فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

کامۆ ( ١٩١٣-١٩٦٠) 

کامۆ ( ١٩١٣-١٩٦٠) 

د. نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکهۆلم

کامۆ وەک نووسەر و کەسایەتییەکی دیاری هزر و ڕەوتی ئێکسیستێنسیالیزمی فەڕەنسی لە دیدێکی ئەپیستیمۆلۆژی دا باس لە مانا و بێ مانایی ژیان دەکات و دەڵێت : ” هۆشیاری ئێمە وادەکات، کە هەست بە مانابوونی ژیان بکەین، بەڵام ئێمە چاک دەزانین، کە گەردوون بە تەواوی، شتێکی بێ مانایە “. ژیانی ئێمەش پڕیەتی لە ململانێ و دژایەتی، دەبێت ئەوان جێبهێڵین، ئەوەش تەنیا لە ڕێگای بێ مانابوونی ژیانەوە دەبێت. کامۆ درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: ژیانیش زۆر چاکتر دەبێت، ئەگەر هیچ مانایەکی نەبێت. بەلای کامۆوە، ئەرکی فەلسەفە و فەیلەسوفەکان لەوە دانییە، کە مانا و بەختەوەری بە ژیان ببەخشن، بەڵکو فەلسەفە پێویستە دان بە بێ مانایی تەواوی ژیان دابنێت . ئەم دیدەش، دیدێکی نیهیلیستی و خەمۆکییە، لێ بەلای ئەوانەوە ، هەر ئەوە دەتوانێت، مانای تەواو بەم ژیانە ببەخشێت . هزری تەواوی کامۆش لە ڕۆمانی ” ئەفسانەی سیزیف / سیزیفۆس ” دا خراوەتەڕوو . سیزیفۆس پادشایەکی یۆنانی دەبێت و بە شێوەک لە شێوەکان دەکەوێتە لای خواکانەوە ، ئەوانیش سزای ئەوەی دەدەن ، کە ئەرکی ئەو سەرخستنی بەردێک دەبێت بۆ سەر چیایەک  لێ هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە لوتکە ، بەردەوام بێ دەرەنجام دەبێت، بێ ئەوەی سەریبخات، چونکە بەردەوام خلدەبێتەوە . کامۆ دژایەتی و ململانێکانی ژیان بێ کۆتایی و مانا پێناسەدەکات و ئەرکی ئێمەش لەم ژیانەدا، تەواو بە بێ مانایی دەبینێت ، هەموو ئەو شتانەی، کە ئەنجامیشی دەدەین، لە بنەڕەتدا – بێ مانایە. هەرچەندە ئێمەی مرۆڤ ، بوونەوەرێکی هۆشیارین، لێ ناتوانین هیچ بکەین ، مانای ژیانیش تەنیا لە هەستەکان دا دەبینین، لە ناو بوونەوەرەکان دا، تەنیا ئێمەین، کە ئەم مانایە دەدەین بە ژیان.
ڕاستە، لێ مرۆڤ بوونەوەرێکی نەک تەنیا بیۆلۆژییە، بەڵکو کۆمەڵایەتیشە ، بۆیە ، مانای ژیانی مرۆڤ لە لایەنە پێداویست و کۆمەڵایەتییەکەی دایە ،ئەگەر بیەوێت بژی، کەچی ئەوان لایەنە کۆمەڵایەتییەکەی مرۆڤ ڕەتدەکەنەوە، چونکە ئازادی و بەختەوەری لە تاک و دوورەپەرێزی دا دەبیننەوە، ئەوەتا کامۆش ئازادی و بەختەوەری لە یاخیبوون دا دەبینێتەوە، یاخیبوون لەم ژیانە بێ مانایەدا، چونکە سوپەرمانیەتەکەی نیتشەش بە هانایانەوە نایەت.