فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

وتوێژێک لەسەر پرسی وەرگێڕان لەگەڵ عەبدولخالق یەعقووبی، ڕەخنەکاری ئەدەبی و وەرگێڕ

وتوێژێک لەسەر پرسی وەرگێڕان لەگەڵ عەبدولخالق یەعقووبی، ڕەخنەکاری ئەدەبی و وەرگێڕ

 

ئامادەکار: قاسم تاباک

 

لە کەنگێوە وەرگێڕان هاتە زمانی کوردییە و ئێستای وەرگێڕانی کوردی چۆنە و داهاتووی چۆن دەبینی؟

عەبدولخالق یەعقووبی: ئەزموونی وەرگێڕان بۆ زمانی کوردی، کە زۆر کەم تەمەنە، لە کوردستان تا ئێستا ئەزموونێکی زۆر سەرکەوتوو نەبووە. ژمارەیەکی کەمی وەرگێڕ توانیویانە خزمەتی زمان کوردی و ئەو ئاڵوگۆڕە مەعریفیانە بکەن کە ھەمیشە لە بزاوتی کاری وەرگێڕاندا هەیە. ئەو بشێوی و بێبەرنامەیی و بێپلانی و خواستە تاکەکەسیانەی کە زاڵە بەسەر ئەزموونی وەرگێڕان لە کوردستاندا، وای کردووە لە سەر سێ ئاست زیانی گەورە بە بزاوت و بواری وەرگێڕان بگات.

ئاستی یەکەم: ئەو ھەڵانەی کە لە بواری ماناناسی و مەعریفییەوە دەکرێ و زۆر جار ئەو ماناگەلەی کە لە دەقی سەرەکییدا ھەیە بە شێوەیەکی ھەڵە و دوور لە بابەتە ئەسڵییەکە دەرخواردی خوێنەری کورد دەدرێ. ئەو ھەڵە مەعریفییانە بێگومان خوێنەری کورد تووشی سەر لێشێواوی دەکا. بۆ وێنە، لە دەقێکی گۆڤاری “ئایندە”ی ژمارە ٧دا کە کەسێک بە ناوی خوازراوی “پێوەند فایەق” بابەتەکەی وەرگێڕابووە سەر زمانی کوردی، دەقەکە باس لە چەمکێکی “ماتیۆ ئاڕنوڵد” دەکا لە بواری ڕەخنەی ئەدەبیدا. دەقە ئەسڵییەکە کە من دواتر بەدوای داچووم باسی ئەوە دەکا و دەڵێ:” Concept    of disinterestedness of critic” ئەمە بە مانایەکی زۆر سادە واتە “چەمکی بێلایەنێتیی ڕەخنەکار” لە بواری رەخنەدا، ئەو هاوڕێیە ھاتووە ئەم دەستەواژەیە بەم شێوەیە وەرگێڕابووەوە “چەمکی بێبایەخێتیی ڕەخنە. Disinterestedness  لە زمانی ئینگلیزیدا دوو مانای ھەیە کە یەکیان “بێبایەخبوون”ـە و ئەوی دیکەشیان “بێلایەنبوون”ـ. لە لایەکی دیکەيشەوە لە مانای وشەی “Critic” تێ نەگەیشتبوو کە بە واتای “ڕەخنەکار” دێ، نەک “ڕەخنە”. لێرەدا خوێنەری کورد تووشی سەرلێشێواوی دەبێ و لە بنەڕەتدا زانیاری ھەڵەی پێدەدرێ کە ئایا “ماتیۆ ئارنولد” باوەڕی بە بێبایەخیی ڕەخنە ھەیە، یان نا، ئەمە شتێکی دیکەیە؟ ئەم جۆرە ھەڵە مەعریفییانە کە بە بڕوای من پانتایەکی زۆری لە بواری ئەو جۆرە وەرگێڕانانەدا داگیر کردووە و ڕۆژانە دەڕژێنە ناو بازاڕی کتێبەوە، خوێنەری کورد لە ڕووی مەعریفییەوە تووشی شکستی گەورە دەکەن، وەک ئەوەی تا ئێستا وایە و لە ژیانی ئادکایمی و ڕۆشنبیریی کوردیدا نەمانتوانیوە بەرھەمە گەورەکان بە دروستی بخوێنینەوە و لێیان تێبگەین و بە باشی چێژیان لێ وەربگرین. ئەمەيش بەشێکی بەرچاوی دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەو ھەڵە گەورانەی کە ئەزموونی وەرگێڕان لە کوردستان ھەیەتی.

