فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

گفوگۆیەکی هونەری.. فرود باقی:  بەشێوازی قوتابخانەی واقیعی ئیش دەکەم

 

گفتوگۆیەکی هونەری

فرود باقی:  بەشێوازی قوتابخانەی واقیعی ئیش دەکەم

سازدانی / عەلی جمال

فرود باقی لە شاری سلێمانی لەدایک بووە ، بەشی هونەری پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی سلێمانی تەواو کردوە . بەشداری زیاتر لە ٥٠ پێشانگای هونەری کردوە لە ناو هەرێمی کوردستان و دەرەوەی کوردستان بەتایبەتی شاری سنە و تاران ، لەم دیداری ناوەندی رەوەندی کورد لە دەرەوە باس لە ژیان و کار و ئەزمونەکانی لەبواری هونەری نیگار کێشاندا دەکات .

پرسیار : باسی ژیانی خۆتمان بۆبکە ؟

چۆن بەهرەی هونەری خۆت دۆزیەوە ؟ئەتوانم بڵێم لە ساڵی ١٩٨٧ هەستم بەوەکرد کە بەهرەی هونەریم هەیە ، خۆم لە دنیای هونەری وێنە کێشاندا دۆزیەوە لە ساڵی ١٩٨٧ تاکو ١٩٩٠ لە نێوانی ئەم سێ ساڵەدا سەیری کۆمەڵێک بەرنامەم کرد بە تایبەتی ئەو بەرنامانەی کە لە تەلەفزیۆنی بەغداد پەخش دەکران وەک بەرنامەی مرسم صغير هونەرمەندی عێراقی خالید جەبر بەرنامەکەی پێشکەش دەکرد ، ئەو بەرنامەیە هاندەرێکی زۆر زۆر باشم بوو لە هەمانکاتیشدا یارمەتی دەرم بوو کە بەهرەی هونەری خۆم بدۆزمەوە ، هەروەها لەو سەردەمەدا چەندین کاری هێلکاریم بە قەلەمی خەڵوز لە سەر کارتۆنی کارسن کرد ، وە بۆیەکەم جار تیوبی ئاوی و ڕەنگی ئاویم بەکارهێنا ، لەبەر ئەوەی پێشتر زانیاریم نەبوو لەسەر ڕەنگی ئاوی هاتم ڕەنگی ئاویم بەکارهێنا لەسەر شووشەیەک وە دیمەنی سروشتم لەسەر دروست کرد ، بەیانی کەهەستام سەیرم کرد هەموو ئیشەکە قڵیشابوو لە بەرئەوە بردمەوە بۆلای دووکاندارەکە وتم وێنەکە قڵیشاوە لە وەڵامدا وتی لەبەر ئەوەی ڕەنگی ئاوی لەسەر شووشە بەکاری بهێنیت کە ووشک بووەوە ئەقڵیشێت دەبێت تۆ ڕەنگی ڕۆنی بەریت و بەکاری بهێنیت نەک ڕەنگی ئاوی ئیتر لەو کاتەوە ئاشنا بووم بە ڕەنگی ڕۆنی و بەکارم هێنا ، لە ساڵی ١٩٩٧ لە بەشی هونەر لە پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی سلێمانی وەرگیرام، بەڵام بەختی من لەوەدا بوو لەو دوو ساڵەدا باشترین مامۆستاکان وانەیان پێدەگوتین لەوانە مامۆستا بەختیار قەفتان و مامۆستا جەزا بەکر لەگەڵ چەندین مامۆستای بە ئەزمونی تر ، لەو ماوەیەدا ئەزمونی زۆرم پەیدا کرد ئەوەبوو لە مەرحەلەی یەکەمدا لە پێشانگا هاوبەشەکانی پەیمانگادا بەشداریم کرد هەروەها لە کۆتا مەرحەلەی خوێندندا لە ڕێکەوتی ٢٧ /٢/ ١٩٩٩ مامۆستا جەزا بەکر بەڵێنی پێدام کە پێشانگایەکی تایبەتم بۆبکاتەوە ، ئەوە یەکەم کاری ئەزمونیم بوو کە کردمەوە وە ئیشەکانیشم بریتبوو لە هێڵکاری و ڕەنگەکان بەگشتی لەگەڵ بەکارهێنانی کۆلاج ، ئەمە بووە سەرتای ئەوەی کەمن بتوانم لە داهاتوودا ڕێگەی هونەری خۆم بدۆزمەوە .

