بەشی سێیەم
د.مستەفا زەنگـــنە
نووسەر و مامۆستای زانکۆ،
هەولێر
………………………
ڕۆژی وێنە گرتن
ساڵی 1954 بوو، لەنێو پۆلی قوتابخانەکەدا سەرقاڵی وانەی حیساب بووین، ئەوەندەم زانی زەکەریا فەنی خۆی کردە هۆڵەکەدا و خڕ هەموومان هەڵساینە سەرپێ و تەحییەمان بۆی وەرگرت، وەکوو بڵێی ئێمە سەربازو ئەویش فەرماندەی سوپایە، کەوتی جلووس، هەموومان بەعاقڵی دانیشتین، ئیزنی لە محەمەد ئەفەنی وەرگرت و پێی گوت:- سبەی لەکەرکووکەوە ڕەسمگر دێت و یەکە یەکە ڕەسمیان دەگرین، باهەرکەسە و پەنجا فلس لێل خۆیانا بێنێت.ئەمەی وت و ڕۆیی.
ئەوجا باوکم، پێی وتین:- بەیانی دەم وچاوتان جوان جوان بشۆن و قژەسەرەکەتان شانە بکەن و جل وبەرگێکی پاک وتەمیز لەبەرکەن باڕەسمەکانتان جوان دەرچێت، چونکە ئەوڕەسمانە دەدرێن لەسجلی تەلەبەکە خۆی.
مامۆستا محەمەد ئەفەنی قسەی بۆمان دەکرد، کەچی نیوەی مەکتەبلییەکان زەندەقیان چووبوو، خوایە دەبێ بەیانی چۆن چۆنی ڕەسممان بگرن؟ بڵێی ڕۆحمان نەکێشن؟ دەبێ ڕەسم گرتن چەنێ زەحمەت بێت؟ ئەم پرسیارانە و دەیان پرسیاری سەیر لە مێشکماندا گێنگڵی دەکرد
،چونکە نەماندەزانی ڕەسمگر چییە و ئەرکەکەی چییە؟ جا وەرەوە لە کەرکووکیشەوە بێت؟ غەریب ونەناس بێت و هیچ ڕەحمی لەدڵا نەبێت.
ڕۆژی دوایی نیوەی تەلەبەکان لەترسی رەسمگرتن نەهاتنە دەوام.زەکەریا فەنی و محەمەد ئەفەنی بەمام وەلیی عەزەڕەشیان گوت، هەر ئێستا دەچی یەک یەک دەکەیتە بۆقەتەی ملیانا و دەیان تێری بۆ مەتکەب. لە ماوەی سێ چارەکەسەعاتدا، خڕ تەلەبەکانی هاورد. هەبوو دەگریا هەبوو لەترسانا هەڵدەلەرزی، هەبوو دایکی لەگەڵیا هاتبوو
.محەمەد ئەفەنی دەسی بەسەریانا هێناو کەمی ترسەکەیانی ڕەوانەوە.بەڵام زۆربەیان نەدەس ودەم وچاویان شوتبوو نەقژیان داهێنابوو، بۆیە محەمەد ئەفەنی
چوو سابوونێکی پۆڕمەلیکی هاورد و کەوتە پێش تەلەبەکان و یەکسەر بردنیيە سەر ڕۆخانە، لای تەقتەقە تاوێرەکانی کانییە ژوورینە، لەوێ تەنکاییە و بەردەبازیشی هەبوو، بەخۆی دەس ودەم وچاوی هەمووانی شوشت و قژی داهێنان و گەڕانەوە مەکتەب، بەڵام نیوەی تەلەبەکان هەر دەترسان، لەپڕ گوتیان ئەرێوەڵڵاڕەسمگرەکە هات، هەر تەلەبە بوو خۆی لەحەوت کونا دەشاردەوە، تەنانەت بەشێکیان چووبوونە بن ریحلەکانەوە هەشبوو لەناو ئاودەسەکاندا خۆی شاردبۆوە، ئەوانەشی کەمێک باشتر بوون، کە بینییان کابرایەک بە سێپایەکەوە و، چەترێ ڕەش و تڕو تفاقەوە هاتە ژوورەوە، ئەوانیش ئەترەشیان چوو.