بەشی یەکەم
د.مستەفا زەنگنە
………………….
لەچلەکانی سەدەی پێشوودا، رەوانشاد باوکم محەمەد زەنگنە، کە خەڵکی ناوچەکە پێیان دەگوت محەمەد ئەفەنی
وەکوو مامۆستایەکی سەرەتایی پەروەردەی کەرکووک، ناردیانە قادرکەرەم، ئەوکات تەنها مامۆستا زەکەریا فەنی لەوێبوو.یەکەمینجارباوکم و گوڵەباغی دایکم ماڵەکەیاندەبەنە خانووەکەی ماڵی مەلا ئەحمەدی مەلا کەریم ، دوای چەند ساڵێک دەچنە خانووەکەی باجی سەفێخان، دوای ئەوسايش دەچنە خانووەکەی ماڵ حەمە غەریب ناڵبەند تەنیشت ماڵی سەی فەتاح، دواجاریش دەچنە ناو قوتابخانە کۆنەکە کە لەقوڕ دروستکرابوو،شوێنەکەی بەرزبوو دەینۆڕییە ڕووباری ڕۆخانە، لەبەردەمیدا بیرێک هەبوو کەبە کۆل وبیر ئاوەکەیمان هەڵدەهێنجاو شینایمان لێ دەچاند..
کاتێک چووینە ناو ئەو قوتابخانەیە، کە حوکمەت قوتابخانەیەکی شەش پۆلیی لە تەختایی مەکینە ئاشەکەی حەمەسەساڵح ئەولقادردا بە بەردوگەچ دروست کرد ئەوکات جگە لە چەند کەسێک نەبێ هەموو بەقوتابخانەیان دەگوت مەتکەب، بەقوتابیشیان دەگوت مەتکەبلی، مامۆستايش ئەفەنی....
مام وەلی عەزەڕەش بەردەستی قوتابخانەکە بوو، بەڵام بەخۆی و خێزان و کچ وکوڕەکانی خزمەتی قوتابخانەکەی دەکرد، چەند کووپەیەک دانرابوون و هەریەکە و قۆپێکی
بە بەنێکی ئەستوور بەسێپایەکانیانەوە بەسترابوو تا تەلەبە بەو قۆپە سنەک کراوانە ئاو بخۆنەوە، ڕۆژانە مام وەلی ئاوی لەبیرەکە هەڵدەگۆزی و کووپەکانی پێ پڕ دەکرد. هەموو بەیانیانێک دەبوو ئێمەی مەکتەبلی لەپۆلی یەکەوە تاوەکوو پۆلی شەش لەگۆڕەپانەکەدا ڕیز ببین و زەکەریا فەنی و محەمەد ئەفەنی بێن تەفتیشمان بکەن، ئەوکات ئیستەریح و ئیستاعیدو سیر وقیف بەکاردەهات، لەوەرزشدا ثەنی و هەروەلەو ئەعلا موتیان پێ ئەوتین. لەکاتی تەفتیشا زەکەریا فەنی کە پیاوێکی عەرەبی سوورەی قەڵەوی چاوشین بوو، دارێکی بەدەستەوەبوو دەهات و دەچوو، هەموو زیڕەمان لێی کردبوو،کە دەیوت دەستان دەرکەن وەی وەی مەکتەبلییەکان بەچ حاڵەتێکی دەروونییەوە هەردوو دەستیان درێژ دەکرد و سەری دەستیان دەخستنە ڕوو.لەسەر نینۆک، لەسەر چڵکنیی دەس و جل وبەرگ، قژ درێژی، دەس تەرەکین. دەم وچاو نەشوتن، ئیتر زەکەریا ئەفەنی بەوچلەی زستانە دەیکێشا بەسەردەست و پەنجەکانمانا.هەندێجاریش دەیوت دەست بکەوە، بەڵام دیمەنێکی تراژیدی و کۆمیدی تێکەڵ دەبوون، قوتابییەکە پەنجەکانی کۆدەکردەوە و بەفوو دەست و پەنجەی گەرم دەکردەوە، کە لەناولەپی دەستی ڕاستی بدابایە قوتابییەکە بەلای چەپدا دەنوشتایەوە هەندێجاروای لێدەهات کە دادەنیێت، کە لە ناو لەپی چەپی بدایە قوتابییەکە بەلای ڕاستدا دەنوشتایەوە و دەگریا، ژمارەی دارەکان لە