فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

سڤێتلانا ئەلێکسیڤیچ

سڤێتلانا ئەلێکسیڤیچ

حەمەسەعید حەسەن/ نووسەر و ڕەخنەگر/ هەولێر

باوکم بێلاڕووس و دایکم خەڵکی ئوکراینا بوو، بەڵام سێ نیشتمانم هەیە: ١) بێلاڕووسیا کە باوکم لەوێ لە دایک بووبوو، خۆیشم بە درێژایی تەمەنم لەوێ ژیابووم. ٢) ئوکراینا کە هەم زێدی دایکم بوو، هەم خۆیشم لەوێ لە دایک بووبووم. ٣) کولتووری ڕووس کە پەروەردەی کردووم.
چل ساڵ خەباتی ویست، تا گەییشتمە ئەوەی لە سەکۆی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵەوە، قسە بۆ ئێوە بکەم. هەموو ئەو ساڵانە لەنێوان قوربانییان و جەللاداندا ژیام، ڤارلام شالامۆڤ گوتەنی: خەریکی شەڕێکی دژوار بووم، شەڕی نۆژەنکردنەوەی مرۆڤایەتی. ڕیمون ئارۆن دەیگوت: کۆمۆنیزم تلیاکی ڕۆشنبیرانە. ئایدیای کۆمۆنیزم کۆنە، هیج نەبێت بۆ دووهەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئاخر هەم پلاتۆن لە کۆمارەکەیدا باسی کردووە، هەم ئەرستۆفانیس بیری لەوە کردووەتەوە، هەموو شتێکی هی هەمووان بێت، تۆماس مۆریش هەمان خەونی هەبووە. لە ناخی خەڵکی ڕووسدا، هێزێک هەیە بۆ ئەوە هانیان دەدات، ئەو خەونە بگۆڕن بە واقیع.
لە دووەمین جەنگی دونیاگرەوەدا، لە چوار پیاو یەکێکیان، لە بەرەکانی شەڕ یان وەک پارتیزان گیانیان لە دەست دابوو. جیهانی سەروەختی منداڵیی ئێمەی دوای جەنگ، جیهانێکی ژنانە بوو، ژنەکان باسی مردنیان نەدەکرد، هەر باسی ئەڤینیان دەکرد، بەتایبەتی باسی ئەو ڕۆژەیان دەکرد کە خوداحافیزییان لە خوشەویستەکانیان کردبوو. باسی ڕۆژانی دواتریشیان دەکرد کە لە چاوەڕوانیی گەڕانەوەی مێردەکانیاندا بەسەریان بردبوو. ساڵان تێدەپەڕین و ژنەکان هەر دەیانگوت: بەس بگەڕێنەوە، ئیدی ئەوە کێشە نییە، هەردوو قۆڵیان لەدەست دابێت، یان هەردوو لاقیان.
لە گەرمەی شەڕدا لە بەرلین مێردەکەمم ناسی، لەوێ نزیک باڵاخانەی پەرلەمان پێی گوتم: خۆشم دەوێی، بریا هاوسەرگیریمان دەکرد! چونکە بەدرێژایی ساڵانی جەنگ هەر لەنێو پیسی و خوێن و شەڕەجنێودا ژیابووین، پێم گوت: پێشەکی وام لێ بکە لە ژن بچم، کەمێک عاشقانە بدوێ! هەندێ گوڵم پێشکەش بکە! ئەوسا منیش بیر لە کراسێکی ژنانە دەکەمەوە. کە لە ڕوومەتی سووتاوی ورد بوومەوە، تژیبوو لە برین و فرمێسکیشی پێدا دەهاتە خوارەوە، ئیدی گوتم: ئێ باشە، شووت پێ دەکەم. خۆم بڕوام نەدەکرد، وام گوتبێت.
نزیک وێستگەی ئەتۆمی شێرنۆبیل دەژیاین، مێردەکەم لەوێ ئاگرکوژێنەوە بوو، تازەکی هاوسەرگیریمان کردبوو، وا ڕاهاتبووین دەست لەناو دەست پیاسەمان دەکرد. کە شیرنۆبیل تەقییەوە، مێردەکەم سەرەی ئیشی بوو، جلوبەرگی تیشکنەبڕیان فریا نەخستن، بە پۆشاکی ئاسایییەوە کەوتنە کوژاندنەوەی وێسگە ئەتۆمییەکە. بەدرێژایی شەو خەریکی کوژاندنەوە بوون، تیشکی ڕادیۆئەکتیڤ وەها سەخت کاری لێ کردبوون، ئومێدی ژیانیان نەمابوو. بەیانی بە فڕۆکە ناردیانن بۆ مۆسکۆ، هەر چەند هەفتەیەک ژیان، مێردەکەم چونکە وەرزشەوان بوو، دوا کەسیان مرد. سێ مانگ دواتر کچێکم بوو، تەنیا دوو ڕۆژ ژیا. هەر چی تیشکی ڕادیۆئەکتیڤ بەر من کەوتبوو، چووبووە لەشی کچەکەیشمەوە، من ئەوم کوشت، ئەو منی رزگار کرد.
