کاریگەری جینوساید لەسەر هونەری شێوەکاری کوردی
ئاشتی گەرمیانی / هونەرمەند / هۆڵەندا
– دیدەیەك بۆ هونەری شێوەکاری کوردی .
– ڕێڕەوەی هونەری شێوەکاری لە سەدەکانی ڕابردوودا .
– کاریگەری جینوساید لەسەر هونەری شێوەکاری کوردی .
دیدەیەك بۆ هونەری شێوەکاری کوردی
زۆر جار گفتوو گۆو ووتەو بابەتەکانمان لەگەڵ هاوڕێ هونەرمەندەکانمان ئەوەیە ئایا شتێك هەیە بەناوی هونەری شێوەکاری کوردی ؟ ئایا تایبەتمەندێتی یەکی جیهانی هەیە کە مۆرکی هونەری شێوەکاری کوردی بناسێتەوە ؟
کاتێك دەڵێن هونەری عەرەبی یان فارسی یان تورکی یان
هیندی یان ئەفەریقی ! ئەی شتیك هەیە بەنێوی هونەری شێوەکاری کوردی ؟ یان دەبێت بڵێیت هونەرمەندانی عێراقی و عەرەبی و تورکی وفارسی و هیندی و کوردی ؟
بێگومان پشت بەستن بە بەڵگەکان و دیکومێنتەکان و ئەرشیفی کۆمەڵە نوسەرو هونەرمەندێك لە سەر هونەری شێوەکاری کوردی کە نووسینیان هەیە ئەو ڕاستی یە کە قوتابخانە جیهانی یەکان کە لەو ووڵاتانەوە سەریان هەڵداوە لە سەدەکانی ڕابردوودا قوتابخانەو ئایدیاو بیرو هزرو فەلسەفەو ئەکادیمیەتی ئەو سەردەمەو لێکەوتەی ڕووداوەکان و پێداویستییەکانی ئەو سەردەمەن و هونەرمەندان گرنگیان پێ داوە ، لەگەڵ مۆرك و کەلتووری ناوچەکە کە ڕەنگدانەوەی ژیان و گوزەرانی ڕۆژانە بووە ، بەکارهێنانی پۆشاکی ئەو ناوچەیە یان سروشتی ئەو ناوچەیە ئەمانە دوو جەمسەری جیاوازن وەکو یەکەم بەکارهێنانی قوتابخانە هونەری یەکە کە هاتۆتە کایەوە ، وە فۆرم و ناوەڕوەك کە ڕەنگ دانەوەی سروشتی ئەو ناوچەیە بووە ، بۆ نمونە : کاتێك قوتابخانەی ڕێالیستی جیهانی بەکارهاتووە لە یەکێتی سۆڤیەت یان چیینی میللی یان ئەمەریکای لاتینی ، هەر ئەو قوتابخانە ڕیالیستی و ڕیالیزمی یەیە وەکو ڕێباز ، بەڵام هەڵگری کەلتووری ناوچەکانی خۆیان بووە ، ناتوانین بڵێین ئەو ڕێبازە هونەری یە موڵکی فەرەنسایە یان ئەڵمانیایە یان ژاپۆنە ! بەڵام دەتوانیت بە تایبەتمەندێتی بەکارهێنانی فۆرم و بیرۆکەکان و ناوی هونەرمەندەکە و سیڤی هونەرمەندەکە ئەو هونەرەی دەست نیشان بکەیت کە خەڵکی کام کیشوەرە ، دەتوانیت ئەو کارە هونەری یە بناسیتەوە کە ڕۆژهەڵاتی یە یان ڕۆژئاوای ئاسیایی یە یان خوارووی ڕۆژئاوای ئەفەریقایی یە ، تایبەتمەندێتی سروشت و کەلەپووری ناوچەکە دەتباتە نێو دەست نیشان کردنی سنووری ئەو ناوچەیە ، ڕاستە هونەرمەندەکە خەڵکی فەرەنسی یە یان ئەسکەندەنافیایی یە ، بەڵام ئەوە ڕەنگ و گەرمی ڕەنگ و فێنکی باگراونەکەیە مرۆڤ دەتوانێت دەست نیشانی بکات مرۆڤ تەماشای نەخشی ئەو ووڵاتە بکات لە هزردا ، یان دیدەیی لە سروشتی ڕووداوەکان گرتوە ، هونەرمەندی شێوەکار وەکو هەر نوسەرو مێژوو نوسێك ئەو ڕووداو بەسەرهاتانەی لە ڕێگەی کەڤاڵ و ڕەنگ و داتاشینەوە خستۆتە نێو ڕوو ، بۆ نمونە : لە سەدەکانی ڕابردوودا هونەرمەندان پۆرترێت و سروشت و کەلتووری کوردی و بەشێك لە ئاهەنگ و یادەکان و وێنەی ڕیالیستی شارو سروشت و کەرەستە بەکاربەرەکانی ڕۆژانەیان نەخشاندوە . سنووری ئێمەی ڕۆژهەڵاتیش کە کەوتوینەتە نێو چەند ووڵاتێکەوە کاریگەری وە پەیوەندی کەلتووری هاوبەشمان هەیە بۆیە لە بەرهەمێکی هونەریدا دەتوانیت دەست و پەنجەی ئەو هونەرمەندە بخوێنیتەوە کە ڕۆژهەڵاتی یە یان ئەوروپی یە یان ئاسیایی یە .
هونەرمەندی شێوەکار وەکو هەر نوسەرو مێژوو نوسێك ئەو ڕووداو بەسەرهاتانەی لە ڕێگەی کەڤاڵ و ڕەنگ و داتاشینەوە خستۆتە نێو ڕوو
بۆی هەیە لێکۆڵەری کورد بەدوا چوون بکات و چەندین تابلۆی کەلتووری و فۆلکلۆری کوردی کۆ بکاتەوە بە سروشت و کەلتوورو ڕەنگە جیاوازەکانەوە وە ناوی هونەرمەندەکەش کورد بێت ، بەڵام هەر ئەوەیە کە هونەرمەندانی کورد هەیە ، ناتوانرێت بڵێین ئەمە هونەرێکی کوردی یە ، چونکە قوتابخانە ئەکادیمییەکان وە قوتابخانە هونەرییەکان جیهانین و ئێستا هەموو جیهان بەکاریان دەهێنێت لە نێو زانکۆو پەیمانگاو ئامادەیی و هونەرمەندە خۆڕسکەکان و یان لاوان و گەنجان و هەتا پیرو پەککەوتەکانیش .
دەتوانین بڵێن هونەرمەندانی عەرەب یان عێراقی .. بەڵام لەهەمان کاتدا بە و مۆرك و فۆرمە جیاوازانەوە دەتوانین بڵێن ئەوە لە هونەرێکی هیندی یان ئاسیایی یان ژاپۆنی دەکات ! هونەری شێوەکاری کوردی لەکوردستان بۆ چاوی جیهان نوێ یە ، ڕاستە هێڵ کێشان و پەل هاویشتی هونەری لە کوردستان دا مێژوویەکی کۆنی هەیە ، بەڵام لەژێر ناوێکی تر ناسراوە چ بە دەست ڕەنگینی یان بە وەستایی یان بە لێزانینی .