دوو کەمتر نەبوون، لەهەشت داریش زیاتر نەبوون. لە هەمووی ناخۆشتر ئەوەبوو کە تۆ لەگەڵ هەموو دارێکا دەنوشتایتەوەو قژژە لەجەرگتەوە هەڵدەستا فرمێسکت دەڕشت، کەچی لەولايشەوە ئەو هەموو قوتابییانە سەیریان دەکردی، هەندێجاریش هەبوو چونکە خۆی ئافەریمی لێکرابوو پێت پێدەکەنی، ئیدی ئەو ڕۆژە لە پۆلەکەيشدا ڕووت نەدەهات چاو هەڵبڕی، بە جۆرێک دەشکایتەوە بەزەییت بەخۆتدا دەهاتەوە، چونکە تۆ قەساس کراوی. ئەوکات دەسەسڕی مەتکەبلییەکان پارچە پەڕۆیەکی کراسە کۆنە و شتی وابوو، جل و بەرگ زیاتر کراسێکی پاودامامانی بێ یەخە بوو، لەباتیی قۆپچە بەزۆری بە تیلمە پەڕۆیەک وەکوو قەیتان شەتەکیان دەدا، کەم کەس چاکەتی لەبەرا بوو، هەندێجار لەسەرمانا فەرەنجییەکی دەڵبیان دەکردە بەر، قوتابییەکە دەتوت داوڵە، یان بەچکە پەڕەسێلکەیە و ناوە ناوە سەردەردێنێ، کەم کەسیش پێڵاوی لەپێیا بوو، ئەوەيشی لەپێیدا بووایە بەزۆری کڵاشی بەرەگن یان بەمووی ڕەشی بزن بوو، کڵاشەکانیش دەسکرد بوون. لاستیکی تایەی سەیارەیان دەهێنا و بنە بەرگیان دەکرد و بە زەبری درەوشە و سووزن دەیان چنی، زۆربەيشیان هی خۆیان نەبوو، کۆنەی براگەورەو باوکیان لە پێدەکرد لە هەموو هەنگاوێکدا بستێک لە پێش خۆیەوە دەکەوت، لەڕۆیشتنا و لەپێ هەڵهێنانەوەدا لە پشتەوە سەیرت بکردایە ئەوا کڵاشەکە دەگەیشتە بن ئەژنۆی، دەتوت کۆتری پەڕلە پێیە .ئەوکات سەرتاشین، یان سفر بوو، بە چەقۆ لەلای عەلەباوا یان لەماڵەوە بۆیان ساف دەکردی، یان قاچی تاش بوو، بە مقەس بۆیان هەڵدەقاچی، يان قۆچکە تاش بوو، کەواتە بەشێوەی قۆچکەسەری مناڵی دەیانتراشین، یان گودیلە بوو، تەنها پێشەوەی سەری دوو تیتکی پێوە دەما. ئەوکات لەقادرکەرەم حەمام نەبوو لەماڵانا سەرشۆرکە هەبوو. تەتێ تاوێریان دادەنا،یان ئەوەبوو لەتەشتێکا دەبوو خۆت بشۆریت.سابوونیش تەنها پۆڕمەلیک وشەماش و ڕەقی و سپی هەبوو، ماڵی وايش هەبوو گەپڵەیان لەودەشت و دەرە دەهێناو، وردیان دەکرد و دەیانکردە جل و بەرگەوە و وەکوو تایدی ئێستا ئەوجا بەگڵاو کوتک دەکەوتنە وێزەی، بەسێ وچوار جاری گڵاوکوتک ئیتر عەمارەپوو دەبوو دەتوت سەرەنە..
باوکم، محەمەد ئەفەنی زۆرکەم لە تەلەبەی دەدا زیاترتۆزێک گوێی دەگرت، یان تەڵێ لەقژە سەری ڕادەکێشا زیاتر بەقسە و ئاڕاستەکردنی پەروەردەیی بڕوای هەبوو، هەوڵی دەدا بەسەیرکردن هەموو شتێک بەقوتابی بڵێت…
ئەم ئاکارانەيش وایکرد، وا بوو هەشتا ساڵ دەچێ خەڵکی قادرکەرەم و ناوچەکە، کە باسی محەمەد ئەفەنی دەکرێت هەموو دەڵێن..قادرکەرەم قەرزاری ئەو پیاوەیە. منیش قەرزاری هەموو قادرکەرەمییەکم. بەهەردوو گەڕەکی زەنگنەو شێخانێيەوە….

