فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئەدەبی منداڵان، کراوەتە ئەدەبێکی بێ زارۆک … بۆ؟

 

غازی حەسەن

ماجستەر لە زمان/ ئەمەریکا

 

گلەیی لە هیچ نووسەرێک ناکەم، کە دەیەوێت ئەسپە شەلی خۆی لەبواری ئەدەبی منداڵان ڕێکف بدات. گلەیی لە نەمان و لاوازیی ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی زانستی و بوێر دەکەم، کە وای کردووە کەری بێ کورتان بە ئەسپە شێ وێنا بکرێت، هەروەها نامەوێت لێرەدا ناوی کەس، بەڵێ هیچ کەسێک بهێنم (حەمە سەعید حەسەن) گووتەنی (با کەس گەورە نەکەم)، من دەڵێم با (کەس بچووک نەکەمەوە، چونکە هەموو دەقێک شیاوی خوێندنەوەیە، ئەمەش دەبێتە سەرەتا بۆ دروستبوونی تێگەیشتن و لێکدانەوەی جیاواز، لای من هەموو دەقێک کە بەری ماندووبوونی هەر نووسەرێک بێت شایانی خوێندنەوەیە، بەڵام مەرج نییە دەقێكی گونجاو بێت. ئاماژە بە هیچ بڵاوکراوە و لاپەڕەیەک و گۆڤارێک و کتێبێکی تایبەت بە منداڵان ناکەم، کە تایبەت بۆ  منداڵان تەرخان کراون، یان ئەو نووسەر و کەسانەی وەکو پسپۆری بواری منداڵان نووساندنیان، کردۆتە پەرێزی کێڵدراو و خەرمانی بەرهەمی ئەدەبی لەم بوارەدا.

گەرەکمە بەشێویەکی گشتی هەندێک سەرنجی گشتی و هورتکە بۆچوونان لەم بارە بخەمە خزمەت ئەوانەی بەبایەخەوە بیرۆکەی خزمەتی ئەم بوارەیان کردۆتە پێشەنگی کارەکانیان، یان ئەوانەی دەپەیڤن و دەزانن وەکو زانست و دەروونناسانە  هزراندیان وەکو کردەیەکی مەعریفی بۆ خزمەتی منداڵان کردۆتە ئامانج.

قسە لەسەر توانای کەسەکان ناکەم، قسە لەسەر دەقەکانە

لەناوونیشانی چیرۆک و شیعرە تایبەتەکان بگرە، کە گوایە بۆ منداڵ و زارۆکی کورد نووسراون، تاکو نێوەڕۆکی دەقەکانی شیعر و چیرۆکەکان ئەم شتانەم لا گردبوونەوە، بێگومان نامەوێت قسە لەسەر توانای کەسەکان بکەم و لێهاتوویان بکەم، چونکە خودی دەقەکە ساخکەرەوەی ئەم شتانەیە، بەقەد ئەوەی قسە لەسەر توانا و وزە و ئامادەیی خودی دەقەکان دەکەم:

یەکەم: زۆربەیان لەشێوە و تەکنیک و نێوەڕۆک و کەرەستە بەکارهێنراوەکاندا، یان جۆری ڕووداو و ئەنجام و دۆزینەوەی چارەسەریی کێشەکان، نەیانتوانیوە دابڕان و جیاواز لەدەقە کلاسیکییەکان خۆیان نمایش بکەن، کە شاعیر و چیرۆکنووسانی کورد لە سەد ساڵی ڕابردوو پێشکەشیان کردووە. بە واتایەکی دیکە هەندێکیان دووبارە کردنەوەیەکی زەقە. لەکاتێکدا ئەدەبی هاوچەرخ بۆ منداڵان جەخت لەسەر چەند ڕەهەندە دەکاتەوە کە وەڵامدانەوەی گریمانە و پرسیارەکان گرنگە وەکو: “پاڵەوان لە چیرۆکەکەدا چی لەبارەی خۆیەوە فێر دەبێت؟ پاڵەوان لە چیرۆکەکەدا فێری چی دەبێت بۆ ئەوەی لەڕووبەڕووەدا بەکاری بهێنێت؟ شتی بەهێزی دووبارەبووەوە لە چیرۆکی منداڵاندا چییە و بۆچی؟ لەوانە بوێری و هاوڕێیەتی و سەربەخۆبوون و ناسنامە و  خێزان، یان  لەدەستدان و خەم، گەشەکردن و تووڕەیی و ئازر چەشتن و ئیرەیی خۆشەویستی.

https://www.writerswrite.co.za/10-powerful-recurring-themes-in-childrens-stories/

 

دەقی سەپێنراو بەسەر منداڵدا، دوورە لە خەون و خەیاڵ و ئەندێشەی و کەسایەتی منداڵ

دووەم: بابەتەکان باسی نەتەوەپەرستی و کوردستانیبوون و قوتابخانە وەکو شوێن و مامۆستا وەکو کارەکتەرێکی باڵا و خانەوادە و شاخ و سروشت و شار و گەڕەک کراوە. لەکاتێکدا لەسەردەمی هاوچەرخی پێشکەوتن و گەشەکردنی پەروەردەی منداڵ زۆر گۆڕاوە و ڕێباز و شێوازی نوێی مامەلەکردن لەگەڵ گەشەکردنی منداڵ لەهەموو بوارەکاندا، ئەوەمان پێ دەڵێت، کە پێویستە دەقی ئەدەبیش بیر لە تەکنیک و نێوەڕۆک و زمان و مەعریفە و ڕێبازەکانی پەروردەی نوێ بکاتەوە. زۆر دەق باسی قوتابخانە و مامۆستا دەکەن، ئەو کەسەی شیعرەکە، یان چیرۆکەکەی نووسیوە ڕەنگە بیری لەوە نەکردبێتەوە قوتابخانە لەوڵاتە پێشکەوتووەکان چۆنە و چی تێدایە و مامۆستا دەبێت چۆن بێت، بنووس لە کێلگەنووسی زارۆکاندا ئەو جۆرە بابەتانەی هەڵبژاردووە و دەنووسێت، کە خۆی وێنای دەکات و نەخشەی بۆ کێشاوە، واتە دەقێکی سەپێنراوی فەرزکراوە بەسەر منداڵدا، نەک ئەوەی منداڵ دەیەوێت و پەیوەندی بەخەون و خەیاڵ و ئەندێشە و کەسایەتی و دۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتی خودی منداڵ و زارۆکانەوە هەیە.

 

چۆن ئاژەڵ و باڵندە سزا دەدرێن؟

سێیەم: باسی ئاژەل و باڵندە دەکرێت، هەندێکیان سزادراون، گوایە منداڵ لەم ڕێگەیەوە لەکردەی هەڵە و چەوت و ناشیرن دەپارێزن و فێری کار و ڕەفتار و ژینگەی چاک و گونجاوی دەکەن. ناپرسن بۆ گیانەوەرێک دەکرێتە نموونەی گیانەوەرێکی دڕندەی سزادراوی تۆمەتبار؟ ئەمە دەبێتە هۆکار، کە ئەو منداڵەی ئەم دەقە دەخوێنێتەوە ئەم گیانەوەرە هەر بە خراپ و دڕندە و سەرچاوەی کێشە بناسێت، ئایا جەنابی نووسەری زارۆکان لەخۆت پرسیوە بۆ ئەم بژاردە و هێما و ئاماژە و کەرەستانە بەکاردەهێنیی و چارەسەری کێشەکان بەم ڕێگەیە دەگەیننە قۆناغی مەبەست و لە ئاکامدا دەبێتە مایەی دەرکەوتنی هەستێلی لاواز لەبارەی (خۆشەویستی و ڕێزگرتن و خۆناسین و ئەوانی دیکە ناسی و پەیوەندی نێوان مرۆڤ و گیانەوەر و متمانە و نەسڕینەوەی ئەوانی دیکە؟).

