بە بۆنەی دەرچونی کتێبی “بیرمەند و مێژونوسی گەورەی کورد، محەمەدئەمین زەکی بەگ”نوسینی دوکتۆر سەباحی غالیب”
ئەنوەر سوڵتانی
نووسەر
……………..
من بە گوێرەی تەدقیقات و تەتەبوعاتی خۆم، بە تەواوەتی تێگەیشتوم کە قەومی کورد و تەئریخەکەی هیچ موحتاجی ئەم نەوعە شتانە (واتا حیس و خەیاڵ، شت هەڵبەستن و گۆڕینی حادیثاتی تەئریخیە) نییە، مەفاخیری تاریخییەی زۆرە، ئەبێ بۆیان بگەڕێین و بیاندۆزینەوە. وەظیفەی پێگەیشتوانی کورد ئەمەیە.” (ئەمین زەکی بەگ، لاپەڕە ٦٥ی کتێبەکە). وێدەچێ دوکتۆر سەباحی غالیب بە ئامادە کردنی ئەم کتێبە ویستبێتی بەش بە حاڵی خۆی، هەمان ئەو ‘وەزیفەیە’ بەڕێوە ببات کە ئەمین زەکی خستبوییە سەرشانی پێگەیشتوانی کورد. ئەو لە کتێبەکەیدا، ژیانی بڵیمەتە کوردەکەی لە منداڵییەوە تا مردن خستۆتە بەر لێکۆڵینەوە و گەیشتۆتە ئەنجامی ئەوەی کە ئەمین زەکی بەگ، وەک لە نوسینی کتێبی ‘خۆلاسەیەکی تەئریخی کورد و کوردستان’دا خولیای خۆی بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ دەرخستووە، لە بەشێکی زۆری تەمەنیشیدا بە ئامادەکردنی زەمینە و پێش شەرتەکانی ئەو سەربەخۆییەوە خەریک بووە. هەربۆیە، لە کاروباری وەزاڕیی عیراقدا ویستویەتی کەسایەتییەکی سەربەخۆ بداتە کورد و لە عوسمانیچییەتی و ئێرانیچییەتی دووری بخاتەوە. بۆ ئەوەیش بەڵگە لە قسە و بۆچون و نووسراوەکانی خۆی و بیرەوەریی کەسانی نزیک بەو دێنێتەوە.
بە بۆچونی نووسەر، ئەمین زەکی لە عیراقی تازە دامەزراودا “لایەنگری دەوڵەتی مەلەکیی دەستوری، پەرلەمانی و دیموکرات بووە؛ لەگەڵ ئەوەیشدا باوەڕی بە مافی [دابینکردنی] چارەنووسی کورد هەبووە و بیرکردنەوە، هەست، دەروون و کردەوەی وەک خولیا و هیوای هەرە مەزنی بەرەو ئازادی و سەربەخۆیی کورد بووە.” (ل. ١٠٦).
بەو شێوەیە، نووسەر، کە خۆی کەسایەتییەکی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری کوردە، ئەمین زەکی بەگیش لە ئاوێنەی دڵسۆزی و خەمخۆری بۆ دواڕۆژی کورد و کوردستاندا سەیر دەکات و ئەوەیش سەرەڕای پەروەردەبوونی کەسایەتییەکەی لە سوپای عوسمانی و ئەرکی وەزاری لە کابینەی هەشتی سەرەکوەزیرانی عیراقیدا.