یەك جیاکەرەوە هەیە کە ئەویش جیاوازی ڕەنگەکان و فۆرمەکانە ، کاتێك تابلۆیەك دەبینیت مرۆڤێکی کورد بە جلی کورییەوە کوژراوە یان جینوساید کراوە ، یان لە گوندێك کار دەکات یان هەڵپەڕکێیەکی کوردی ، وە لە وێنەیەکی تر لە بیابانە عەرەبیەکان وەکو وێنەی ووشترو دار خورماو جەل بەرگی عەرەبی ، وە لە ووڵاتانی ئەسکەندەنافیاش بە هەمان وێنە بەڵام ڕەنگەکانی لای ئێمە گەرمن و لای ئەوانیش سارد ، ئەوە جیاکەرەکەیە لە نێو کیشوەرو ناوچەو ووڵاتەکان . زۆر نمونەی تر هەن لە سەدەکانی ڕابردوودا وەکو هونەری ئیسلامی و ئەوروپی و ئەمەریکی و ئاسیایی و هەتا دوایی .
ڕێڕەوەی هونەری شێوەکاری لە سەدەکانی ڕابردوودا.
قوتابخانەی ڕیالیستی واقعی، ڕیالیزمی ئەو تاکە ڕێگایە بوە کە سەرەنجی خەڵکیان ڕاکێشاوە ، هەر بۆیە سروشت گرنگیەکی تایبەتی هەبوە بۆ هونەرمەندەکان و بۆ خەڵکەکەش
هەموو دەزانین کە لە سەدەکانی بەردینەوە شتێك نەبوە بەناوی هونەرو ستاتیکاو قوتابخانەی هونەری ، بەڵکو کاری دەستی و کەرەستەی بەکارهێنەر بۆ کاری ڕۆژانە ، وە دروست کردنی ئەو جوانکاریانەی کە خزمەتی مرۆڤی کردوە ، دواتر هەنگاو بۆ هەڵکۆڵین و هونەری سیرامیک وەکو گۆزەو خشت و دیواربەندی و نەخش و نوسین و زۆر شتی تر ، بەکار هێنانی ووشەی وەستا وەکو پیشە بوە ناوێك کە خەڵك سەرەنجی لە کارەکانی دەدا ، بێگومان کاریگەری دەوروبەر و کیشوەرەکەو داگیر کردنی ناوچەکە و شەڕو ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەمانە هۆکارێک بوون بۆ لاسایی کردنەوەو مانەوەی لە ناوچەکاندا ، ئەو کات هونەرمەندان لە سەدەکانی ڕابردوودا هەروەك باسم کرد سروشت و کەلتووری کوردی پۆرترێت بەشێك بوون لەکارە هونەریەکانیان ، یان خۆش نوسی و هونەری سیرامیك کە مەنگولیەکان کاتێك لە کوردستان بوون دەستێکی ڕەنگینیان هەبوە لە دروست کردنی گۆزەو دیزەو کەنوو بە قوڕی سوور ، هەوەك مامۆستا عەبدالڕەقیب یوسف لە پەرتوکەکانی خۆیدا باسی لێوە کردوون ، ئێستاش ناوچەمان هەیە کە خاك و خۆڵ هەڵبدەیتەوە پارچە گۆزەکانت بەرچاو دەکەون ، هاتنی وەستاکان بۆ کەرکووك و گەرمیان و هەولێر لە دروست کردنی هونەری ئارابسك واتە قەوسی نێو مزگەوتەکان یان حەمامەکان حەمامی خۆشتن ، لە ووڵاتی ئێرانەوە وە وەستا ئەرمەنیەکان لە دوای شەڕی جیهانی دووهەمەوە و کۆچ کردنیان لە تورکیاوە بۆ ڕومادی و بەغدا و هاتنیان بۆ کەرکووك ئەو دەستڕەنگینی حەمام و دیواربەندینانەیان بەجێ هێشتوە .
هونەرمەندانی کورد لە سەدەکانی ڕابردوودا گرنگیان داوە بە سروشت و کەلتوورو پۆرترێت و ئەفسانەکان و چیرۆکەکان ، بەتایبەتی ئەو چیرۆك و ئەفسانانەی کە دەماو دەم گێڕدراوەتەوە ، بەڵام دواتر بە هۆی گۆڕانکاری و ڕووداوەکانەوە ئیدی فۆرمەکان گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە ، ساڵانی شەستەکان وە حەفتاکان وە ئێستاش وێنەی ئەو شارو گەڕەك و گوندانە دەکێشن کە وەکو بیرەوەریەك لە بچووکی وە سادەو ساکاری ژیاندا بوە ، یان ئەو دەمووچاوانەی کە مۆرک و تایبەتمەندێتی ناوچەیی لەسەر بوە ، لاسایی کردنەوە هۆکارێکی ڕاستەو خۆبوە واتە گرنگی دان بەو کوچەو کۆڵان و وەستاو کەرەستە فۆلکلۆریانەی کە هەبوون . وە قوتابخانەی ڕیالیستی واقعی، ڕیالیزمی ئەو تاکە ڕێگایە بوە کە سەرەنجی خەڵکیان ڕاکێشاوە ، هەر بۆیە سروشت گرنگیەکی تایبەتی هەبوە بۆ هونەرمەندەکان و بۆ خەڵکەکەش .
بەڵام دواتر بەهۆی گۆڕانکاری ژیان و سیاسی ناوچەکەو چەوساندنەوەی میللەتی کورد و شۆرش و کۆچ کردن و زیندانی کردن ، ڕێڕەوەی فۆرمەکانیش گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە . لە ژێر ناوی بەرژەوەندی سیاسی و ئاینی هەموو چەمکە هونەری و ڕۆشنبیری و کەلتووری و کۆمەڵایەتیان قواستۆتەوە وە دەبوایە لە سێبەری ئەو سیاسی یەدا کارو چالاکی ئەنجام بدرێت ، هەروەك لە سەدەکانی ڕابردووی مرۆڤایەتیدا ئەوەمان بینیوە لە دیکومێنتاری و ئەرشیفەکاندا ، بەتایبەتی لە ئەوروپا لەسەدەکانی ناوەڕاست کاتێك چۆن لە ژێر سێبەری کەنیسەکاندا هونەرو کەلتوریان خستۆتە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە وە لە نێو ئیمبراتۆریەتەکاندا بەهەمان شێوە ، لەسەردەمی دیکتاتۆریەکانیشدا وێنەی کەسایەتی و سیاسەتی تاکەکەس و دەسەڵاتداری هەموو بیرو باوەڕو ئازادی کەلتوورو ڕۆشنبیریان لەیەك جەمسەردا دەبینی ، بێگومان سنورێکیشیان دانا بوو بۆ ئەو ئازادییە ، ئەوە کاریگەری تایبەتی هەبوە لە سنوور دار کردنی چ ئازادییەکان وە چ بەرەو پێش چوونی هونەرو کەلتوورو ڕۆشنبیری ، هەر بۆیە لەو چەمکەوە دەست براوە بۆ کاری تایبەت چ لە نوسین و چ لە شیعرا ئەدەب و هونەرو بەشەکانی تر وەکو ئەوەی کەکارێك ئەنجام بدەیت بە نهێنی ، واتە خەباتی ژێر زەمینی ! زۆر لە هونەرمەندان لە ساڵانی حەفتاکانەوە ڕووی کارەکانیان بەرەو بە هێما خوازی و دەربرین خوازی یە چوو بەڕادەیەك تا گەیشتە کاری ئابسراك و هێما خوازی ، چونکە لەسەر هەر کارێکی ڕیالیستی بۆی هەبوو بۆ هەتا هەتایی زیندانی بکردابایە ، وە بێگومان نمونەی هونەرو نوسەران و ڕۆشنبیرانمان زۆرن بۆ ئەو بابەتە کەلە سەدەکانی رابردوودا بینیمان یان لەسەریان خوێندومانەتەوە .