کە نووسەر سزادان بە ڕەوا و گونجاو بناسێنێت، زارۆش سزادانی دۆستەکەی خۆی بە ڕەوا دەبینێت

بەلای منەوە ئەوە نیشانی دەدات نووسەر (سزادان) وەکو چەکێکی ڕەواو و گونجاو و پێویست بەکاردەهێنێت، ئەمە وا دەکات زارۆکیش سزادانی ئەو شتەی، یان ئەو گیانەوەرەی سزا دەدرێت و بەخراپی دەزانێت، سزا بدات. بە واتایەکی دیکە دوور نییە خودی منداڵەکە سزادانی دۆستەکەی خۆشی بە ڕەوا بزانێت، لەم دروستکردنی ئەم جۆرە دۆخەدا (لێبوردەیی و هاوبەشی و دۆستایەتی و متمانە) لاواز دەبێت.  لەکاتێکدا سزادان چەند شتێک و رەنگە زیاتریش بگرێتەوە، لەوانە کە داوای سزا دەکەیت، ڕەنگە مەبەست ئەوە بێت حکوومەت و دەسەڵات لاوازە و سزای تاوانباران نادات، یان کەسێک لە یاسا دەرچووە، کەسێک یاسا جێبەجێ ناکات، یان من دەمەوێت کەسێک بە سزادان بدەم و … تاد. تێگەیشتن لە چەمکی سزا  گرنگترە لە  ئاشناکردن و هاندان و پەروەردەکردنی منداڵان سەبارەت بە چەمکی سزا.

چوارەم: هەندێک قسە لەئەدەبی منداڵان دەکەن، وەکو ئەوەی دونیایان بە پووش لە پشتی دەق بەستابێت، لەکاتێکدا ژمارەیەکی کەمی ئەم شتانەی بڵاوی دەکرێنەوە دەخوێنرێنەوە. واتا نەخوێندەوە ڕەخنەی وەکو هەڵسەنگاندن و لێکدانەوە و تێگەیشتن لاواز کردووە.

 

ئەوەی بۆ زارۆکان دەنووسرێت جیاوازە لە دەقێک کە بۆ کەسانی بەتەمەن دەنووسرێت

با بەیەکەوە دیقەتی ئەم چەند ڕستەیە بدەین: بۆ نموونە لە دەقێكی منداڵان پیرە دارێک کراوەتە دادوەر، نەک خۆی دادوەر بێت و لەسەر خواردن کێشە لەنێوان کۆتر و کەو دروست دەبێت هەردووکیان هانا دەبەنە بەر پیرە دار و ئەویش لەگفتوگۆیەک کە لەڕاستیدا گفتوگۆیەکی دروستکراوە و زمانی کەسێکی بەتەمەنە نەک زمانی منداڵان دەبێژێت: “کەوی بەڕێز تۆش نابێت جنێو بدەیت و هەڵە بکەی، شەڕکردن کاری باڵندە و گیانەوەری ژیر نییە، چۆن دەبێت تۆی جوان و دەنگ خۆش جنێوفرۆش بیت؟ ئەمە هەڵەیە، دەبو کاتێک کۆترە کێوی گوتی لێرە بڕۆ و نەیهێشت خواردن بخۆی تۆ ئارام بویتایە و بە قسەی خۆش وتوێژت لەگەڵ بکردایە، دڵنیام ئەوسا ئەویش تێدەگەیشت هەڵەیە، هەر بۆیە دەڵێن: هەڵە بەهەڵە چارەسەر ناکرێت، لەم کاتەدا کۆترەکێوی و کەو سەیری یەکتریان کرد و بە پیرە دارەکەیان گوت: تۆ ڕاست دەکەیت و ئێمە هەڵەین…” . واتە ئاساییە باڵندەی خراپ جوێن بدات و هەڵە بکات، تەنیا نابێت (ژیرەکان……!!!!)  هەڵە بکەن. لەکۆتایدا دەڵێت: “پیرە دارەکە گوتی: سوپاس بۆ تێگەیشتن و ژیریتان، هیوادارم چیتر هەڵەی وا نەکەنەوە، دەی ئێستاش یەکتری لە ئامێز بگرن… هەردوکیان یەکتریان لە ئامێز گرت، زۆر سوپاسی پیرە دارە بەخشندە و چاکە کارەکەیان کرد و بە پێکەنین و دڵخۆشییەوە هەڵفڕین”. کۆتاییەکە وەکو ئەوە وایە ئەم باڵندانە کێشەی فڕین و نەبوونی ئازادی فڕینیان هەبوو بێت، لەکاتێکدا کێشەی ئەوان (دەستبەسەر داگرتنی خواردن و نەبوونی مافی بەیەکسانی بەدەستهێنانی خواردن) بوو. نووسەر لەکۆتایدا لەبیری دەچێت (بابەت و ڕووداوەکان) لەبارەی چی بوون. ئەمەش نیشانەی نەبوونی بەیەکەوە بەستنەوەیە لەنێوان سەرەتا و نێوەڕۆک و کۆتایی (ئەنجام). نووسینی دەقی منداڵان زۆر لەوە گەورەتر و ئاڵۆزتر و بڤەترە، کە ئێمە دەقێک بۆ کەسانی خاوەن بڕوانامە، یان نەخوێندەواری بەتەمەن بنووسین، چونکە ئەوەی بۆ زارۆکان دەنووسرێت جیاوازە لە دەقێک کە بۆ کەسانی بەتەمەن دەنووسرێت. لەم دەقەدا قسەکەر کەسێکی بەتەمەنە، کارەکتەرەکان هیچ سیفات و تەمەن و ڕەفتار و هەڵسوکەوت و  شێوازی ئاخاوتن و زمانی منداڵانەیان پێوە دیار نییە. بەلای من ئەمە دەقێكە منداڵ کەمتر لەزەتی لێ وەردەگرێت، بەڵکو (مامۆستا و سەپەرشتیارانی پەروەردەیی) دەتوانن وەکو بیرۆکە بۆ دروستکردنی کەشی یەکسان و ڕێزگرتن و پاراستنی مافی یەکتر و خۆدوورگرتن لەچاوچنۆکی و دەستبەسەرداگرتن  بەکاری بهێنن، واتە دەقەکە و زمانی دەقەکە ئاراستەکراوە بۆ کەسانی بەتەمەنی وکو (مامۆستا و دایک و باوک و سەرپەرشتیاران) لەهەمان کاتدا نیشاندانی دۆخێکی  کۆمەڵایەتی نادادپەروەرانەی چاوچنۆکانە و قۆرخکاریی نان و سەرچاوەی ژیان، ڕاستە دەقەکە بەناوی دەقی منداڵان بەرهەمهێنراوە، بەڵام لەکردەوەدا نمایشی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و ئابووری گەورەترە لەکێشەی خودی منداڵان.

لەچیرۆکی (دەریا و دەستپاکی)یشدا هەمان نێوەڕۆک و سەپاندنی (زمان و کەسایەتی دایک وەکو کەسێکی بەتەمەن و مامۆستا) بەرجەستەیە. دەریا ئامۆژگاری کراوە هەرچی دۆزییەوە نەیهێنێتەوە ماڵەوە. دوای چەند ڕۆژێک خودی نووسەر دینارێکی پێ دەدۆزێتەوە و پێ دەڵێت پارەکە بدە مامۆستاکەت و هەر لەوێدا و لەهەمان گاڤدا لەگۆشەیەکی دیکەی شوێنی ڕووداوەکە، منداڵێکی برسیش دروست دەکات، کە دینارێکی بزرکردووە و پارەکەی پێ دەدەنەوە و لە پۆلیش منداڵەکان ستایشی (دەریا) دەکەن، کە (دەستپاکە). لەراستیدا هاندانی منداڵ بۆ دەستپاکی کارێکی گونجاوە، بەڵام چۆن و لەچ کەشێک و بەچ جۆرە بیرۆکە و  وێناکردن و خەیاڵێکەوە.