ئەوەی خوارەوە بەکورتی ئەو ڕووخسارەیە وا نووسەر لە لاپەڕەکانی کتێبەکەدا لە ئەمین زەکی بەگی کێشاوەتەوە:”لە ساڵی ١٨٨٠ لە شاری سلێمانی لەدایک بووە، دوو ساڵ و نیو لە قوتابخانەی ڕوشدییەی عەسکەری لە سلێمانی و ئامادەیی سەربازیی لە بەغدا خوێندوویەتی و قوتابخانەی حەربییەی لە ئەستەمبوڵ تەواو کردووە… لە تەمەنی٢٨ ساڵیدا بەهرە و خولیای مێژوو نووسینی تێدا دەرکەوتووە، لە یەکەم ساڵی مەشروتییەت و شۆڕشی ئیتیحاد و تەرەققی دا کتێبی ‘عوسمانلی ئوردوسی’ نووسیوە کە لە بەغدا چاپکراوە. وەک جوگرافیازان لە لیژنەی دیاریکردنی سنووری بوڵغارستان- تورکیا و سنوورەکانی قەفقاس-تورکیادا بەشداریکردووە. بۆ خوێندنی فڕۆکەوانی نێردراوە بۆ فەڕەنسا. لە ١٩١٨ دا بۆتە ئەندامێکی دامەزرێنەری ‘کۆمەڵەی تەعالی کوردستان’ لە ئەستەمبوڵ … لە ساڵی ١٩٢٤ یا ٢٥دا گەڕاوەتەوە بەغدا و لەوێشەوە بۆ سلێمانی و هەر لەو ساڵی ١٩٢٥ەیشدا بووە بە نوێنەری سلێمانی لە پەرلەمانی عیراق؛ وەزیری بەرگری، ئابووری، کار و هاتووچۆی عیراق بووە… هاوڕێ لەگەڵ چەند کەسایەتیی ناسراوی دیکەی کورد وەک مەعروف جیاوک و عەبدوڵڵا جەودەت، لە بەغدا ‘یانەی سەرکەوتن’یان بۆ کورد دامەزراندووە و خۆی یەکێ بووە لە دەستەی بەڕێوەبەرانی یانەکە؛ تا ئەوەی لە تەموزی ساڵی ١٩٤٨ دا لە سلێمانی چۆتە بەر ڕەحمەتی خوا و پیر ولاو، میر و گەدای شار تەرمی پیرۆزیان ئەسپاردەی گردی سەیوان کردووە.” (لل. ٢٢ تا ٣٣)
بەگشتی، نووسەر کتێبی ژیننامەی ئەمین زەکی بەگی لە ٩ بەشدا ئامادە کردووە کە هەر هەموان شایانی وردبوونەوە و هەڵسەنگاندنی پسپۆڕانەن. هەربەشێکی کتێبەکە تەرخانکراوە بۆ لایەنێکی تایبەت لە کەسایەتی و ئەرک وکار و نووسینەکانی ئەمین زەکی: سیاسەت، دەستوور، فەرمانڕەوایی، مێژوو، زمان، ئەدەب، هونەر، هەروەها کتێب و نووسراوەکانی بە زمانی کوردی، تورکی و عەرەبی کە یەکیان نامیلکەی گرنگی ‘دوو تەقەلای بێسود’ە وەک “داخوازینامەیەکی سیاسیی گەلی کورد” کە لە ساڵی ١٩٣١دا پێشکەش بە میری کراوە بەڵام پێش بڵاوبوونەوە لە چاپخانەدا ڕاگیراوە و سوتێنراوە. نووسەری کتێب هەوڵێکی زۆری لە پێناو دۆزینەوەی تاقە دانەی ڕزگاربووی کتێبەکە داوە، کە کاتی خۆی “ئەدمۆندس هێناویەتە بەریتانیا و بە کتێبخانەی دیراساتی ئاسیایی و ئەفریقی زانکۆی لەندەنی ئەسپاردووە.” دەقی ئەسڵی و دەقی تایپکراوی نامیلکەکە بەشێکی بەرچاوی کتێبەکە پێکدەهێنن. دیارە بۆ دۆزینەوە، ژیاندنەوە و چاپکردنەوەی ئەو نامیلکە بەنرخەی ئەمین زەکی بەگی نەمر، مێژووی سیاسەت و ئەدەبی کوردی قەرزداری هەوڵ و زەحمەتی نووسەری کتێبەکەیە و دەبێ ڕۆحی ماندووی ئەمین زەکیش دوای ٩٠ ساڵ پەرۆش بوون، بەو کارە گرنگەی نووسەر حەسابێتەوە.