عەزیز پیرداود بۆ دیاسپۆرا: کاری پیشانگاکە زۆر ساکار بوو، بەڵام بیرۆکەیەکی گەورەی پێشکەش دەکرد
پەیامنێری دیاسپۆرا/ هەولێر
لەم ماوەیە لەهەولێر هونەرمەند (سەردار سنجاوی) پیشەنگایەکی لە هەولێر کردەوە، کە ژمارەیەک تابلۆی جیاواز لە شێوە و نێوەڕۆک نمایش کردبوو. بایەخ بە دروستکردنی بۆشایی دەدات، لەپێناو بەدیهێنانی بینین و دونیابینیەکی جیاواز. بۆ تیشک خستنە هەندێک لایەنی پێشەنگاکە مامۆستا و هونەرمەندی شێوەکار (عەزیز پیرداود) لە هەولێرەوە لەرێگەی ئەم لێداون و شیکارییە هونەرییە وەڵامی چەند پرسیارێکی ماڵپەڕی (دیاسپۆرا)ی دایەوە:
(سەردار سنجاوی) لەم پێشەنگایە ھونەرەیەدا چەند تازەگەری کردووە و جیاوازتر لە بەرهمەکانی دیکەی بەرهەمەکانی نمایش کردووە و چەند توانیویەتی بەرھەمێکی جیاوازی نوێ بە بینەر و ھەوادارانی ھونەری کوردی پێشکەش بکات ؟ (عەزیز پیرداودی) هونەرمەند ڕاشکاوانەگوتی: لەسەردانم بۆ پیشانگا تایبەتیەکەی ھونەرمەند ( سەردار سنجاوی ) ھەندێ میتاڵ و کەرەستەی سادەو تازەکارانەم بینی ھەروەھا دوو تابلۆی رەش بە دوو قەبارەی جیاواز لە کەشێکی تاریک ھەڵواسرابوون و تیایدا میتاڵی پلاستیکی بەرامبەریان بەکار دەھێناو لە بەرامبەر یەکێکیان بەشێوەی لاکێشەیی ھاتبووە خوارەوە و ھەر لە تونێڵی میتاڵەکەوە خۆت ئاوێزەی تابلۆکە دەکردو ھونەرمەندەکەش لە میانی چاوی کامیراکەیەوە گرتەیەکی فۆتۆیی بۆ وەردەگرتی و ئەنجامی ھەوڵەکەی شێوەیەکی نوێی لە کارکردنی شێوەکاری دەبەخشی و بەھۆیەوە بینەر دەبووە بەشێکی کارا لە بەرھەمەکەی ئەو.
لە ئاکامی پتر تیشک خستنە سەر نێوەڕۆکی کارە هونەرییەکان(عەزی پیرداود) گوتی: کاری پیشانگاکە زۆر ساکار بوو، بەڵام بیرۆکەیەکی گەورەی دەدا ئەمەشیان بە ھاوکاری و سوود وەرگرتن لە کەرستەی ھاوچەرخ یان تەکنەلۆژیای نوێ. بیرۆکەیەک گەڵاڵە کرابوو کە لەوێوە دونیای جەنجاڵی لە خەریک بوون بە ئامادەکاریەکانی تابلۆی شێوەکاری « زەیتی ـ ئاوی ـ گرافیک … تد » فەرامۆشکرابوو و بەجۆرێک ساکاری کردبوو بینەر تیایدا سەراسیمە دەبوو کە بەو خێراییە و کات بەفیڕۆ نەدان سەردانی پیشانگاکە دەکاو خولیاو بیرکردنەوەشی ئاوێزە دەکرد بە کەڤاڵێکی ھونەری خێرا کە تەواوی بنکەکانی ھونەری تێدا بێت ، ئەم پیشانگایە وای لە بینەر دەکرد بە فەرمی دەبێ ھاوژوانی کارەکە بێ و بە پێچەوانەوەش سەردانەکەو کارەکە دەبوونە بەرھەمێکی کرچ و کاڵ و ھیچ واتایەک و پڕۆژەیەک وەک پەیام بەدەست نەدەھات.
لە درێژەی سەرنج و شیکاری خێرای کارە هونەرییەکە گوتی: (سەردار) لەم بەرھەمەیدا بینەری ناچار دەکرد، کە وابەستەی کارەکە بێ بابەتیش ئازادی ڕەھای بەرکەوتبوو. ھەردوو تابلۆکە دوو تێزی دوو سەردەمی جیاوازی نیشان دەدا لە گەورەکەیاندا کارێکی نوێخوازانە بەو مەبەستەی بڵێم سەردەمیانە و لە تابلۆ قەبارە بچوکەکەش دونیای کلاسیک و پەلی دەگرتی بۆ گەڕانەوە بۆ مێژووی کۆن و بۆ پۆز و نوازشی سازدانی تابلۆیەکی سەردەمی کلاسیکی. فەزاو ڕووناکی و ڕووخساری کەسەکە « بینەر » بەیەکەوە سروشی کاری تابلۆیەکی شێوەکاری «پۆرترێتی» پێدەبەخشی.