” لە یەکەم ڕۆژدا داوا لەقوتابیان دەکەم مێشکیان لەسەر سیفەتە باوەکانی منداڵان چڕ بکەنەوە و زۆرجار وشەکانی وەک “بێتاوان”، “پاک” و “ساویلکە” هەڵدەبژێرن، هەرچەندە چاودێرانی منداڵ و ئەو قوتابیانەی پتر خوشک و برای بچووکیان هەیە دان بەوەدا دەنێن، منداڵان دەتوانن “خراپ” و “نامۆ”یش بن”.

(    Book bans reflect outdated beliefs about how children read

https://theconversation.com/book-bans-reflect-outdated-beliefs-about-how-children-read-189938).

زارۆک خودانی کەسایەتی و ڕەفتار و کاردانەوەی جیاوازن

بەشێوەیەکی دیکە منداڵ خودانی کەسایەتی و ڕەفتار و هەڵسوکەوت و کاردانەوەی جیاوازن. چەندە تووشی خروشت دەبم، کە لەنێو ئەدەبی منداڵاندا وشەی (دەستپاکیی) دەبینم،  چونکە (دەریا) دز نەبووە، یان هیچ کردە و کارێکی خراپی دزی لەنێو چیرۆکەکەدا ڕووی نەداوە، تاکو وەکو دەستپاکێک ستایشی بکرێت، ئەو میهرەبانییە بۆچێ و ئامانج لێی چییە و دەمانەوێت چ کەشێکی دەروونی لای منداڵ دروست بکەین؟

بیرتان لەوە کردۆتەوە (دەستپاکی و دزیی) دوو زاراوەی هاوتا و لەهەمان گاڤیشدا پێچەوانەن. نووسەری هێژا پێش ئەوەی چیرۆکێک لەخەیاڵی بۆ نیشاندان و نمایشی دونیای (دەستپاکی و ژیریی و گوێڕایەلی و پاکی.. تاد) لای منداڵ دروست بکەیت، پێویستیت بەچۆنیەتی خوێندنەوە و لێکدانەوەی (دونیای هەقیقی و واقیعی و زانستیانەیە لای مندڵان)، نەک دونیای کەسانی بەتەمەن و ڕەفتاری کۆمەڵگە بسەپێنێت وەکو بیرۆکەیەک بۆ چارەسەری کێشەیەکی دەستکردی کەسانی بەتەمەن. پێویستیت بە (خەیاڵی منداڵانە هەیە، نەک خەیاڵی گەورەکان)، پێویستیت بە (زمان و وشە و دەستەواژەی منداڵانە هەیە، نەک زمانی فەیلەسوفیانەی بەتەمەنەکان)، پێویستیت بە (داڕشتن و پێکهاتەیەکی گونجاو و لۆژیکی هەیە، نەک بەشێوەیەک شتەکان بەدوای یەکدا ڕیز بکرێت، کە هەموو کەسێک دەزانێت چیرۆکێکی دەستکردە، نەک دروستکراو). بۆ نموونە لەم چیرۆکەدا دەبێژێت: (دایکی ئامۆژگاری دەریای کرد، دوای ماوەیەک پارەی پێ دەدۆزێتەوە و قسەکەی دایکی بیر دەکەوێتە) بۆ ئەم تەکنیکە، کە هیچ گفتوگۆ و شێوازێکی ئاخاوتن و بەکارهێنانی زمان و وشەی منداڵانەی تێدا نییە. دواتریش وا لە دەریا دەکەن (پارەکە بداتە مامۆستا) و هەر لەوێ (منداڵێک بە گریان دەدۆزنەوە برسیەتی و پارەی بزر کردووە). ئەمە زۆر لە فیلمی هیندی دەچێت لە بەزۆر دروستکردنی ڕووداوەکاندا هەست دەکرێت لەڕووی تەکنیکییەوە وتارێکی پەروەردەیی نووسراوە، نەک چیرۆکێک. دەپرسم بۆ دەبێت ئەوەی پارەکەی بزر کردووە (برسی بێت و بگریێت، بۆ؟). حیکمەت لەم وێناکردن و خەیاڵە چییە؟ ئایا بیرت لەوە کردۆتەوە بوونی منداڵێکی (برسی) لەو شوێنەی چیرۆکەکەی تێدا نووسراوە چ دەگەیەنێت؟ ڕەنگە لەئێستا و داهاتووشدا کاتێکی توێژەرێک بیەوێت ئەم چیرۆک و دەقە وەکو سەرچاوەی لێکۆڵینەوەیەکی بەکاربهێنێت، یەکسەر بیر لەوە دەکاتەوە لەم سەردەم و هەلومەرج و دۆخ و شوێن و کات و قوتابخانەیەی ئەم دەقەی تێدا نووسراوە ؟ (منداڵی برسیەتی) لە قوتابخانەدا هەبووە، کەواتە سیستەمی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی جێگەی گومان و لێپێچانەوەیە؟ گریان لەبەرەم منداڵان لە قوتابخانە چ دۆخێکی دەروونی و خودی لەنێو منداڵەکانی دیکە و لای خودی ئەو منداڵە دروست دەکات؟ دەزانی ڕووداوەکانی نێو بەسەرهاتەکانی چیرۆکەکە (سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتاییەکەی) وەکو شتی هەقیقی و ڕووداوێکی بڕواپێهێنەر نەچنراون، بەڵکو لەڕووداوی (دەستکرد) دەچن و خەیاڵی گەورەیەکی بەتەمەن، کردەی پسپۆڕاندن لەبواری پەروەردە پەیڕەو کردووە. (دەریا) خۆی هەڵسوکەت ناکات و بیر ناکاتەوە و بڕیار نادات، ئەوە (دایک و مامۆستایە) بڕیار دەدەن، لەکاتێکدا ئامانجی دەقی منداڵان لەپلەی یەکەمدا جووڵاندن و کاردانەوە و بیرکردنەوە و بڕیارە لای خودی منداڵەکان، کە چۆن و بەچ زمان و شێواز و متمانە بەخۆبوونێکەوە هەڵسوکەوت دەکەن، نەک نمایش و بایەخدان بە پێگە و کەسایەتی و ڕۆڵی بەتەمەنەکان. واتە (کەسایەتی و کارەکتەری نێو دەقەکە) باشترە خودی منداڵەکان بن و بیرۆکە و هەڵسوکەت و بڕیار و ڕێنوێنی و هۆکار و ئەنجام و ژینگەکەش گونجاوترە هی خودی منداڵان بێت.