بەهۆی گۆڕانکاری ژیان و سیاسی ناوچەکەو چەوساندنەوەی میللەتی کورد و شۆرش و کۆچ کردن و زیندانی کردن ، ڕێڕەوەی فۆرمەکانیش گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە
– کاریگەری جینوساید لەسەر هونەری شێوەکاری کوردی
هەروەك باسمان کرد لەسەدەکانی ڕابردوودا هونەری شێوەکاری کوردی بە زۆر قۆناغدا گوزەری کردوە چ لە ناوەڕوەك و چ لە ڕواڵەت و چ لە تێگەیشتن و جیاکردنەوەی ناوەکان واتە لەکاری دەستی یەوە بۆ کاری پیشەیی دواتر بۆ جوانکاری وە دواتر بۆ خزمەتگوزاری و دواتر بۆ تێگەیشتن لە هونەر وەکو کەلەپورێك ، بێگومان ئایین و ئەفسانەو چیرۆك و سەرگوزشتەکان بەشێکی کاریگەری ئەو پرۆسەیە بوون ، بەڵام هەروەك باسمان کرد لەسەردەمیك قوتابخانەی ڕیالیزمی بەربڵاو بوو بۆ وێنەکیشانی سروشت و پۆرترێت و جلوبەرگ و سروشت و وێنە کەلتووریەکان . لەگەڵ هاتنی شەڕو کاولکاری و ئازارو مەینەتیەکانی گەلی کورد ئیدی هونەر سیماو دەمووچاوی خۆی گۆڕی بۆ ئەو شێوەیەی کە هونەرمەندان وێنەی ئەو ئازارو مەینەتیانە بە شێوەیەکی تر بکێشن ، لەگەڵ زیاد بوونی ئازارەکان و دەسەڵاتی حوکمڕانی هەروەك باسمان لە خەباتی نهێنی کرد ، ڕێڕەوەی هونەریش لە قوتابخانەیەکەوە بازی دا بۆ قوتابخانەیەکی تر ، شەڕو کاولکاری و کۆمەڵکوژی کاریگەری نەك تەنها لە سەر هونەری شێوەکاری داناوە بەڵکو بە پلەی یەکەم لەسەر دەروونی تاکەکان و کۆمەڵگاکە وە لەسەر گۆڕینی دیموگرافی ناوچەکە .. لەهەر جێگایەك شەڕ هەبێت .. هونەرو کەلتوورو ڕۆشنبیری ڕوو لە پاشەکشە دەکەن .
زیندانیەکان و ڕاگواستنەوەو وێرانکردنی ماڵەکان و کۆمەڵگاکان و ستەمی ئازاردان بە هەموو شێوەیەکی تاکە کەسی و گشتی و سوتاندنی ماڵەکان و خاپوور کردنی گوندەکانی کوردستان و بەکار هێنانی چەکە قەدەغەکراوەکان و زیندە بەچاڵکردن و ئەنفالەکان و دوورخستنەوە بۆ بیابانەکان و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، لەگەڵ ساڵانی شەڕ یەك بەدوای یەکەکاندا ، کۆمەڵگای کوردستان و عێڕاقی بە گشتی بەرەو ڕووخان و بێهوودەی و لەناوبردن برد ، ئەگەر دیدەیەك لە دەمووچاوی تاکەکان بکەیت لەو سەردەمەدا هیچ هیوایەکی تێدا نەبوو تاوەکو منداێکی کوردیش ، چ لە پیاو ژن و پیرو پەك کەوتەو ەگەنجان و کۆمەڵگای کوردستانی ، بۆیە فۆرمەکان وە ناوەڕوەکی تابلۆکان پتر باسیان لە شەڕو کاولکاری دەکرد بە شێوەیەك قوتابخانەی ڕیالیزمی هەنگاوی ناو بۆ ئابستراك واتە تەجرید ، زۆر کەم لە هونەرمەندان دەیانتوانی لەو سەردەمەدا وێنەی سروشت و خۆشی و جوانی کوردستان بکێشن ، ئەمە بوو دیاردەیەك کە هەموو بابەتەکان لە نێو فۆرم و ناوەڕوەکێکی پڕ لەئازراو مەینەتیدا بوون ، کاریگەری شەڕو کۆمەڵکوژی ڕەنگانەوەی لە ڕەنگ و فۆرم و قەبارەی کاردا بەدیار دەکەوت بەتایبەتی کاتێك لەبەرچاوی خەڵکەوە گەنج و لاوی کوردستان بگریت و گوللە بارانیان بکەیت ، ئەوە بابەتێکی زیندووی ئەو سەردەمە بوو ، ئەو ڕووداوانە یان کاریگەری شەڕە جیهانییەکان پاشماوەی لە نێو هونەری جیهانیدا ماوە وە کاریگەری لە سەر ئەدەب و هونەرو کەلتوور و ڕۆشنبیرانی جیهانیش کردوە ، بەتایبەتی ئەو ووڵاتانەی کە تووشی جینوساید بوون وە ئەو ووڵاتانەی کە شەڕەکانی جیهانیان بینوە ، ئەمانە لە نێو هونەرو کارە دەستیەکانی هونەمەندانی جیهانیدا بەرچاو دەکەون بەتایبەتیش لە نێو مۆزەخانە جیهانیەکاندا ، بەشێکی تر کاریگەری بە شێوەیەك بوە کە پەیکەری ئەو کەسایەتیانەیان دروست کردوون کە خیانەتیان لە ووڵاتەکەی خۆیان کردوە بەتایبەتی لە هەرێمی زەیلاند لە ووڵاتی هۆڵەندا ، وە ئەو کارە هونەریانەی کە لەسەدەکانی ناوەڕاست و بیستەم دا کێشراوە کاتێك تەمەشای مێژوو دەکەیت ئەو وێنانەت بەرچاو دەکەوێت کە باس لە کۆمەڵکوژی ئەو ووڵاتەو ئەو کیشوەرە دەکات ، بۆ ئەو مەبەستەش بە قەوارەی زۆر بەرزو گەورە دیوار بەندی یان پەیکەری بە سومبڵیان بۆ ئەو کارەساتە داتاشیوە .