ئاستی دووەم: ئەو ھەڵانەی کە لە ڕووی زمانناسییەوە دەکرێ. بەداخەوە زۆربەی وەرگێڕەکانی ئێمە کوردییەکەیان باش نییە. دەزانن کوردی بخوێننەوە و کوردی بنووسن، بەڵام کوردییەکەیان لەو ئاستەدا نییە ببێتە بنەمایەک بۆ تێگەیاندنی خوێنەری زمانی کوردی لە دەقێک کە لە بنەڕەتدا کوردی نەبووە. بەداخەوە، ئێمە لەمەيشدا زۆر سەرکەتوو نەبووین. بۆ وێنە: لە وتارێکی “ڕۆلان بارت”دا لە دەقە ئینگلیزییەکەیدا “Writerly text” ھاتووە، واتە “دەقی نووسەرانە”. ئەگەر لە مانا و باکگراوەندی ئەو دەستەواژەیە بڕوانی، ئەوجا لە ماناکەی تێدەگەی و دەتوانێ وەری بگێڕیتەوە سەر زمانەکەی خۆت. ھەر دەستەواژەیەکی ھزری بێگومان مێژوویەکی لە پشتە و ئەو مێژووە ماناکەی دیاری دەکا. بۆیە کەسێک ئەگەر لە فارسییەوە ئەم دەستەواژەیە وەربگێڕێتەوە تووشی ھەڵە دەبێ. چونکە فارسەکان بۆ ئەم دەستەواژەیە “متن نوشتنی” بەکار دێنن و ئەگەر ئەمە بکەیتە کوردی دەبێتە “دەقێکی شیاوی نووسین”. ئەمە لە کاتێکدایە مەبەستی ڕۆلان بارت لەم دەستەواژەیە ئەو دەقەیە کە خوێنەر لەوێدا دەبێتە نووسەر و ڕۆڵێ نووسەر دەگێڕێ و خۆیشی لە بەرھەمھێنانیدا بەشداری دەکا.  نموونەیەکی دیکە، یەکێک لە شارەزاکانی یەک لە دەزگاکانی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان، خۆی لە وەرگێڕانی کتێبێکدا کە لە فارسییەوە کردوویەتی بە کوردی، ئەم ڕستە فارسییەی “در قرون وسطا کلیسا محلی بود برای حفظ کتب”ی تەرجەمە کردووە بە ” لە سەدەکانی ناوەڕاست دا کلێسا شوێنێک بووە بۆ لەبەرکردنی کتێب”. ئەم هاوڕێیە پاراستن و ڕاگرتنی کتێب و ئەوەی کە لەو سەردەمەدا کلێسا شوێنێک بووە بۆ پاراستنی کتێب، ھاتووە کردوویەتە پۆل و شوێنی وانەوتنەوە و لەبەرکردنی کتێب.

ئاستی سێیەم: ھەڵەی جوانیناسانەیە کە بە تایبەتی لە دەقە ئەدەبییەکان (لەچەشنی ژانری شیعر) ڕوو دەدەن. بە دەیان نموونە ھەیە کە شیعری شاملوو، سۆھراب و… کراونەتە کوردی کە بە ھیچ شێوەیەک ئاستی جوانیناسییان لە زمانی کوردیی دا ناگاتە یەک لە سەدی ئەو ئاستەی کە لە زمانی سەرچاوەدا ھەیبووە. وەرگێڕی ئێمە تەنانەت لەم ڕووەيشەوە زەوق و گوێچکەی خوێنەری کوردی کوشتووە. بۆ وێنە، ئەو ڕیتم و مۆسیقا و وشە نەرمونیانانەی کە لە شیعری “سۆھرابی سپێھری”دا ھەیە، کاتێک دەکرێتە کوردی و وەرگێڕانەکەی دەخوێنیتەوە، پێتوایە ئەوە پارچە پەخشانێکە کە نووسەرێکی ئاسایی نووسیویەتی.

