فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

 یادەوەری منداڵی

                           یادەوەری منداڵی

نایف محەمەد ئەحمەد/ هونەرمەند/ هەولێر

 

خەریکی خوێندنەوەی یەکێک لە توێژینەوەکان بووم، کە تایبەت بوو بە گەڕان و پشکنین و بەکار هێنانی ئامرازەکانی شوێنەوارناسی و ئەتنۆگرافی بۆ ساخکردنەوەو دۆزینەوەی ئامێرەکانی موزیک لە سەردەمەکانی بەردین و قۆناغەکانی ڕاوکردن و کشتوکاڵ لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. لەو کاتانە خەیاڵ بردمییەوە بۆ قۆناغەکانی منداڵی و مێردمنداڵی، کە  لەیادەوەریمدا جێگیربوونە و تاکو ئێستاش جێنەخشیان بەسەر یادگەمەوە دیارە و جاروبار لەوەها دۆخێکدا  سەر لەنوێ هەستیان پێ دەکەم.

بەباش و گونجاوم زانی ئەو دوو یادەوەرییە بۆ خوێنەران بگێڕمەوە :

 

  • پەنجا ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە دەشتی هەولێرێ و لە گوندی (گاینج) ئەو گوندەی لێی لەدایک بووم ( ٧٠ – ٨٠ کم ) لە ناوەندی شاری هەولێر دوورە. زۆر جاران لەتەمەنی منداڵی و بەدیاریکراویش لە مانگی ڕەمەزان، بەهاتوهاوار لە نزیک ئەو (سەکۆ)یەی مەڵا دەستی لەبناگۆیی دەنا و بانگی ئێوارانی لێدەدا. لەو چرکەی کە گوێمان لە وشەی ( اللە ئەکبر) دەبوو بە کۆمەڵ ڕووە و کۆڵانەکانی ناو گوند غارمان دەدا و هاوارمان دەکرد: (مەلا مەلا بانگی دا) گەڵێک جاریش تەنەکە و قۆدی بۆ درووستکردنی دەنگ تێکەڵ بەهات و هاوارەکانمان دەبوون، لەبیرمە هەندێکمان فوومان لە ( قۆچی گاو بەران و لوولاقی ئێسکی گیانەوەران) دەکرد تاکو زۆرترین خەڵکی  ئاوایی لە بانگدانەکە ئاگادار بکەینەوە. لە سەرەتایی حەفتاکان کارەبا  نەگەیشتبووە ئەو ناوچەیە. بەدرێژایی ڕۆژانی مانگی ڕەمەزان ئەوە دووبارە دەبوویەوە، ڕۆژێکیان کوو بەخێرایی سووڕامەوە و غارم دا سەروسەر کەوتمە ناو چاڵی گەنم و جۆ و دەم و چاوم شین و مۆر هەڵگەڕان.

 

  • گەڵێک جار بەدووری دە بۆ دوازدە کیلۆمەترێک لە دەوروبەری ئاوایی لەوەرزی زستان و بەهاران پێش هاتنی وەرزی کوێستان و گەرمای هاوین، ژمارەیەک خێوەت و ڕەشماڵی ڕەوەند و کۆچەریان بەدەوری یەکەوە هەڵیان دەدا، زۆربەیان لەگەڵ خۆیان جگە لە ئەسپ و گوێدرێژ تاژی و سەگی خۆیان لەگەڵ بوو. باشم لەبیرە ئەوکات پیاوەکان بە جیاو ئافرەتەکانیشیان دووبەدوو دەڕژانە ناو گەڕەک و کۆڵانەکانی گوندەوە، خەڵکی ئاوایش لێیان کۆدەبوونەوە. ئەوانیش بۆ گەرمکردنی بازاڕ و ڕاکێشانی خەڵک جاریان دەدا و: (چەقۆی تیژ دەکەین، ددانی چاک دەکەین ددانی زێر دەکەین، لەپاڵ ئەمانەدا ژمارەیەک کاری دەستی خۆیان نیشان دەدا، وەک: تیرۆگ، ناوبرێشک، فەرشی دار، لانک، ڕەوڕەوەی منداڵان، خڕولە، هەسان، چەقۆ، مەرهەم، قودی و شانە و …. هتد

ئەوەی شایانی ئاماژەکردنە هەندێک کەڵوپەڵی تایبەت هەبوو  بەئاشکرا نمایشیان نەدەکرد، وەک: (هەندێک لەو ئامێرە موزیکییانەی کە خۆیان درووستیان دەکردن: (زووڕناو دووزەلە و بالەبان و دەهۆڵ) لەبەر ئەوەی ڕەنگە لەو بارەوە ئەزموونی تاڵیان چێشتبێت و ئەزموون و تاقیکردنەوەی ناخۆشیان بینیبێت و ئامێرەکانیان لێ شکێندرابێت و سووکایەتی و گاڵتەی زۆریان پێکرابێت!

تەنیا ئەو کاتانە نەبێت ئەگەر لە لادێکان زەماوەندی بووک گواستنەوە هەبووبایە، ئەوکات باشترین دەرفەت بووە بە دە‌هؤڵ و زووڕناوە بەزمی شایییان گەرم دەکرد و ئامێرەکانیان ئازاد دەکردن و بەزمی شایی و هەڵپەڕکێی ماڵی زاوایان گەرم دەکرد.

دروستکردنی ئامێرەکانی موزیک پیشەسازی و پیشەیەکی زۆر هەستیارە و لەهەردوو باری ئابووریی و گرنگیدان بەکەلتووری میللەتان، بەدرێژایی مێژوو بوارێکی گرینگبووە لە هەنگاوەکانی پیشەسازی نیشتمانسازی کەلتووریدا.

دەبوو چەندین ساڵە خەمی وەزارەت و دامەزراوەکانی کولتوری ئێمە بوایە لەو هەرێمەی لەمەڕ خۆمان، نازانم چ ساڵ و سەردەمێک خودان عەقڵێکی دەست ڕۆیشتوو داوا دەکات توێژینەوەیەکی زانستی بۆ ئەوە بکرێت، کە ساڵانە لە هەرێمی کوردستان بڕی چەند ملیۆن و ملیار پارە دەچێتە گیرفانی دەر و دراوسێکانمان و وڵاتان بۆ کڕین و دابینکردنی ئامێرەکانی موزیک؟

لەکاتێکدا کوردستان بەر هەمێکی باشی لەو دارانە هەیە، کە بۆ ئەو بوارە بەکاردێت.

 

تێبینی: بەداخەوە ئەوکات وەکو جۆرێک لەسووکایەتی و بە نزمی تەماشا کردن بەو کۆچەریانەیان دەگووت: (دۆم و قەرەج).

کۆمەڵگەیەک ئاوایی هێناوە بۆیە تاکو ئەمڕۆ ٩٩٪ مشەخۆری بەکاربەر و ئەو خەڵکە دەست ڕەنگینەی جارانیشیان وەک خۆیان لێکرد و کردیانن بەشارنشین و خاوەن مووچەی بەبارمەتەگیراو.

 

 

هەولێر  2024