فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شکۆی مرۆڤ زمانە

ستار ئەحمەد
نووسەر، کەرکووک
​……………….

 

زمان تەنیا کۆمەڵە دەنگ و وشەیەکی ڕێکخراو نییە بۆ لێک تێگەیشتنی ڕۆژانە و بەڕێکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان، بەڵکوو گەورەترین، پیرۆزترین و بەهێزترین سەنگەری پاراستنی شکۆی مرۆڤ و بەرزترین پایەی ئابڕووی هەر نەتەوەیەکە ،کە بیەوێت لە ئاسۆی بڵندیدا وەک بوونەوەرێکی ئازاد و خاوەن ناسنامە بمێنێتەوە. کاتێک مرۆڤ چاو بە جیهان هەڵدێنێت، یەکەمین پەیوەندیی ڕاستەقینەی لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریدا لە ڕێگەی ئەو ئاواز و دەنگە وشانەوە دەبێت کە دایکی پێی دەدوێت، هەر بۆیە زمان تەنیا ئامرازێکی فێربوون یان گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکوو دەبێتە بەشێکی بنەڕەتی و جیانەکراوە لە گیان، مێشک، هەست و تەواوی شوناسی هەر تاکێک. شکۆی ڕاستەقینەی مرۆڤ لەو کاتەوە دەست پێدەکات، کە دەتوانێت بە زمانی خۆی بیر بکاتەوە، بە زمانی خۆی خەون ببینێت، بە زمانی خۆی گوزارشت لە قووڵترین کانییەکانی ئازار و شادییەکانی بکات و جیهان بەو ڕەنگ و شێوەیە ببینێت، کە زمانەکەی بۆی دەکێشێت. ئەو کەسەی زمانی دایکی خۆی فەرامۆش دەکات، وەک دارێکی بێڕەگ و بێسێبەر وایە، کە لە ناو گەردەلوولی کولتوورە بێگانەکاندا ون دەبێت و ناتوانێت وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ و خاوەن ڕەسەنایەتی لە ناو مێژوودا دەربکەوێت.
​مێژووی هەزاران ساڵەی گەلان ئەوەی بۆ هەمووان سەلماندووە، زمانی هەر نەتەوەیەک، قەڵایەکی پۆڵایین و بێوێنەیە بۆ پاراستنی مانەوە، چونکە کاتێک داگیرکەران و نەیاران دەیانەوێت نەتەوەیەک لەناو ببەن، یان ئیرادەی تاکی ئەو نەتەوەیە تێک بشکێنن، پێش هەر هێرشێکی فیزیکی، هێرش دەکەنە سەر زمانەکەی. ئەوان چاک دەزانن بە نەمانی زمان، شکۆ و مێژوو و ناسنامەی ئەو گەلەیش کۆتایی پێدێت و دەبێتە پاشکۆیەکی بێویست و کۆیلەیەکی هزریی بۆ ئەو لایەنەی ،کە زمانەکەی بەسەریدا سەپاندووە. مرۆڤی خاوەن شکۆ ئەو کەسەیە کە بە هەموو هێز و توانایەکییەوە ڕێز لەو سامانە مەزن و گرانبەهایە دەگرێت کە باو و باپیرانی بە هەزاران ساڵ ڕەنج و قوربانی بۆیان بەجێهێشتووە. زمان تەنیا ئامرازی ئاخاوتن نییە، بەڵکوو کۆگایەکی بێکۆتاییە لە ئەزموونی ژیان، فۆلکلۆر، ئەدەب، هونەر و فەلسەفەی خۆڕاگری. هەر وشەیەک لە زمانەکەماندا چیرۆکێکی مێژوویی قووڵ و قوربانییەکی گەورەی نەوەکانی لەپشتە، بۆیە پاراستنی ئەو وشانە و ئاخاوتن پێیان، بە واتای پاراستنی خوێنی شەهیدان و ڕەنجی ماندووبوونی هەزاران نەوەی ڕابردوو دێت کە نەیانهێشتووە ئەم چرایە بکوژێتەوە.