 

(دەریا) خۆی هەڵسوکەت ناکات و بیر ناکاتەوە و بڕیار نادات، ئەوە (دایک و مامۆستایە) بڕیار دەدەن

لە چیرۆکی (کوردستانی دێرین) کە سەیری وێنەکەی نێو چیرۆکەکە و مەزەندەی تەمەنی منداڵەکان دەکەین، کە (بڵاوکراوەی دیوار) دروست دەکەن و دەچنە کتێبخانەی قوتابخانەکەیان و گفتوگۆ لەگەڵ (رازگری کتیبخانەکە) و مامۆستای کۆمەڵایەتی دەکەن، ئەوەمان بۆساخ دەبێتەوە کەسایەتی نێو وێنەکە و تەمەنی منداڵەکان لەنێو چیرۆکەکەدا جیاوازییان پێوە دیارە. چیرۆکەکە بەزمانی (بڕیارماندا) واتە بە زمانی (ئێمە) نووسراوە، کە لەسەر زاری یەکێک لەکارەکتەرەکانی نێو چیرۆکەکە دەگێڕدرێتەوە. گێڕانەوەکە (هیچ گفتوگۆیەک) وەسفێکی منداڵەکانی تێدا نییە، هەر ئەوە نەبێت خۆیان دەڵێن مامۆستاکەمان پێی گووتین (شانازیی دەکەم چونکە کوردستان خاوەنی ڕۆڵەی دڵسۆزی وەکو ئێوەیە). لەڕاستیدا ئەم جۆرە ئاخاوتنە گوتن و قسە و ئاخاوتنی کەسانی بەتەمەنە. واتە کەش و دۆخ و ژینگەی چیرۆکەکە (بریتییە لەئەنجامدانی کارێکی باش) بۆ ئەوەی (مامۆستاکەیان شانازییان پێوە بکات). ئەی ئەو قوتابیانەی ناتوانن ئەم کارە بکەن دەبێت بە چ جۆرێک پێناسە بکرێن و مامۆستا چیان پێ بڵێت؟. مەبەستم ئەوەیە هەڵبژاردنی بابەت بۆ (هاندانی قوتابیان) کارێکی باشە، بەڵام پێویستە (هاندان گشتگیر بێت بێ جیاوازیی).

 

لەنێو دەقەکانی دیکەشدا ئەم شێوازی دەربڕین و گوزارشت و داڕشتنە زمانەوانی و فکری و ستایلە هەن، کە بنەما و تەکنیکی وتارنووسینی پەروەردەییان تێدایە، نەک تەکنیکی چیرۆک نووسین و شێوازی گێڕانەوە و گفتوگۆ بۆ منداڵان

پێنجەم: چیرۆک و شیعرەکان تەکنیک و شێوازی (وتار/ ئامۆژگاریی)یان لەخۆگرتووە. بۆ نموونە چیرۆکی (هاوڕێی باش) باس لە دوو قوتابی دەکات، نووسەر خۆی شتەکان دەگێڕێتەوە و وشە و ڕستە و بابەت و ئامۆژگاریی و سەرەتا و کۆتایی بۆ دەقەکە هەڵ دەبژێرێت. (هانا) قوتابیەکی زیرەکە، چونکە باوکی کتێبخانەیەکی گەورەی لەماڵەوە هەیە، (ئامێز)یش دڵخۆشە، کە دەبێتە هاوڕێی قوتابییەکی زیرەک. بۆیە قوتابییە زیرەکەکە دەڵێت: “پێم خۆشە لەهەموو ماڵێک کتێبخانە هەبێ و کتێب و گوڤار بکەن بە هاوڕێیان، چونکە دەزانم سوودی کتێب و گۆڤار خوێندنەوە زۆر زۆرن، بەڕاستی کتێب و گۆڤار دەبنە باشترین هاوڕێ بۆ مرۆڤ”. ئەمە تەنیا تاکە نموونەی نێو ئەم دەقەیە، کە لەنێو دەقەکانی دیکەشدا ئەم شێوازی دەربڕین و گوزارشت و داڕشتنە زمانەوانی و فکری و ستایلە هەن، کە بنەما و تەکنیکی وتارنووسینی پەروەردەییان تێدایە، نەک تەکنیکی چیرۆک نووسین و شێوازی گێڕانەوە و گفتوگۆ بۆ منداڵان و لەنێوان منداڵان.  لە چیرۆکەکەدا (دوو کارەکتەر هەیە) کەچی وێنەیەکی لەگەڵ دانراوە (سێ منداڵ جلکەکانیان هاوشێوە و جوان و ڕێکپۆشن). دەپرسم لەچ لێکدانەوەیەکدا ئەوەمان بۆ ساخ بۆتەوە ئەو منداڵانەی کتێبخانەیان لەماڵەوە هەیە، منداڵی زیرەکترن لەوانی دیکە، هەروەها ئایا زیادەڕۆیی نییە ببێژین “هەزاران کتێب و نامیلکە و گۆڤاری تایبەت بە منداڵانی تێدایە”، ئایا بەڕاستی لە هەموو کوردستاندا ئەو ژمارە چاپکراوە بۆ مندڵان هەیە. بێگومان ئەم چیرۆکە باسی کوردستان دەکات، ئایا ئەم ژمارەیە (هەزارەها) زیادەڕۆیی و پێوەنانی پێوەدیار نییە. ئایا دەکرێت چیرۆکێک بۆ پەروەردەی منداڵان نووسرابێت، زانیارییەکانی دروست و ڕاست نەبن. چیرۆکنووس ئاگای لە بەکارهێنانی ژمارەکان و ڕاستی هەڵبژاردنی بابەت و هۆکار و ئاکامەکانی نەبێت، من هیچ قسەش لەسەر بێ ئاگایی و وردنەبوونی (بەرپرس و سەرپەرشتی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە دەقە تایبەتیانەش بۆ منداڵان ناکەم).

 

لەدەقی منداڵاندا بەلای کەمەوە پشت بەسادەیی زمان، ڕاستگۆیی ببەسترێت

پێویستە لەدەقی منداڵاندا بەلای کەمەوە پشت بەسادەیی زمان، ڕاستگۆیی لەپێدانی زانیاریی و گرنگی و بایەخ لە هەڵبژاردنی بابەت و ئاکامەکانی ببەسترێت.

شەشەم: شیعر بەزمانی منداڵان و گونجاو لەگەڵ تەمەنیان بنووسرێت، بە بیرۆکەی بەتەمەنەکان پتەوی بکات، بەڵام نابێت بکرێتە قوربانی شێوازێک، کە لەگەڵ تەمەنی منداڵ و ژینگەیان ناگونجێت.

شیعرێکم خوێندەوە بە ناوی (خاوەن پێداویستی)، حەزم لە خوێندنەوەی دەقی منداڵانە، پتر لەوەش حەزم لە ورد خوێندنەوەی دەقەکە و بەیەکەوە بەستنەوەی سەرلەنوێ پێکهاتەکانی نێو دەقەکە و شێوازی بەکارهێنانی زمانەکەی هەیە. هەندێکجار هاوڕام لەگەڵ نووسەرەکە، هەندێک جاریش لێی دوور دەکەومەوە و دەنێو بیرکردنەوە و لێکدانەوەی (زمان و نێوەڕۆک و ڕستە و وشە و وێنەی نێو دەقەکاندا) ڕۆ دەچم، گریمانەی شتی دیکە دەکەم، گریمانەیەک کە پشت بە گومانی لۆژیکی دەبەستێت.

ئەم شیعرە وێنەی (کوڕێکی دڵخۆشی بچکۆلەیە و لەسەر عەرەبانەیەکە و هەردوو دەستی کردۆتەوە و پێ دەکەنێت). وێنەیەکی هیوابەخش و متمانە بەخۆیە.

دەڵێت: من خاوەن پێداویستیم/ بەڵام دڵپڕ لەهەستم

بۆ چڕکردنەوە و دروستکردنی قافییە وەسفی (پێداویستییەکەی کورت کردۆتەوە) و (دڵپڕ)یش لەڕاستیدا مانای پەستیی دەگەیەنێت، بۆیە دڵ پڕ هەست نابێت، بەڵکو مێشک کاری هەست لەڕووی زانستییەوە ئەنجام دەدات. لەبیری نەکەین، دەقی منداڵان بێ ئەوەی باسی لایەنە زانستییەکان لەنێوەخۆیدا شی بکاتەوە، پێویستە شتەکان وەکو پێکهاتەیەکی زانستی بەدروستی بەکاربهێنرێن. کورد دەڵێت: (دڵم پڕە) و (هەستەکانم دەمجووڵێنن)، (مێشکم پێی گوتم).