ئەنفال کردن و کۆمەڵکوژی بە کۆمەڵ و خاپوور کردنی گوندەکانی کوردستان و گواستنەوەی بارزانیەکان و ئەنفالی گەرمیان و ڕووداوەکانی چەکی کیمیایی هەڵەبجەو بالیسیان و بادینان ئەمانە وەکو بابەت ڕەنگ دانەوەی لە نێو کارە هونەریەکانی هونەرمەندانی کوردا هەبوون
هونەرمەندانی کوردیش لە پێش کارەساتی کۆمەڵکوژی ساڵانی هەشتاکان و بەکارهێنانی چەکی کیمایی ئەو کارە هونەریانەیان دروستکردوە وە نمایشیان کردوە ، بەڵام زۆرترین کار لە سەر کەلتوورو ئاشتی دروست کراون ، بەڵام لە ساڵانی هەشتاکان لەبەر ئەوەی ڕژێمێکی داپڵۆسێنەرو دیکتاتۆرمان هەبوو وە زۆرترین کارەسات لە کوردستانی عێڕاق ڕووی دا بە ئەنفال کردن و کۆمەڵکوژی بە کۆمەڵ و خاپوور کردنی گوندەکانی کوردستان و گواستنەوەی بارزانیەکان و ئەنفالی گەرمیان و ڕووداوەکانی چەکی کیمیایی هەڵەبجەو بالیسیان و بادینان ئەمانە وەکو بابەت ڕەنگ دانەوەی لە نێو کارە هونەریەکانی هونەرمەندانی کوردا هەبوون بەتایبەتی ئەو کات لە ساڵانی ١٩٨٢ بەدواوە بە شێوازێکی ئەپستراك یان هێماخوازی یان ڕێالیستی دەربڕین خوازی لە پێشانگا گشتییەکان کارەکانیان نمایش دەکرد یان بە شێوەی پێشانگای تایبەتی لە کوردستان و لە بەغداد .
من لەساڵی ١٩٨٩ پێشانگایەکم لە هۆڵی ڕەشید نمایش کرد بە ناونیشانی الاشجار المحروقە .. واتە دارە سوتاوەکان یان پەیکەرە سوتاوەکان لە هۆڵی ئاری لە قەڵای هەولێر لەساڵی ١٩٨٩ نمایشم کرد .. کە کارێکی بریتی بوو لە پۆستاڵێکی عەسکەری عێراقی لەسەر دار بەڕوویەك و سوتاندنی گوندەکان بە شێوەی ڕیلیف ، لە پشت هەر کارێکی هونەری یان نوسین و چیرۆکێك ماناو دەربڕێنێکی قووڵی تێدا بوو ، بۆیە کاریگەری شەڕ بە شێوەیەك کاری لەسەر هونەرمەندان دروست کردبوو کە هەموو بابەتەکان دەربڕین خوازی بوون بۆ کۆتایی هاتن بە شەڕ یان باس لەو ڕووداوانەی کە ڕوویان داوە ، زۆر لە هونەرمەندان ئەوانەی کەلە شاخ بوون یان لەدەرەوەی کوردستان بوون چالاکییان زیاترو ئازاد تر بوون ، بەڵام ئەوانەی لەژێر دەستی حکومەتی عێراقدا جۆری دەربڕینیان سنوور دارتر بوون ، بە شێوەیکی ئەکادیمی دەتوانین بڵێین شێوازی ئەبستراك و هێماخوازی و دەربڕینخوازی ئەو قوتابخانە هونەریانە بوون کە هونەرمەندان دەیانتوانی کاری لەسەر بەکەن ، بۆ ئەوەی ئازار نەکێشن یان تووشی گرتن و زیندانی نەبن ، هونەرمەند بە هۆی کاریگەری شەڕو کاول کاری زۆربەیان نەیان دەتوانی کاری سروشت و جوانی و خۆشی و ئاهەنگ بکەن یان کاری هونەری بکێشن ، چونکە ئەو ڕۆژگارانە کاریگەری دەروونی لەسەر هەموو تاکێکی ئەو ووڵاتە دروست کردبوو ، هەندێك توشی دڵەڕاوکێ یان کەئابە بوو کە پێ ی دەڵێن سترێس ، وە ڕەنگ دانەوەی ئەو جۆرە نەخۆشی یە لەسەرو هونەرەکەی بەدەر دەکەوت ، ئەمە بۆ ڕۆمان نووس یان شاعیر یان ڕۆشنبیریش وا بوو.
کارکردن لە جینۆساید بۆ مێژوو بۆ کۆکردنەوەی ئەو ئەرشیفانە و دەستبردن بۆ ئەو بابەتانە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی وورد هەیە تا بتوانیت سەرکەوتوو بیت
کاتێك هونەرمەندێك دەیەوێت کارێك بۆ جینوساید دروست بکات یان دەیەوێت باس لەو ڕووداوانە بکات ، بێگومان دەبێت بەدواچونێك بکات یان شتێك لەسەر ئەو ڕووداوانە بخوێنێتەوە تا ئەو کاتەی بیرۆکەیەکی لا دروست دەبێت ، دواتر ئو بیرۆکەیە دەکات بە فۆرمێك و دای دەڕێژێت ، چوونە نێو ئەو جیهانەوە کە کۆمەڵکوژی یە ئەوەندە ئاسان نی یە وە ئەوەندە بچووك نی یە بۆیە دەبێت لە ڕووی دەرونی یەوە خۆتی بۆ ئامادە بکەیت تاوەکو بتوانێت تەواوی ڕووداوەکان لە نێو کەڤاڵە هونەریەکاندا بتوێنیتەوە وە بتوانێت بابەتێکی زیندووی لێ دروست بکەیت ، ئەمە هۆکارێکە کە هونەرمەندەکە لەلایەکی ترەوە تووشی باری دەروونی دەبێت ، بەڵام بۆ مێژوو بۆ کۆکردنەوەی ئەو ئەرشیفانە و دەستبردن بۆ ئەو بابەتانە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی وورد هەیە تا بتوانیت سەرکەوتوو بیت لەو هەنگاوەدا ، وە گرنگە هونەرمەندان وە نوسەران و ڕۆشنبیران دەست ببەن بۆ ئەو دۆسیەیە چونکە ئەوە مێژووی نەتەوەیەکە لە ناوچەکەدا وە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا کە هەتا هەتایە دەمێنێتەوە ، گرنگی دان بە مۆزەخانەیەك بۆ جینوساید وە پاراستنی تابلۆکان و دەستنوسەکان و ئەرشیف و پەیکەرو ڕووداوەکان و کەرەستەکان و دیکومێنتەکان دەبێت بایەخێکی گرنگی پێ بدەین وە بیانپارێزین هەروەك ووتانی جیهانی لەهەموو سەدەکان ئەو گرنگیەیان بە کەلتوورو مێژووی خۆیان داوە وە هەر ئەوەش ئەو میللەتە بە زیندووی دەهێڵێتەوە .
