فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

سیماو ڕواڵەتی گەلان لە نێو (ئیتنۆمۆزیکۆلۆجی)دا

سیماو ڕواڵەتی گەلان لە نێو (ئیتنۆمۆزیکۆلۆجی)دا

 

د. ئامانج غازی/ مامۆستای زانکۆ/ هەلێر

لە فەرهەنگی گڕۆڤدا پێناسەی ئیتنۆمۆزیکۆلۆجیا ئەوەیە کە خەمی لایەنی کەلتووری و کۆمەڵایەتی موزیک و سەمایە لە بۆنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا، بەهۆی بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی ئەم زانستە موزیکییە، هەموو بابەتێک لەو بوارانەدا بە دیدێکی جیاوازەوە خوێندراوە و دیراسەکراوە، بەڵام تا ئێستاشی ڵەگەڵدا بێ چەمکی
ئیتنۆمۆزیکۆلۆجیا چەمک وچوارچێوەیەکی ناڕوونە.
توێژەرە ڕۆژئاواییەکان خۆیان لەوەدا جیاواز بوون، هەندێکیان بەدرێژایی ساڵانی تەمەنییان کاریان لە سەر ئەو بابەتەدا کردووە. بە بڕوای جاب کونست، “ئیتنۆمۆزیکۆلۆژیا لە هەموو جۆرە موزیکێکی فۆلکلۆر و خێڵەکی دەکۆڵێتەوە، هەروەها هەموو جۆرە هونەرێکی غەیرە ڕۆژئاوایی. بە گوێرەی ڕای مارسێل دی بۆیس، ئیتنۆمۆزیکۆلۆجیا لێکۆڵینەوە لە موزیکی نەریتی سەرەتایی لە هەموو جیهان دەکات و بە بڕوای (رۆنۆ نێتڵ)یش، ئیتنۆمۆزیکۆلۆجیا بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە موزیکی کۆمەڵگە نەخوێندەوارەکان، موزیکی فۆلکلۆری نەریتە زارەکییەکانی ناوچە داگیرکراوەکانی شارستانیەتەکان کە کەلتووری بەرزیان هەیە.
ئیتنۆمۆزیکۆلۆجیا لێکۆڵینەوە لە موزیکی نەریتی سەرەتایی لە هەموو جیهان دەکات
زاراوەی ئێتنۆمۆزیکۆلۆجی بۆ یەکەمجار لەلایەن (جاپ کونست) لە ساڵی ١٩٥٠ لە کتێبەکەیدا بەناونیشانی: میوزیکۆلۆجیا: لێکۆڵینەوەیەک لە مەڕ بابەتی ئێتنۆ-مۆزیکۆلۆجیا و کێشەکانی و کەسایەتییە نوێنەرایەتییەکانی، کە لە ساڵی ١٩٥٠ لە ئەمستردام چاپکرا ئەنجام دەدات.
له سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم وشەیەوه، تا ئێستا هیچ ڕێككەوتنێك لەسەر بەكارهێنانی زاراوەیەكی یه كگرتوو له نێوان ئەو كەسانەدا نییه، كه لەم بواره ئەكادیمییەدا كار دەكەن. لەوانەیە لە لێکۆڵینەوە ئێتنۆمۆزیکۆلۆجییەکەماندا سەرنجی بەشێک لە لێدوانی ئەو پسپۆڕانە بدەین کە دەڵێن: ئەوەی ئێمەی پسپۆڕان پێی دەڵێین موزیک، ئەوە نییە لە چاوی ئەوانەی بە پراکتیکییەوە خەریکی بابەتەکەن، بۆیە پێویستە لە سەرمان بە وردی (بابەتی موزیکی) وەک لێکۆڵینەوەیەکی کۆنتێکست و ئەرکی سەیر بکەین وشیبکەینەوە، لە ڕوانگەی ئێتنۆگرافیشەوە بپرسین، ئایا ئیتنۆمۆزیکۆلۆجیا لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە وەرچەرخانێکی نوێی گرتۆتەوە و زیاتر و پتر بەشداری لە کۆنتێکستەکانی کەلتووریدا کردووە؟.
لە سەر بنەمای بوونگەرایی موزیک گەشەیکردووە، وەک ئالان مریەم ڕوونی کردووەتەوە “موزیک بەرهەمی مرۆڤە و هەڵگری پێکهاتەیەکی تایبەت بە خۆیەتی، ئەم پێکهاتەیەش ناتوانێت بوونێکی تایبەت بە خۆی هەبێت، ئەگەر لە بەرهەمەکەی جیا بکرێتەوە.