یان دەڵێت:

هەرچەند کەم هێز و توانام/ بەڵام خاوەن بیرۆکەم/ خۆشەویستی لای هاوڕێ و / نازداری خێزانەکەم.

با وای دابنێین منداڵەکە، کە شتەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە، بەم شێوەیە وەسفی خۆی دەکات، ئایا بەڕاستی ئەم منداڵە، کە تووشی ئیفلیجی، یان نەخۆشییەکی تایبەت هاتووە، ئەم وەسفکردنەی خۆی ئاراستەی کێ کردووە؟ ئایا کەسێک پێی گوتووە، کە ئەو لاوازە نەک (کەم هێز) و بەتوانایە نەک (توانام). مەبەستم ئەوەیە دەربڕینەکانی نێو کەوانەکان هەڵەن و ئەم گوزارشتە کاردانەوەیە بەرانبەر کەسانێک، کە پێیان گوتووە تۆ لاوازیی و توانات نییە. دواتر کە دەڵێت: (خۆشەویستی) بەکارهێنانەکەی لێرەدا هەڵەیە. لە دوو دێڕی یەکەم منداڵەکە خۆی باسی خۆی دەکات، کەچی لەم ڕستەیەکدا (ئەو) کەسێکی دیکە باسی منداڵەکە دەکات، دەبووایە بڵێت (خۆشەویستم).

دەقنووس بە گۆترە و بێ لێکدانەوە کەرەستەکانی نێو دەقەکەی بەکارهێناوە

لەهەموو شتەکاندا منداڵەکە لەوەڵامی ئەوانی دیکە دەڵێت: (گۆرانی خۆش دەزانم/ وێنەکێشی بە توانام). ئایا بەراستی ئەمە تاکە ئارەزووی منداڵەکانە؟. یان تەنیا بیر لە دۆزینەوەی دەستەواژە و ئارەزووێکی وەکو (گۆرانی و وێنەکێشان) کراوەتەوە؟. بۆچی ئەم هەڵبژاردنە و لەبەرچی؟ ئایا ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە چارەسەری تەندروستی ئەم منداڵەوە هەیە، کە لەنێو دەقەکەدا هیچ ئاماژەیەک بەئاراستەی چارەسەری دەروونی و جەستەیی ناکرێت؟. یان هەروا دەقنووس لە گۆترە بەپێی مەزاجی بەبازاڕکردنی شتەکان و لەپێناو قافیە و ئاواز و ڕەزمی شیعرەکە هەندێک وشە بەکاردەهێنێت، کەرەستەکانی بێ لێکدانەوە بۆ دروستکردنی دەقەکە هەڵبژادووە، کە ڕەنگە بەکارهێنانیان ئاسان و سووک بێت، بەڵام ئاکامی سەرکەوتوو بەدەست ناهێنێت.

ئاگاداری چی بین؟

 

هەموو دەقەکان مەرج نییە بە باشی ڕەزامەندی بنوێنن، جیاوازیی لەوەیە هەندێک لەچوارچێوەی ڕەزامەندی وەکو یەک نابن، کاتێک بۆ نموونە کوڕان دەبێت لە کچان وەریبگرن، ئەمەش پەیوەندیی بە جۆری ڕەگەزەکەیان و بەهێزتر بوونیانەوە هەیە.  بەدوای کتێبێکدا بگەڕێ، کە دیدگای جیاوازی تێدایە. ئەو کاتە بەدەستهێنانی ڕەزامەندی لەگۆشەنیگای جیاوازەوە نزیک دەکرێتەوە. بۆ نموونە کەسێکی تەمەن ١٥ ساڵانە دەنووسێت؛ من ئۆتیزم و دڵەڕاوکێم هەیە، ئەم شتانە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر توانای لێکدانەوەی زمانی جەستەم هەبێت. هەندێک جار دەتوانرێت ئەم کتێبانە لەگەڵ منداڵەکەت بخوێنیتەوە، هەندێک جار لەوانەیە منداڵەکەت بیەوێت بە تەنیا بیانخوێنێتەوە. گرنگترین شت ئەوەیە تۆ گفتوگۆیەکی کراوە لەگەڵیان دەست پێ دەکەیت. باسکردنی ڕەزامەندی لەگەڵ گەنجان دەتوانێت ترسناک بێت، بەڵام بابەتێکی گرنگە و ناتوانین پشتگوێی بخەین، کتێبەکان دەربارەی ڕەزامەندی دەتوانن منداڵان فێری سەلامەتی و ڕێزگرتن بکەن و بەتایبەتی، کە کاتەکەی گونجاوە دەتوانرێت لەبارەی تێگەیشتن لە سێکس و ڕەزامەندیش بە‌هێزیان بکەین.

https://translate.google.com/?sl=en&tl=ckb&text=issy%20No%20Kisses%20by%20children

دەق ئیفلیج دەبێت

مەبەستم لەم ئاماژەیە ئەوەیە ئەگەر هێزی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی لەنێو دەقی منداڵاندا بەڕەچاوکردنی (تەندروستی و جۆری ڕەگەز و نەخۆشیی و گفتوگۆ) نەبێت، ئەوە دەقەکە بەرەو ئیفلیجی دەچێت. من نازانم ئەم منداڵەی لەنێو چیرۆەک کوردییەکەدا هەیە تەمەنی چەندە؟ تاکو بەم جۆرە فەلسەفییە گوزارشت لەئایندە و دواڕۆژی خۆی بکات، کە دەبێژێت:

من دەمەوێ هەمیشە/ ڕونبم وەکو ئاسۆی بەیان/ بنوسم و بخوێنم/ سەرکوتووبم لە ژیان.

بێگومان ئەگەر بۆ سەرچاوەی زانستی و قسەکردن لەبارەی ئەدەبی منداڵان و پەیوەندیی ئەم ئەدەبە بە جیهانی زانستی پەروەردە و بەکارهێنانی زمان وەکو پەروەردە و ئەو کەرەستانەی لەژیانی ئاسایی ڕۆژانەدا لەتەمەنی جیاواز بۆ پەرەپێدانی توانستی بیرکردنەوە و گەشەکردنی خودی منداڵانی ئاسایی بەکاردێن، یان ئەو کەش و ژینگەیەی بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەکار دەهێنرێت، لە شیکردنەوە و شیکاری ئەم چەشنە دەقانەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە جۆرێک لە سەرچیخ چوون لەنێو ئەم چەشنە دەقانە بەدی دەکرێت. کورد گوتەنی هەندێک جار وەکو ئەو وایە (تاژی زین بکرێت).

پێوستە لە نووسینی دەقی منداڵاندا بیر لە تەکنیک و زمان و بابەتەکان و زانیاریی و شتەکان بکرێتەوە

لەبەر ئەوە گرنگە لە بەرهەمهێنانی دەق بۆ زارۆکان پێویستە بیر لەوە بکرێتەوە بۆچی و لەبارەی چییەوە بنووسرێت و چۆنی بۆ بنووسین و تەکنیک و زمان و بابەتەکان و زانیاریی و شتەکان چی بن.