​لە لایەکی ترەوە، زمان ئاوێنەی بێگەردی ژیری و داهێنانی مرۆڤە لە ناو جیهانی هزردا. هیچ داهێنەرێک لە سەرانسەری جیهاندا ناتوانێت بە زمانی بێگانە بگاتە ئەو قووڵاییە فیکری و هەستییەی کە لە ناو باوەشی زمانی دایکی خۆیدا هەیەتی، چونکە هەستەکان و لەرینەوەکانی ناوەوەی مرۆڤ تەنیا لە ناو قاڵبی وشە ڕەسەنەکاندا بە ڕاستگۆیی دەردەکەون. ئەو کەسەی شەرم لە زمانی خۆی بکات، یان فێربوونی زمانی بێگانە بە تەنیا نیشانەی ڕۆشنبیری بزانێت، لە ڕاستیدا لە ناوەوەیدا تووشی جۆرێک لە شکستی دەروونی بووە و کەرامەتی خۆی دەخاتە ژێر پێی کولتوورە نامۆکانەوە. شکۆی ڕاستەقینەی مرۆڤ لەوەدایە ،کە وەک خۆی بێت و خاوەنی دەنگی تایبەت بە خۆی بێت، ئەمەیش تەنیا بە گەشەپێدان و پاراستنی زمانەکەی بەدیدێت. زمان ئەو زەوییە بەپیتەیە ،کە نەمامی ژیانی تێدا شین دەبێت و هەر کاتێک ئەو زەوییە وشک بوو، بەهای مرۆڤایەتیش بەرەو نەمان دەچێت.
​بەردەوامیی هەر نەتەوەیەک بەندە بە بەردەوامیی زمانەکەیەوە؛ چونکە زمان ئەو هەوا و هەناسەیەیە ،کە بیری نەتەوەیی پێدەژی و دەبووژێتەوە. کاتێک مرۆڤێک دەستبەرداری زمانی دایکی دەبێت، وەک ئەوە وایە دەست لە ماڵی باوک و ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی هەڵگرێت. ئەم گۆڕینەی زمانە تەنیا گۆڕینی چەند وشەیەک نییە، بەڵکوو گۆڕینی جیهانبینی و شێوازی تێگەیشتنە لە ژیان. زمان پارێزەری ئەو بەها و ڕەوشتانەیە کە نەتەوەیەک لە نەتەوەیەکی تر جیا دەکاتەوە. ئەگەر زمان بمرێت، تەواوی ئەو مێژووەی کە بەو زمانە نووسراوەتەوە و هەموو ئەو بەیت و باو و حەیرانانەی کە گیانی ئەم گەلەیان پاراستووە، بەرەو فەوتان دەچن. بۆیە شکۆی هەر مرۆڤێک لەوەدایە ، ببێتە پارێزەرێکی دڵسۆزی زمانەکەی و نەیەڵێت تەمی نامۆیی بنیشێتە سەر وشە گەوهەرینەکانی، چونکە پاراستنی زمان گەورەترین و پیرۆزترین جۆری دەستکەوت و خەباتە لە پێناو مانەوەدا.
​ئەرکی هەر تاکێکی خاوەن ویژدانە، کە نەوەکانی لەسەر ئەو شکۆمەندییە پەروەردە بکات کە زمان کلیل و بنچینەی هەموو شتێکە. نەوەیەک ، زمانی دایکی نەزانێت، هەرگیز ناتوانێت بە ڕاستی بەرگری لە خاک و ناسنامەی باوکی بکات، چونکە زمان و ئابڕوو دوو چەمکن، کە هەرگیز لە یەکدی جیا نابنەوە. مرۆڤی بێزمان، لە ڕاستیدا مرۆڤێکی بێ ئایندە و بێ پەناگەیە. پاراستنی زمان بەهێزترین جۆری بەرگرییە، چونکە زمان ئەو پردە پۆڵایینەیە کە ئێمە بە ڕابردووی پڕ لە شانازیمان دەبەستێتەوە و ڕێگەی داهاتوومان بۆ ڕۆشن دەکاتەوە. گەورەترین شکۆ بۆ مرۆڤ ئەوەیە کە کاتێک دەدوێت، جیهان هەست بە بوونی گەلێکی زیندوو بکات. هەر نەتەوەیەک
زمانی خۆی پاراست بێت، تەنانەت ئەگەر لەناو قورسترین زنجیری ژێردەستەییشدا بێت، ڕۆژێک هەر دەگەڕێتەوە سەر شکۆ و سەربەخۆیی خۆی، چونکە زمان گیانی نەتەوەیە و گیانیش هەرگیز کۆیلە ناکرێت. ئێمە دەبێت زمان وەک پیرۆزترین سەرمایە ببینین، چونکە بەبێ ئەو، ئێمە تەنیا ژمارەیەکی بێناو دەبین لە ناو لیستی نەتەوە فەوتاوەکانی مێژوودا.