 

یەکێک لە ئەرکەکانی وەرگێڕان دەوڵەمەندکردنی زمانی کوردییە؛  وەرگێر چۆن دەتوانێ ئەو ئەرکە ڕاپەڕێنە؟

عەبدولخالق یەعقووبی: وەرگێڕان تەنیا مەسەلەیەکی ھزری و تەکنیکی و ھونەری و ئەدەبی نییە، بەڵکوو هەر وەتر پرسێکە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پێوەندی بە چارەنووسی نەتەوەییمانەوە ھەیە. ناکرێ ئێمە ھەتا سەر لە نووسین و وەرگێڕان و ھزر و ئەدەبیاتدا نەتەوەیەکی پەراوێزنشین بین. ئەگەر چاو لێ بکەین، دەبینین ئەدەبی فارسی ئەمڕۆکە خەریکە خۆی بە دونیا دەناسێنێ، ئەدەبی تورک خەریکە لە دونیادا دەنگ دەداتەوە و خەڵاتی گەورەی جیھانی وەردەگرێ، ئەمانە بەشێکی زۆری لە سەر شانی وەرگێڕان بووە. وەرگێڕی باش ئەو کەسانەن کە بەڕاستی خەمی چارەنووسی داھاتووی نەتەوەکەیان دەخۆن، بەڵام ئەمە ئەرکی تاکەکەسیی وەرگێڕ نییە بە تەنیا. دەزگا و دامەزراوەکانیش دەور دەگێڕن و  ئەوانیش دەشێ خەمی چارەنووسی نەوەی دواڕۆژی ئەم وڵاتە بخۆن. دامودەزگای تایبەت بە وەرگێڕانیش دەبێ بۆ پڕوپاراوکردنی مەعریفەی ئەو وڵاتە کار بکا.  ئێمە ئێستا ئەو شتە نابینین و ھاواریشمان وەکوو تاک بە ھیچ شوێنێک ناگات.

دەوڵەمەندکردنی زمانی کوردی لەڕێگای وەرگێڕ و وەرگێڕانەوە ئەو کاتە مەیسەر دەبێت کە وەرگێڕان ببێتە بزاڤێک و لە سەر ڕەوتی ژیانی هزریی کۆمەڵگە کاریگەر بێت. بەداخەوە، ئەمە تا هەنووکە ڕووی نەداوە، و کاری وەرگێڕی ئێمە پتر پاراستنی زمانی کوردی بووە تا گەشەپێدانی. جگە لەوە تا ئێستايش لە کوردستان زەحمەتە بڵێین وەرگێڕان ببێتە مایەی بژێوی وەرگێڕ بۆ ئەوەی وەرگێڕیش بتوانێت ژیانی خۆیی بۆ تەرخان بکات و لەم سۆنگەیەوە بەڕاستی زمانی کوردیی پێ دەوڵەمەند بکات. بەڵام جگە لەم بۆشاییە پێکهاتەییانە، هەموو وەرگیڕێکی ژیر و لێهاتوو، وەکوو لە سەرەوە ئاماژەم پێ دا، لە ڕێی وەرگێڕانی باشەوە دەتوانێت لە سێ ئاستی مەعریفی، زمانناسی، و جوانیناسی زمانی کوردی لە هەڵە و پەڵە بپارێزێت و  دەوڵەمەندی بکات.

 

  ئەو چەمکانەی وەرگێڕی کورد دەستیان بۆ دەبا خوێنەری کورد بە هەر سێ زمانی کوردی تورکی و عەرەبی زۆر بە ڕەوانی و هاسانی و فراوانی دەستی پێ ڕادەگا؛ وەرگێری کورد خۆی بە چییەوە ماندوو دەکا؟

