فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕۆمانی “مردن کارێکی سەختە”

چەمکی ژیان و مردن، وەک دانەبڕاوێک لە ڕۆمانی “مردن کارێکی سەختە”ی، نووسەر: خالید خەلیفە.

ئارام حاجی
نووسەر، دەربەنديخان

……………………..
ئەم ڕۆمانە باس لە وادەی سەرهەڵدانی شۆڕشە چەکدارییەکانی سووریا دەکات لە ساڵانی دوای ٢٠١١ـە، پاشی ئەوەی هەر بەشێکی سوریا لەژێر قەڵەمڕەوی گرپێکدا دەبێت. ئەم ڕۆمانە ئاوڕدانەوەیە لە چەمکی ژیان و مردن. پیاوێک کە یەکێک بووە لەوانەی دژی ڕژێم بووە کاری بۆ ڕووخاندنی کردووە و ئێستە لەناو نەخۆشخانەیەکی دیمەشقدا، دوا وەسێتی خۆی بۆ کوڕەکەی دەکات لەناو خێزانە پەرتەوازەکەیدا، تا وەکوو لە زێدیی خۆی (عەننابییە) بنێژرێت. وەسێت بۆ یەکێک لە کوڕە ترسنۆکەکانی دەکات کە پاش مردنی، بەڕێگەیەکدا ئەم تەرمە بگەیەنێتە جێگەیەک کە بووێری دەوێت بەناویدا بڕوات.. لێرەوە ئیتر چەمکی ژیان و مردن بە درێژایی ڕۆمانەکە دەبنە دوو هێڵی درێژ و بەرباس بۆ خوێنەر.

ڕاستییەکەی بۆ قسەکردن لەبارەی ئەم کتێبەوە، دەتوانین هەر خودی ناونیشانی ڕۆمانەکە بکەینە پرسیار.
مردن بۆ کارێکی سەختە؟. چی، ڕێگەی مردنی سەخت کردووە؟. ئایا مردن کۆتا وێستگەیە؟. ئایا دەکرێت مردن و ژیان بەیەکەوە ئەزموون بکەین؟. ئایا چەمکی بوونیی مردن و ژیان لێکدابڕاون، یان بەیەکەوەن؟.
ئەم ڕۆمانە، گێڕانەوەیە لەبارەی پرسی بوونخوازانەی مردنەوە. پیاوێک بەناوی (عبدوللەتیف) دەکەوێتە سەرەمەرگەوە لە شاری دیمەشق، تەنها وەسییەتی ئەوەیە بۆ کوڕەکەی کە ناوی “بولبول”ە: “کە مردم بمبە بۆ ناوچەی عەنابییە و لە تەنیشت گۆڕی خوشکەکەم(لەیلا)دا بمنێژە”.

لێرەدا جگە لە چەمکی “مردن” ئەوەی جێی ڕامانە، سەرەتا خودی “وەسییەت”ـە. وەسییەت وەک جۆرێک لە بەجێگەیاندنی خەونێکی مرۆڤ، کە ڕۆژێک ئەو مرۆڤە دەبێت بەناو پرسی مردندا ڕەت ببێت، وەک چۆن بە ناو ژیاندا ڕەت دەبێت. ئەوەی شیاوی هەڵوەستە کردنە ئەوەیە، وەسییەت هەرگیز پەیوەندی بە دوا ساتەکانی ژیانی مرۆڤەوە نییە کە ئیتر هەناسەیەکی نێوانە لەگەڵ مردندا. بۆ بەڵگاندنی ئەمە دەکرێت پشت بە دوان لەو پێشمەرجانە ببەستین کە هایدگەر کردوویەتی بە پێشمەرجی بوونی ئەنتۆلۆژیانەی دازاین(مرۆڤ لێرە).
لە دیدی هایدگەرەوە یەک لەو پێشمەرجانە “نیگەرانییە”. پێی وایە مرۆڤ بە نیگەرانییەوە نیشتەجێی بوونە. مادەم نیگەرانیی هەمیشەییە لە ژیانی مرۆڤدا، کەوایە لە ڕووی کاتێتی ژیانی مرۆڤەوە، دەکرێت هەموو دەمێک دەمی وەسییە کردن بێت بۆ مرۆڤ. نیگەرانی لەوەی نەگات بە ئامانجەکەی، چونکە مردن لە ڕێیە. کەوایە لێرەدا پەنا بردنە بەر وەسییەت، تەنانەت حەقی بەسەر ساغی یان ناساغی مرۆڤەوە نییە، بەڵکوو بابەتێکی هەمیشە کراوەی مرۆڤە.
پێشمەرجی دووەم لای هایدگەر بریتییە لە خودی “مردن”. مادەم مرۆڤ لە دایک دەبێت، کەوایە دەبێت بە ناو مردنیشدا ڕەت ببێت. بۆیە لێرەدا دیسان وەسییەتکردنی مرۆڤ دەێتەوە ناو کاتێتی ژیانی مرۆڤەوە، نەک پەیوەندی بە دوا ساتی مرۆڤەوە هەبێت. هەر خودی دەرنەکەوتنی وادەی مردن، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی وەسییەت بۆ هەموو دەمێکە.

