دەریــا قادر خۆشــناو
شاعیر، و نووسەر
نەرویج
………….
چ کۆتاییەکی بێ دەنگ، و سامناکە
چ مەرگێکی ئاستەم،
ئارامی لە ژین بڕیووە،
تەمی خەردەل و بۆنی گەنیووی سێو
ئاسمان و
سینەی باڵندەکانی تەنیووە،
باڵی ڕەنگینی پەپوولەیەک لە تارماییدا
ئومێدی بەرائەتی بۆ سبەی هەڵچنیووە،
کەس سەر دەرناکا لەم دوواییە پڕ حەسرەتە،
هەمووی بەیەکەوە
لە سەفەرێکی بێ قەرار، و خەیاڵ ئامێزن،
کەس نابینرێت جانتاکەی هەڵگرتبێت،
کێ ئەزانێت چی ئەگوزەرێت لەم دەڤەرە..؟
لە دەمەو بەیانێکی بێ سرەوت
کۆتری سپی هیواکانیان سەربڕی،
هەڵەبجە،
دڵت پڕە لە ئاورینگی
سەر پەڕەی گوڵی بەهارێکی سڕ بوو،
ئازارەکان ئەتلاوێننەوە،
هەموو ساڵێک لەگەڵ سەردەرهێنانی
نێرگزی شەش پەڕ، و
گوڵاڵە سوورە، و مێلاقە
تۆ ئەبیت بەسەدان پارچەی لێک ترازاو،
ئەبیت بە تۆوی هەڵاڵەی هەڵپڕوکاو!
هەڵەبجە،
بەئەندازەی زۆری خەمت،
تەمەنم زیادی کرد و
بەئەندازەی گەورەیی خەمەکانت
پیربووم من!
پیر بووم من!
16.03.2022