عەبدولخالق یەعقووبی: وەرگێڕان تەنیا دەستبردن بۆ چەمکەکان نییە بۆ ئەوەی بڵێین مادام ئەو چەمکانە لەو زمانە بیانیانەيشدا هەیە کە ئێمە پێیان دەخوێنینەوە ئیتر شایانی وەرگەڕاندن نین. ئەرکی گرینگی وەرگێڕان جگە لە هەڵگەڕاندنەوەی چەمکەکان گوتارسازییە. واتە ئەوەی لە ڕێی وەرگێڕانەوە زمانی خۆمان پڕ لەو چەمکانە دەکەین کە ئەگەر تەنیا لە ڕێی زمانی ترەوە بیانخوێنینەوە گوتاری پەیوەندیدار بەو چەمکانە لە زمانی ئێمەدا دروست نابێت. نموونەی زۆر دیار ئەو بوارەیە کە من خۆم کاری تێدا دەکەم، واتە تیۆری و ڕەخنەی ئەدەبی. ئەگەر تۆ دەقی تیۆری یان ڕەخنەی ئەدەبی یان ئەو چەمکانەی لەم بوارانەدا هەن تەنیا لە ڕێگەی زمانی فارسی یان عارەبیەوە بخوێنیتەوە، ئەوە تەنیا کۆمەڵێک زانیاری لەم بوارانە وەردەگریت، بەڵام ئەگەر بێت و دەقی تیۆری و ڕەخنەیی بۆ سەر زمانی کوردی وەربگێڕیت، ئەوە لە بواری تیۆری و ڕەخنەی ئەدەبی لە نێو زمانی کوردیدا گوتارسازی دەکەی، واتە زمان و جیهانی تیۆری و ڕەخنە دەهێنیتە نێو زمانی کوردییەوە و بە زمانی کوردی چەمکە پەیوەندیدارەکانی ئەم بوارانە تاوتوێ دەکەی. کە واتە، لێرەدا چی تر تەنیا زانیاری بە خوێنەری کورد نادەی، بەڵکوو دەیکەی بە خاوەنی گوتاری تیۆری و ڕەخنەی ئەدەبیش. ئەو شتەی من ساڵانێکە مەبەستمە لەوەی بەردەوام لە پەنا کاری ڕەخنەیی، کۆمەڵێک کتێبی بواری تیۆری و ڕەخنەییشم وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی هەر دروستکردنی ئەو گوتارە بووە لە نێو پانتایی زمانی کوردیدا. بڕوانە ئێستا لە نێو زمانی کوردی و ئەدەبی کوردیدا چەمک و دەستەواژە ڕەخنەییەکان زۆر باون و تەنانەت لە بوارەکانی دیکەيشدا وەکوو کۆمەڵناسی و دەروونناسی و هتد بە کاری دەهێنن؛ چەمک و دەستەواژەی وەکوو پێکهاتەخوازی (structuralism)، دوانەلێکدژ  (binary opposition)، دەقی خوێنەرانە  (readerly text)، و هتد. کورت و کورمانجی، بوونی ئەم چەمکانە بە زمانی کوردی لەڕێگەی وەرگێڕانەوە جگە لەوەی زانیاری بەخشن گوتارسازیشن.

 

هەڵسوکەوتی وەرگێری کورد بۆ هێنانی وشەی لاوەکی بۆ نێو زمانی کوردی دەبێ چۆن بێ؟

عەبدولخالق یەعقووبی: وەرگێڕ وشەساز نییە، بەڵام دەتوانێ بە سەلیقەی جوان و ورد بۆ نوێکردنەوەی زمانی خۆی هەوڵ بدات، جا چ لە ئاستی وشەسازیدا بێت، چ لە ئاستی دەستەواژە و تێرمەکاندا. نموونەی هەرە دیاری وەرگێڕی سەرکەوتوومان لەم بوارەدا مامۆستا هەژار بوو لە وەرگێڕانی قورئاندا. هەژار لەم وەرگێڕانەدا، “بسم اللە الرحمن الرحیم” کردووەتە “وە ناو خودا، کە دەهندە و دلۆڤانە”. سەلیقە و وردبینییەکی سەرسووڕهێنەر لەم وەرگێڕانەدا هەیە. هەژار لەم شاکارەیدا، لە هەموو زاراوە کوردییەکان وشەی خواستووە و لە هەمان کاتدا لە یەک ڕستەدا وشەگەلی ئەو زاراوە جۆراوجۆرانەی لە تەنیشت یەک ڕیز کردووە بێ ئەوەی سروشتی زمانی کوردی بریندار بکات. بە وتەیەکی تر، هەژار بەم کارەی پێی سەلماندین زمانی کوردی لە سۆنگەی ئەوەی زاراوەی جۆراوجۆری هەیە هێزی ئەوەی تێدایە بۆ هیچ وشە و دەستەوشەیەک دانەمێنێ، و کۆڵکەزێڕینەیەی زاراوەکان دیمەنێکی جوانی زمانی کوردی دەنەخشێنێت. با خوێنەر بڕوانیتە ئەم نموونەیە (سوورەتی ١٠٨، کەوسەر) و خۆی بۆ پشتڕاسکردنەوەی ئەم قسەیەی من سەرپشک بێت:

 

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1 ئێمە زۆر شتمان دا بە تۆ.