هونەری شێوەکاری کوردی دەتوانێت لە ڕێگای کارە هونەریەکانییەوە زۆر پەیام بگەیەنێت وە لۆبیەکی گشتگیر دروست بکات لە سەرانسەری جیهاندا وە کاریگەری لە سەر ئەرشیف و دەوڵەمەند کردنی ئەو کەلتوورە هەیە ، ئامادە بوونی وهنەرمەندان لە دەرەوەی ووڵات کاتێك باسی ڕووداوی کۆمەڵکوژی میللەتەکەیان دەکەن ئەمە هەنگاوێکی گرنگە وە بەتایبەتی بەستنی کۆنفراس و لێکۆڵینەوە ی زانستی بۆ ئەو بابەتانە هۆکارێکن کە چ لۆبی وە خەڵکانی دەرەوەی کوردستان لە نزیکەوە ئەو ڕووداوانە وەکو خۆیان بناسێننن. ئێمە خۆمان شاهیدی ئەو ڕووداوانەین چ ئەو ڕوداوانەی ساڵانی هەشکاکان وە چ ئەو ڕوداوانەی کە لە شەنگال ڕوویان دا ، ئەو هونەرمەندانەی کە کار لەسەر کۆمەڵکوژی دەکەن زۆر کەمن بە پەنجەی دەستەکان دەژمێردرێن لەکاتێکدا کارەساتێکی بەو سێوەیە مێژووی وە کاریکەر کە چەکی کیمیایی تێدا بەکار هاتوە دەبوایە ئێستا چەندی دەستەو گروپ و ڕێکخراوی هونەریمان هەبوایە ، وە پێویست بوو کە دەزگا هونەری و ڕاگەیاندنەکان گرنگی تەواویان بەو بابەتە بدابایە ، بۆ ئەوەی هەنگاوەکانمان باشترو بەپەلەتر بچنە پێش ، مانەوەمان بەم شێوەیە وە نەگەیاندنی پەیامە سیاسی و کۆمەڵکوژیەکانمان بە کۆمەڵگای دەرەوە زیانی زۆرمان پێ دەگەینن بە شێوەیەك کە ئەو ڕووداوانە چەندین جاری تر دووبارە ببێتەوە ، بۆیە گرنگە لە ڕێگای هونەرو کەلتوورەوە ئەو هەنگاوە بنێین و خۆمان و نەتەوەکەمان بناسێنین بە جیهانی دەرەوەوە ، لۆبی کردن و پاڵپشتی هۆکارێکی گرنگە تاوەکو هونەرو کەلتوورو ڕۆشنبیریەت و کەڵچەری ئەم نەتەوەیە بە جیهان بناسێنین وە دەنگی میللەتی کورد بگەیەنینە جیهانی دەرەوە .
هونەر ڕاستە پەیامێکە بۆ مرۆڤایەتی و ئاشتی و دڵنەوایی وە دەوڵەمەند کردنی نەتەوەکان لە ڕووی کەلتووری یەوە ، بەڵام هەر ئەو پەیامەشە کاریگەری لەسەر مێژوو دەبێت ، وە لاپەڕەکانی مێژوو دەبارێزێت بۆ مرۆڤایەتی
لە ڕوانگەیەکی ترەوە ئەگەر تەماشای بەرهەمی هونەرمەندانی جیهانی بکەیت بەتایبەت ئەوانەی کە کاریان بۆ کۆمەڵکوژی کردوە ئەوا دەبینیت وێنەی ڕووداوەکان بە شێوەی ڕیالیستی دەربڕیوە چ بە هێڵکاری یان کاری ڕەنگ یان بە هونەرەکانی تر وەکو پەیکەر سازی و گرافیك و فۆتۆگرافیك یان دیجیتاڵی و تەکنەلۆژی تر لەم سەردەمەدا گرنگی پێ دەدرێت ، ئەگەر جیهان بەرەو تەکنەلۆژیایەکی سەردەمی دەڕوات بەڵام هونەرمەندان و کەسانی پسپۆریش توانیوانە داهێنان و تازەگەری لەو چەمکە هونەرەیەدا ئەنجام بدەن ، بۆیە لە زۆر کاری تردا لە ڕێگای قوتابخانە هونەری یە جیاوازەکانەوە وەکو سوریالیزمی یان دادایی یان دەربڕین خوازی ئەبستراك دەربڕینیان لەو کارەساتانە کردوە چ لە پۆرترێت یان بابەت یان فۆرمی کۆکردنەوەی تاکەکان ، کات و ساتی ڕووداوەکان و بەکار هێنانی جل و بەرگەکانیان یان کەلتوورەکانیان لەو تابلۆو پانۆڕامەیەدا وەکو دیاردەیەکی ئەو ناوچەیە خستۆتە ڕوو ، لە زۆر کاتدا بەهۆی گۆڕانکاری جیهانی بەسەر هەموو کەلتوورو هونەرو هێنانەکایەی هاوچەرخیەتیەکی مۆدێرن هونەر پەی بۆ تەنها هێمایەك بردوە ، واتە وەکو سیمبوڵێك ئەو کۆمەڵکوژی و جینوسایدەی ناساندوە ، بەڵێ ئێمەش لە لۆگۆو کارە سیمبوڵی دیزاینەکاندا ئەو کارەنەمان ئەنجام داوە ، بەڵام چۆن مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ تەکنەلۆجیایی سەردەمدا دەکات ! چۆن هەموو ئەو کارەساتانە لە چوارچێوەیەکدا کۆیان دەکەیتەوە ! یان چۆن دەتەوێت بە شێوەیەك کۆمەڵکوژی بناسێنیت !
لە گەڵ روودانی هەموو چەنگێکی جیهانی یان کۆمەڵکوژی و جینوساید پاشماوەیەك بۆ خۆی بە جێ دەهێڵێت ، وەکو چیرۆك و بەسەرهات و وێنەی ڕووداوەکان ، وە زۆر جار قوتابخانەیەك لەدایك دەبێت ، هەروەك لە پاش شەڕی جیهانی دووەم سەدەی زێڕین هاتە کایەوە وە لەهەمان کاتدا قوتابخانە سوریالیزمەکان و دادایەکان بە زۆر جار باوەڕیان بە هیچ نەبوو ، بەڵام نوێ کاریان ئەنجام دا لە بزوتنەوەکەیەندا ، هونەر ڕاستە پەیامێکە بۆ مرۆڤایەتی و ئاشتی و دڵنەوایی وە دەوڵەمەند کردنی نەتەوەکان لە ڕووی کەلتووری یەوە ، بەڵام هەر ئەو پەیامەشە کاریگەری لەسەر مێژوو دەبێت ، وە لاپەڕەکانی مێژوو دەبارێزێت بۆ مرۆڤایەتی .