 

شێوەکار دەبێت بەهەموو قۆناغەکاندا تێپەڕێت

پرسیار : چەندین قوتابخانەی هونەری هەیە سەر بەکام قوتابخانەی هونەریت ؟

کام ڕێچکەیان بەکار دەهێنیت؟ هەندێک قوتابخانەی هونەری هەیە بەتایبەتی قوتابخانەی تەعبیری و تەجریدی ، تەعبیری واتا گوزارشت خوازی ، تەجریدی واتا هونەرێکە داماڵدراوە لە شێوە و بەس ڕەنگەکان تێکەڵ دەکەیت ئەم شێوازی ئیشکردنە تاکی کوردی زۆر حەزی بۆی ناچێت ، بەڵام لەشێوازی کاردنی ئێستامدا لەسەر شێوازی قوتابخانەی واقیعی ئیش دەکەم هەندێک لە خەڵک داوای ئەم شێوازە دەکەن وەک تەلار سازی بە شێوەی شێوەکاری ، تاکی کورد ئێستا حەزی لەوەیە کۆڵانێک بکێشیت کە عەرەبانەیەک و ڕووخساری مرۆڤی تیابێت وە زیاتر لە شێوە کۆنەکان ، شێوەکار دەبێت بەهەموو قۆناغەکاندا تێپەڕێ وەک هێڵکاری و کۆلاج و ڕەنگەکان .

پرسیار : ئایا بە چ هونەرمەندێکی نیگارکێشی جیهان سەرسامیت و کاریگەری لەسەر تۆ هەبێت ؟

بتەوێت و نەتەوێت لە هەر کارێکی هونەری یان ئەدەبیاتدا ئیش بکەیت لەوانەیە سەرسام بیت بە شێوازی ئیش کردنی یەکێک لە هونەرمەندە جیهانیەکان بەڵام وەک تەئسیرات بۆ سەر من نەخێر نەبووە بەڵام وەکو حەزم لە شێوازی کارکردنی بووبێت ئەویش هونەرمەند پابلۆ پیکاسۆ یە .

پرسیار : ئایا تابلۆیەک پێش تەواو بونی یا دوای تەواو بونی دڕاندوە لەبەر ئەوەی کەسێک بەدڵی نەبووبێت ؟

بەڵی تابلۆیەکم هەبوو دڕاندم ، لە ساڵی ٢٠١٣ دا لە پێشانگای دووەمم لە مۆزەخانەی سلێمانی تابلۆیەکم هەبوو کەلەسەر ڕەخنەیەک دڕاندم بەڵام دواتر پەشیمان بوومەوە هەروەها ئەمەش بووە ئەزمونێک بۆ من .

 

کارەکانی ئێستام پتر کوچە و کۆڵانەکانی سلێمانییە

پرسیار : ئایا تابلۆیەکت چەند کات دەخایەنێت کە بیكێشیت ؟

ئەو کارانەی کە ئێستا دەیکەم واقیعیە زیاتر کوچە و کۆڵان و نیشان دانی ژیانی ڕابردووی سلێمانیە هەربۆیە نزیکەی ٢٠ بۆ ٢٥ ڕۆژ ئیشی تیادەکەم بۆ قیاسی ٥٠ بە ٧٠ .

پرسیار : کام تابلۆت لەهەموو تابلۆکانی تر زیاتر خۆشت دەوێت ؟

هەموو تابلۆکانم خۆش دەوێت بەڵام فەترە فەترە ئەو خۆشەویستیە دەگۆڕێ بۆ نمونە من نزیکەی ٥٠ تابلۆم هەیە ، هەر فەترە و دانەیەکیان دەچنە دڵمەوە بەهۆی زیاتر وەرگرتنی ئەزموون لە شێوازی کارکردن و تەکنیکەکان کە بەرەو پێش دەچێت ، ئەو گۆڕانەش هەست دەکەم کە بەجێماوە و تەکنیکی نوێ دێتە پێشەوە بەڵام کێشانی هەرتابلۆیەک تامێکی تایبەتی خۆی هەیە .

پرسیار : ئایا هونەری وێنەکێشان بەهرەیەکی خوداییە یاخود هەموو کەسێک دەتوانێت ببێتە نیگار کێش ؟

دەبێت خودا ئەو بەهرەیەی پێدابیت و لە هەمانکاتیشدا هەندێک هۆکار بۆ ئەوەی تۆ بتوانیت بەهرەی خۆت بدۆزیتەوە هەندێک کات هەر لەسەرەتاوە درک بەم بەهرەیە دەکا هەندێک لەکۆتایدا وەک زۆر مرۆڤ هەیە بەڕێکەوت کۆمەڵێ فلچە و بۆیە کەوتۆتە بەردەستی دوای ماوەیەک توانیویەتی کۆمەڵێ کاری زۆر جوان بکێشێت ، وەک پێشتر ئاماژەم پێدا دەبێت سەرەتا بەهرەی هونەریت تێدابێت وە خاڵێکی تر چوون بۆ دەورەیەک یان خولێکی هونەری .

