ســەردار نۆڕێ
شاعیر، هایکۆنووس، و شێوەکار
……………………………
ڕۆڤارەکەم؛ فەیلەسووفە بچووکەکەی “بوون”
ساڵانە ڕۆژی ٢ی نیسان، بە (ڕۆژی جیهانیی هۆشیاریی ئۆتیزم) دانراوە.
ئەمەش بۆ ئەوەیە کە کۆمەڵگە هۆشیار بن بەرامبەر بە منداڵانی ئۆتیزم و جیهانی تایبەتی ئەو پەپوولانە و خێزانەکانیان.
#ئۆتیزم بۆ من تەنها وشەیەک نییە کە لە فەرهەنگەکاندا نووسراوە، بەڵکوو سیمای کوڕە گەورەکەمە. (#ڕۆڤار)ەکەم کە ئێستا تەمەنی بووە بە ١٤ ساڵ و شتێک… ١٤ ساڵ؛ چ ژیانێکی پڕ لە هەوراز و نشێو، گەشت لەنێوان ڕەنگ و بێدەنگیدا. ئەوەی ئێمە وەک خێزانێکی خاوەن منداڵی ئۆتیزم پێیدا تێپەڕ دەبین، کۆژانێکە تەنها ئەوانە تێیدەگەن کە لە ناو جەرگەی هێمنییە پڕ لە هاوارەکەی ئەوان (#ئۆتیزمەکان)دا دەژین. ئەوەی لە دوورەوە دەگوترێت، تەنها یەک لە سەدی ئەو ڕاستییەیش نییە کە ئێمە لەگەڵیداین.
من ئێستا تێدەگەم؛ منداڵانی ئۆتیزم وەک فەیلەسووفانی بوونگەرایی وەهان. ئەوان خاوەنی تایبەتمەندیی خۆیانن لە بیرکردنەوە و بڕیاردان. بە قسەی کەس ناکەن و نایەنە ناو هیچ خانە و قاڵبێکی ئامادەکراو؛ تەنها ئەو کاتە شتێک دەکەن یان دەڵێن کە خۆیان بن و ویستی خۆیانی لەسەر بێت. ئەوان سەلمێنەری شکۆی تاکن بەرامبەر بە دەنگەدەنگی بێمانای کۆمەڵگە.
لەم ڕۆژەدا و لەبارەی هۆشیاریی ئۆتیزمەوە، دەڵێین:
تکایە…
ئێمەی خاوەن #منداڵانی_ئۆتیزم “ڕێز”مان دەوێت نەک “بەزەیی”. چونکە بەزەیی ئازارەکەمان قورستر دەکات، بەڵام ڕێزگرتن لەو جیاوازییە فەلسەفییە دەبێتە پردێک بۆ تێگەیشتن. ئەوان پێویستیان بەوە نییە بە چاوی دڵسووتانەوە سەیریان بکرێت، لەبەرئەوەی ئەوان (ئۆتیزمەکان) لە جیهانێکی تردا خەریکی داڕشتنەوەی مانای ژیانن بۆ ئێمە.
#ڕۆڤار گیان، ١٤ ساڵەی تەمەنت پیرۆز بێت، مامۆستا بچووکەکەم لە فێربوونی “خۆبوون”دا.
(ڕۆڤار ٢٠/ ١ لەدایک بووە. بەڵام ئەمساڵ ئەو ڕۆژە کەوتە ناو بەرخۆدانی ڕۆژاواوە، بۆیە هیچم بۆی نەکرد و دڵیشم نەهات پۆستی بکەم. کە منداڵانی کورد لە ڕۆژاوای نیشتمان لەژێر حوکمی کوشتن و جینۆساید-دا بوون…)
شەش #هایکوو بۆ #جیهانی_ئۆتیزم:
(١)
چواردە ساڵە،
لە ئۆتیزمی “ڕۆڤار”دا
جووڵە دەدوێ.
(٢)
بەگوێی کەس ناکەن،
خودی خۆیانن ئۆتیزم؛
فەیلەسووفی بوونگەران!
(٣)
ئۆتیزم؛ نەخۆش نین،
پەپوولەی تری خودان
لەناو تابلۆی ژیان.
(٤)
کەس لە کۆژانی
خێزانی ئۆتیزم ناگات،
یەک لە سەدی دەبینرێ.
(٥)
پازڵی تەواونەکراون،
جوانیی ئۆتیزم ئەوەیە
ناچێتە ناو هیچ قاڵبێک.
(٦)
مەلی بێ ئاواز نین،
تووتیی ڕەنگینن ئۆتیزم؛
دەنگدانەوەی جیهان!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
هاوپێچ؛
*بۆ ئەوەی وێنەیەکی گونجاوی ڕۆڤار بگریت، دەبێ دەیان وێنەی بگریت، منیش گشت وێنەی جووڵە جیاوازەکانیم داناوە لەم ڤیدیۆیەدا. (ئەمەش بۆ ساتێک تێگەیشتنی بینەران لە ئۆتیزم).










