فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

پیشەی پێشوو

 

عەبدوڵڵا سەڕاج

نووسەر و ڕۆماننووس،

سويد

…………………..

زۆر پیشە هەبوون ئێستا لەناوچوون ئاماژەم بۆ بڕێکیان کردووە با کورتەیەك لەسەر چەند پیشەیەکی دیکە بنووسین:

١گەنجە جووەکان سەندوقێکی چوارگۆشەیان لە مل هەڵدەکێشا و لە سەرەوەی دەکرایەوە و بانەکەی شوشە بوو دەکرایەوە، پڕیان کرد بوو لە وردەواڵەی درومان: ئیسکیف و دەرزی و تەبەنە و دیلوان ، تیرە و بەکرە و دەرزی، گوارە و ئەنگوستیلە و دلمیج و وردەواڵەی دیکەيش، دەچوون بۆ پێشوازی کردنی لادێیانی دەوروبەری

شار بانگیان دەکردن بۆ کڕینی شتومەکەکانیان کە لە دوکاندارەکان هەرزانتر دەیانفرۆشت.

٢لە ناو سەبەتە ڕێحانە ڕەشەیان دەفرۆشت ئەوسا ڕێحانە سەوزەکە نەبوو کە دەخورێت ، گۆرانیشی لەسەر هەیە:

ڕێحانە ڕەشە خۆمی پێ ڕەشکەم

لە پاش باڵای تۆ دڵ بە کێ خۆشکەم

ئەوجا لە نێو بەهاراندا چەپکە نێرگز و کڵافەی پیشۆك و هەپڵۆکیان دەفڕۆشت. کڵافەی هەپڵۆکەکە سەرنجی ڕادەکێشام کە وەکوو پرچی ژنان دە پانزەیان بە لاسکەکانیان هۆندووەتەوە. پیشۆك و هەپڵۆکەکانمان لە ناو مقاڵەی ئاگرەکە دادەنا بۆ ئەوەی بپیشێت بە مقاش ئەم دیو و ئەو دیومان دەکرد و دواییپاش سارد بوونەوە توێکڵەکانمان لێدەکردەوە بە بێ ئێوە ناخۆش دەمانخوارد.

٣لە پێش قەڵای کەرکوکدا کۆڵانێکی تەنگ و لێژ و کورت هەبوو چەند ماڵێکیان بیریان هەبوو سەقاخانەیان پێدەووت دوو پیشەیان هەبووە : بە هاوینان بە ئاوی مەشکەکانیان ناو بازاڕیان ئاوەڕشێن دەکرد و مانگانەیان لە دوکاندارەکان وەردەگرت ، ئیشی دووەمیشیان فرۆشتنی ئاوی سارد بوو. کەسی وايش هەبوو درهەمێکی پێدەدان و مەشکە ئاوەکەی دەکردە سەبیل بۆ هامشۆکەران بە خۆڕایی ئاویان دەخواردەوە.

٤قاوەچی دەسگێڕ بە دوکاندارەکاندا دەسوڕایەوە و قاوەخۆری تایبەتی خۆیان هەبوو. بە دەستی ڕاستی جەزوەکەی دەگرت کە لە خوارەوەی جەزوەکە سکڵی گەشاوەی لێ بوو بە دەستی چەپیشی دوو سێ فنجانی دەزرگاندەوە، بە کەمەریشیەوە پشتێنێکی چەرمی پانی هەبوو لە گیرفانێکی ئەو پشتێنەدا ترمۆسی قاوەی ئاسایی دانا بوو لە گیرفانەکەی دیکەيشی تەرمۆسی قاوەی شیرین. کە چاوی بە شێخێك ، ئاغایەك و دار و دەستەکەیان دەکەوت هەر زوو بە لایانەوە دەچوو سەرو قاوەی پێدەدان. ٥

بەرمیلی نەوت بە گوێدرێژ و عارەبانە دەگێڕدرا، نەوتفرۆشی ئەوتۆش هەبوو خۆی عارەبانەکەی ڕادەکێشا . کەم کەس بە تەنەکە نەوتیان دەکڕی زۆرینە چەند قاپێ نەوتیان بۆ فانۆسەکانیان یان ئەگەر پرەمێزیان هەبووایە، دوو قاپی نەوت