بە ئاماژەدان بەوەی ئەو لێکۆڵینەوانەی لە ژێر ڕۆشنایی ئیتنۆمۆزیکۆلۆجیا ئەنجام دراون سەلماندوویانە، ئەم زانستە بە شێوازە کۆنباوییەکانییەوە بەس نییە، بۆ بەدەستهێنانی لێکۆڵینەوەیەکی دادپەروەرانە و ورد لە موزیکی نەریتی لە نێوان گەلانی جیاوازدا، هەرچەندە بابەتەکانی لێکۆڵینەوە لە (ئیتنۆمۆزیکۆلۆجیا) تژین لە موزیک ودەنگی ژیان دەردەکەن، ئەمەش ڕەهەندێکی تەواوتر بۆ توێژینەوە زانستییەکان زیاد دەکات وەک لێکۆڵینەوە لە شێوازی موزیک، کە گەورەترە لەوەی دەتوانرێت لە لێکۆڵینەوە و تەنانەت لە دەستنووسە موزیکییەکانیشدا بەدەستبهێنرێت.
گۆرانی فۆلکلۆر بەشێکە لە کەلتووری باو، هەندێک لە فۆلکلۆریستەکان پێیان وایە گۆرانی فۆلکلۆری لە بنەچەیدا نادیارە و ئەمەش مانای ئەوەیە، ئێمە لە ڕوانگەی خۆمانەوە دانەری گۆرانییەکە ناناسین
سەرەڕای ئەوەش – ڕەخنە لە هەندێک لایەندا هەیە، کە ئەم زانستە بە کەموکوڕی و نەریتخوازی لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسەکانی موزیکدا تایبەتمەند بووە و بەشدارە لە – زۆرێک لە دەستکەوتەکانی – هەروەها پێگەیەکی کەلتووری لایەنگری هەیە، لە سەر بنەمای بەراوردێکی مێژوویی لە سەدەی نۆزدەهەمەوە بە میرات بۆی ماوەتەوە. ئاماژەکان لێرەدا بۆ ئەو تێبینیە ڕەخنەگرانەیە، کە لەلایەن (مانتێل هود)ەوە بۆ شێوازە نەریتییەکانی کارپێکراو، لە ئیتنۆمۆزیکۆلۆجیادا کراوە.
گۆرانی فۆلکلۆر بەشێکە لە کەلتووری باو، هەندێک لە فۆلکلۆریستەکان پێیان وایە گۆرانی فۆلکلۆری لە بنەچەیدا نادیارە و ئەمەش مانای ئەوەیە، ئێمە لە ڕوانگەی خۆمانەوە دانەری گۆرانییەکە ناناسین، نەناسینی دانەری گۆرانییەکە لەلای ئێمەوە بە هیچ شێوەیەک بەو مانایە نییە، کە دانەری گۆرانییە فۆلکلۆرەکە بوونی نییە. مرۆڤناسان پێیان وایە گۆرانی فۆلکلۆری ئامرازێکی پەروەردەییە، بەو پێیەی زۆرجار مامەڵە لەگەڵ بەها کەلتوورییەکان دەکات، شێوازی ڕەفتار و ستانداردە جیاوازەکان وایکرد، مێریام لە کتێبەکەیدا لە سەر ئەنترۆپۆلۆژیای موزیک ئاماژە بەوە بکات، کە مرۆڤناسێک دەتوانێت زۆر شت دەربارەی بەها کەلتوورییەکان بە شیکردنەوەی گۆرانییەکە فێربێت، لە ژێر ڕۆشنایی گۆرانی فۆلکلۆر بەهاکان دەرئەبڕێت).
موزیکی کوردی، کاتێک بە موزیکی گەلانی دراوسێ بەراورد دەکرێت، بە تایبەتمەندیی میلۆدییەکانی جیادەکرێتەوە، چونکە موزیکی “لادێیی” کوردی شێوە گۆڕکێییە (Anti phonal) (دژە فۆنال)ە، و ئەمەش گرنگییەکی زۆر بە سروشتی نەریتی موزیکی کوردی دەدات. پێکهاتەی میلۆدی ئەو میلۆدیانەی کە لە لایەن موزیسیانە شارییە نیمچە پیشەگەرەکانەوە پەرەی پێدراوەو دەتوانرێت جیاواز و لە هەمانکاتیشدا لە موزیکی فۆلکلۆری نەریتی جیا بکرێتەوە.)
پێش ئەوەی بچینە نێو پێناسەی موزیکی هاوچەرخی کوردی، پێویستە لە ڕێگەی:
١- پەیوەندیی سیما دیارەکانی موزیکی کوردی بە تێکڕای کەلتووری کوردی؛ واتە لێکۆڵینەوە لە سەری وەک یەکەیەکی یەکگرتوو.
٢- پەیوەندی موزیکی کوردی لەگەڵ موزیکی گەلان و نەتەوەکانی دیکەدا.
٣-. پێشکەوتن وئەگەرەکانی پێشهاتە موزیکیی و کەلتوورییەکانی کوردی.
پرسەکانی موزیکی کوردی شرۆڤە بکەین!!!