ئەوەی خوارەوە ڕوانینێکی سەرپێییە بە هەندێ لایەنی کەسایەتیی ئەمین زەکی لە ڕوانگەی دکتۆر سەباحەوە: سیاسەت و کارگێڕی: “لە سەدەی بیستەم و لەناو کورددا محەمەد ئەمین زەکی بەگ پێشەنگی بیرمەندانی دەوڵەتسازی بووە، مێژووی بۆ دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی کورد نووسیوەتەوە. بەو ئاراستەیەیش هەوڵیداوە مێژوو بە زمان، جوگرافیا، زەمینەی سیاسی، هێزی سەربازی، شوێنەوار ناسی، سیستەمی قانونی، ئابووری و فەرمانڕەوایەتی ئاوێتە بکا… بۆ کورد زۆر گرنگە بۆچون و تێگەیشتنی ئەمین زەکی بەگ بۆ دەوڵەت و حکومەت، وەک سەرەتای مێژووی دامەزرانی زانستی سیاسەت لە ناو کورددا دیاری بکات.”… نووسەر تەنانەت مێژوو نووسینی ئەمین زەکی بەگ “وەک ئامڕازێک بۆ دامەزراندنی دەوڵەت- نەتەوە” سەیر دەکات و وتوێژێکی کورتی ئەو و ئەحمەد خواجە بە بەڵگە دەهێنێتەوە کە لێی پرسیوە “قوربان خەریکی چیت؟ ” ئەو لە وەڵامدا ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ بە نووسینی مێژووەکەی دەکات و دەڵێ “خەریکی ئاوەدانکردنەوەی کەلاوەکانم!” (ل. ٥٩، ٦٠ و ١٣٢)
دەوڵەت و حکومەت: “لە بیری ئەمین زەکیدا دەوڵەت بە گشتی دامەزراوە و دەسەڵاتێکی بەهێزی ناوەندییە کە لە چوارچێوەیەکی جوگرافیاییدا ئیش بۆ ڕێکخستنی کاروباری خەڵک دەکا. هاوکات، دەوڵەت لە ڕێگای حکومەتەوە سیاسەتێکی نیشتمانی لە ماف و ئەرک، لە بەرژەوەندیی هەموو پێکهاتەکانی دا پیادە دەکا. … سەرەتا بیری محەمەد ئەمین زەکی، دەوڵەت بەند بووە بە بنەچەی بنەماڵەوە واتا هەر بنەماڵەیەکی کورد لە هەر شوێنیک حکومەتی کردبێ، با لە کوردستانیش نەبووبێ، ئەو بە حکومەتی کوردیی تۆمار کردوون، بۆ نمونە ڕەوادی و سالاری لە ئازەربایجان، ئەییوبی لە میسر و شام و زەندی لە ئێران. لە قۆناغی دواتردا توانیویەتی بنەماکانی دەوڵەت و دەوڵەتداری بە عەقڵ و لێکدانەوەی خۆی پوخت و فراوان بکا… لە ڕوانگەی واقیعی سیاسییەوە، کێشەی کورد تەنیا پەرتکران نەبووە بەڵکوو پەرتبوونە ناوخۆییەکەی بە ئازارتر و بەسوێتر بووە… لە هەنگاوی یەکەمدا ئوتۆنۆمی بۆ هەموو بەشە داگیرکراوەکانی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتانی ناناوەندیدا خواستوە، و ئازادی و سەربەخۆیەتی کوردستان ئامانجی سەرەکیی بووە بەڵام ئەو زیاتر لەگەڵ واقیعدا مامەڵەی کردووە. (ل. ١٠٣ تا ١٠٨)
نامە بۆ مەلیک فەیسەڵی یەکەم و ‘دوو تەقەلای بێسود’: “نامیلکەی دوو تەقەلای بێسوود بریتییە لە دوو یاداشتی تایبەتی محەمەد ئەمین زەکی بەگ. یەکەمیانی لە ٢٠ کانونی یەکەمی ١٩٣٠ بۆ مەلیک فەیسەڵی یەکەم نووسیوە و وێنەیەکیشی لەگەڵ پاشکۆیەک دەربارەی کارگێڕێتی ناوچە کوردییەکان کە پەرلەمانی عێراقی لە ١٩٢٥ دا دەریکردبوو، بۆ نوێنەری باڵای بەریتانیا لە بەغدا ناردووە. دووەمیانی لە ٢٠ی مایسی ١٩٣١ لەگەڵ سەرنجەکانی سەبارەت بە قانونی زمانە ناوچەییەکان (قانونی لۆغاتی مەحەللی) بۆ نوێنەری باڵا [ی بەریتانیا] ناردووە.”
