د.مستەفا زەنگـــنە
نووسەرو مامۆستای زانکۆ، هەولێر
………………….
بۆ من چیم گوت؟
بۆمن چیم کرد
تۆ وادڵت لێ شکاندم؟
بۆمن چیم گوت
بەبێ پەروا
مەلی حەزت
لەهێلانەی دڵێ خۆتا ،لێ تەراندم؟
خۆ من دڵم
باهەر هێندەی فنجانێ بێت
خۆ دەت توانی
تا هەتایە
بەخۆشی تیایا بمێنی
خۆمن ویستم
دڵم بکەم بە ئاوێنە
جوانیی خۆتی تیا بنوێنی
بەزمانی وەکو هەنگوین
بادووریش بیت
گڕی حەسرەتم بدوێنی
بۆ ئەوەم بووی
دەستم بگری و
بم بەی بۆشاری پڕ جوانێت
سەرمەستم کەی
بە خەندەت و
بە چاوی پڕ میهرەبانیت
بۆ ئەوەم بوو
بتکەمە گوڵ
بۆنێو شیعرو دڵی شکاو
بۆ ماندووێتیی
ئەم سەفەرەم
ببیە سێبەر،یان قومێ ئاو
لەمەینەتی دەرم بێنی
بم بەی تا ئەو جێگەو شوێنەی
کەتۆ تێیدا
جریوەی گەشی ئەستێرەی
لەدیدمدا
بادووریش بیت
تۆ لەم دڵەمدای والێرەی
بەڵکو خوایە
بەبینیت ،تادێ گەش بم
بە تیشکی گەرمی چاوانت
وەکو چیا
لەبەردەم تۆفی ڕۆژگارا
هەمیشە بەرزو سەرکەش بم
بەڵام ئەفسووس
بۆچوونی من
تەنها هەورێک بوو بابردی
تەنکە شووشەی چرایەکبوو
لێت شکاندم
بنۆڕە لێی
لە جەستەی پڕ خاشاکی وردی
هەزار پارچەی
پڕ تروسکەو عەشقی پاکن
بۆیە بۆتۆ
بەوشکانەش،هەربێ باکن
بەڵام ئەفسووس..
ئەوخاتوونەی
واهەست بکا، تۆزێ جوان بێ
دەبێ بەنازو عیشوەوە
بۆ خۆشەویستی هەر ژان بێ.
تۆش هەرواوبووی
بۆیە گەڵای حەزت وەران
من پیرێکی نێو مەیخانەو
هەڵکورماوی سەرمای زستان
تۆش ئەستێرەی
گەشی میهرو
تاقتاقکەری تەختی ئاسمان
زۆر محاڵە
ئێمە هەردوو قەت پێک ناگەین
چونکە ئێمە دوو بەڵەدین
لە داستانی عیشق ناگەین