سۆسیالیستەکان کە قەرارە مەتریالیست بن، زۆرینەیان ئایدیالیست یان ڕۆمانتیکن، تەنانەت کۆیلەی یوتۆپیان. دۆستۆیڤسکی وای بۆ دەچوو، مرۆڤایەتی زۆر لەوە ئینساندۆستترە کە لە ئەدەبدا ئاماژەی بۆ کراوە. پێیان دەگوتم: ئەوەی دەینووسیت، دۆکۆمێنتە نەک ئەدەب، بەڵام ئەدەب چییە؟ ئەوە کێیە وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە؟ من پێم وایە: ناوەڕۆک فۆرم دەتەقینێتەوە، سنوورێک لە نێوان ڕاستی و بەرهەمی خەیاڵدا نییە، زۆر جار ئەو دووانە جێ دەگۆڕنەوە، ئاخر شاهیدێک نییە بێلایەن بێت، شاهیدێک نییە، ڕووداوێک بگێڕێتەوە وشتێک لە زادەی خەیاڵی خۆی تێکەڵ نەکات.
سانسۆر پێیان گوتم: ئەگەر ئەم کتێبە بڵاو ببێتەوە، ئیدی کەس ناچێت بۆ جەنگ. قارەمانێکت نەدیتەوە باسی بکەیت؟ من لەو کتێبەدا گوێم بۆ ئەوانە ڕادێرابوو، قەت کەس بایەخی پێ نەدابوون. لە ئەڤگانستان لە نەخۆشخانەیەکدا بووکەشووشەم دەبەخشییەوە، پێم سەیربوو، منداڵێک بە ددانەکانی لێی وەرگرتم، کە دایکی بەتانییەکەی لەسەر لابرد، هەردوو دەستی نەمابوون، بەر تۆپبارانی سوپای سوور کەوتبوون. هەر لەوێ شوفێرێکی تاکسی پێی گوتم: ڕۆژ نییە دوو سێ مەل، خۆیان نەدەن بە جامی سەیارەکەمدا و نەمرن، کەچی هەمیشە لە ڕۆژنامەکاندا دەنووسرێت: ڕەوشەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە. بۆچی هەمیشە باسی تراژیدیا دەکەین؟ چونکە لە تراژیدیادا دەژین.(*)
نووسینەکانی سڤێتلانا ئەلێکسیڤیچ لە دەوری جەنگ دەسووڕێنەوە، دووەمین جەنگی دنیاگرەوە و جەنگی یەکیەتیی سۆڤییەت لە ئەڤگانسستان، بایەخی بەو کارەساتەیش داوە کە بەدوای تەقینەوەی بنکەی ئەتۆمیی (شیرنۆبیل)دا هات. لە دوورەوە ئاوڕی لەو بابەتانە نەداوەتەوە، بەڵکوو ئیشی لەسەر ددانپێدانانی ئەوانە کردووە کە لە ڕووداوەکاندا بەشدار بوون، لەناویاندا ژیاون و لێیان زیانمەند بوون. بە نووسینەکانییەوە دیارە، کەم و زۆر لە سەنگەری دژایەتیکردنی کۆمۆنیزمدا بووە، ئەگەرنا ئەو خاتوونە کە زیاتر ڕۆژنامەنووسە، وەک لەوەی ئەدیب بێت، ڕەنگە خەڵاتی نۆبێڵی لە ئەدەبدا پێ نەبەخشرابا.
لە ڕابردوویشدا گومان لەسەر بێلایەنیی ئەکادیمیای سوێد هەبووە، ئاخر لایەنی هاوبەشی بوریس باسترناک کە ١٩٥٨ بە براوەی نوبڵ لە ئەدەبدا دەستنیشان کرا و لەژێر گوشاری (حیزب)دا ڕەتی کردەوە، ئالیکساندەر سۆڵجنستین کە ١٩٧٠ ئەو خەڵاتەی پێ درا و (جوزیف برۆدسکی)یش کە ١٩٨٧ وەری گرت، ئەوەبوو بە دژە سیستەمی سۆڤییەت ناسرابوون. گومانی ئەوەیش هەیە جوو لە ئەکادیمیای سوێددا دەستیان بڕوات، ئەوە بۆیە بەشێک لەو ئەدیبانەی لەسەر هۆلۆکۆست و ڕاوەدوونانی جوو کاریان کردووە، نۆبێڵیان بە نسیب بووە، لەوانە: پاتریک مۆدیانۆ، ئیمرە کیرتیز و شەمۆیل عەجنوون کە یەکەمیان ٢٠١٤ و دووەمیان ٢٠٠٢ و سیێەمیشیان ١٩٦٦ ئەو خەڵاتەی وەرگرتووە. کە ١٩٨٨ نەجیب مەحفووزیش خەڵات کرا، زۆر بوون ئەوانەی وای بۆ دەچوون، ئەگەر سەردانی ئیسرائیلی نەکردبا، نۆبێڵی پێ نەدەبەخشرا. هەقە ئەوەیش بڵێم گەلێک نووسەری چەپ و تەنانەت کۆمۆنیستیش نۆبێڵیان پێ بەخشراوە، وەک میخائیل شۆلۆخۆف، ئاستوریاس، پابلۆ نێرودا، خۆزیە ساراماگۆ و داریۆ فۆ.
*
(*) گوتاری سڤێتلانا ئەلێکسیڤیچ سەروەختی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ لە ئەدەبدا ٧ی دێسەمبەری ٢٠١٥ ستۆکهۆڵم.