بەشێکی بەرچاوی کتێبی کاک سەباح تەرخانی ناساندنی ئەو دوو نامیلکەیە و چاپی دەقی ئەسڵیی یەکەمیان و نووسینەوەی دووبارەی بە شێوە خەتی ئەمڕۆیی کراوە. لە خوێندنەوەی نامەکەدا بۆ خوێنەر دەردەکەوێت کە ئەو بایەخ پێدانەی نووسەر بێهودە نەبووە و ڕیشەی لە ناوەرۆکی گرنگی سیاسی- دەستووریی نامەکەدایە کە بە شێوازێکی دیپلۆماسی و بەوپەڕی ئەدەبەوە پێشکەش بە مەلیک فەیسەڵ کراوە. ڕەنگە ڕاگواستنی ئەم بڕگەیەی سەرەتاکانی نامەکە بتوانێ تا ڕادەیەک ناوەرۆکی گشتیی و فەزای هەموو نامەکەمان بۆ دەربخات، گەرچی بۆ تێگەیشتن لە کەسایەتیی ئەمین زەکی و ناسینی مێژووی ئاڵۆزی ئەو ساڵانەی باشووری کوردستان لە ئاژاوەی عوسمانی، تورکیای نوێ، سیاسەتی بەریتانیا و هەڵوێستی حاکمانی عێراقی تازەدامەزراو، پێویستە خوێنەر دەقی نامیلکەکان بە وردی بخوێنێتەوە:
“ئەگەر بێت و ورد بینەوە لە ئەسبابی شکایات و دڵشکاوی و عەدەمی ئیعتیمادی کوردەکان بەرامبەر بە حکومەت، ئەبینین کە ئەمە عیبارەتە لە تەمەسوک نەکردن [ی دەوڵەتی عیراق] بەو قەرارەی کە عوصبەتولئومەم دابوی و لە لایەن حکومەتی عیراق و خەلیفەی گەورەمانەوە قەبوڵ کرابو و لە ئیعتیباری ١٩٢٦ەوە بەڵێن بە تەطبیقی درابو…” (ل. ٢٨٢، ٢٨٣، ٢٩٤ و ٢٩٥).
