زیندووکردنەوەی منداڵانی ئەنفال، بە پەرجووی وشە
سلێمان دڵسۆز/ نووسەر/ کەنەدا
:
کتێبی “گەڕانەوە بۆ ئاوایی” یادەوەریی مناڵییە و بە قەڵەمی کاک تەها سڵێمان نووسراوە ساڵی ٢٠١٩ لە دووتوێی ٣٦٥ لاپەڕەدا لە کوردستان چاپ کراوە.

شێوازی نووسینی کتێبەکە، هێڵی نییە. بەو مانایە کە نووسەر نەهاتووە بە پێی ساڵ و ڕۆژی ڕووداوەکان بە دوای یەکدا بەسەرهاتەکەی بگێڕێتەوە
شێوازی نووسینی کتێبەکە، هێڵی نییە. بەو مانایە کە نووسەر نەهاتووە بە پێی ساڵ و ڕۆژی ڕووداوەکان بە دوای یەکدا بەسەرهاتەکەی بگێڕێتەوە. بەڵکو لەو 84 بەشەی کتێبەکەداهەر جارەو بابەتێکی هەڵبژاردووە. بە کۆی ئەو وێنانە وەک پازڵێک وێنە سەرەکییەکە تەواو دەکەن. فۆرمێکی تایبەتی ئەدەبی کە لە گێڕانەوەیەکی سادەی بیرەوەری جیای دەکاتەوە. ژیانێکی سادە و پڕ لە کوێرەوەری، هەژاری و نەخوێندەواریی گوندێکی بێبەشی گەرمیانی هەشتاکانی باشووری کوردستان، بەر لەوەی بکەوێتە بەر شاڵاوی ئەنفال هەوێنی ئەو کتێبەیە.
نووسەر کە ئێستا لەو سەری دنیا، لە کەنەدا گیرساوەتەوە، لە شەمەندەفەر و قاوەخانە و شوێنە گشتییەکاندا خەیاڵ دەیباتەوە گوندەکەی خۆی و سەردەمی منداڵی دێتەوە بەرچاو. زۆربەی دانیشتوانی ئەو گوندەی ئەنفال بردنی و کەس چاوی پێیان نەکەوتەوە، جارێکی تر بە ئیعجازی وشە لەو کتێبەدا زیندوو کراونەتەوە. دەژین، کار دەکەن، جوێن پێک دەدەن و پێک هەڵدەپڕژێن. ژن و ژنخوازی و دزیی بێستان و زەبروزەنگی جاش و جێش و هاتنی پێشمەرگە و دەیان ڕووداوی سەرنجڕاکێشی تر کە لەو کتێبەدا لە فەوتان پارێزراون.
من بەشبەحاڵی خۆم یەکەم جارە کتێبێک بەو شێوەزارە بخوێنمەوە. وا بزانم ئەوەی وا هەر زوو ئەو نامۆییە ناهێڵێ، ستایلی نووسینی نووسەرەکەیەتی کە زۆر دۆستانە و خۆماڵییانە نووسیویە
گەڕانەوە بۆ ئاوایی کتێبێکی شایانی خوێندنەوەیە. زۆر دڵخۆشم کە دەبینم ئەو بەسەرهاتانە لە فەوتان ڕزگار کراون. تەها سڵێمان، کە خۆی لێکۆڵەرەیەکی خەمخۆرە و چەندین کتێبی لە بواری جینۆسایدی ئەنفال نووسیوە قەڵەمێکی شیرینی هەیە و لە بواری گێڕانەوەشدا دەتوانێ بەرهەمی باش بخوڵقێنێ.
لێرەدا، هەر بۆ خوێچێژ، چەند دێڕێک لە بەشێکی کتێبەکە هەڵدەبژێرم و دەیخەمە بەر چاوی خوێنەران:
“… لە ناو پۆلدا بووین. مامۆستا هاشم بڕیاری دا ئەوەی نەزانێ ناوی خۆی و باوکی و باپیری بە تەواوی بنووسێ، هەشت داری لێبدا. ناو پۆلەکە بوو بە دەنگەدەنگ و ترس باڵی کێشا بە سەرمانا. چی بکەین؟ لە ناو قوتابییەکانا هەندێکیان باش بوون بۆ نموونە خالدی برام، خەلیل کاکە ئەوڵا، ناسیح مەحموی مارف، کامیل کاکە ئەوڵا، من و ڕەمەزان ئەحمەو سەعید و یەک دوانێکی تر… ئەوەی تر هڕیان لە بڕەوە نەدەکرد… مامۆستا هاتە ژوورەوە و بە شێوەزاری خانەقینی وتی: وتمە پێتان ئەوەی ناو خۆی، هی باوگی، هی بابای خاس نەنووست ئەرام وەی دارەی دەسم یەک کەشتن خاس لەلی کەم هەر کوشمەی، فامستن؟ دوای نەچنەو ئەرا ماڵ بیوشن مامۆستا دالە لیمان؟…
قادر حاجی عەلی لە تەنیشت منەوە دانیشتبوو، لە جیاتی بنووسێ قادر عەلی جەوهەر، نووسیبووی قادر عەلی نوونوو. ئیتر هەر یەکەو بەشێوەیەک هەڵەی کردبوو. مامۆستا وەرەقەکانی لێ سەندین، ئەوەی هەڵەی کردبوو لە پێش سەبوورەکە ڕێزی کردن، لێدان دەستی پێکرد و هەر قوتابی بوو دەیەویست بە پاساوێک خۆی ڕزگار بکات. عەزەی زەینەو وتی: مامۆستا کاکەم ڕەشە سڵامت لێدەکات! عوسمان عەلی مامەلی لە پەنجەرەوە ڕایکرد! ئەحمەد ئای ئای لە دەرگای پشتەوە بۆی دەرچوو! فاتێح میم غەزێم بوە گریانۆ! فاتێح ئەگبەر لە جیاتی ئەوەی بێژێ مامۆستا بوومە قوربان ڕیشت، وتی: ها مامۆستا بوومە قوربان شیڕت! زەکیە و ستابە و عوسمان دوای ئەو ڕۆژە ئیتر نەهاتنۆ بۆ قوتابخانە… لە کۆتاییدا ماینەوە شەش کەس… ئەنفالیش کە هات گشتیانی برد و بۆ هەتا هەتایە نەگەڕانەوە. ئەوی ماوەتەوە تەنیا وێنەیەکە و بەس…”