ، لەو جمو جوڵەیە چەندین کوڕە ئاغا و مەڵا پێشەنگ بوون، هەروا دوای گۆڕانی سیستەمی حوکم، گۆڕانێکی بنەڕەتی لە شێوازی حوکم و ئیدارە و ژیانی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیەکان گۆڕانی بەسەر داهات . ئەگەر لە هەندێ ناوجەی کوردستان دژایەتی کۆماری و زەوی دابەش کردن بە فیتی هەندێ ئاغا و دەرەبەگی نەقۆڵا دەست دڕایە چەک و ئەگەر دوای ئەوەش لەناو ریزەکانی جولانەوەی نیشتمانی و نەتەوەیی کوردستان رۆڵێان هەبووبێ، بەڵام لە هەولێر و نەخاسمە دەشتی هەوڵێر هەر لەسەرەتاوە لە پێشمەرگە کە ئەو کات کۆمەران پێ دەگوتن، تا دەگاتە ئامیر بەتالیۆن و ئامیر هێز لە ڕەش و روت و بەڵنگاز بوون، دەستەڵاتی ئاغا و کوێخاو سەرکارانیش باوی نەما و لە جوڵە کەوتبوون.
گۆڕانی سیستەمی حوکم لە عیراق هەروا سەرپێی نەبوو، کۆماری قوتابخانە ونەخۆشخانە و ئیشی ناو شاران و کۆمەڵێک هەنگاوی دیکەی لە ژیانی کۆمەڵایەتی رویاندا، دوای بەدوای ئەو سێساڵەی نووسەر باسی دەکات ئەگەر لە هەندێ بوار پاشەکشەشی کردبێ بەڵام نەگەڕاوەتەوە بۆ مەڵەکی و پیاوەکانی..