مێژوو نووسین: بە بۆچونی نووسەر، “بیری محەمەد ئەمین زەکی بۆ مێژوو، بیرێکی ڕەخنەگرانە و دامەزرێنەرانەیە… لە پێشەکیی بەرگی یەکەمی کتێبی خۆلاسەیەکی مێژووی کورد و کوردستاندا کاتێک چەندان جار پرسیار لە خۆی دەکا و دەڵێ “قەومی کورد لە چ نەتەوەیەکە و چی بەسەرهاتووە؟” مەبەستی سەرەکیی دۆزینەوەی خۆی بووە لە ناو نەتەوەکەیدا و هاوکاتیش دۆزینەوەی نەتەوەکەی لە ناو نەتەوەکانی ناوچە و جیهاندا…مێژووی هەر نەتەوەیەک ‘ئینسان’ی نەتەوەکەیە… ئەو، ڕووداوی سەدەکانی پێشینی بەستۆتەوە بە خوێندنەوەی کۆمەڵگە و پەیوەندییەکانی بە بواری ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە. بە مانایەکی دیکە، ئەو مێژووی کردووە بە زانستێک کە هەموو زانستەکانی پێکەوە کۆکردۆتەوە… لایەنێکی دیکەی تێڕوانینی محەمەد ئەمین زەکی بۆ مێژوو، پەیوەندی دانەبڕاوی جوگرافیایە بە هەموو لقەکانیەوە وەک جوگرافیای بەشەری، جوگرافیای کانزا وسامانە سروشتییەکان لەگەڵ مێژوو، بە مانایەکی دیکە جوگرافیای لە مێژوو جیا نەکردۆتەوە.” (لل.٧١ تا ٧٣)
ئەدەب: سەبارەت بە ئەدیب و نووسەر و شاعیر بوونی ئەمین زەکیش لە کتێبەکەدا دەخوێنینەوە کە دەڵێ: “چەندان لە مێژوونووسانی ئەدەبی کار و باس لەوە دەکەن کە هەر لە سەردەمی لاویەتییەوە بەهرەی شاعیرێتی لای محەمەد ئەمین زەکی دەرکەوتووە. عەلادین سەجادی مێژووی شاعیریی ناوبراو دەگەڕێنێتەوە بۆ “تەمەنی پێش ١٢ ساڵان و کاتێک کە لە ڕوشدییەی سەربازی بووە… و لەناو ئەدیباندا بە ‘گوڵدەستەی ئەدیب و شاعیران ئەژمێررا.” ڕەفیق حیلمیش گوتویەتی “بەم شیعرە ڕێک و سەلیسانە دەرئەکەوێت کە ئەمین زەکی بەگ لە شیعرا قابیلێتێکی فیتری هەیە و زمانەکەی خۆی باش زانیوە.” (لل.٢١٧ تا ٢٢٢)
زمان: “لای محەمەد ئەمین زەکی بەگ مەبەست لە زمان زمانی ئاخاوتن و نووسین و کارگێڕییە، بۆیە گرنگیی زۆری پێداوە و بە ئامڕازە هەرە سەرەکییەکانی بوونی نەتەوە و نیشتمان تەماشای کردووە … کارەکانی بۆ زمانی کوردی هەر ئەوە نەبووە زگماکی و سروشتییەکی ساکار بن، بەڵکوو شارەزایی و تێڕوانین بووە بۆ سەردەمی خۆی و بۆ دواڕۆژی نەتەوەی کورد و زمانی کوردی بە مەسەلەیەکی وجودیی کورد دەزانی و ئیشکردن لە پێناویدا لە هەموو بوارەکانی ناوخۆی کورد، خوێندن و بەڕەسمی ناساندنی، بە ئەرکی سەرشانی دەزانی….. ڕەخنەی لە شەرەفخانی بدلیسی و مەولانا ئیدریسی بدلیسی گرتووە کە بۆچی کتێبی شەرەفنامە و هەشت بەهەشتیان بە فارسی نووسیوە نەک بە کوردی.” (ل. ١٧٢ تا ١٧٧)
وێنە کێشان: “دیوێکی دیکەی زەوق و بەهرەیەکی دیکەی هونەرپەروەریی لە ئەمین زەکیدا ئەوەیە هەر لە لاوێتییەوە هۆگری وێنە کێشان بووە و گەلێک وێنەی جوان و هونەریی نەخشاندووە و لە ماڵەکەی خۆیدا دیوارەکانی پێ ڕازاندبۆوە.” (ل. ٢٢٧)