” لەبەر ئەوە بیر لە بیرۆکەی نووسین بۆ منداڵان بکەوە و بزانە لەسەر چی دەنووسیت؟ لەوانە:

سروشت

نووسین لەسەر سروشت کۆمەڵێک بابەت و وەرچەرخان و ئەگەری گەورە بەڕووی منداڵدا دەکاتەوە، کە بەکردەوە منداڵان خۆشیان دەوێت. بیرۆکەیەکی باش ئەوەیە کارەکتەری کەشوهەوا (وەک با، باران، بەفر و هتد)، کارەکتەری وەرزەکان (وەک زستان، هاوین، پاییز، بەهار)، یان توخمەکانی سروشت (وەک گەڵا، زەوی، گوڵ، مانگ) هەڵبژێریت ، خۆر و هتد.

سەوزە و میوە

سەوزە لەڕاستیدا دەتوانێت سەرچاوەیەکی زۆر باش بێت بۆ چیرۆکی خۆش و بەلەزەت.

ئاژەڵ

ئەو چیرۆکانەی باس لە ئاژەڵە جیاوازەکان دەکەن لەلای منداڵان بە تایبەت ئەوانەی ئاژەڵی ماڵییان لە ماڵەوە هەیە، لەڕادەبەدەر بەناوبانگن. مەسەلەکە ئەوەیە منداڵان حەز بە پاڵەوانەکانی وەک ورچ و ڕێوی و دوپشک و کۆتر و هتد دەکەن.

مەودا

نووسین لەسەر ئەستێرەکان، هەسارەکان یان کەشتییە ئاسمانییەکان وا لە منداڵان دەکات بیر لە دەرەوەی “سندووقی مێشک”یان بکەنەوە.  کێ ئەو کتێبانەی باس لەگەشتە خەیاڵییەکانی بۆشایی ئاسمان و هەسارە جیاوازەکان دەکەن بەدڵ نییە؟ گەڕان بەدوای شتە نوێیەکان هەمیشە کات بەسەربردنێکی گەورە بووە بۆ هەمووان.

منداڵان

دەتوانیت خودی منداڵ هەڵبژێریت بۆ پەرەپێدانی چیرۆکێک لەسەر بنەمای ژیان، یان سەرگەرمییەکانی منداڵانی تر.  ئەم جۆرە چیرۆکانە بۆ فێرکردنی هەندێک وانە زۆر باشن و منداڵان زۆر حەز بە خوێندنەوەیان دەکەن و بەتایبەتی دەربارەی هاوتەمەنەکانیان بێت.

موعجیزە

منداڵان بەدوای هیچ بەڵگەیەکدا ناگەڕێن بۆ ئەوەی باوەڕیان بە موعجیزە هەبێت، تەنیا ئەوەیە باوەڕیان پێ دەکەن، چونکە لەلایەن گەورەکانەوە ئەو شتانەیان پێ دەگووترێت، جگە لەوەش موعجیزە ڕێگە بە دروستکردنی دۆخی سەرنجڕاکێش و لەهەمان کاتدا ئاسانیش بۆ شوێنکەوتن دەدات.

یاری

لەبەر ئەوەی منداڵان ڕۆژانە یاری هەمەجۆر دەکەن، ئەمەش ورووژێنەر دەبێت، کە چیرۆکێک لەسەر یەکێک لە یارییەکان بخوێننەوە. کەواتە بۆچی هەوڵ نەدەین و یارییەکان بۆ ماوەیەک لە مێشکی منداڵاندا زیندوو نەکەینەوە.

کارەکتەرە خەیاڵییەکان

دەتوانیت لە سفرەوە کارەکتەرەکان دروست بکەیت و ئەوەش کارێکی زئدە باشە، تەنیا دڵنیابە لەوەی کارەکتەرەکان بۆ منداڵان بەشێوەیەک بن منداڵ تێی بگەن، هەرچەندە ئەمە لەنێو بیرکردنەوەی منداڵدا پێویستی بەلێهاتوویی و تێگەیشتنی زیاترە.

ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان

منداڵانی ئەمڕۆ بەزەحمەت دەتوانن ڕۆژێک بەبێ تەکنەلۆژیای مۆدێرن بژین، بۆیە نووسینی چیرۆکێک لەسەر مۆبایلێکی زیرەک، یان تابلێتێک دەتوانێت سەرگەرمییەکی زۆر لای منداڵانی تەمەن جیاواز دروست بکات.

https://writology.com/blog/11-best-ideas-for-writing-childrens-books.html

 

 

حەوتەم: زانیاریی و ژمارە و دۆخی دەروونی هەڵە.. واتا کوشتنی مێشکی منداڵ.

 

بەشێوەیەکی گشتی ئەدەبی منداڵ ئەدەبێکی پەروەردەکاریی، خۆشیی بەخشە و کار بۆ دروستکردنی دۆخێکی دەروونی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی ئارام و گەشبین و متمانە بەخۆ و لێبوردەیی و دڵسۆزیی و ڕێزگرتن و … تاد دەکات. ئەگەر لەدەقی منداڵاندا زانیاریی زانستی هەڵە و پێدانی شتی نەگونجاو و چارەسەری نەشیاوی کێشەکان پێشکەش بکرێت، ئەوە مێشکی منداڵ تووشی سستی و مردن و کاردانەوەی خراپ دەبێت.

“هەرچەندە منداڵەکە بچووکتر بێت، شتەکان پێویستە ڕاستتربن بۆیە ڕاستگۆبە. منداڵان لەبیرکردنەوە و کردارەکانیاندا ڕاستەوخۆن.  بەشێوەیەک بنووسە سەرقاڵی بکەیت. منداڵان لە هەموو گروپەکانی تەمەنیاندا وەڵامی نوکتە دەدەنەوە و بۆیە دەبێت لەچاوی ئەوانەوە سەیری دونیا بکەین و منداڵان حەزیان لەو چیرۆکانەیە،کە گاڵتە بە دەسەڵاتداران دەکەن، هەموو شتێک بۆ منداڵان تازەیە و بیر لەوە بکەوە ئەو شتانەی دەیانووسیت پەیوەندیان بە ئێستاوە هەیە و تێدا دەژین”.

https://www.writerswrite.co.za/10-powerful-recurring-themes-in-childrens-stories/

لە دەقی (ئۆپەرێتی سێوەکان) کە بۆ ئەوە نووسراوە منداڵ هان دەدرێت بۆ  خواردنی میوەی بەسوود، دەقکە لەسەر بنەمای گفتوگۆ و خۆنمایشی سێ جۆر سێوی (زەرد و سەوز و سوور) و ئینجا (سێوەکان) بەیەکەوە ڕۆنراوە. لە بەشێکدا دەڵێت:

ڤیتامینی ئەی بی سی/ تێمانە گەر دەپرسی.

بەدوای سەرچاوەکاندا گەڕام ڤیتامینی (سی)یان نیشان نەدام لەنێو سێودا،  تەنیا ڤیتامینی (ئەی و بی و کەی و جی) هەبوو. پێ دەچێت شاعیر بۆ تێکنەدانی قافیەی شیعری (سی و پرسی) ئەم ڤیتامین سییەی زیاد کردبێت. بێگومان بەکارهێنانی زمان بەشێوەیەکی دروست و ڕاست بۆ منداڵان بەقەد زانیاری زانستی گرنگە، نووسەرانی هێژا دەزانن بۆ؟ چونکە منداڵ لەڕێگەی ئەم جۆرە دەقانەوە فێری زمانێکی دروست و پاک و ڕەوان  و ڕاست لەبواری ڕستەسازیی و وشەسازیی و بەکارهێنانی خودی زمانەکە دەبێت، ڕاستی و دروستی زانیارییەکانیش قیت و قۆز لەوێ بووەستێت.

بۆنموونە هەر لەم دەقەدا گوتراوە (هاوڕێی هەموو منداڵم) نابێت (هەموو) کە کۆیە لەگەڵ (منداڵم)  گونجاوە بگوتریت (هاوڕێی هەموو منداڵانم).