کۆمەڵکوژی نەتەوەکان بەتایبەتی گەلی کورد پاشماوەو ڕەنگ دانەوەی بۆ چەندین سەدە دەمێنێت لەسەر کاری هونەرمەندان وە لەسەر کەڵچەری نەتەوەکان ، کاتێك لە ووڵاتێك ئەو کارەساتە ڕوودەدات ، مێژوو زۆی دوبارە دەکاتەوە کەلە شوێنێکی تری جیهان هەمان کارەسات بە شێوەیەکی تر ڕوودەدات ، بەڵام ئەو ووڵاتانەی کە ئیستقراری سیاسی تێدا نی یە وە شەڕو کاولکاری تیدا ڕوو دەدات ، کەلتوورو هونەرو ڕۆشنبیریش دەبنە کارێکی لاوەکی .
لەڕووی دەروونییەوە هونەرمەندان ئەوانەی کەلە نێو شەڕو کاولکاری و جینوسایدا ژیاون کاریگەری ئەو ڕووداوانە دەبێتە هۆکارێك بۆ تووش بوون بە نەخۆشی یە دەرونییەکان وەکو تراوما کە ئەویش سوو سێ بەشی هەیە ، پۆست سترێس تراوما وە تراومای ئینفیعالی و خەمۆکی و نەهێشتنی بیر کردنەوە وە زۆر حاڵەتی جیاجیا هەیە وەکو لەرزین و تووند بوونی ماسوڵکەکان و بیر کردنەوەی ڕەش .. بۆنمون ەلە سەردەمی شەڕدا ئەو ڕەنگانەی کە هونەرمەند بەکاری دەهێنێت یان ئەو قوتابخانانەی هەڵبژێری دەکات بۆ داڕشتنی کارێکی هونەری شێوازەکانی جیاوزترن لە هونەرمەندێکی تر کەلە جەنگدا نەژیاوە ، هەڵبژاردەی ڕەنگی ڕەش وتاریکی وە ڕەنگە مردوەکان وە قوتابخانەی هێماخوازی یان ئابستراك یان هونەرە هاوچەرخە بێ مانکان واتە هیچ دەربڕینێکی بۆ نی یە ، ئەمانە هۆکارن بۆ کاریکەری شەڕو کۆمەڵکوژی بۆسەر تاکی هونەرمەندەکەو کارە هونەریەکانی ، لەهەمان کاتدا کاتێك بەشێك لە وێنەی ئەو جینوسایدە وەردەگریت وە دەتەوێت بەڕاستی بچیتە نێو ئەو بابەتەوە وە ببیت بە بشێك لەوکارەساتە ئیدی لەوێشدا بیرۆکەو جیهانی نوێ بونەوەیەکی تر سەرهەڵدەدات ، گەڕان و پشکنین وگێڕانەوەی چیرۆکان و چوونە نێو گۆڕی مردوە بەکۆمەڵەکان و هەڵدانەوەیان و وورد بونەوە لەلاشەی تازە مردوو وە بەستنەوەی بە فۆرمێکی نوێ ئەمانە هەموو لە دیدەیەکدا کۆ دەبێتەوە ، یان کاتێك توێژەرێك دەیەوێت لەو دۆسیانە یان ئەو جینوسایدە بکۆڵێتەوە و دەچێتە نێو دونیای جینوسایدەوە ئەو تاکە دەبێتە بەشێك لەو ڕووداوانە وە بێگومان کاریگەری دەکات لە سەر دەروونی یان جەستەی ، وە پاشماوەی ئەو ڕووداوانە دەبێتە دۆکێمێنتێکی داگیرکراو لەنێو مێشك و هزردا ، کەم جار هەیە مرۆڤ ئەو کارەساتانە لە بیر دەکات ، هەروەك پسپۆرە شارەزایەکان دەلێن لەدوای تەمەنی ٤٠ ساڵییەوە هەموو ئەو ڕووداوانە وەکو نیشانەیەك لە لەشی مرۆڤدا سەرهەڵدەداتەوە ، زۆر جار مرۆڤ ئەوانەی کە هونەرمەندن یان ئەوانەی کە توێژەرن وە مرۆڤ بە گشتی بەشێك لە بارە دەروونیەکانی تێدایە ، بەڵام ئەوەی کەلە بەشدار بوەکەدا دەبینین زیاترە وە کاریگەرترە لەوەی کەلە دوورەوە ئەو کارەساتەی دەبینیت ، نمونە ئەو مرۆڤانەی کە خۆشەویستەکانیان لەدەست داوە ساڵانە لە وکات و شوێنەدا وە لەو یادەدا وە بیریان دێتەوە وە دەست دەکەن بە گریان ، بۆی هەیە تاچەند هەفتەیەك یان مانگێك ئەو برینە دیسانەوە سەرهەڵبداتەوە وە وا بە ئاسانی ساڕێژ نابێت .
زۆر پێویستە هەموو ئەو کەرەستەو جل و بەرگ و وێنەی دەمووچاوەکان و ژیانداریان وەکو خۆی لە نێو کەڤاڵ و پەیکەرو کارە هونەریە شێوەکاریەکاندا بپارێزین وەهەوڵ بدەین ئەو بینەرەی یان توێژەرە کە دێت تەماشای کارە هونەریەکان دەکات هەموو لایەکی لێوە دیار بێت
ئەو کۆمەڵکوژی جینوسایدو زیندە بەچاڵ کردنە تەنها مرۆڤەکان نین بەڵکو بەشێك لە کەلتوورو کەڵچەری ئەو ووڵاتە لەگەڵ خۆیاندا ژێر خۆڵ دەکەن ، وە دەبێتە هۆی سڕینەوەی کەلتووری ئەو ناوچەیە ، چوکە لە گەڵ زیندە بەچاڵ کردن و تێکدانی گوندو شارەکانیان و تەخت کردنیان ئەو کەلتوورە سەدان ساڵەیەش لە گەڵ خۆیان ژێر خاك دەکەن ، شتێك نامێنێت بەناوی زمان و کەلتوورو کەڵچەر ، وە فەوتاندنی ئەو کەرەستانەی باو باپیران بۆ هەتا هەتایە کۆتایی دێت ، هەر بۆیە سڕینەوەی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بە هەموو بەشەکانیەوە دەبێتە دیاردەیەکی ڕوون و ئاشکرا وە تەنها لە مێژوودا باسی لێوە دەکرێت .
توێژینەوەو لێکۆڵینەوە و بەدواچوون بۆ جینوسایدی میللەتی کورد کارێکی بەردەوامی دەوێت بەتایبەتی میللەتی کورد کە دەبێت لەهەموو ڕەهەندەکانەوە تەماشای بکەین وە لێ ی بکۆڵینەوە بۆ کۆنفراس و نمایش کردن لە ڕێگای تابلۆو مۆزەخانەوە مونێمێنت و جێگە بیرەوەریەکان و دیکومێنتاری و مۆزەخانەی دیکومێنترای ، هەروەك ووڵاتانی تر لەسەر ئەم ڕەهەندە کاری زۆریان کردوە وە گرنگی دەدەن بەو جینوساید کردنە لە نێو کۆمەڵگای جیهانیدا ، وە زۆر پێویستە هەموو ئەو کەرەستەو جل و بەرگ و وێنەی دەمووچاوەکان و ژیانداریان وەکو خۆی لە نێو کەڤاڵ و پەیکەرو کارە هونەریە شێوەکاریەکاندا بپارێزین وەهەوڵ بدەین ئەو بینەرەی یان توێژەرە کە دێت تەماشای کارە هونەریەکان دەکات هەموو لایەکی لێوە دیار بێت وە مێژووی ئەو ڕووداوانە وەکو خۆی بنوسرێتەوە ئەوجا وەکو پەرتووك یان پێناسەیەك لەبەردەم ئەو پەیکەرو تابلۆو چالاکیانەی کە ئەمجامی دەدەین .