بە کورتی، ئەو هەوڵەی وا دکتۆر سەباح لە پێناو ناساندن و ڕێز لێگرتنی ئەمین زەکی بەگ وەک مێژوونوس داویەتی، ڕەگی لە ڕاستەقانی ناو کتێبە ناسراوەکەی ئەو واتە ‘خۆلاسەیەکی تەئریخی کورد وکوردستان’ داکوتاوە. ئەمین زەکی بەگ، وەک دووەمین مێژوونووسی کورد دوای شەرەفخانی بدلیسی، بە پێچەوانەی باوەڕی باوی ئەم سەردەمەی ئێستا، کە کورد بە کلکی شاهانی ئەشکانی و ساسانییەوە دەبەستێت، ئەو لە مێژووەکەی خۆیدا کوردی لە چوارچێوەی ‘مەنزومەی زاگرۆس’ (پێکهاتو لە لۆللۆ، گۆتی، کاسای، سوباری یا هوری) دا بینیوەتەوە و شوێنی لە ئیمپراتۆریەتی ٢٥٠٠ ساڵەی عیلامدا هەڵگرتووە. هەر ئەوە دەرسێکی گەورەیە بۆ ئەو کەسانەی وا کوردایەتی لە ئێرانیچییەتیدا دەبینن و نازانن کورد پێش ساسانی و ئەشکانی و هەخامەنشییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا ژیاوە و لە ساڵانی ٣٥٠٠ تا ٥٣٩ی پێش زایین واتا پێش دامەزرانی حکومەتێک بە ناوی ئێران، بەشێک لە ئیمپراتۆریەتی مەزنی عیلامی پێک هێناوە. ئەوەی خوارەوە بەڵگەیەکە لە بۆچون و هزری ئەمین زەکی سەبارەت بە بنەما و بنچینەی کورد:
“لافاوی موهاجرینی هیندوئەوروپایی و ئاری بۆ زاغرۆس و شەرق و غەربی، لەپاشدا (کە ڕەنگە لە ئیعتیباری عەسری دەیەم و نۆیەمی پ. م ەوە دەستی پێکردبێ)، ئەبێ بەقایای ئەهلی ئەسڵیەی زاگرۆس و کوردستانی بەرە بەرە خستبێتە ژێر نفوسی خۆی و کردبنی بە ئاری… کەوابوو، ئەسڵ و فەسڵی کورد، وەک بەعزێ عولەمای ئاسار گوتویانە، لەگەڵ … مەنزومەی زاگرۆسی قەدیمدا زۆر عەلاقەدارن.”(‘خۆلاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان’، بەرگی یەکەم و دوەم، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی ٢٠٠٠، ل. ٥٠)
*****
لە کۆتایی قسەدا و دوای دەستخۆشی لە دکتۆر سەباحی غالیب بۆ نووسین و ئامادە کردنی ئەم کتێبە بایەخدارە و لە پەراوێزی ئەودا، بە پێویستی دەزانم دەستنیشانی خاڵێکی گرنگ لە پەیوەندی بایۆگرافی نووسین بۆ کەسایەتییە کوردەکان بکەم و بڵێم کەمایەسییەکی گەورەی کتێبخانەی کوردی نەبوونی سەرچاوەی ڕێکوپێکە بۆ ناسینی ژیان و ئەرک وکاری کەسایەتییە مێژووییەکانی کوردستان. لێرە لە بەریتانیا هەموو ساڵێک بەرگێک کتێبی “کێ کێیە؟(Who’s Who?)” بڵاو دەبێتەوە کە تێیدا ژیان و شوێنەوارەکانی خەڵکانی شوێندانەری ئەو ساڵەی کۆمەڵگا لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بە خوێنەران دەناسێندرێت. مێژووی ئەم پڕۆژەیە دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستەکانی سەدەی نۆزدەهەم کە کتێبی “کێ کێبوو؟(Who Was Who?)” سەبارەت بە ژیانی خەڵکانی کۆچکردووی ئەو ساڵە بڵاودەکرایەوە؛ بەڵام بیست سی ساڵ دواتر ناوەرۆکی گۆڕا بۆئەوەی ژیننامەی خەڵکانی زیندوو و مردووی شوێندانەری ساڵەکە هەردووکیان بگرێتە خۆ، ناوی “کێ کێیە؟”ی لێنرا، کە تا ئێستایش لەم شێوازە تازەیەدا درێژەی هەیە و چاپی ساڵی ٢٠٢٦یشی بڵاو کراوەتەوە. وابزانم هاوشێوەی ئەو ساڵنامەیە لە هەندێ وڵاتی دیکەی ڕۆژئاواییشدا بڵاو دەبێتەوە و تەنانەت لە تورکیایش بە ناوی “کیم کیمدی؟” چاپ دەبێت.