یان نووسراوە:

ڕیشال و ئاوی زۆرم/ پێکهاتەی جۆرو جۆرم/ زۆر بەسوودە بۆ جەستە/ خواردنم زۆر پێویستە.

لەدەقی شیعری منداڵاندا بەکارهێنانی وشەی هاوکێش و یەک ئاواز گرنگە بۆ ئەوەی منداڵ فێری زۆرترین وشەی هاوکێش و هاوواتا و هاوشێوە بکرێت، ئەمە (دکتۆر سوس) لەنێو ئەدەبی منداڵان لە ئەمەریکادا بەکاری دەهێنێت و منداڵ لەتەمەنی بچووکدا دەبێتە خاوەنی ژمارەیەکی زۆر وشەی هاوکێش و لێکنزیک و هاوواتا و فرە واتا. شاعیر وشەی (جەستە و پێویستە)ی بەکارهێناوە، لەڕاستیدا ئەم دوو وشەیە لەڕووی ئاوازە و گوتنەوە وەکو پێویست هاوکێش نەکراون س دەڵێی بەزۆر خزێنراوتەوە نێو ئەم ڕستەیە. کتێبەکانی (سوس) “دەرفەتێک دەخەنە ڕوو بۆ بنیاتنانی هۆشیاری و فێرکردنی خوێنەری گەنج سەبارەت بە مێژوو و دەوروبەر”.

(    Philip Bump,Cat in a spat: scrapping Dr Seuss books is not cancel culture

Published: March 3, 2021, The Washington post.).

یان دەڵێت: شێوە و ڕەنگمان جیایە/ بە سودین لەم دنیایە/ ڤیتامینی ئەی بی سی/ تێمانە گەر دەپرسی.

(شێوە)ی سێو بە گشتی لەیەک دەچێت، بەڵام ڕەنگیان جیایە، هەروەها بۆ دروستکردنی هاوکێشیی لەنێوان (جیایە و دنیایە) دەستکاری وشەی (دونیا)ی کردووە.

لەدوو بەشی یەکەمی ئۆپەرێتەکە هەریەکێک لەسێوەکان باسی تەنیا سوودەکان و پێکهاتەی خۆیان دەکەن، کەچی سێوی سوور بەزمانی (ئێمە) قسە دەکات، دیار نییە لەبەرچی نووسەر ئەم گۆڕانکارییەی کردووە. وشەی (تێمانە) کورتکراوەی (تێمان دایە، یان لەناومان دایە)یە. ئەگەر بە مانایەکی دیکە لێکی بدەینەوە (تێمان) مانایەکی نەرێنی دەبەخشێت، بۆیە باشترە گوتن و شێوە دروستە زمانەوانییە فێری منداڵ بکرێت.

بیرۆکەیەکی باشە، بەڵام بیرۆکەیەکی نوێ نییە

بیرۆکەیەکی گونجاوە بۆ ئەوەی منداڵ هانبدرێت میوەی بەسوود بخوات، بەڵام لەڕاستیدا بیرۆکەیەکی نوێ نییە، دەقی دیکەی لەم جۆرە بۆ منداڵان لە زمانی کوردی و زمانەکانی دیکەشدا هەیە.  هەست دەکرێت نووسەر بەدوای بیرۆکە و وێنە و کەرستەی نوێدا ناگەڕێت.

هەشتەم:  بابەتەکان لەیەک دەچن

 

دەستپێکی چیرۆکەکان وەکو یەکە، بریتییە لە گێڕانەوەکانی خودی نووسەر

زۆربەی ئەو بابەتانەی بۆ منداڵ نووسراون شتەکان و ڕووداوەکان و وشەکان و زاراوەکان لەیەک دەچن، ئەم لەیەکچوونە لەڕاستیدا بریتییە لە جەختکردنەوە لەسەر ژمارەیەک بابەتی وەکو یەک، ئەمەش ئەگەر لە بێ ئاگایش بێت، وایکردووە نووسەرەکان شتەکانی یەکتر بڵێنەوە، یان لەیەکچوون و هاوبابەتییەکی زۆر نزیک لەیەکتریان پێوەدیار بێت، لەوانە:

(ڕێزگرتنی مامۆستا، خۆشەویستی خاک و نیشتیمان، شتە بەسوودەکانی وەکو دار، گیانەوەر، ئاو، میوە.. تاد. هەروەها دەستپێکی چیرۆکەکان وەکو یەکە، بریتییە لە گێڕانەوەکانی خودی نووسەر و لەپێشەکیی نیشانی دەدەن (کارەکتەرەکە ژیر و زیرەک و وریایە)، هەندێک ڕووداوی بۆ دروست دەکەن و دواتریش بە (ستایشی کارەکتەرەکە کۆتایی) دێت. ئەمە ژینگەیەکی ئەرێنی دروست دەکات، بەڵام هیچ جیاوازییەک لە هەڵبژاردنی ڕووداو و بابەتەکان و ستایل و شێوازی نووسینی چیرۆک و شیعرەکان بۆ منداڵان دروست ناکات.

نۆیەم: خەیاڵی گەورەکان

 

زۆر لەو دەقانەی دەنووسرێن بریتین لە خەیاڵی گەورەکان

زۆر لەو دەقانەی دەنووسرێن بریتین لە خەیاڵی گەورەکاندا گەشە دەکەن و پێ دەگەن و فۆرمیان بۆ دەدۆزرێتەوە، نەک دونیا و خەیاڵی منداڵانەی زارۆکان. ئەمەش وادەکات لەیەکچوون لەنێوان دەقەکان و بیرۆکە و وێناکردن و شێوازی گێڕانەوە و داڕشتن و تەکنیک هەبێت. هەست ناکرێت ئەوەی نووسراوە خەیاڵی خودی و منداڵان و دونیای سروشتی و ئاسایی ژیانی ئەوانە. ئەم سەپاندنە وا دەکات گوزارشت لەخواست و ویست و داواکاریی و پێویستییەکانی بەتەمەنەکان بکرێت، نەک خودی زارۆکان. بە جۆرێکی دیکە دەکارین بێژین، بەرهەمە بۆ خواست و ویست و داوا و ئامۆژگاری و شێوازی بیرکردنەوەی بەتەمەنەکان نووسراوە، کە ئاراستەی منداڵان کراوە و داو  دەکەن منداڵ وا بن و وا بکەن و  وا هەڵسوکەوت بکەن.

چەند بۆچوونێکی گشتی

یەکەم: هەندێک لەو دەقە نووسراوانەی بۆ منداڵانی کورد نووسراون، کە وەکو لێکدانەوە و تێگەیشتن دەیخوێنمەوە، بۆم دەردەکەوێت (قسە و شێوازی ئاخاواتن و ناوەخن و قسە بێژراوەکان فەلسەفەی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیین و بۆ نمایش نووسراون نەک بۆ دروستکردنی جیهانی تایبەتی منداڵان. ئەمەش بە ڕاشکاوی ئەوەمان پێ دەڵێت نووسەری هێژا تۆ لەبیرتان کردووە دونیای سادە و لەهەمان کاتدا قورس و ئاڵۆزی منداڵان بەرجەستە بکەن، ئێوە گوێزەرەوەی حەز و ئارەزووە فەلسەفییەکانی بەتەمەنەکانن، نەک خەیاڵ و خواستی خودی زارۆکان.

دووەم: هونەر لەوە نییە منداڵێک کتێبخانەی هەبێت و ژیر و زیرەک بێت، چونکە ژینگەی ئەو پووش بەسەر کراوە، چیرۆکنووس و شاعیر و دەقنووسی دووربین و وریا بەدوای دۆزینەوەی ژیریی لای منداڵ بەشێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانەدا دەگەڕێت و بەپێی فیسیۆلۆژیای گەشەکردنی منداڵ دەقەکە بەرهەم دەهێنێت، منداڵ هەیە کتێبخانەی نەبینیووە و ژیریشە، جلکی نوێی نییە و وریا و ئازا  وخاوەنی هەستی مرۆیانەی بەرزە.