2 سا تۆ بۆ پەروەرندەی خۆت نمێژ و قوربانی بکە.

3 ئەوی لێت بەناتۆرەیە، بۆخۆی وەجاخی کۆرەیە.

 

کەواتە، وەرگێڕ مافی خۆیەتی وشەی نوێ بهێنێتە نێو زمانی خۆیەوە بەڵام ئەم کارە، لە ڕوانگەی منەوە، دوو مەرجی سەرەکیی هەیە. یەکەم، لە سروشتی زمانی خۆی لا نەدات. دووهەم، لە واتای سەرەکیی دەقی سەرچاوە دوور نەکەوێتەوە. بۆ نموونە، وەختی خۆی من لە بری وشەی “گزین گویە”ی فارسی، واتە کۆمەڵێک قسەی نەستەق، وشەی “بژاردەبێژی”م بە کارهێنا. ئەم وشەیە پێشتر لە زمانی کوردیدا نەبووە، بەڵام وەکوو دەبینین، نە لە ڕێسا و سریشتی زمانی کوردی لای داوە، نە لە واتای سەرەکیی فارسییەکەی بەدوورە. هەر وەتر لە وەرگێڕانی کتێبی “ڕەخنەی ئەدەبی و قوتابخانەکانی”ی چارلز برێسلێر، کە چاپی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٢ لە دەزگای ئاراس/هەولێر بوو، وشەی “پێکهاتە”م لە بری structure، یان ئەوەی فارسەکان پێێ دەڵێن ساختار، بە کار هێنا و لە پێشەکیی کتێبەکەيش بە وردی ڕوونم کردووەتەوە بۆچی ئەم وشەیەم لە جیاتی “داڕشت”، “بونیاد”، یان “بنەما” پێ باشتر و درووستتر بووە.

بەکورتی، وەرگێڕ ناچارەکی زمانناس نییە، بەڵام دەشێت زمان باش بناسێت و بۆ بەهێزکردنی زمانی زگماک هەوڵ بدات. هەڵبەت ئەوە کاتێک ڕاستە وەرگێڕ لە زمانی بیانییەوە بۆ سەر زمانی خۆی دەق وەربگێڕێت؛ ئەگەر بێت و لە زمانی زگماکی خۆیەوە بابەت بکاتە زمانی بیانی، ئیتر پێویست ناکات چاوەڕوانیی ئەوەی لێ بکەین بە وەرگێڕانی خۆی زمانە بیانییەکە بەهێز و زەنگین بکات، ئەوەندە نەبێت دەشێت وەرگێڕانەکەی پاراو و دروست و پشت ئەستوور بە واتا و فۆڕمی دەقی زمانی سەرچاوە بێت.

لێرەدا، وەکوو نموونە، سەرنجی خوێنەر بۆ ئەم شیعرە بەناوبانگەی شەفیعی کەدکەن، شاعیری هاوچەرخی فارس و، دوو دەقی وەرگێڕدراوی بۆ کوردی ڕادەکێشم و بانگهێشتی دەکەم بۆ بەروارکردنی نێوانیان:

حسرت نبرم بە خواب آن مرداب / کارام درون دشت شب خفتەست

دریایم و نیست باکم از توفان / دریا همە عمر خوابش آشفتەست.

 

 

قەت خۆزگە نەخوازم بە خەوی زۆنگاوێ /  وا کڕ خەوی لێ کەوتووە لەو دەشتی شەوە

زەریام و چ نیمە باکی تۆف و باهۆز / زەریا هەموو ژینی پڕی ئاڵۆزە خەوە.

