بەشی چوارەم
د.مستەفا زەنگـــنە
نووسەر و مامۆستای زانکۆ،
هەولێر
…………………….
حەبی کنین
ساڵێ لەمەکتەب دوو جوین حەبیان دەدا پێمان، پەروەردەی کەرکووک حەبەکانی دەنارد، زۆرجاریش محەمەد ئەفەنیی باوکم خۆی دەچووە کەرکووک و دەیانی هاورد.
جۆری یەکەمی حەبەکان، خڕو بیچکەڵانە بوو، پێیان دەوت ڕۆن ماسی، لە ئێستادا پێی دەڵێن ئۆمیگا 3 .گڕۆژێک مام وەلی بەسەتڵێ ئاوەوە دەهاتە پۆلەکان و محەمەدەفەنیشی لەگەڵا بوو، شووشەیە گەورەی بەدەسەوە بوو، پڕی بوو لەو حەبە خڕە زەردانە، یەکەم ڕۆژ کەهاتنە پۆلەکەی ئێمە، ترساین، چونکە هەرکاتێک مام وەلی بەسەتڵە ئاوەوە بهاتایەتە پۆلەکان، دەمانزانی مەسەلەکە حەب قووتدانە.
باوکم وتی:- ئەم حەبانە بۆ ماوەی مانگێک، دەبێ ڕۆژی دەنکێکی لێ قووت بدەن، ئیتر نەخۆش ناکەون و بەقەوەت دەبن، هیچ نییە هەربەقەی دەنکە مووروویەکی بچووک وایە، قووتدانی ئاسانە، تاڵیش نییە، نەکەن دگانی پیدا بنێن بانەقێتە ناو دەمتانا، چونکە بۆنەکەی ناخۆشە.
وتی زوانتان دەربێنن، خۆم حەبەکە دەنێمە سەرزوانتان و مام وەلیش جامێ ئاوتان دەداتێ، نەخێر کە ئاوڕم دایەوە دەبینم هەریەکە و دەمی داچەقانووە و بستێزمانیان دەرهێناوە، هەنێکیان هەڵدەرەزین و فرمێسک بەچاویاندا دەهاتە خوارەوە، یەکەم و دووەم و تاگەیشتە قالە غوبە، بەهەرچی حاڵێک بوو، حەبەکانیان قووتدا، بەڵام قالە غوبە هەر جامە ئاوی داوا دەکرد و حەبەکەیش لەسەر زمانیا دەمایەوە، دوای ناچاربوو بیجاوێ و قووتی بدات، بۆنێکی ناخۆش لەپۆلەکەدا پەیدا بوو، کە لە بۆنی ماسیی بۆگەن دەچوو. ئەو دوو تەلەبەیەی لەتەکێوە بوون، ئێلنجیان دەدا و تێیان تەقان بۆ لای تەوالێتەکان ڕۆیشتن.
جۆری دووەمی حەبەکان، پێیان دەوت ــ کنین ـــ حەبێکی پانی زۆر تاڵ بوو، پێش مەتکەب تەحتیل بوون دەیاندا پێمان. ئەوکاتەی دنیا گەرم ئەبوو، ئەم حەبە دژی گرانەتا بوو، ئاخر ئەوجا گرانەتا و مەلاریا دوو نەخۆشیی بڵاو و کوشندە بوون، گساڵێ دەهات و خەڵکێکی زۆر پێیان دەمردن، گرانەتا و مەلاریا لەیەک دەچوون، تاو لەرزو زەردبوونی پێست وناوچاو، دواجاریش بیخی ددانەکان خوێنی لێدەهات و خەڵکەکە پێی دەمردن، لەڕاستیدا گرانەتا لەناو کوردەواریدا سێ جۆر ناوی هەبوو. گرانەتا، ڕەشە گرانەتا، سێوەڕۆ، لەنێو ئەمانەدا جۆری سێیەمیان..سێوەڕۆ،، زۆر ترسناکە، چونکە تاولەرزەکە سێ ڕۆژ جارێکە و لەهەموو جۆرەکانیتر کاریگەرتر و چارەسەرکردنی زەحمەتترە، بەڵام ئەوحەبی کنینە چارەسەری هەموویانی دەکرد، دەبوو دوازدە ڕۆژ ئەو کنینە بدرێتە کەسەکە، چ بۆ چارەسەر ،یان بۆ بەرگریکردنی پێش وەختە. من لەبیرمە هەرماڵێک سێوەڕۆی تێچووبا، دووسێ کەسی لێ دەکوشتن.
ئەوە بوو محەمەدئەفەنی و مام وەلی بەخۆی و سەتڵە ئاوەکەیەوە هاتنە سنفەکەمان و دەربارەی حەبەکە ڕوونکردنەوەی دا،
ئیدی هەموو دەممان داچەقاند و چاومان دەنووقاند و بستێک زمانمان دەردەهێنا، مامۆستا حەبەکەی دەنایە سەرزمانمان و مام وەلیش پەیتا پەیتا جامێ ئاوی ەدکردە قوڕگمانا، تا نۆرە گەیشتە سەر قالە غوبە، کوڕێکی تێکسمڕاوی ئازا بوو، هەر کە حەبەکەیان نایە سەر زمانی ئێڵنجی داو حەبەکە پەڕی و دای لە سەبوورەکە و کەوتە سەر زەوی و وەک تایەی پاسکیل غل بووەوە و هات هات تا لای پای مام وەلی نەوێسیا، بە پەلە یەک دووانێک لە تەلەبەکان ڕایان کرد و حەبەکەیان هەڵگرت و ساوییانە کراسە چڵکنەکەی خۆیانا و دایانە دەس مام وەلی، ئەویش نایە ناو لەپی و یەک دوو فووی لێکرد و تۆزو خۆڵەکەی لێ تەکان و نایەوە سەرزمانی قالە غوبە و جامێ ئاوی کردە قوڕگیا، قالە هەردوو چاوی سپی ببوون، مامۆستا محەمەد وتی..قووتت دا، قالە زمانی دەرکرد و حەبەکە هەرلەسەر زمانی بوو، جامی دووەم و سێیەم کەچی هەر حەبەکەی پێ قووت نەدرا، ناچار ئەو ژەهری مارەی داخرمان و یەک دوو جام ئاوی کردە سەریا، ئەوجا قالە باوکەڕۆی لێهڵساو دەیوت زگم ژان دەکا.ئەوەنە جامە ئاویان کردبووە قوڕگیا زگی دەتوت شەڵتەی ئاوە، دوازدە ڕۆژی ڕەبەق ئەمە بەزمی قالە غوبە بوو، کار وای لێهات، دەبوو قالە ئاخر کەس بێ حەبەکەی بدەنێ، چونکە مام وەلی وتی، قالە بەتاک تەینا سەتڵێ ئاوی گەرەکە تا حەبێک قووت بدات، بەڵام پاسارییەکی بدەرێ و دەقیقەیەک ئاوەدیوی دەکات.
سڵاو لەگیانی پاکی محەمەد ئەفەنیی دڵسۆز و مام وەلیی ڕۆح پاک،سڵاو لەو کەسانەی ناوم هێناون، گەرچی نازانم ماون یان مردوون.؟