لە بەرانبەردا، بۆ تێگەیشتن لە ناتەواویی کۆمەڵگای کورد لەو بوارە تایبەتەدا، هەر ئەوەندە بەسە ئاوڕێک لە دەوروبەرمان بدەینەوە و بزانین ژیننامەی چەندکەس لە پێشڕەوانی سیاسەت یا هونەر و ئەدەبی کوردی ناسیاوی خۆمانمان لەبەردەستدایە و دەتوانین پێیاندا بچینەوە؟ واهەیە نمونە هێنانەوەیەک بتوانێ ئامانجەکەی من باشتر بپێکێت:دوابەدوای هەرەسی کۆماری کوردستان (ساڵی ١٩٤٦) و بە تاوانی بەشدار بوون لە کاروباری کۆمار، لایکەم ٢٣ کەسایەتی گەورەی کورد لە سێدارەدران بەمشێوەیە: ٧ کەس لە مەهاباد، ١١ کەس لە سەقز، ١ کەس لە بۆکان و ٤ ئەفسەرە شەهیدەکەی باشوور. ئێمە بەشێوەیەک لە شێوەکان سێ شەهیدی بنەماڵەی بەڕێزی قازی واتە پێشەوا، سەدر و سەیفی قازی، هەروەها چوار ئەفسەرەکەی باشوور (محەمەد قودسی، خەیروڵڵا عەبدولکەریم، مستەفا خۆشناو و عیزەت عەبدولعەزیز) دەناسین و دەزانین کێ بوون و کەی و چۆن گیانیان لەپێناو وڵاتەکەماندا بەختکردووە. بەڵام ئەستەم هەبن کەسانێک کە ناو و چۆنییەتیی ژیان و شوێن و ڕێکەوتی ئیعدامی ١٦ کەسەکەی دیکە بزانن! ئەوە ئەگەر بە دواکەوتوویی کۆمەڵگا دانەنرێت، لایکەم شەرمەزارییەکە بۆ ئێمە کە لە سەردەمی گوگڵ و ژیریی دەستکردیشدا ئەو زانیارییە گرنگانەمان لەبەردەستدا نییە، ئیتر ژیننامەی پێشمەرگەی دلێر و خەباتکارانی زۆری هەموو پارچەکانی کوردستان لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە! ئەوە تەنیا سیاسەت بوو، جا ئیتر بوارەکانی دیکەی ژیانی ژیارییمان چۆنە، دەکرێ بەوەدا بزانین! بایۆگرافی نووسین بۆ خزمەتکارانی مرۆڤایەتی کەمترین ئەرکی ئێمەیە لە بەرانبەر فیداکارییە مەزنەکەیاندا. با کەمتەرخەم نەبین و گوێ لەو بانگەوازە نەئاخنین. با کاری دکتۆر سەباح ڕەچاو بکەین و ئەو ‘وەزیفەیە’ بەڕێوە ببەین وا ئەمین زەکی خستویەتە سەرشانی پێگەیشتوانی کورد.