لەبن دیواری حەوشەی مەکتبەکەیا سێپای دانا و، چارۆکەیە ڕەشی داکوتییە دیوارەکەیا و هەموومانیان بردە ناوحەوشە و دایان نیشانین، نیوەی سۆڕە سۆڕی بوو، چڵم بەدەم و لووتیانا هاتبووە خوارێ و بەسەر دەستەکانیان لووتیان دەسڕی، هەبوو پێی پەتی بوو، هەبوو کراسێکی خامی پاودامانی لەبەرا بوو.هەشبوو چاکەت وپانتۆڵە دەڵبەکەی حوکمەتی لەبەرابوو.مامۆستا محەمەد ئەفەنی لەپێشمان وەستا و، هێورمانی کردەوە و، بۆی ڕوونکردینەوە کە ڕەسمگرتن ئاساییە و ترسی ناوێت، وتیشی ئێستا من بەرلەهەمووتان دەچم لەسەر ئەو ئەسکەمیلە دادەنیشم و کابرايش ڕەسمم دەگرێ..ئێوەيش دوای من وابکەن.
هەرکە محەمەد ئەفەنی چوو دانیشت و کابرای ڕەسمگر وتی سەرت بەرزکەرەوە، ڕووی کامێراکەی تێکرد و سەری کردە ناو لوولە ڕەشە قوماشەکەیا، خڕ تەلەبە تێیان تەقان و هەرکەس بۆ پۆلەکەی خۆی، ئەوجا زەکەریا فەنی بەخۆی و دارەکەی دەسێوە هات و لێیخوڕین، کەس نەبوو بتوانێ نەیەتە دەرەوە، وەکوو جووجەڵە هاتنە دەرێ و چوون سەرلەنوێ دانیشتن، بەڵام هەبوو بەرەنیسکی دەدا،
کابرای ڕەسمگر، ڕەسمی محەمەد ئەفەنیی گرت و ڕەسمەکەی پیشان هەمووان دا، ئیتر یەکە یەکە مام وەلی عەزەڕەش پەلکێشی دەکردین و بەجوانی لەسەر کورسییەکە دایدەناین، هی وامان تیابوو، شەش حەوتجار هەڵدەهات و مام وەڵی دایدەنیشانەوە، بۆیە زۆربەی وێنەکانی ئەوساڵە لەوێنەی بەشەر نەدەچوون، چونکە ترس و مڕو مۆچی و گریان و ناڕەحەتی بەدەم وچاوەکانەوە دیاربوون.
بەدوو ڕۆژ لە ڕەسمگرتن بوونەوە. ئەوەی پەنجا فلسی هێنابوو لێیان وەرگرت، ئەوەيشی نەیبوو، محەمەد ئەفەنی لە گیرفانی خۆی پارەکەی دا.ئاخر پەنجا فلس زۆربوو. بۆیە بۆ شەوی دوایی دوێخانەکەی ئێمەی جمەی دەهات، ئەوانەی باوکم پارەکەیانی دابوو بەخاو خێزانەوە هاتبوون
بۆ ئەوەی پێزانینی خۆیان بگەیەنن. ئەوجا سەماوەری حەوجۆش بێنە و چای تێکە، تاشیرین دەخورایەوە ئەوجا دەیانگۆڕییە دیشلەمە.
خۆ لەفرسەتێکا گەر بچمەوە قادر کەرەم و ئەو تۆماری قوتایییانەم دەسکەوێت، وێنەی هەندێکیان دەگرم و بڵاویان دەکەمەوە.بزانە چ وێنەگەلێکن؟ لەگەڵ ئەوەيشدا
زوربەی ئەو قوتابییانە بوونە کەسایەتیی دیارو پایە بەرزو
نیشتمان پەروەر.چونکە خەڵکی قادرکەرەم بەخۆیان خەڵکی باش و دڵسۆزن.هەرهەموويشیان خزم و کەسی منن.