 

پرۆسەی هاندان پرۆسەیەکی عەقڵانی سۆسیۆلۆژیی و کۆمەڵایەتی و فێرکارییە

سێیەم: پرۆسەی هاندان پرۆسەیەکی عەقڵانی سۆسیۆلۆژیی و کۆمەڵایەتی و فێرکارییە، گرنگە نووسەری ئەم جۆرە دەقانە بەدوای دروستکردنی کەشێکی دادپەروەرانە بۆ گشت منداڵان بگەڕێت، جیاوازیی ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتی و چینایەتی و … تاد نەکاتە هۆکار و سەرچاوە بۆ دزۆینەوەی چارەسەری لاوازیی، یان نیشاندانی بەهێزیی لای منداڵ.

 

زمان ناسنامەی کەسەکانە، کەچی قسەکان گوزارشت و شێوازی گەورەکانە

چوارەم: زمان ناسنامەی کەسەکانە، وەکو هیگل دەبێژێت “ئێمە لەنێو وشەدا بیر دەکەینەوە”. منداڵ دونیای خۆی پێ بەپێ بەپێی گەشەکردنی تەمەنی دروست دەکات و ئەو وشانەی بەکاری دەهێنێت تایبەتمەندی تەمەن و توانا و تێڕوانینی زارۆکەکە دەگەیەنێت، ئێمە لە ئەنجامی دۆزینەوەی ڕیشەی وشەکان، دەتوانین و تەمەن و مەبەست و توانا و تەندروستی و گەشەکردنی منداڵەکە بدۆزینەوە، لەبیری نەکەین زۆر وشە و زاراوە هەن دیاریکەری تەمەنی زارۆک دەگەیەنێت، واتا منداڵ لەنێو زماندا دەژیت. ئایا ئەو دەقانەی ئێمە وەکو ڕووبارێکی بەهارانەی پڕ لە داری وشکبوو، قوڕ و لێلی و پووش هێن نین، چونکە زمانە بەکارهێنراوەکە زمانی خودی منداڵان نین. قسەکانی هەندێک لە منداڵەکان لەشێواز و گوزارشت و توانای مامۆستا و دایک و باوکیان بەهێزترە، کە ئەمە ناچێتە عەقڵەوە. بەم شێوازە نووسینە و دوورکەوتنەوە لە ژینگە و زمانی منداڵان، بتوانین جیهانێکی سروشتی و ئاسایی و سادە بۆ منداڵان دروست بکەین و لەئەکامیشدا بەکردەوە دوور لەجیهانی سروشتی و تایبەتی منداڵان دووردەکەوینەوە.

 

لە دروستکردنی دەقی منداڵان دەبێت (ڕاستگۆیی و سادەیی و واقیعیی بوون و خەیاڵێکی دروست و زانستی) هەبێت

پێنجەم: تێکەڵکردنی کارەکتەرەی وەکو (مرۆڤ و دار و گیانەوەر) بەیەکەوە لەنێو دەقێکدا، گرنگە. یەکسانی و ناسین و ناسنامەی جیاوازیی شتەکان بەدیدێکی هاوبەش نمایش دەکرێت، بەڵام هیچ عەقڵێکی زانستی ئەوە ساخ ناکاتەوە، کە (پیرە دارێک)، (بۆقێک) (مەڕێک)، (مانگایەک)، (شێرێک).. تاد لە خودی مرۆڤ زیرەکتر بێت. ئەوانە مرۆڤ بەکاریان دەهێنێت، چۆنیان بەکار دەهێنێت ئەمە جێگەی بیرکردنەوە و لێکدانەوەیە، بەڵام کاتێک دەڵێین ئەوانی دیکە مرۆڤ بەکاردەهێنن، یان توانستیان گەیشتۆتە سەرووی توانستی مرۆڤەوە، ئەمە دەبێتە جێگەی سەرسوڕمان. لەکاتێکدا لە دروستکردنی دەقی منداڵان دەبێت (ڕاستگۆیی و سادەیی و واقیعیی بوون و خەیاڵێکی دروست و زانستی) هەبێت.، هەتا بەکارهێنانی خەیاڵی زانستی دەبێت بەستراوە بێت بە لۆژیک.

شەشەم: لێگەڕێ با منداڵ خۆیان گوزارشت لە خەیاڵ و  واقیع و ژینگە و خواستەکانی خۆان بکەن، نەک تۆی نووسەر وەکو فەیلەسووفێک شتەکان بەکار بهێنیت.

لێگەڕی با منداڵ خۆیان بئاخڤن و گفتوگۆ بکەن

حەوتەم: لێگەڕێ با منداڵ خۆی لەگەڵ دەوروبەر و کەسەکانی لەگەڵی دەژین ئاخاوتن بکات و گفتوگۆ بکات، نەک تۆی نووسەر ڕستەی دروستکراوی سەپێنراو بەزاری ئەوان بسەپێنیت.

هەشتەم: ئەگەر پتر لەنیو سەدە دەقێک بەهەمان زمان و  وێنە و بەسەرهات و ڕووداو نووسرابێت، بۆچی تۆ هەمان شت بەهەمان مەبەست دووبارە دەکەیتەوە. بۆ نموونە (بولبل لەنێو قەفەس) ئەگەر لە پەنجا ساڵ پێش ئێستا ئامانجدار بێت بە هەندێک چەمک و هەست و خواستەوە، ئەوەی ئەمڕۆ هەمان دۆخ دروست ناکت، سەرباری نیمچە چاولێکەریی و دووبارە و کۆپیکردنی پێوە دیارە.  هەرچەندە بیروڕایەک هەیە کە پێی وایە ” ئەدەبیاتی منداڵان هەمیشە تووشی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی- مێژوویی دەبێت و بەرهەمی سەردەمەکەی خۆیەتی و ئەو چوارچێوەیەی تێیدا دروستبووە، پێویستە بە چاویلکەی گۆڕانی مێژوویی سەیر بکرێت، خودی منداڵی چەمکێکی ناجێگیرە. بە واتایەکی تر، مەحاڵە ئەدەبیاتی منداڵان لەپێکهاتەی ئایدیۆلۆژی جیهانی ئێمە و ئەو ساتەوەختە مێژووییە تایبەتییەی تێیدا بەرهەم دەهێنرێت، جیا بکرێتەوە”. ( Philip Bump,Cat in a spat: scrapping Dr Seuss books is not cancel culture

Published: March 3, 2021, The Washington post.).

 

 

سەرچاوەکان:

 

Philip Bump,Cat in a spat: scrapping Dr Seuss books is not cancel culture

Published: March 3, 2021, The Washington post..

 

https://www.writerswrite.co.za/10-powerful-recurring-themes-in-childrens-stories/

 

Book bans reflect outdated beliefs about how children read

https://theconversation.com/book-bans-reflect-outdated-beliefs-about-how-children-read-189938

https://translate.google.com/?sl=en&tl=ckb&text=issy%20No%20Kisses%20by%20children

https://writology.com/blog/11-best-ideas-for-writing-childrens-books.html

https://www.writerswrite.co.za/10-powerful-recurring-themes-in-childrens-stories/

https://www.writerswrite.co.za/10-powerful-recurring-themes-in-childrens-stories/

محمد سبیلا، عبدالسلام بنعبد العالی، اللغة، دار توبقال للنشر، المغرب ، ٢٠١٠.