زۆر پێویستە هونەرمەندانی کورد مێژووی خۆیان بە کارە هونەریەکان وە بە فۆرم و دەربڕیبنەکانیان دەرببڕن لەو تابلۆ و فۆرمانەی کە باس لە کۆمەڵکوژی گەلی کوردستان دەکات بەتایبەتی ئەو مێژوەیەی کە زۆر جار خۆیان لەنێو جەنگەڵی کارەساتەکاندا بوون وە تیایدا ژیاون ، زۆر لە هونەرمەندان لە نێو گوندو چیاو جێگەی ڕووداوەکان بوون وە لە نزیکەوە کارەساتەکانیان بینیوە وە توانیویانە لە تابلکانیاندا ئەو وێنانە بنەخشێنن ، بەڵام زۆر پێویستە لەوە زیاتر گرنگی بە زیندووکردنەوەی ئەو مێژوە بدرێت ، چ لە ڕێگەی کێشانی تابلۆکانیان یان داتاشینی پەیکەرەکان و گرفیك و دیوار بەندو پەیکەر گۆڕەپانەکان و مۆنێمێنت و گۆڕەپانەکانەوە بێت یان ئەوەتا لە ڕێگەی توێژینەوەو لێکۆڵینەوەو نوسینەوە دەربڕین لکە و ڕۆژگارە سەختانە بکەن کە چوار هەزار وە پتر مرۆڤی بێ تاوان زیندە چاڵ و کۆمەڵکوژی کران یان وێران کردنی ئەو هەموو گوندانە ، ئەمە لەکاتێکدا کە هونەرمەندان ڕۆڵی گرنگیان هەبوە لە کۆنفراس و کۆبونەوە نێو دەوڵەتییەکان کە بەشدار بن بە پێشانگا یان لێکۆڵینەوەی زانستی هونەری جینوساید کەبەسە گەلی کوردا هاتووە ، دورست کردنی پەرتووکی هونەری و فۆڵدەرو پرۆپۆزڵ بۆ لە بەرچاو خستنی تابلۆکان و وێنەکان هۆکارێکی ترن لە ناسینی جینوسایدی میللەتی کورد بەتایبەتی ئەگەر ڕیزبەندیان بۆکەین ئەوا لە کوردانی ( فەیللیەکان و بارزانییەکان و کرستیان و ئێزیدیەکان و کاکەیەکان و بادیدنان و شەبەکەکان و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەهەڵەبجەو بالیسیان و بادینان وە کۆمەڵکوژی زیندوو بەچاڵکردن وئەنفالکردنی خەڵکی کوردستان و دوا کارەسات جینوسایدی ئێزیدیەکان لە ناوچەی شەنگال و دەوروبەری .
زۆرێك لە ڕێکخراوەکان کە تایبەتن بە جینوسایدی کور لەکوردستان هەوڵ و هیمەتی ئەوەیان کردوە کە ئەو وێنەیەی کوردستان لەکارەساتە جیاجیاکان بناسێنن بە کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی بەڵام زۆر گرنگە بزانی لە چ ڕێگایەکەوە وە چ پەیامێك ! ئایا وەکو بەیاننامەی سیاسی یان لە ڕێگای چالاکیە مەدەنیەکان یان چالاکیە هونەریەکان لە نێو کۆمەڵگای جیهانیدا !
لە بەرواری ١٠ / ٧ / ٢٠٢٣ بۆ ١٤ / ٧ / ٢٠٢٣ لە شاری بەرشەلۆنای ئیسپانیا بە هاوکاری ڕێکخراوی کەی جی لۆبی سەنتەر بەسەرۆکایەتی خاتوو ئاورنگ شاوەیس کەلەگەڵ دامەزراوەی ئای ئی جی ئیس ی نێودەوڵەتی وە بەهاوبەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان بە سەرۆکایەتی جەنابی وەزیر ( عبداللە حاجی محمود ) و ١٧ ئەندامی بەشدار بووی وەزارەت و دەستەی کەی جی لۆبی سەنتەر لاپەڕەکانی جینوسایدی میللەتی کورد کرا بە پرۆپۆزڵ و لەو کۆنفراسە نێودەوڵەتیەدا خوءنرایەوە لەلایە خاتوو ئاورنگ شاوەیس وە خاتوو سیلیڤیا ڕوناو، ئەمە هەنگاوێگی گرنگ بوو وەکو لۆبیەك وە وە کو دان پێدانانێك و بڵاو کردنەوەین بەڵگەنامەیەك کە میللەتی کورد جینوساید کراوە بەهەموو قۆناغەکانیەوە ، بێگومان لە ساڵانی ڕابردوودا هونەرمەندانی کورد بەشدار بوون لە چالاکیەکانی دامەزراوەی ئای ئەی جی ئیس وەکو شێوەکار ( عوسمان نوری ) بە کارە هونەریەکانی ، بەڵام وەکو باسمان کرد بەشداری کردن لە هەموو ناوەندە جیهانیەکان ، ئەو جێگایانەی کە سەنتەری لێکۆڵینەوەو زانکۆو ڕێکخراوی نێودەوڵەتی هەیە گرنگی وە تایبەتمەندێتی خۆی هەیە بۆ بەرەو پێش چوونی پرۆسەکان .
هونەری شێوەکاری وەکو کەلتوورێك هەموو جیهان بە خاڵ و بابەتێکی زیندووی ئەم سەردەمەی تێدەگەن
لە نیسانی ٢٠٢٣حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان لە هۆڵی سەعد عەبدواللە لە شاری هەولێر کۆنفراسێکی ڕێکخست بۆ بەناساندن و لێکۆڵینەوە لە جینوسایدی میللەتی کورد کە من وەکو ش ێوەکارێکی کورد ٤٠ تابلۆی جیاجیام تایبەت بە جینوساید نمایش کرد ، وە لو کۆنفراسەدا چەندین پسپۆڕو شارەزاو لێکۆڵەری بواری جینوسایدی کوردستانی و جیهانی ئامادەی ئەو ڕۆژە بوون ، دواتر لە مانگی ٥ / ٢٠٢٣ لەهەمان هۆڵ هۆڵی سەعد عبداللە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ کۆنفراسی کوردانی فەیللیەکان بە ڕێوە چوو بەسەرۆکایەتی جەنابی سەرۆك بارزانی وە هەر جەنابیان پێشانگایەکی ٥٠ تابلۆی تایبەت بە جینو سایدی گەلی کوردستانم ئامادە کردبوو پێشانگاکە کرایەوە بەئامادە بوونی چەندین لەکەسایەتی ناسراو وپسۆڕو شارەزای بواری جینوسایدی جیهانی . ئەم هەنگاوانە هۆکارێکن بۆ ناساندن و شی کردنەوەی کاریگەری جینوساید لە سەر تاك و هونەرو کەلتوورو لێکۆڵینەوە ، وە لە نزیکەوە لە ڕێگای هونەری تابلۆکانەوە ئەو ئازارو مەینەتی و ماڵوێرانی و کۆمەڵکوژی و دەربەدەریە دەبینین وە وێنەیەکامن بۆ ڕوون دەبێتەوە سەبارەت بەو دەسەڵاتانەی کە چۆن مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن وە مرۆڤایەتی دەخەنە ژێر پرسیارەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست .
من بە گرنگی دەزانم کە هونەرمەندانی کورد لە هەر جێگایەك بن چ لە کوردستان یان لەدەرەوەی کوردستان لە ڕێگەی ڕێکخراوە جیهانییەکان و فیدراسیونی کوردستان و دەزگا نافەرمیەکان یان فەرمیەکانی ئەو ووڵاتانەوە لە ڕێگەی کەلتوورو هونەرو کەڵچەرەوە لێقەوماوی میللەتی کورد سەبارەت بە جینوساید کردن و کاولکاری کوردستان لە گوندو شارو شاروچکەکانەوە وە پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و خەڵکی سڤیل بخەنە ڕوو وە کارەکانیان نمایش بکەن وە ووتارو ڕوون کردنەوەیان هەبێت لە سەر کارەکانیان وە هەموو ڕووداوەکان ، دروستکردنی لۆبی یان دۆستایەتی کەسایتیە جیهانییەکان گرنگیەکی زۆر گەورەی هەیە بۆ نەتەوەکەمان وە ناوچەوکەمان ، تا چەند گرنگی بدەین بە چالاکیەکان لە ڕووی لۆبی وە لە ڕووی دۆسایەتی مییللەتەکانی جیهان ، ئەوەندە گرنگە بۆ بەدەست هێنانی ئازادییەکانمان وە مانەوەمان لە ناوچەکەدا ، چونکە ئەگەر ئەم جۆرە ووتارانە بەتایبەتی لە ڕێگەی هونەرو تابلۆکانەوە سەرەنجی بینەر زیاتر ڕادەکێشێت وەکو بەیاننامەیەکی سیاسی کە شەرت نی یە هەموو کەسێك لە سیاسەت تێ بگات یان گوێی لێ بگرێت ، بۆیە کەلتوور هەردەم ڕێگەیەکی زیندوە وە گوێ لێگرو بینەرییە بۆ مرۆڤ تاوەکو بتوانێت بەئاشتیانە مامەڵەی لەگەڵدا بکات .
گرنگی بەو تابلۆیانە بدەین کە باس لە جینوسایدو کۆمەڵکوژی و ئەنفال و کیمیاباران کردن و هەستی مرۆڤایەتی و پاشماوەی ئەو کارەساتانە وەکو بەڵگەیەکی مێژووی بپارێرێزین و نمایشیان بکەین
کاری هونەری هونەرمەندان لە ڕابردوودا کاریگەری زۆری هەبوە لە جیهاندا سەبارەت بەتایبەتی چ لە شەڕەکانی جیهانی یەکەم و دووەم وە دواتریش ، ئەوەی مرۆڤ زیاتر ڕادەگرێت وە وای لێ دەکات نیگای لێبگرێت و لێکدانەوەی بۆ بکات ئەو هونەرو کەڵچەرەیە کە خودی خۆی و هزری خۆی لێکدانەوەی بۆ دەکات ، نەك گۆهداری کەسێکی تر بێت ، بەتایبەتی ئەو هەستانەی کە ووتن دەرنابڕێن وە لە چوار چێوەیەکدا کۆ دەکرێتەوە ، شێوەکاریش بەو ڕەنگ و فۆرم ودابەش کردنانەوە ئەو وێنەیە دەکێشێت کە هەست و سۆزی مرۆڤی بۆ دەڕوات ، وە نمایش کردنی ئەو جەنگ و وێرانکردن و ڕووداوانەی ڕابردوو لە دیوار بەندی یان لە نێو کەڤاڵێکدا کە ئێستا زۆریان لە مۆزەخانەکاندا ماون و نمایش کراون ، یان لە مۆزەخانە ئەکادیمی و دامەزراوە بنەما جینوسایدەکان بە سەدان بینەرو لێکۆڵەر دیدەی لێ دەگرێت و گرنگی بەناوی هونەرمەندەکەو فۆرمی کارەساتەکان دەدەن . وە بێگومان کاریگەری گرنگی هەیە لە تێڕوانینی تاك و دەسەڵات و کۆمەڵگای مەدەنی .. هونەری شێوەکاری وەکو کەلتوورێك هەموو جیهان بە خاڵ و بابەتێکی زیندووی ئەم سەردەمەی تێدەگەن چونکە دەزانن ڕەهەندی بوژانەوەی شارستانیەتیش تاچەند گرنگی خۆی هەیە ، ئەوەی لەسەر ئێمەشە بە گرنگی دەزانم کە دەبێت بێجگە لە هۆڵ و بینالەو مۆزەخانەو گەلەری و ئەکادیمیاو پەیمانگاو مونێمێنت و جێگەی نمایش کردن ، گرنگی بەو تابلۆیانە بدەین کە باس لە جینوسایدو کۆمەڵکوژی و ئەنفال و کیمیاباران کردن و هەستی مرۆڤایەتی و پاشماوەی ئەو کارەساتانە وەکو بەڵگەیەکی مێژووی بپارێرێزین و نمایشیان بکەین و دەرگایەکی لێ بکەینەوە بۆ گەشتیاران و کەسانی پسپۆڕو خەڵکانی جیهان کە مێژووی ئەو میللەتە لە ڕێگای کارەهونەری یە شێوەکاریەکانەوە ببینن .
ئهندامی هونهرمهندانی کوردســــــــــــــــــــتانه
ئهندامی نهقابهی هونهرمهندانی عێراقی یه
ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانە
ئهندامی سهندیکای رۆژنامه نوسانی کوردستانه
ئهندامی هونهرمهندانی رۆژئاوای هۆلــــــــهندایه
ئهندامی ART IN ACTION له شاری رۆتردام .. هۆلـــــــــــهندا
ئهندامی AIDA NEDERLAND له شاری ئهمستردام. هۆلهندا
ئهندامی K.I.A له شاری بریدا . هۆلهنـــــــــــدا
ئهندامی هونهرمهندانی شاری رۆزنداڵ . هۆلهندا
ئەندامی ناوەندی فیدراسیون و ڕەوەندی کوردستانی یە
ئەندامی کەی جی لۆبی سەنتەری جینوسائیدە لە هۆڵەندا
ئەندامی ڕۆژنامەنوسانی نێودەوڵەتی یە
1981-1986 پهیمانگای هونهره جوانهکانی شاری سلێمانی .کوردستانی عێراق تهواوکردوه.
1999 دبلۆمی H B O ی هونهری له شاری بریـــــــــــــــــــــــدا ی هؤلهنــدا وهرگرتووه.