 

وەرگێڕ: عەبدولخالق یەعقووبی

***

ئێرەیی نابەم بە ئەو زەلکاوەی/ لە کۆشی خەودا کش و مات ماوە /

زەریام و باکم لە تۆفان نییە / زەریا عومرێکە خەوی شێواوە/

 

وەرگێڕ: جەلال مەلەکشا

 

 نیازی سەرەکی شەقامی کوردی چییە کە دەبێ وەرگێری کورد خۆی پێوە ماندوو کا؟

عەبدولخالق یەعقووبی:  وەرگێڕان پتر ئاراستەیەکی کولتوورییە، واتە دەوری دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان کولتووری گەلاندا دەگێڕێت. ئێمە ئەگەر بخوازین ئاگاداری بارودۆخی ئەدەبیاتی، بۆ نموونە، ڕۆژاوا بین، ناچارین ئەو ئەدەبە وەربگێڕین، چونکی زۆرینەی شەقامی کوردی، وەک تۆ دەڵێی، ناتوانێت بە زمانی یەکەم بیانخوێنێتەوە. بەڵام دەستنیشانکردنی ئەو نیازە کارێکە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەسانەی پلان دانەر و سیاسەت داڕێژی فەرهەنگیی وڵاتێکن، کە دیارە ئێمە نیمانە.

بەڵام من، وەکوو وەرگێڕێکی کورد،  بەش بە حاڵی خۆم، لەمێژە هەستم بەوە کردووە کۆمەڵگەی کوردی لە بواری ڕەخنە و تیۆری بەگشتی و ڕەخنەی ئەدەبی بەتایبەتی پێویستی بە سەرچاوەی وەرگێڕدراوی زۆر و باش هەیە. بۆیە لە کۆی ٢٢ کتێبی چاپکراوم، ٥ کتێبم وەرگێران لە بواری ڕەخنە و تیۆریی ئەدەبیدا بوونە. هۆیەکەیشی دەگەڕێنمەوە بۆ سەر سێ خاڵ:

یەکەم، عەقڵانییەتی ڕەخنە بۆ هەموو کۆمەڵگەیەک هۆکارێکی بنەڕەتییە بۆ پێشکەوتن و سەرکەوتنی ئەو کۆمەڵگەیە، بەتایبەت لە بواری پەیوەندیی مرۆیی و پێکەوە ژیانی ئاشتیخوازانەدا، ئەو دوو ئەسڵەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی لە غیابێکی کوشندە دان.

دووهەم، تیۆری و ڕەخنە لە نێو گوتاری ئەدەبیدا ئامێرێکی بەهێز و بەکەڵک بۆ شرۆڤەکردنی دەقی ئەدەبین. ئەدەبی کوردی پێویستی بەو ئامێرە هەیە بۆ ئەوەی ڕەخنە لە کۆمەڵگەی کوردی وەکوو هەوێنی ڕووناکبیری و لێکتێگەیشتن پتر جێی خۆی بکاتەوە.

سێهەم، ئەو زمانەی لە تیۆری و ڕەخنەدا پێی دەنووسرێت یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی زمانی نووسینی کوردی لە دۆخی پەخشاناوی بوون بێتە دەرەوە، واتە زمانێک بێت پشت ئەستوور بە چەمکی مەعریفی و هزری بۆ شیکردنەوە و خوێندنەوەی وردی دەق.

هەڵبەت ئەو بۆچوونە تاکەکەسییەی من واتای ئەوە نییە ئێمە پێویستمان بە وەرگیڕانی ژانرەکانی تر نییە یان کەم هەیە. وەرگێڕان لە بواری ڕۆمان و کورتە چیرۆک و شانۆنامە و هتدیش بێگومان کولتوور و ئەدەب و زمانی کوردی زەنگینتر دەکات. بەڵام مەرجی سەرەکی ئەوەیە ئەو وەرگێڕانانە شارەزایانە و وردبینانە بن، ئەگینا لێکەوتەی پێچەوانەی بە دوادا دێت. لە ڕوانگەی منەوە، ئەدەبیاتی کوردی بە بزاڤێکی بەهێز و بەردەوامی وەرگێڕان دەتوانێت پتر و زووتر خۆی نۆژەن بکاتەوە و لە سەر دۆخی کولتووری و عەقڵانیی کۆمەڵگەی کوردی کاریگەرتر بێت. هەڵبەت با ئەوەيشمان لە بیر بێت ئەو کاریگەرییە پێویستی بە کاتە، بەڵام دڵنیام سەدەیەک کاری وەرگێڕانی باش دەتوانێت بۆ دوو سەدە هزر و مەعریفەی کوردی بەرەو پێش ببات. پێچەوانەکەیشی ڕاستە؛ واتە، سەدەیەک کارنەکردن یان کاری شیاو نەکردن لە بواری وەرگێڕان دوو سەدە فیکر و عەقڵانییەتی کۆمەڵگەکەمان بەرەو دواوە دەبات.