فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

سۆز و خۆشەویستی لە تابلۆی ( توانەوە )ی هونەرمەندی شێوەکار ( یوسف خەسرەو )دا

سۆز و خۆشەویستی لە تابلۆی ( توانەوە )ی هونەرمەندی شێوەکار ( یوسف خەسرەو )دا

د. ئازد ئەمین باخەوان/ کەرکووک

 

ئەم تابلۆیە دەربڕینی حاڵەتێکی قووڵی تێکەڵبوون و توانەوەی نێوان هونەر و هونەرمەندە کە       ( مۆسیقاژەن  و کەمانجەکەی ) دەبنە کارەکتەری سەرەکی بۆ کردنەوەی دەرگا بەڕووی کۆمەڵێک ڕەهەندی هەمەجۆر ، وەک ڕەهەندەکانی ( دەروونی و فەلسەفی و کۆمەڵایەتی و بوونگەرایی … هتد ) .

لە ڕووی دەروونییەوە ئەم تابلۆیە  گوزارشتە لە توانەوە و تێکەڵبوون و خۆشەویستی و سۆزداری و لایەنی دەروونی نێوان مۆسیقاژەن و کەمانجەکەی . بەو پێیەی ئامێری کەمانجە دەبێتە ئامرازێک بۆ دەربڕینی هەستە سەرکوتکراو و خەفەکراوەکانی خۆی و پەیوەندیکردنی لەگەڵ کەسانی دیکەدا  .

ئەوەی زیاتر جێی تێڕامان و سەرنجڕاکێشانە لەم تابلۆیەدا ،  ئەو کەمانجەیەیە کە لە نێو پەنجەکانی کەمانجەژەندا وەک دایکێکی پڕ سۆز و خۆشەویستی بووە بە منداڵێک و لەگەڵیدا بە شێوازێک تواوەتەوە هەست دەکەی باوەشی بە منداڵێکدا کردووە نەک کەمانجەکەی …!

 

هەر بەڕاستیش جێ پەنجەی هونەرمەندی شێوەکار ( یوسف خەسرەو )  دیارە کە بەشی پێشەوەی کەمانجەکەی بە شيوەیەک وێنە کێشاوە کە بە تەواوی هەست دەکەیت سەری منداڵێکە و بە سنگی دایکییەوە نوساوە و لەگەڵیدا تواوەتەوە  … !  ئەم پەیوەندییە دەروونییە دەشێ بە هێمایەک دابنرێت بۆ پەیوەندی نێوان دایک و منداڵەکەی ، یان ڕەنگە هەست و دەربڕینێک بێت بۆ پەیوەندی نێوان هونەرمەند و هونەرەکەی ، کە هونەر دەبێتە بەشێک لە خۆدی هونەرمەند ، هەروەک چۆن منداڵ دەبێتە بەشێکی دانەبڕاوە لە دایکی …!!

سەبارەت بە داخستنی چاوەکانی کەمانجەژەن دەربڕینی لوتکەی توانەوەیە لە نێو جیهانی سۆز و خۆشەویستی و جۆش و خرۆشی دایکایەتیدا … ئەو جیهانە تایبەتییەی دایک بۆ جگەرگۆشەکانی سازی دەکات ، هەمان توانەوەیە ، کە کەمانجەژەن لەگەڵ کەمانجەکەیدا تێکەڵ دەبێت و جیهانێکی پڕ لە سۆز و خۆشەویستی دروست دەکات … !!

 

باکگراوندی تابلۆکەش جێی سەرنج و تێڕامانە  ، ئەو هەموو چاوانە و  ئەو هەموو شێوانەی کە دەبینرێت مانای تێکەڵبوون و توانەوەیە لەگەڵ هەموو سروشتدا ، بە هەموو جۆرەکانییەوە بە دار و بەرد و مرۆڤ و گیاندارانی دیکەشەوە  کە دەشێ وەک پاڵپشتییەکی دەروونی و سۆزداری ئاماژەی پێبکرێت ،  بە تایبەتی دەرکەوتنی گیاندرێکی وەک سەگ لە بکگراوندی تابلۆکەدا ، کە هێمای دۆستایەتی و دڵسۆزی و وەفایە … !

یان دەتوانیین بڵێین ئەم بانکگراوندە ئەو بیرۆکەیە بەهێزتر دەکات کە ( خود ) گۆشەگیر و قەتیسماو نییە لە چوارچێوەیەکی تەسکدا ، بەڵکو بەشێکی گرنگە لە تۆڕێکی فراوانتر لە پەیوەندییە جۆربەجۆرەکان  و کارلێکەکان  … !

 

ئەم تابلۆیە بانگهێشتمان دەکات بۆ بیرکردنەو

ە لەو پەیوەندییە دەروونی و سۆزداری و کۆمەڵایەتیانەی کە دەمانبەستنەوە بە کەسانی دیکە و بەو شتانەی خۆشمان دەوێن، ئەمەش هۆکارێکی زۆر گرنگە بۆ زیاتر تێگەیشتنمان لە ( ناسنامە ) و پەیوەندی نێوان ( خود و جیهان )  … !

تێبینی :

– ئەم تابلۆیە بۆ یەکەمجار لە واڵی هونەرمەند ( یوسف خەسرەو )  بڵاوکرایەوە من ناوی ( توانەوە )م لێنا … دواجار بوو بەم لێکدانەوەیە … !