جێگەی خۆیەتی لێردا بپرسین خودی وەسییەت چییە لای مرۆڤ، یان بۆچی مرۆڤ وەسییەت دەکات؟.
سەرەتا ئەوە دیدە گشتی و میللیەکەیە زیاتر بابەتی وەسییەت پەیوەست دەکات بە دوا ساتەکانی مرۆڤەوە کاتێک لە دۆخی ناساغیدایە.
لێرەدا ئەگەربێت و ئێمە بە پێچەوانەوە لە وەسییەت بڕوانین. ئەوا وەسییەت یەکێکی ترە لەو دەیان خۆزگە و خەونەی تری مرۆڤ کە نەیتوانیوە پێی بگات و بیکاتە پرۆژە بۆ داهاتووی. لێرەدا ئەوەی بابەتەکە زیاتر پشت ڕاست دەکاتەوە ئەوەیە، خودی وەسییەت، کەسی “ناساغ” دەیخاتە ئەستۆی کەسێکی دیکە، نەک خۆی بەو کارە هەستێت. ئەوەتا لە ڕۆمانەکەدا زوو بە زوو کاراکتەری بولبول وەک توانج لێگرتن، بە باوکی دەڵێت، خەونی ڕزگارکردنی فەلسەتینت هەبوو، خەونی ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەد، خەونی ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ لەیلای خوشکت..تاد.
کەچی هەموو ئەم خۆزگانەیش بۆ عەبدوللەتیف بەدی نەهات. ناچار وەک ڕۆژهەڵاتییەک لە دۆخی ناساغیدا دوا خەونی خۆی خستە ئەستۆی بولبول، تا لە تەنیشتی لەیلای خۆشکییەوە بنێژرێت.

هەرچی پرسی مردنیشە لەم ڕۆمانەدا، لە دیوە زانراوەکەیدا بۆ خوێنەر، ئەوە مردنی عەبدوللەتیفە، و بردنییەتی بۆ ئەو جێگەی دەستنیشانی کردووە تێیدا بنێژرێت. بەڵام نووسەر چەمکی مردنی لە ڕێگەی کاراکتەری بولبولەوە لە نەزانراو و نادیاردا هەڵگرتووە. بۆ ئەم مەبەستە خوێنەر دەبێ چینە واتاییەکانی دەقە هەڵکۆڵێت تا بگات بەوەی پرسی مردن لەناو ژیانی بولبول-دا هەڵگیراوە، نەک تەرمەکەی بەردەستی.
دیارە ڕۆمانەکە لە نێوان ساڵانی ٢٠١١بۆ ٢٠١٣ باس دەکات کە سووریا لە لایەن چەندین گرووپەوە کەرت کرابوو، هەر گرووپە و بە پێوەرێک مامەڵەی بە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە دەکرد. لە ناویشیاندا هەبوونی ئەو هەموو گرووپە توندڕەوە، کە بەرپرسبوون لە ڕفاندن و گرتن و سەربڕینی خەڵکی سڤیل یان هێزی بەرانبەریان.

لێرەدا بولبول تاوەکوو تەرمی باوکی دەگەیەنێتە جێگەی مەبەست، دەیان جار ڕووبەڕووی مردن دەبێتەوە لە بازگەی چەکدارە بیانی و ناوخۆ تووندڕەوەکان. ئەم ئەزموونی گواستنەوەی تەرمە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ ئەوە دەدەن بە دەست خوێنەرەوە کە مردن و ژیان لەیەک دابڕاو نین. تا دەگاتە ئەوەی کاراکتەری بولبول، دوای بینینی ئەو هەموو مەرگەساتە بە دەست چەکدارەکان و بازگەکانیان و کۆی ئەو مەینەتیانەی دەیبینێت، بڵێت: ” ئیتر دیوارەکانی ترسم شکاوە، بێ باکم لە مردن”. ئەمەیش دەگاتە جێیەک دوای ناشتنی تەرمەکە زمانی گۆکردنی لە دەست دەدات و تەنیایی هەڵدەبژێرێت، هەست دەکات ڕۆحی لەناو بۆشاییدا دەخولێتەوە.
لەمبارە ئیتر مردن و ژیان هیچ سنوور و هێڵێکیان لە نێواندا نییە، دەکرێت تەنها ڕێگەی ئەزموون کردنی مردن، ئەزموون کردنی ژیان بێت. بە واتایەکی دیکە دوو شتی لێک دابڕاو نین.
ئەلبێرت کامۆ بە پێچەوانەوە لە کتێبی ئەفسانەی سیزیفدا، ئاماژە بەوە دەدات ئێمە ناتوانین مردن ئەزموون بکەین، مادەم ناتوانین لە مردن بگەڕێینەوە. لەم بۆچوونەی کامۆ دا لە بەرانبەر چەمکی مردن و ژیاندا، ڕوانینێکی دوالیستیانەی ئەفلاتوونی دەبینین، بەوەی ژیان وەک بەشێک و مردن وەک بەشێکی دیکە دادەنێت. بەڵام لای “هایدگەر” و “دێریدا”یش بە پێچەوانەی کامۆ-وە مردن و ژیان، دابڕواو نین لە یەکدی. دەرکەوتوو و دەرخراو، ئاشکرا و شاراوە، ئەمانە یەکتری تەواو دەکەن. بۆ وێنە دێردیدا کتێبێکی ناو لێناوە ژیان مردن، بە بێ ئەوە پیتی واو بخاتە نێوانیانەوە.
دەتوانین لەم ڕستەی: ” تا ئێستەیش من دەژیم”. ئەوە دەربخەین کە مەبەستمان ئەوەیە من هێشتا نەمردووم.

ـ ئارام حاجی
سەرچاوەکان:
١-ئەفسانەی سێزیف، ئەلبێرت کامۆ، وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی.
٢- بوون لە دیوانی ” گەڕانەوەی زەردەشت”ی ئەحمەدی مەلا دا، محەمەد نەبی.
٣-ڕۆمانی مردن کارێکی سەختە، خالید خەلیفە، وەرگێڕانی: کارزان عەلی.


ڕۆمان: مردن کارێکی سەختە
نووسەر: خالید خەلیفە
وەرگێڕانی کارزان عەلی.
وەشانی نووسیار