(عەزیز پیرداود) لە لێکدانەوەی تابلۆکان و هەنگاوە تازەکانی هونەرمەند دەڵێت: بەکورتی (سەردار) لەم پیشانگایەیدا توانیوێتی جیاوازیەک بکات لەگەڵ کارەکانی ڕابردووی بەوەی کە گۆڕانکاری و پێشکەوتنێک لە خودی خۆی و کارەکانی بەدی دەکرێت و بەرەو ساکار بوون ھەنگاوی ناوە، ھەروەھا شێوازی گەیاندن و پێشکەشکردنەکەی جیاوازە و پشتی بە میتۆدەکانی ھاوچەرخ بەستووە و ئازایانە و بە باوەڕ بەخۆبوون ھاتۆتەوە مەیدان. کارەکەی لە بواری ئەنجامدانی پۆرترێت سەرکەوتووە، بەڵام نازانم لەبوارەکانی بابەت و سروشت و ھەروەھا بۆ نمایشی شانۆیی و کاری فلیمسازی چۆن دەبێت. ھەرچەندە کورتە فلیمێکی ئامادە کردبوو من وەکو کارێکی ڕیکلامی تێیگەیشتم و ھەروەھا خاڵێکی تری سوود بەخشی تریش بە بینەر دەدات، کە لەمەودوا بایەخ بدات بە گرتە فۆتۆی بابەتیانە و ھەوڵ بدات ھەڕەمەکیانە وێنە نەگرێت.
بۆ پتر ئاشنابوون بە پەیام و ئەرک و گوتاری کارە هونەرییەکان بە گشتی و ئەوەی (سەردار سنجاوی) کردوویەتی، پرسیمان، ئایا ھونەر دەتوانێت گۆڕانکاری و بووژانەوە « رێنیسانس » لە فکر و کەلتووری کوردیدا بکات و لەم ڕێگایەوە بەرەو جیھانیبوون ھەنگاو بنێت ؟. هونەرمەند (عەزیز پیرداود) لەنیو بیرکردنەوەیەکی خێرا و نیمجە قووڵدا بە (دیاپسۆرای) ڕاگەیاند، کە: بێگومان ھونەر وەکو مینبەرەکانی تری پەیوەندار بەژیانەوە بە تایبەتی بوارەکانی (ڕۆشنبیری) بە ھەموو بەش و جیاوازیەکانیانەوە ئەویش ستێگێکی فراوانە بۆ دەنگ ھەڵبڕین و شان بەشانیان بەشداری گۆڕانکارییەکان دەکات، ئەگەر بە وردی مێژووی ھونەری وڵاتانی ئەوروپا بخوێنینەوە، چونکە ئەوان جگە لە بوارەکانی دیکە بواری ھونەریشیان وەکو لاپەڕەکانی مێژوو یەکە بەیەکەی تابلۆکان ئاسانکاری خوێندنەوەی سەردەم و ھەوڵەکانی گۆڕانکاریت پێدەدەن. ئەو کاتەی ھونەر ڕاستگۆیانە بخزێتە ناو جەماوەر و سەرچاوەی داھێنانەکانی لە حەز و ویستی ئەوانەوە ھەوێن بکرێت ئەوا گومان دەڕەوێنێتەوە، کە بڵێین (ئایا ھونەر دەتوانێت ببێتە چاوگێک بۆ دەربڕین یان ببێتە ئاڵا ھەڵگری گۆڕانکاریەکان ؟) ھەتا زیاتریش ڕوو بچێتە ناخی کلتووری ناوچە و نەتەوەکەی خۆی زیاتر لە بە جیھانی بوون نزیک دەبێتەوە، چونکە تایبەتمەندی نەتەوەکان جیاوازن، ئەوەش خاڵێکە بۆ مەراقی بینین لە پێشانگە جیھانییەکان .لە کۆتاییدا دەڵێم ئەمجۆرە ئەزموونانە و ڕەنگاوڕەنگ کردن لە پێشکەشکردنی پێشانگەی ھەمەجۆر و خۆ نەبەستنەوە بە تەنیا میتاڵێک و لاسایی نەکردنەوەی کارەکانی ڕابردوو، ھەروەھا کاوێژ نەکردنەوەی زەیت و ھەمۆشن و چوارچێوە و تێچووی زۆری سازدانی تابلۆ ھۆکارێکی گرنگە بۆ ڕاکێشانی بینەر و ئاوەدانکردنەوەی ھۆڵەکان.