 

پرسیار : ئایا ڕاستە دەڵێن فرود باقی لە پێشانگایەکیدا هەموو تابلۆکانی فرۆشرا ؟

بەڵی ڕاستە من لە ساڵی ٢٠١٧ یەکەم شێوەکار بووم لە شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان هەموو تابلۆکانم فرۆشرا تەنانەت پێش ئەوەی قردێلەی ئفتیتاحەکە ببڕین ، هەروەها ١٧ لەوحەم لە مۆزەخانەی کەلەپوریە ، ٢ لەوحەم لە ماڵی سۆفی کەریمی سەڕاجە کە یەکێک لە تابلۆکان ئەو خانووە خۆیەتی .

ئێمە لەنێو هەرێمێکی داخراودا کار دەکەین

پرسیار : بارودۆخی وێنەکێشان لە کوردستان چۆنە ؟

بارودۆخی هونەری وێنە کێشان لە کوردستان لە ئێستادا خراپە لەبەر ئەوەی سپۆنسەر نیە و فەوزایەکی سیاسی و دارایی هەیە ، ئەمەش بۆتە ئاستەنگ بۆ ئێمە چونکە بینەرمان لەناو پێشانگاکاندا کەم بۆتەوە و کڕیاری کارە هونەریەکان زۆر زۆر کەم بۆتەوە ، ئەوەی جێگەی نیگەرانیە ئێمە لەناو هەرێمێکی داخراودا کاردەکەین و کارە هونەریەکان و پێشانگاکانی دەرەوە نابینین نازانین هونەرمەندانی دەرەوە چۆن کار دەکەن ، بڕوا دەکەی کاک علی دە ساڵ پێش ئێستا زۆر باشتر بوو چونکە لە ئێستادا نمایشەکان زۆر کەم بوونەتەوە لە و ئاستەدا نیە کە بتوانیت بڵێیت ئەمە نمایشێکە تایبەتمەندیەکی پێوە دیار بێت ، هەست دەکەیت بازنەیەکە و تێیدا دەسوڕێیتەوە .

پرسیار : فرود باقی حەزی لە چ ڕەنگ و وەرزێکە ؟

ئێستا من ڕەنگی قاوەیی داگیری کردم چونکە زۆرێک لەو کارانەی کە دەیکەم ڕەنگی قاوەیی تێیدا زاڵە بەسەریدا ، هەموو وەرزەکان جوانە بەلامەوە بەڵام زیاتر پایز و زستان .

من تابلۆکانم لە سۆشیال میدیا بڵاوناکەمەوە

پرسیار : لە داهاتوودا بەتەمای چ کارێکی هونەریت ؟

لەم سایتە جوانەی ئێوەوە ئەوە ڕادەگەیەنم کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەتەمام کوڕاسەیەک ڕابکێشم بۆ ئیشەکانم و سەرجەم وێنەکانی ئێستام نەک ئەوەی ڕابردوو دەیکەم بە موفاجەئەیەک بۆ وەسەتی فەنی ، من هەتاکو ساڵی ٢٠١٧ ٢٥ تابلۆم هەبووە  ئێستا ٢٦ لەوحەی ترم هەیە هیچم لە سۆشیال میدیا دانەناوە ، لەبەرئەوەی کاک علی یەک نمونە بۆ ئێمەی شێوەکار کە بڵاوی دەکەینەوە برادەرانی شێوەکار دێن دەیبەن و دووبارەی دەکەنەوە ، نازانێت من بەکامێرەکەم و بەو هەموو هەوڵ و ماندوو بوونە تا تابلۆیەک دەکێشم ئەو بێت بەناوی خۆیەوە بڵاوی دەکاتەوە .لەکۆتایدا زۆر سوپاس بۆ ئەم دیدار و بەسەرکردنەوەیە هەروەها ئەمەوێت ئەوەش بڵێم من وەک شێوە کارێک بەئەرکی خۆمی دەزانم کە پارێزگاری لە شوناسی نەتەوەکەم بکەم بەڵام لە ڕێگەی کاری شێوە کارییەوە .